نیشانەكانی شێرپەنجەی قۆڵۆن



شێرپەنجەی قۆڵۆن حاڵەتێكە توشی كۆتا بەشی ڕیخۆڵە ئەستورە دەبێت بە زۆری . ئەمە كاتێك ڕوو دەدات كە خانەكانی ئەو ناوچەیە بەبێ كۆنترۆڵ گەشە دەكەن و ناتوانرێت بوەستێنرێت .

زۆر كات ئەو زیادە گۆشتانەی كە لە شێوەی بالوكەدان لە ناوپۆشی ڕیخۆڵە دروست دەبێت دواتر دەگۆڕێن بۆ خانەی شێرپەنجەیی .هەر لەبەر ئەمەیە هۆشداری دەدرێت كە ماوەی جارێك پشكنین بكرێت، چونكە دەستنیشان كردنی پێشوەختە یارمەتیدەرە بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجەكە .

تا ئێستا بە تەواوی هۆكارەكەی نازانرێت بەڵام كۆمەڵە كەسێك هەن كە ترسی توش بوونیان هەیە بەم حاڵەتە ئەوانەش بریتین لە :
۱_ تەمەن سەرو ٥٠ ساڵ بێت.
۲_ قەڵەویی.
۳_ نەخۆشی شەكرە.
٤_ جگەرە كێشان و خواردنەوەی مادە كحولییەكان.
٥_ چارەسەركردنی شێرپەنجە بە تیشك .
٦_ كەم جوڵەیی.
۷_ كەم خواردنی فایبەر و زۆر خواردنی چەوری.
۸_ بوونی شێرپەنجە لە خێزاندا.
۹_ هەندێ نەخۆشی كە دەبنە هۆی هەوكردنی ڕیخۆڵە لەوانە نەخۆشی كرۆن و هەوكردنی برینی قۆڵۆن .

نیشانەكانی بە گشتی ئەمانەن :
وەكو ئاشكرایە كە شێرپەنجەی قۆڵۆن ٤ قۆناغی هەیە بۆیە بە پێی قۆناغەكان نیشانەكان دەگۆڕێن .
لە قۆناغی ۱_۲ نیشانەكانی بریتین لە ( قەبزی ، سكچوون ، گۆڕانی ڕەنگی پیسی ، گۆڕان لە قەبارەی پیسی ڕەنگە پیسیەكە باریك ببێتەوە ، خوێن لە پیسای ، خوێن هاتن لە كۆم ، بوونی غازاتێكی زۆر ، ئازاری سك ، )
لە قۆناغی ۳_٤ نیشانەكان بریتین لە ( بێتاقەتییەكی زۆر ، بێ هێزی ، لەدەست دانی كێش بەبێ هۆكار و هەوڵدان بۆی ، گۆڕانكارییەكی زۆر لە پیسی ، هەست بە بەتاڵ نەبوونەوە لە دوای پیسی كردن ، ڕشانەوە ).
ئەگەر شێرپەنجەی قۆڵۆن بگات بە حاڵەتی بڵاوبوونەوە بە جەستەدا ئەوا ئەم نیشانانە دەردەكەون ( زەردوویی ، ئاوسان لە دەست و قاچەكان ، قورس بوونی هەناسەدان ، سەر ئێشەی بەردەوام ، لێڵ بوونی بینایی ، شكانی ئێسك بە ئاسانی ) .

بۆ دەست نیشان كردن لە دوای هەستكردن بەو نیشانانە دكتۆری پسپۆر ئەم پشكنینانە ئەنجام دەدات :
۱_ پشكنینی پیسی .
۲_ پشكنینی خوێن.
۳_ نازوری قۆڵۆن .
٤_ تیشكی ئێسك ( X- ray ) .
٥_ CT scan .
بۆ چارەسەر ئەم ڕێگایانە هەیە بەپێی قۆناغی شێرپەنجەكە بڕیار دەدرێت كە كامەیان بەكار بهێنرێت..
۱_ نەشتەرگەری .
۲_ چارەسەر بە كیمیایی.
۳_ چارەسەر بە تیشك .
٤_ هەروەها چارەسەر بە دەرمان .

تێبینی : هەتا زوتر دەستنیشان بكرێت چارەسەری ئاسانترە بۆیە زۆر گرنگە كە لە دوای تەمەنی ٤٠ ساڵی پشكنین بكرێت یاخود كەی هەستت بەم نیشانانە كرد زیاتر لە مانگێك خێرا سەردانی پزیشك بكرێت .

بۆ ڕێگری كردن ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بكەن :
كەم كردنەوەی گۆشتی سور.
كەمكردنەوەی ئەو گۆشتانەی گۆڕانكاریان بەسەر هاتووە.
زۆر خواردنی ئەو خواردنانەی كە ڕووەكین .
كەم خواردنی چەوری.
وەرزشكردن.
كەم كردنەوەی كێش.
تەرك كردنی جگەرە و كەم كردنەوەی مادە كحولییەكان.
نەهێشتنی فشاری دەرونی (سترێس).
كۆنترۆڵكردنی شەكرە.

د.حەسەن عەبدوڵا ئەحمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی

لە ئامەد بەهۆی ئاڵای كوردستانەوە گرژی دروستبوو
پێشت لە ئامەد بەهۆی ئاڵای كوردستانەوە گرژی دروستبوو
ئەمڕۆ مانگرتنی سەرتاسەری دەستپێدەكاتەوە
دواتر ئەمڕۆ مانگرتنی سەرتاسەری دەستپێدەكاتەوە
ەیوەندیدار