ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ناوخۆیی

سه‌رۆکی یانه‌ی سلێمانی سکاڵای یاسایی له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسێک تۆمار کرد !

خه‌ڵك سپۆرت

سه‌رۆکی یانه‌ی وه‌رزشیی سلێمانی سکاڵای یاسایی له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسێکی وه‌رزشیی تۆمار کردووه‌ و ڕۆژنامه‌نوسه‌که‌ش ده‌ڵێت: ڕه‌خنه‌کانم له‌به‌ر دڵسۆزی یانه‌ی شاری سڵیمانی بووه‌.

دانه‌ر ئه‌سڵان، ڕۆژنامه‌نوسێکی‌ کارای شاری سلێمانی-یه‌ و له‌نێو هانده‌رانی تۆپی پێی ئه‌و شاره‌دا ناسراوه‌، یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی به‌رده‌وام پاڵپشتی یانه‌ی وه‌رزشیی سلێمانی کردووه‌ و له‌سه‌رجه‌م خول و پاڵه‌وانێتیه‌کان ئاماده‌ی چالاکیه‌کانیان بووه‌، ته‌نانه‌ت له‌کاتێکدا یاریگای (مه‌لعه‌به‌که‌) به‌ڕووی هانده‌راندا داخرا ناوبراو ڕۆژانه‌ سه‌ردانی ئه‌و یاریگایه‌ی ده‌کرد و له‌ دانیشتگای یاریگاکه‌وه‌ خه‌ونی به‌گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی به‌هێزه‌وه‌ ده‌بینی.

له‌دوای دوورکه‌وتنه‌وه‌ی یانه‌که‌ له‌پاڵه‌وانێتیه‌ کوردستانی و عیراقی-یه‌ نایابه‌کان، ڕۆژنامه‌نوسه‌که‌ به‌هۆی ڕه‌خنه‌کانیه‌وه‌ چه‌ند جارێک به‌ر ئیداره‌ی یانه‌ی سلێمانی که‌وتووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیواخوازبووه‌ ڕه‌خنه‌کانی به‌سود بۆ یانه‌که‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و ڕۆژێک له‌ڕۆژان بگه‌ڕێنه‌وه‌ پێگه‌ی‌ ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان.

له‌کۆتا چالاکیشدا دانه‌ر ئه‌سڵان له‌ لایڤێکدا باسی چه‌ند بابه‌تێکی په‌یوه‌ندیدار به‌ یانه‌ی سلێمانی ده‌کات و به‌وهۆیه‌وه‌ سه‌رکه‌وت حه‌سه‌ن سه‌رۆکی “یانه‌ سور پۆشه‌که‌” سکاڵای یاسایی له‌سه‌ر تۆمار ده‌کات.

له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌سلان به‌ (خه‌ڵک سپۆرت)ی ڕاگه‌یاند :” دڵسۆزیمان بۆ وه‌رزشی سلێمانی و یانه‌ی سلێمانی به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌، هه‌مووان شاهێدی ئه‌وه‌ن که‌ ڕه‌خنه‌کانی من له‌ پێناوی چیدا بووه‌، ته‌نها و ته‌نها له‌ دڵسۆزی و خه‌مخۆریم بووه‌ بۆ یانه‌ی شاره‌که‌م”.

له‌کۆتاییشدا دانه‌ر ئه‌سڵان دووپاتیکرده‌وه‌، که‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی داهاتو (سبه‌ینێ)  بۆ هه‌مان مه‌به‌ست بانگهێشتکراوه‌ بۆ به‌رده‌م ئه‌فسه‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ بنکه‌ی پۆلیسی چوارچرا.

ناوخۆیی

٢٠٠٧ دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌‌؟ ڕاهێنه‌ری عیراق هێرشبه‌ری زۆره‌ و به‌ده‌ست نه‌بونی “مایسترۆ”وه‌ ده‌ناڵێنێت !

خه‌ڵک سپۆرت

هانده‌رانی تۆپی پێی عیراق هیوا ده‌خوازن له‌ پاڵه‌وانێتی ئاسیای داهاتودا که‌ بڕیاره‌ له‌ ئیمارات ئه‌نجام بدرێت ئه‌نجامێکی گه‌وره‌ هاوشێوه‌ی ئاسیای ٢٠٠٧ به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵام پێکهاته‌ی سه‌رده‌می نوێ هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می ڕابردو نییه‌.

