ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

ئارام قادر: ئەوەی بەرامبەر هاوپەیمانی دەكرێت، سیناریۆی هەڵبژارنە‌و بۆ شەرعیەتدانە بە ساختەكاری

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

ئارام قادر ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە دیمانەیەكی تایبەتی (خەڵك) دا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان واقیعی سیاسی و جوگرافیای سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت، ئاشكراشیكرد، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان چاوەروان نەكراو دەبێت و خەڵك تووشی شۆك دەكات بەتایبەت لایەنە سیاسییەكان.

خەڵك: لە ئێستادا دەتانەوێ بەشێوازی پێشوو درێژە بە هاوپەیمانی بدەن یاخود بەشێوازێكیتر و گۆڕانكاری دروست بكەن؟
ئارام قادر: هاوپەیمانی بریتییە لە پڕۆژەیەكی فیكری سیاسی، دیدگایەكی نوێیە لە كاری سیاسی، بریتییە لە كلتورێكی تازە لە نەریتی سیاسی، هاوپەیمانی بەردەوام دەبێت هەرچەندە سەرۆكی هاوپەیمانی گەڕاوەتەوە نێو یەكێتی، بەڵام بەدڵنیاییەوە هاوپەیمانی لەبەر ئەوەی كۆمەڵێك خەڵكی پاشخانی جیاوازی تێدا بووە هەموو كۆبونەتەوە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە مەدەنییە كە لە چوارچێوەی بزاڤێكی كۆمەڵایەتی مەدەنیدا خۆی دەبینێتەوە، ئێمە درێژە دەدەین بە خەباتی سیاسی خۆمان لەو چوارچێوەیەدا و هیواو ئومێدمان وایە كە ئەم پڕۆژەیە فراوان بكەین و بەهێزتری بكەین لە داهاتوودا، چونكە ئێمە ئەم پرۆژەیە بە تاكە چارەسەر دادەنێین، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان لەسایەی ئەو حزبانەی كە ئێستا لە هەرێمدا كار دەكەن هەمیشە هەوڵیان داوە ناكۆكیەكان قوڵ بكەنەوە، بەڵام گوتاری هاوپەیمانی دەیەوێت ناكۆكییەكان بگۆڕێت بە راجیایی ‌و را جیاجیاكانیش ببێتە ململانێی سیاسی، نەك ناكۆكی و قوڵكردنەوەی را جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان.


خەڵك: بەهەمان دیدگای پێشوو بەردەوام دەبن؟
ئارام قادر: بە هەمان دیدگا بەردەوام دەبین و هەوڵ دەدەین ئەو دیدگایانەش دەوڵەمەندتر بكەین، چونكە پێشبینی دەكەین هەرێم بەرەو قەیرانی گەورەتر و قوڵتر دەڕوات، بەداخەوە ئەویش لەسایەی ئەو حوكمڕانییەی ئێستا هەرێم بەڕێوەی دەبات كە كۆمەڵیك قەیرانی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە لە رووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە كە ئەوەش دەخوازێت ئێمە بیر لە چارەسەرێكی جددی بكەینەوە، لەو بڕوایەداین ئەو دیدگاو بیروبۆچونەی هاوپەیمانی بە فاكتەری سەرەكی دادەنرێت بۆ سەقامگیری هەرێمی كوردستان.

خەڵك: پێتان وایە ئەوەی باسی دەكەیت بتوانن فراوانی بكەن، لەكاتێكدا بەرهەم ساڵح گەڕاوەتەوە نێو یەكێتی، یان گەڕانەوەی ناوبراو كاریگەری لەسەر كەسایەتی مەعنەوی هاوپەیمانی دروست نەكردووە؟
ئارام قادر: هەر هاودیدێك لە هاوپەیمانی بڕواتە نێو لایەنێكی تر یاخود بێئومێد بێت لەكاری سیاسی و وازی لێبهێنێت ئێمە پێی نیگەرانین، بەدڵنیاییەوە زیانیشی دەبێت، بەڵام هاوپەیمانی توانای ئەوەی هەیە ئەو زیانە چارەسەر بكات و ئەو برینە ساڕێژ بكات، چونكە ئێمە بە ئومێدەوە دەڕوانینە داهاتوو وە بنەمای هاوپەیمانیش بریتییە لەو تێروانین و دیدگایە كە پەیوەست نییە بە كەسایەتی و گروپێكەوە، بەڵكو بریتییە لە دیدگایەكی رۆشنبیری فیكری كە خەڵك پێویستی بەو دیدگا نوێیە هەیە لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانین هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی كوردستان رزگار بكەین لەو بارودۆخە ناهەموارەی كە ئێستا تێیكەوتووە.

خەڵك: دەسەڵاتدارانی هەرێم كار لەسەر بردنی هاودیدان دەكەن، ئەمە كاریگەری لەسەر دواخستنی كاری سیاسی ئێوە ناكات؟
ئارام قادر: وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد زیانی دەبێت، بەڵام ئەوەش بەدیاردەیەكی سروشتی دەزانم، چونكە حزبە سیاسیەكانی كوردستان لە هەرێم ململانێی یەكتری دەكەن، ململانێیی ئەوە دەكەن لە ساحەی هەرێمی كوردستان زۆرترین ئەندام و لایەنگریان هەبێت، هاوپەیمانیش كۆمەڵێك دەستەبژێری جوان و بەهێزی هەیە بەتایبەت لەناو توێژی گەنجەكاندا، حزبەكانی تر دەیانەوێ سود لەو توانا و وزانە وەربگرن، بەڵام ئەوەی ئێستا لەم كاتەدا زیاتر بریتییە لە كۆمەڵێك سیناریۆ كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشووش دوبارە بوەتەوە، ئێستاش ئەوە سیناریۆی هەڵمەتی هەڵبژارنە بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیان و بۆ شەرعیەتدانیشە بە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان.

خەڵك: پەیوەندیتان چۆنە لەگەڵ ئەو لایەنانەی كار لەسەر بردنی هاودیدەكانتان دەكەن؟
ئارام قادر: ئێمە لە هاوپەیمانی بڕوامان بە دیالۆگی نیشتمانی هەیە، ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت ئێمە رەخنە نەگرین یان رازی بین لە تێڕوانین و بۆچونیان، بەڵكو دەمانەوێ لەجیاتی ناكۆكی، ململانێی سیاسی دروست ببێت لە چوارچێوەی ململانێی سیاسیدا، بەشێویەك هەر لایەنێك هەوڵ بدات كار و خەباتی خۆی بكات ‌و سیاسەتی خۆی پیادە بكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئێمە ئاگاداری ئەوە بین كوردستان پێویستی بە قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكان نییە بەڵكو پێویستی بە دیالۆگی نیشتمانی و گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بخەینە سەر رۆخی سەقامگیری و ئەم بارە ناهەموارەی كە هاتووە چارەسەری بكەین.

خەڵك: دوو كورسییەكەی هاوپەیمانی لای ئێوە ماونەتەوە؟
ئارام قادر: ئەو دوو كورسییە بریتییە لە دەنگی دەنگدەرانی هاوپەیمانی و وەكو فراكسیۆنی هاوپەیمانی بەردەوام دەبێت و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وە نوێنەری هاوپەیمانی دەبن لە بەغدا.

خەڵك: سەرپشككراون لەسەر ئەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح دەگەڕێنەوە یان نا؟
ئارام قادر: ئەگەر هەر كەسێك بچێتە نێو لایەنێكی تر، كەسێكی تر دەچێتە شوێنەكەی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

خەڵك: هاوپەیمانی تاكە حزبە كە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كردووە، ئەوەی دەخوێندرێتەوە دەوترێت رێكەوتنی نێوان حزبە دەسەڵاتدارەكان و هاوپەیمانییە، لەكاتێكدا بەرهەم ساڵح بڕیارەكەی داوە؟
ئارام قادر: نەخێر، پێش ئەوەی باسی سەرۆك كۆمار بكرێت، ئەو بڕیارە دراوە كە ئێمە بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان نەكەین، ئەویش لە سۆنگەی ئەو قەناعەتەمانەوە بوو كە ئەمجارە ساخەتەكارییەكی زۆر زۆر گەورە دەكرێت لە هەرێمی كوردستان بەجۆرێك دەرئەنجامەكانی چاوەڕوان نەكراوە و دەبێت و خەڵك تووشی شۆك دەكات بەتایبەت لایەنە سیاسییەكان، داواشمان لە گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووش كرد بایكۆت بكەن، چونكە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرئەنجامێكە واقیعی سیاسی و جوگرافیای سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت، لەبەرئەوە بەشدارینەكردنی ئێمە لە هەڵبژاردن هیچ پەیوەست نییە بە پرسی پۆستی سەرۆك كۆمار.

خەڵك: ئەو لایەنانەی باست كرد ئاگاداری ئەو دۆخەن كە ساختەكاری گەورە دەكرێت؟
ئارام قادر: بەدڵنیاییەوە ئاگادارن، چونكە ئێمە دووجار لەگەڵ كۆمسیۆن كۆبووینەوە و نوێنەری گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووش ئامادەبوون، بەڵام ئەوان بڕیارێكی سیاسیاندا كە بەشدار دەبن، ئێمەش پێمان باش بوو بایكۆتی بكەین و داواشمان لەوان كرد، بەڵام بەداخەوە ئەوان رای پێچەوانەیان هەبوو.


خەڵك: هاوپەیمانی لە رووی دارایی پشت بە چ لایەنێك و بوارێك دەبەستێت؟
ئارام قادر: ئێمە پێشتر پشتگیری مادیمان لەسەر دۆخی ناوخۆمان بوو، چونكە هاوپەپەیمانی یەكێك لە سیاسەتەكانی ئەوەیە كە كەمترین موچە خۆری هەیەو نامانەوێ نەریت و سیستمی حزبەكانی تر دووبارە بكەینەوە، كە زۆرترین موچەخۆریان هەیەو زۆربەی هاودیدانی ئێمە لەسەر بنەمای خۆبەخشی كار دەكەن و چالاكی دەكەن، ئەوەی موچە خۆرە رێژەكەی زۆر كەمە، جگە لەوەش نەمانویستووە بنكەو بارەگای زۆر دابنێن ئەم دوو فاكتەرە وایكردووە ئێمە خەرجییەكانمان كەم بێت، كە دەتوانرێت لە رێگای دۆست و هاوڕێكانمانەوە لە هەرێمی كوردستان پشتیوان و هاوكارمان بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەرجییە.

خەڵك: واتە بودجەیەكی دیاریكراوتان نییە؟
ئارام قادر: نەخێر بودجەیەكی دیاریكراومان نییە و داهاتی دیاریكراویشمان نییە، بەڵكو ئێمە زیاتر لەسەر كۆمەك و پشتیوانی دۆستەكانی هاوپەیمانی كار دەكەین.

خەڵك: هاوپەیمانی دەزگای میدیایی هەبوو، ماڵپەری خەندانیش هاتە نێو هاوپەیمانی و تەلەفزیۆنی خەندانیش كرایەو دواتر داتانخست، هیچ نەخشەیەكتان هەیە لەو بوارەدا؟
ئارام قادر: خەندان پەیوەندی بە هاوپەیمانییەوە نییە، بەڵام لە داهاتوودا نەخشەو بڕیارمان هەیە سەبارەت بە میدیای هاوپەیمانی.

خەڵك: باس لەوە دەكرێت كە لە ئایندەدا كۆبونەوەیەكی بەرفراوان بكەن كاتەكەی كەیە؟
ئارام قادر: كاتەكە دیاری نەكراوەو بڕیارمان داوە كۆبونەوەیەكی گشتی ئەنجام بدەین دوای هەڵبژاردنەكان، دەستەی بەڕێوەبردن دیاری دەكرێتەوەو رێكخستنەكان كارا دەكەینەوە.

خەڵك: لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆك دیاری دەكەن؟
ئارام قادر: لە كۆبونەوەكەدا یەكلادەكرێتەوە بۆچونەكان جیاوازە، ئایا یەك كەس دەبێتە سەرۆك یاخود دەستەیەك هاوپەیمانی بەڕێوەدەبەن.
خەڵك: زۆرترین چاو لەسەر ئێوەیە كە ببنە سەرۆكی هاوپەیمانی ئەگەر داواتان لێبكرێت دەبنە سەرۆكی هاوپەیمانی؟
ئارام قادر: جارێ زووە، ئێمە لە كۆبونەوە گشتییەكان بڕیار لەسەر ئەوە دەدەین، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە ئەرك و بەرپرسیارێتی پڕۆژەی هاوپەیمانیمان هەڵگرتووە كە هیواخوازین ئەو پڕۆژەیە بگەیەنینە ئامانجی خۆی و بیكەینە میكانیزمێك بۆ بەختەوەری هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

خەڵك: هەندێك لە هاودیدان بانگەشە دەكەن بۆ لایەنێكی تری سیاسی ئەمە رێكەوتنی سیاسییە یان رای كەسییە؟
ئارام قادر: هاوپەیمانی قەوارەیەكی سەربەخۆیە و هەر كەسێك ئەو كارە بكات ئەوە دەرچوونە لە سیاسەت و بەرنامەی هاوپەیمانی و ئەو هەڵوێستەی هیچ پەیوەندی بە هاوپەیمانییەوە نییە.

چاوپێکەوتن

(خەڵك) دیمانەیەكی بڵاونەكراوەی ڕۆژنامەوانێكی عەرەب لەگەڵ نەوشیروان مستەفا بڵاودەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بۆیەكەمجار (خەڵك) لە زاری عەلی ناجی، ڕۆژنامەنووسی عیراقی، دیمانەیەكی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، ڕێكخەری گشتی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاودەكاتەوە، كە تایبەتە بە هەندێك پرسی پەیوەست بە قۆناغە مێژووییەكانی عیراق و كوردستان و سیاسەتی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، كە لەلایەن كەسی نەوشیروان مستەفاوە لە ساڵی 2009 دامەزرا و هەر لەو ساڵەدا لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستاندا توانی ببێتە خاوەنی 25 كورسی پەڕلەمانی و پێگەیەكی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسەتی هەرێمی كوردستان بۆخۆی دیاری بكات.

دەقی دیمانەكە وەك ڕۆژنامەنوسە عیراقییەكە خۆی بۆ (خەڵك)ی باس دەكات:
لە ساڵی 2012 چاوم بە نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان كەوت لە ماڵە سادە و ساكارەكەی، كە جلێكی مەیلەو شینی لەبەردابوو.

لە هۆڵی دانیشتنی ماڵەكەی زۆر بە گەرمییەوە پێشوازی لێكردم، جگە لەئێمە، كە من لەگەڵ هاوڕێم كاك نەژاد ڕۆیشتبووم، دوو كەسی تری كورد، كە لە سایتی (سبەی) كاریان دەكرد لەگەڵمان دانیشتبوون، ئەو لە تەنیشت خۆیەوە داینیشاندم و دوای كەمتر لە 10 خولەك دوو كەسەكە چوونە دەرەوە، پاشان ئاخاوتنمان بە زمانی عەرەبی دەستپێكرد.

نەوشیروان مستەفا وتی: بەخێر ببێیت بۆ سلێمانی و ئەم گەڕەكەی، كە تێدایت لەئێستاوە هەر بە ناوی تۆوەیە، كە عەلی ناجییە و ناوی شاعیرێكی كوردە.

من ناوبانگی تۆم لە سەردار عەبدوڵڵا، پەڕلەمانتاری بزوتنەوەكە بیستووە، كە كەسێكی گەلی كوردت خۆش دەوێت و بایەخ بە دۆزی كورد دەدەیت “ئەو چاوپێكەوتنەكەی بۆ ڕێكخستم”.

سوپاسم كرد بۆ قسەكانی و بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێكردم، دوای ئەوەی چایان بۆ هێناین، قسەكانمان لەبارەی دەستوری عیراقییەوە دەستپێكرد، نەوشیروان مستەفا وتی: من و مام جەلال و كاك مەسعود و كاك ڕۆژ نوری شاوەیس، وەك نوێنەری كورد دانوستانمان كرد بۆ دانانی دەستورێكی عیراقی، كە دەستورێكی باشە و خزمەت بە گەلی كورد دەكات.
بەردەوام بووین لە دانوستان و ئەو دانوستانەش زۆری خایاند، تا ئەو كاتەی شیعە و سوننەمان بە خواستی خۆمان لە دەستوردا ڕازیی كرد.

دوای ئەوەی هاتە سەر باسی ئەو حزبە سەرەكییانەی، كە حوكمڕانی عیراقیان كردووە، لەوانەش حزبی دەعوە، ئەو وتی: ئەو حزبە تەقلیدی هیچ مەرجەعێكی شیعە ناكاتەوە. من وەك عەلی ناجی تووشی شۆك بووم، كە چۆن كاك نەوشیروان ئەو زانیارییە دەزانێت، پرسیارم لێكرد لەكوێوە ئەو زانیارییە دەزانیت، لەكاتێكدا تۆ شیعە نیت.

نەوشیروان مستەفا وتی: حزبی دەعوە و ئەندام و سەركردەكانی بە باشی دەناسین (مەبەستی مالكی و عەبادی و ئیبراهم جەعفەری بوو)، ئەوان شوێنكەوتەی حسێن فەزلوڵڵان (مەرجەعی شیعەی لوبنانی) و تەقلیدی هیچ مەرجەعێك ناكەنەوە بە عەلی سیستانیشەوە.

دوای ئەوەی لەبارەی كەركوكەوە پرسیارم لێكرد، ئەو وتی: چارەسەرەكەی لەڕێی دەستوری عیراق و جێبەجێكردنی دەستور و بڕگەكانی پەیوەست بە كەركوک، كێشەكانی چارەسەر دەكات.

پاشان گفتوگۆمان لەبارەی ئەمریكاییەكان و ڕۆڵیان لە عیراقدا كرد، ئەو وتی: ئەمریكا تاكە لایەنی بەهێز نییە لە عیراق، بەهێزترینیش نابێت لە جیهاندا، چونكە لەئێستادا دەوڵەتی بەهێزی هاوشێوە سەریانهەڵداوە.

وتم ڕێگەم بدە بوێربم و هەندێك پرسیاری بوێرانەت لێبكەم، كە لێرەدا دەكرێت میواندارییەكەت بقۆزمەوە و دەشزانم میوان پێگەیەكی گەورەی هەیە لای ئێوە و ڕێزی زۆری لێدەگرن.

كاک نەوشیروان بە پێكەنیوە وتی، پرسیار بكە، پێم وت، بۆچی بە دەستێكی ئاسنین گۆڕان بەدەستەوە ناگریت، لە هەمان كاتدا ئێوە لە سێبەردان و بە دەگمەن لە میدیاكاندا دەردەكەون؟ لەو دەمەدا جگەرەی دەكێشا و جگەرەیەكی داگیرساند و بە توندی دووكەڵەكەی هەڵمژی و وەڵامی دەستی ئاسنینی بۆ بزوتنەوەكە پشتگوێ‌ خست و منیش حەزم نەكرد بێزاری بكەم، بۆیە وتی: نامەوێت لە میدیاكاندا وەك هەندێك لە سیاسەتوانان زۆربڵێ‌ بم.

پێم وت، تۆ بەشێكیت لە دروستكردنی بڕیار لە كوردستانی عیراق، بەڵام خواستی گەلەكەت بەجێنەگەیاندووە.
نەوشیروان مستەفا وتی: “كە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەرچووم، دەستبەرداری پۆستەكان بووم بۆ بەدیهێنانی ئایندەیەكی باشتر بۆ كوردستان و گەلەكەی”. لەو دەمەدا باسی لە گرنگی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و ئەو ئامانجانە كرد، كە دەكرێت بیانهێنێتەدی.

بەر لە تەواوبوونی چاوپێكەوتنەكە، كە زیاتر لە كاتژمێرێكی خایاند، پرسیارم لەبارەی شەڕی پشت ئاشانەوە لێكرد، نەوشیروان مستەفا لە دوای كێشانی جگەرەیەك وتی: “ڕاگەیاندنی شیوعی بەهێز بوو، ئێستاش هەر بەهێزە”.

لەكاتی ماڵئاوییدا، لە بەردەم دەرگای هۆڵەكە پێی وتم: دەرگامان كراوەیە بۆت كاك عەلی و پێشوازی لە بوێری و بایەخت دەكەین، هەر كاتێك دێیت بەخێر بێیت.

من وەك عەلی ناجی، كە توێژەرم لە كاروباری كوردی، هیواخوازم كوڕەكانی كاك نەوشیروان مستەفا و ئەوانەی هەڵسورێنەری بزوتنەوەی گۆڕانن، كتێبی “پەنجەكان یەكتری دەشكێنن” كە بە زمانی كوردی نووسراوە، بۆسەر زمانەكانی تر وەربگێڕن، لەوانەش زمانی عەرەبی، چونكە شایتحاڵێكی گرنگی گەلی كوردە لەو قۆناغە مێژووییەدا.

عەلی ناجی لەدایكبووی 1987، ڕۆژنامەنووسێكی عیراقییە و ئێستا لە پاریس نیشتەجێیە، توێژەرە لە  كاروباری كورددا و كتێبێكی لەبارەی پارتی كرێكارانی كوردستان (pkk ) بڵاوكردۆتەوە بە ناونیشانی “ئەو چەكانەی بۆ ئاشتین” كە بە دوو چاپ لە كتیبخانەكاندا دەستدەكەوێت.
كتێبێكی تریشی هەیە، كە لە قۆناغی هاتنەبەردایە لەبارەی كوردی ئێران بە ناوی “ئەو چیایانەی گوللـە ماندووی كردوون”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

خانمە كاندیدێكی كورد بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی نەرویج بۆ (خەڵك) دەدوێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

خانمێكی كورد، كە دانیشتووی وڵاتی نەرویجە، لە سەر داوای پارتێكی ئەو وڵاتە كاندیدە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی “شاری فریدركستاد”.

ڤیان حەمەلاو، خانمە كوردێكی شاری سلیمانییە، لە ساڵی 2002 چۆتە دەرەوەی وڵات و لە نەرویج نیشتەجێ‌ بووە، لە ئێستادا ئەم خانمە لەسەر داوای پارتی چەپی سۆسیالیستی دیموكرات خوازەكانی نەرویج، كاندیدی ژمارە 7 ە، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان و وەك نوێنەری شاری فریدركستاد دەست نیشان كراوە.

 

لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ (تۆڕی میدیایی خەڵك)، ڤیان ئەحمەد سەید حەمەلاو تیشكی خستە سەر ژیانی و وتی: ناوم ڤیان ئەحمەد سەید حەمەلاوە بە ڤیان حەمەلاو ناسراوم، لە ساڵی 1976 لە دایك بووم، خاوەن بڕوانامەی دبلۆمم بەر لە هاتنم بۆ نەرویج سەرقاڵی كاری مامۆستایی بووم، لە ساڵی 2002 هەرێمی كوردستانم بەرەو وڵاتی نەرویج بەجێ هێشتووە، بە گەیشتنم بە دەرەوەی وڵات، بڕوانامەی شارەزایی و پەروەردەیی و كاركردنم لەگەڵ منداڵ و لاوان بەدەست هێناوە.

سەبارەت بە خۆگونجاندن لەگەڵ كەلتور و داب و زمانێكی دیكە، ڤیان دەڵێت”كا تێك هاتمە وڵاتی نەرویج هیچ شارەزاییەكم لە زمان و فەرهەنگی نەرویجی و نرخی مرۆڤایەتی نەبوو، بەڵام بەشێوەیەكی خێرا هەموو شتێك پێچەوانە بووە وە،هەماهەنگی لە نێوان كەلتوری كورد و نەرویجی وای لە من كرد، بە زوویی شارەزایی زمان پەیدا بكەم و لە بواری سیاسی كاربكەم، بۆ لە سیاسەتیشدا، چونكە من لە خانەوادەیەكی خەباتگێڕ لە دایك بووم هەڵبەت دەبێت ئەم هۆكارەش كاریگەری هەبووبێت كە وا لە وڵاتێكی ئەوروپایی تێكەڵ بە كاری سیاسی بوومەتەوە”.

ڤیان حەمەلاو، لەسەر داوای پارتی چەپی سۆسیالیستی دیموكرات خوازەكانی نەرویج، ئێستا كاندیدی ژمارە 7 ە، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان وەك نوێنەری شاری فریدركستاد، ئەو دەڵێت لێرە كاری حزبی بەراورد بە هەرێمی كوردستان جیاوازە، هەموو هەوڵێك بۆ خزمەتكردنە، ئەوەش كە تێكەڵ بە كاری سیاسی و حزبی دەبێت پێویستی بە خۆ لێڕابینینە چونكە لێرە خزمەتكردن ڕۆڵ دەبینێت.

بە پێی وتەكانی ڤیان، لە نەرویج، كوردەكان هۆگرییان بۆ پارتی كرێكاران هەیە، بەڵام ڤیان پێچەوانەی خواستی بەشێك لە ڕەوەندی كوردی دەڵێت، پارتی چەپی سۆسیالیستی دیموكرات خوازەكانی نەرویج، یەكێك لە پارتە هاوخەم و دڵسۆزەكانی قەزییەی كوردییە، بە وتەی ڤیان، لە سەردەمی پەلاماردانی داعش بۆ باشوور و ڕۆژئاوا و دواتریش لە میانی پەلاماردانی توركیا بۆ عەفرین و ناوچەكانی ڕۆژئاوا، كاتێك وەك كوردێك ئەم باسەم لا وروژاندوون، بە هەوڵی ئێمە و بەشێكی زۆر لە ئەندامانی پارت، نوێنەری پارتی چەپی سۆسیالیست، لە پارلەمان داكۆكی سەختی لە قەزییەی كوردی كردووە، تەنانەت لە زۆر بابەتی دیكەی پەیوەست بە دۆخی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان قسەمان هەبووە لەگەڵ بەرپرسان و كاربەرێكەرانی نەرویجی گەنگەشەی بارودۆخەكانمان كردووە، پارتی چەپی سۆسیالیستی نەرویجیش لەگەڵ ئەوەیە كە كورد خاوەن كیانی خۆی بێت.

ڤیان لە ئێستادا، كاری ڕۆژانەی لە باخچەی ساوایانە، ئەو دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی شارەزایم لە بواری پەروەردەیی، تا كاری باشتر بكەم بۆ یارمەتیدانی منداڵ و گەنج بۆ ئەوەی لە كەشێكی ئارام و ئابوریەكی جێگر و تەندروستیەكی باشتردا گەورە ببن، خزمەت دەكەم، تێكەڵی و هەماهەنگیشم لەگەڵ هاوڵاتیانی نەرویجی و نەتەوەكانی دیكە زۆر باشە، هەوڵ و ماندوو بوون و خەمخۆریم بۆ كارەكەم ئەوەی لێ‌ دەخوێنمەوە كە جێی متمانەی هاوڵاتیانی نەرویجی و غەیرە نەرویجییەكانی شارەكەم بم تا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا سەركەوتوو بم و لە نێوان وڵاتی دایك و وڵاتی نیشتەجێمدا ببمە هۆیەك بۆ لێك نزیكبوونەوەی زیاتری كەلتور و خەم و كۆژانەكانمان و پردی پەیوەندی نێوان كورد و نەرویج بم، دیموكراتی بۆ هەمووان گرنگە، من هیواخوازم لە ڕێگای پارتی چەپی سۆسیالیستی نەرویج باشتر بتوانین بە ناوی مرۆڤایەتیەوا پەیوەندی لەگەڵ یەكتر بكەین.

سەبارەت بە دەسپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕێوشوێنەكانی بانگەشە كردن، ئەو خانمە كوردە دەڵێت: بانگەشەی هەڵبژاردن بە پێی یاسا ڕێكخراوە و ناتوانیت لە بەند و مەرجە یاساییەكان لابدەیت، وەك خانمێكیش كە خۆم كاندید كردووە لەوە ناترسم نازناوێكی خراپ یان تۆمەتێك یان كارێكی نەشیاوم بەرامبەر بكرێت ئێرە زۆر پێچەوانەی هەرێمی كوردستانە بە داخەوە دەیڵێم دەبینین لای خۆمان چی ناوەناتۆرە و بانگەشەی خراپ شوێن كەسەكان دەخرێت، كە پشت بەخوا ئێمەش دەبێت ببینە دەوڵەت و بەو دۆخە بگەین كە لە نەرویج دەگوزەرێت، لێرە كاندیدەكان پێشوەختە دەبێت خول ببینن، تا كