ژینگەی عێراق لە مەترسیدایە



 

بەغدای پایتەختی عێراق، بە دەست بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوونی ژینگەوە دەناڵێنێت، ئاستێك گەیاندوویەتییە ڕیزبەندی ئەو شارانەی جیهان كە زۆرترین كاریگەری گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوایان لەسەر بەدیاركەوتووە، ئەوەش بەپێی ئامارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان تایبەت بە ئاژانسی پارێزگاری ژینگەی ئەمریكا.

بەپێی ڕیزبەندیی نەتەوە یەكگرتووەكان، عێراق پێنجەم وڵاتی كاریگەرە بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، شارەزایان هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ قەرەباڵغی شارەكان بەتایبەت كۆچی دێهاتەكان بەرەو شارەكان ‌و ئاوارەكان بەشێوەیەكی ناڕێك و هەڕەمەكی، كە بوونە هۆكاری پیسبوونی ژینگەی شارەكان بەتایبەت شارە گەورەكان.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پیسبوونە و سنووردانان بۆ مەترسییەكانی، شارەزایان لە ئەو بڕوایەدان، پێویستە ڕووبەرەكانی سەوزایی زیاد بكرێن، بەتایبەت لەناو پایتەخت و دەوروبەری، تووندكردنەوەی چاودێریی سەرپێچییەكانی غاز و بە هەڵم بوون و پیسبوونی هەوا لە ڕێگای كارگەكان و ئۆتۆمبێل، كاركردن لەسەر ڕێكخستنی فراوانبوون و پلانی ئاوەدانی و نیشتەجێبوون لەنێو شارەكان بەجۆرێك كاریگەری لەسەر سیستمەكانی ژێرخان دروست نەكات كە خۆی بە دەست كۆنێ و ناڕێكخراوەییەوە دەناڵێنن و پێویستیان بە نوێكردنەوە و بنیادنانەوە هەیە.

ئەیمەن قەدووری شارەزای كەشناسیی عێراقی و ئەندامی یەكێتیی جیهانی بۆ پارێزگاری لە سروشت دەڵێت “عێراق دەناڵێنێت بە دەست كاریگەرییە نەرێنییەكانی گەرمبوونی زەوی، گۆڕانكاری لەسەر ئاو و ژینگەی عێراق، چەند ساڵێكە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و ناوەندی توێژینەوەی جەنگ لە نیویۆرك باس لە كاریگەری مەترسیداری خۆڵبارین لەسەر تەندروستی گشتی دەكەن كە 37 جۆر كانزای تێدایە، لەگەڵ 147 جۆری بەكتریا كە كاریگەرییان لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەیە”.

ڕاپۆرتەكانی ئاژانسی ژینگەی ئەمریكا لە 2011 ئاماژە بە بەرزبوونەوەی پیسبوونی هەوای عێراق دەكەن، بەتایبەت مادەی جۆری pm2.5 كە گەیشتووەتە 39.6 میكرۆگرام/مەتری چوارگۆشە، ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕێنماییداوە دەڵێت نابێت ئەو ڕێژەیە لەوەی هەیە زیاتر بێت، بەپێچەوانەی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە زیاددەكات.

قەدووری دەڵێت “دە ساڵی ڕابردوو خراپترین ساڵ بوون لە ڕووی ژینگەی ئاو و هەواوە، بەتایبەت لە بەغدا”.

بەپێی ڕاپۆرتی مانگە دەستكردەكانی ئاژانسی ناسا بەغدا پلەی سێهەمی هەیە لەنێو ئەو پایتەختانەی جیهان كە زۆرترین پیسبوونی هەوایان هەیە.

لەبارەی هۆكارەكانەوە قەدووری دەڵێت: قەرەباڵغی شارەكان و زۆربوونی ئاوارەكان و كاریگەری جەنگی داعش، هۆكارە.

بەپێی ئامارەكان دانیشتووانی بەغدا 10 ملیۆن كەسن، كەربەلا پێنج ملیۆن كەسن، زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووان بەو ئاستە دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی فشار لەسەر ژێرخانی شارەكان.

لە كەركوك هەشت پۆلیس كوژران
پێت لە كەركوك هەشت پۆلیس كوژران
چەندین پڕۆژە لە هەولێر جێبەجێ‌ دەكرێن
دوات چەندین پڕۆژە لە هەولێر جێبەجێ‌ دەكرێن
پەیوەندیدار