ماڵپه‌ڕی “کوره‌” ئاشکرای کردووه‌، سریچکۆ کاتانیچی ڕاهێنه‌ری نوێی “شێره‌کانی ڕافیده‌ین” له‌ئێستادا خاوه‌نی چه‌ندین هێرشبه‌ری به‌توانای وه‌ک موهه‌نه‌د عه‌لی (میمی) هێرشبه‌ری یانه‌ی شورته‌ و موحه‌مه‌د داودی هێرشبه‌ری نه‌فته‌ که‌ وه‌ک باشترین یاریزانی هه‌ڵکوتوی ئاسیا بۆ ساڵی ٢٠١٦ ده‌ستنیشانکراوه‌، ئه‌م دوو گه‌وهه‌ره‌ نوێیه‌ش چانسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ جێگه‌ی یونس مه‌حمودی ناسراو به‌ (السفاح) پڕ بکه‌نه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌که‌ جه‌خت ده‌کاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی سه‌ری کاتانیچی ڕاهێنه‌ری قاڵ کردووه‌ پێگه‌ی ناوه‌ندسازی مایسترۆیه‌ که‌ پێشتر پێگه‌ی نه‌شئه‌ت ئه‌کره‌م بووه‌.

سه‌رباری بونی چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی وه‌ک حسێن عه‌لی یاریزانی یانه‌ی قه‌ته‌ری قه‌ته‌ری و مه‌هدی کاملی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی شورته‌، به‌ڵام ئه‌م دوو لاوه‌ هه‌رگیز توانای پڕکردنه‌وه‌ی که‌لێنی نه‌شئه‌تیان نییه‌ که‌ له‌ساڵی ٢٠٠٧ یه‌کێک بووه‌ له‌ باشترینه‌کانی کیشوه‌ری ئاسیا، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ جه‌ستن میرام به‌شداریکردنی یه‌کلایی بۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌م پێگه‌یه‌شدا عه‌لی حه‌سنی و هومام تاریق و به‌شار ڕوسن ده‌توانن پێگه‌که‌ی پڕ بکه‌نه‌وه‌.

کێشه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی شێره‌کانی ڕافیده‌ین ته‌نها له‌ پێگه‌ی ناوه‌ندی یاریگادا نییه‌، به‌ڵکو باڵه‌کانی به‌رگریش به‌هه‌مان شێوه‌ کێشه‌ی بۆ ڕاهێنه‌ره‌که‌ دروست کردووه‌.

تائێستا کاتانیچ چه‌ندین ناوی بانگهێشت کردووه‌ و سوره‌ له‌سه‌ر تاقیکردنه‌وه‌ی تواناکان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچکام له‌ بانگهێشتکراوان نه‌یانتوانیوه‌ پێگه‌که‌یان مسۆگه‌ر بکه‌ن، بۆیه‌ هه‌موو هیواکان به‌ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌کانی داهاتودا هه‌ڵواسراون به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌کانی فه‌له‌ستین و چین تا بتوانن به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کجاره‌کی پێگه‌ بۆشه‌کان پڕ بکه‌نه‌وه‌.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ناوخۆیی

یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان چه‌ند بڕیاری و راسپارده‌یه‌كی نوێی ده‌ركرد

خەڵک سپۆرت – یەکێتی تۆپی پێی کوردستان

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2018/12/8 به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و جێگر و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان چه‌ند بڕیار و راسپارده‌یه‌كی نوێی ده‌ركرد، كه‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ بوون:

