جارێكی دیكە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دواكەوت



جارێكی دیكە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی نەهاتنی 700 ملیار دینارەكەی عێراقەوە دواكەوت و هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی دیاری نەكراوە و حكومەتی هەرێمیش بە داهاتی ناوخۆ دەست بە دابەشكردنی ناكات و دەڵێت: “بەشی مووچە ناكات”.

ساڵی 2023 بەرەو كۆتایی دەچێت و تەنها 20 ڕۆژی ماوە و تا ئێستاش مووچەی 4 مانگی (9 و 10 و 11 و 12)ی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش نەكراوە و ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بەرپرسانی هەرێم دەڵێن: “پارەكەی بەغدا دەگات و مووچە دابەش دەكرێت” بەڵام تا ئێستا 700 ملیار دینارەكە نەگەیشتووە و مووچەخۆران چاوەڕێی مووچەی مانگی 9 دەكەن.

مانگی ڕابردوو لە 5ی مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 8ی مووچەخۆران كرا، بەڵام ئەم مانگە ئەو وادەیە تێپەڕی و هێشتا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە نییە.

فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم هەموو مانگێك بۆ پێدانی مووچە دەبێت چەندین ڕۆژ چاوەڕێ‌ بن و حكومەتی هەرێمیش تەنها كاتێك مووچە دابەش دەكات، كە پارەكەی بەغدا بگات، لەكاتێكدا داهاتی مانگانەی ناوخۆی هەرێم بە وتەی بەرپرسانی هەرێم: “مانگانە 340 ملیار دینارە و 120 ملیار دیناری بۆ خەرجی حكومەت و وەزارەت و دامودەزگاكان بەكاردەهێنرێتەوە”.

لەماوەی 6 مانگی ڕابردوودا، تەنها مووچەی 3 مانگ (6 و 7 و 8) دابەشكراوە، كە بۆ مووچەی مانگی 6 پارەی تەواو لە بەغداوە هات و بۆ مووچەی مانگی (7 و 8) هەر جارەی 700 ملیار دینار هاتووە و حكومەتی هەرێم 200 ملیار دیناری خستۆتەسەر.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بڕیار بوو هەفتەی ڕابردوو 700 ملیار دینارەكەی بەغدا بگات و مووچە دابەش بكرێت، بەڵام فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا ڕایگەیاند، “بەهۆی ئەوەی تەیف سامی لەدەرەوەی وڵات بووە، بۆیە ناردنی پارەكە دواكەوتووە، بەڵام ئەم هەفتەیە پارەكە دەگات و مووچە دابەش دەكرێت”.

هەر ئەمڕۆش بەپێچەوانەی ئەو قسانەی، كە دەوترێت “هەموو ڕێكارەكانی ناردنی پارە تەواو بوون و 700 ملیارەكە ڕەوانە دەكرێت”، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران وتوویەتی، “دوێنێ‌ واژۆی لەسەر ناردنی پارەكە بۆ هەرێم كردووە” بەوەش تاوەكو بڕیارەكە دەگاتە وەزارەتی دارایی و ڕێكارەكانی تەواو دەبن، كاتێكی زیاتری دەوێت و مووچە زیاتر دوادەكەوێت.

عێراق لیستێکی تۆمەتبارانی ڕادەستی ئەمریکا کرد
پێشت عێراق لیستێکی تۆمەتبارانی ڕادەستی ئەمریکا کرد
جۆرێکی تری فێڵ لە غازی ماڵان ئاشکرا کرا
دواتر جۆرێکی تری فێڵ لە غازی ماڵان ئاشکرا کرا
ەیوەندیدار