1- پێویسته‌ له‌سه‌ر سه‌رجه‌م یانه‌كانی كوردستان شوێنی تایبه‌ت و شیاو له‌ یاریگه‌كانیان بۆ رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی و فۆتۆگرافه‌ری ڤیدیۆیی كه‌ناڵه‌كان دابین بكه‌ن، چونكه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ نادرێت فۆتۆگرافه‌رانی ڤیدیۆیی له‌ نێو یاریگه‌ وێنه‌ بگرن، ته‌نیا پێش ده‌ستپێكردنی یاری ده‌توانن بێنه‌ نێو یاریگه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی یاری ده‌بێ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و دوای كۆتایی هاتنی یارییه‌كه‌یش ده‌توانن له‌ نێو یاریگه‌ رووماڵ و لێدوانی خۆیان له‌ یاریزانان و راهێنه‌ران وه‌ربگرن. هه‌روه‌ها فۆتۆگرافه‌رانیش ته‌نیا بۆیان هه‌یه‌ له‌ پشت گۆڵه‌كان وێنه‌ی خۆیان بگرن، به‌ مه‌رجێك باجی تایبه‌تی یه‌كێتییه‌كه‌مانی هه‌بێت.

2- هیچ ده‌زگه‌یه‌كی راگه‌یاندن بۆی نییه‌ له‌ نێو یاریگه‌ له‌ كاتی یاری خه‌ڵاتی ستافی هونه‌ری و یاریزانان بكات، به‌ڵام پێش ده‌ستپێكردنی یاری ده‌توانن به‌ مه‌رجێك به‌ نووسراوی فه‌رمی یه‌كێتییه‌كه‌مان لێی ئاگادار بكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌یش پێش ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی یه‌كێتییه‌كه‌مان.

3- هه‌ر راهێنه‌رێك یان یاریزانێك له‌ خوله‌كانی كوردستان لێدوان بۆ ده‌زگه‌كانی راگه‌یاندن له‌سه‌ر ستافی ناوبژیوانانی یاری بدات، به‌ بڕی 300000 سێ سه‌د هه‌زار دینار غه‌رامه‌ ده‌كرێت.

4- به‌ هۆی رووداوه‌كانی یاری نێوان دهۆك و زاخۆ له‌ گه‌ری حه‌وته‌می خولی نایابی كوردستان، دوای ئه‌وه‌ی لێژنه‌ی رێكاری، كه‌ به‌رێزان (هادی كه‌ریم، سه‌لام حوسێن و ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا) پێكهاتبوون، دوای گفتوگۆ له‌سه‌ر رووداوه‌كان بڕیاردرا به‌:
• سێ یاری داهاتووی یانه‌ی زاخۆ له‌ خولی نایابی كوردستان به‌ بێ ئاماده‌بوونی هانده‌رانیان له‌ نێو یاریگه‌ی خۆیان ئه‌نجام ده‌درێت.
• غه‌رامه‌كردنی یانه‌ی زاخۆ به‌ بڕی 3000000 سێ ملیۆن دینار بۆ چاككردنه‌وه‌ی كورسییه‌ شكاوه‌كانی یاریگه‌ی یانه‌ی دهۆك، پێویسته‌ پاره‌كه‌یش راده‌ستی ژمێریاری یه‌كێتیه‌كه‌مان بكرێت.
• له‌ داهاتوو یارییه‌كانی هه‌ردوو یانه‌ی زاخۆ و دهۆك له‌ خولی نایابی كوردستان، له‌ یاریگه‌ی هه‌ردوو یانه‌ ئه‌نجام نادرێت، به‌ڵكو یاری نێوانیان له‌ یاریگه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌درێت، كه‌ یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان ده‌ستنیشانی ده‌كات و، هانده‌رانی هه‌ردوو یانه‌یش ئاماده‌ی یارییه‌كه‌ نابن.
• ئاگاداری كۆتایی یانه‌ی زاخۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌ ئه‌گه‌ری دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ ره‌فتارانه‌ی هانده‌رانی یانه‌كه‌یان تووشی سزای توندتر ده‌بن.
• پێویسته‌ له‌سه‌ر ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی زاخۆ كار بكات له‌سه‌ر هێور كردنه‌وه‌ی هانده‌رانیان و، ده‌سته‌ی هانده‌رانیان رووێكی جوانی شارستانی زاخۆ پیشان بده‌ن.

5- له‌ یاری نێوان زاخۆ و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ گه‌ری هه‌شته‌می خولی نایابی كوردستان، به‌ هۆی هێرشكردن و جنێودان له‌ لایه‌ن راهێنه‌ری گۆڵپارێزانی یانه‌ی زاخۆ (نزار عه‌بدولعه‌زیز) بریاردرا به‌:
• یاوه‌ری نه‌كردنی ناوبراو له‌ یاری داهاتووی یانه‌كه‌ی.
• غه‌رامه‌كردنی ناوبراو به‌ بڕی 250000 دوو سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار.
• پێویسته‌ ناوبراو رۆژی شه‌ممه‌ 2018/12/15 له‌ كاتژمێر 12:00 ـی نیوه‌ڕۆ له‌ باره‌گه‌ی یه‌كێتییه‌كه‌مان ئاماده‌بێت.

6- له‌ یاری نێوان زاخۆ و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ گه‌ری هه‌شته‌می خولی نایابی كوردستان، به‌ هۆی ده‌ركردن له‌ یاری هێرشكردن و جنێودان له‌ لایه‌ن یاریزانی یانه‌ی زاخۆ (دلۆڤان ساڵح) ژماره‌ (16) بریاردرا به‌:
• راگرتنی ناوبراو بۆ دوو یاری.
• غه‌رامه‌كردنی ناوبراو به‌ بڕی 150000 سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار.
• پێویسته‌ ناوبراو رۆژی شه‌ممه‌ 2018/12/15 له‌ كاتژمێر 12:00 ـی نیوه‌ڕۆ له‌ باره‌گه‌ی یه‌كێتییه‌كه‌مان ئاماده‌بێت.

7- ئاگاداری سه‌رجه‌م سه‌رپه‌رشتیارانی یاری و ستافی ناوبژیوانان ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ هۆی خراپی كه‌ش و هه‌وا و باران بارین، پێویسته‌ 2:30 دوو كاتژمێر و نیو پێش ده‌ستپێكردنی یارییه‌كان له‌ نێو یاریگه‌ ئاماده‌بن.

8- له‌ یاری نێوان كفری و ئاسۆ له‌ گه‌ری سێیه‌می خولی پله‌یه‌كی كوردستان، به‌ هۆی هێرشكردن و جونێودان له‌ لایه‌ن یاریزانی یانه‌ی ئاسۆ (عومه‌ر شه‌ماڵ) ژماره‌ (27) بریاردرا به‌:
• راگرتنی ناوبراو بۆ یه‌ك یاری.
• غه‌رامه‌كردنی ناوبراو به‌ بڕی 150000 سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار.
• پێویسته‌ ناوبراو رۆژی شه‌ممه‌ 2018/12/15 له‌ كاتژمێر 12:00 ـی نیوه‌ڕۆ له‌ باره‌گه‌ی یه‌كێتییه‌كه‌مان ئاماده‌بێت.

9- له‌ یاری نێوان كۆیه‌ و هه‌ڵۆ له‌ گه‌ری سێیه‌می خولی پله‌یه‌كی كوردستان، به‌ هۆی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی پزیشكی یانه‌ی كۆیه‌ (فه‌رهاد محه‌ممه‌د) بۆ نێو یاریگه‌ بێ ره‌زامه‌ندی ناوبژیوانی یاری و ده‌ركردنی له‌ نێو یاریگه‌، بڕیاردرا به‌ غه‌رامه‌كردنی ناوبراو به‌ بڕی 250000 دوو سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار.

10- ئاگاداری كۆتایی بۆ یانه‌ی رزگاری، كه‌ پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی جوان كۆنتڕۆڵی یاریگه‌ و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان بكه‌ن، به‌ تایبه‌ت له‌ به‌كارنه‌هێنانی بڵندگۆ و فڕێدان و به‌كارهێنانی یاری ئاگرین، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تووشی سزای تووند ده‌بن.

11- به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بڵندگۆ له‌ كاتی یاری خوله‌كانی كوردستان نابێ به‌كاربهێنرێت و قه‌ده‌غه‌یه‌، له‌ هه‌ر یارییه‌ك بڵندگۆ له‌ لایه‌ن هانده‌رانی هه‌ر یانه‌یه‌ك به‌كاربهێنرێت، یانه‌كه‌ به‌ بڕی 500000 پێنج سه‌د هه‌زار دینار غه‌رامه‌ ده‌كرێت.

12- ئاگاداری كۆتایی بۆ یانه‌ی سه‌یدسادق، كه‌ پێویسته‌ شوێنی جلگۆرینی ناوبژیوانان و سه‌رپه‌رشتیاری یاری و توالێته‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كی پاك و خاوێن رێك بخه‌ن و ئاماده‌ی بكه‌ن.

13- له‌ یاری نێوان سۆران و شێخان له‌ گه‌ری سێیه‌می خولی پله‌یه‌كی كوردستان، به‌ هۆی ناڕه‌زایی له‌ بڕیاری ناوبژیوان و چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی یانه‌ی شێخان له‌ خوله‌كی 85 ـی یارییه‌كه‌، بڕیاردرا به‌ هه‌ژماركردنی ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ بۆ یانه‌ی سۆران به‌ ئه‌نجامی (3-0) گۆڵ.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ناوخۆیی

نهێنیه‌کانی حه‌وت ساڵی ڕیاڵ مه‌درید به‌زمانی کوردی له‌ کتێبێکدا بڵاوکرایه‌وه‌

خه‌ڵک سپۆرت

کتێبی “حه‌وت ساڵی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید” له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردودا له‌نێو کتێبخانه‌کانی کوردستان بڵاوبویه‌وه‌، کتێبه‌که‌ له‌ نوسینی نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس هه‌وراز کاوه‌یه‌.

له‌م کتێبه‌دا نوسه‌ر تیشکی خستۆته‌ سه‌ر ڕووداوه‌ دیار و شاراوه‌کانی یانه‌ی شاهانه‌ له‌سه‌رده‌می ڕاهێنه‌ران، مانوێل پیلیگرینی، جوزێ مۆرینیۆ، کارلۆ ئه‌نچلۆتی و دواتریش ڕافائێل بینیتێز و زینه‌دین زێدان.

وه‌ک له‌ناوه‌ڕۆکی کتێبه‌که‌دا ئاماژه‌ی پێکراوه‌، مۆرینیۆ له‌سه‌رده‌می خۆیدا ته‌واوی ته‌رکیزی له‌سه‌ر بابه‌ته‌ تاکتیکیه‌کان بووه‌ و توانیویه‌تی بۆ ماوه‌یه‌ک پڕۆژه‌ مێژووییه‌که‌ی پیپ گواردیۆلا له‌گه‌ڵ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ په‌ک بخات، به‌ڵام دواتر کارلۆ ئه‌نچلۆتی پلانی گۆڕیوه‌ و زیاتر گرنگی به‌ بابه‌ته‌ وه‌رزشیه‌کان داوه‌، ئه‌وه‌ش خراپ به‌سه‌ریدا شکاوه‌ته‌وه‌.

له‌کۆتاییشدا سه‌رده‌می زینه‌دین زێدان باس ده‌کات، که‌ له‌دوای نشێوی و به‌رز و نزمی و ئاسته‌نگیه‌کی زۆر توانیویه‌تی هه‌ڵه‌کانی سه‌رده‌می پێش خۆی ڕاست بکاته‌وه‌، نهێنیه‌کان له‌ ژووری خۆگۆڕینه‌کان له‌م کتێبه‌دا ئاشکرا ده‌بن و له‌ به‌شێکدا هاتووه‌: زێدان له‌ژووری خۆگۆڕینه‌کان به‌ کریستیانۆی وت: چیتر تۆش به‌شداری پڕۆسه‌ی خولانه‌وه‌ ده‌که‌یت و ده‌بیته‌ یاریزانی یه‌ده‌گ.

له‌ “خه‌ڵک سپۆرت”ه‌وه‌ ده‌ستخۆشی له‌ هه‌وراز کاوه‌ ده‌که‌ین، که‌ توانیویه‌تی ڕووداوه‌کانی حه‌وت ساڵی یه‌کێک له‌ یانه‌ زه‌به‌لاحه‌کانی ئه‌وروپا له‌ کتێبێکی ٢٢٥ لاپه‌ڕه‌ییدا کۆبکاته‌وه‌ و بیخاته‌ به‌رده‌م خوێنه‌رانی کوردستان، هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ ده‌خوازین…

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان

دوایین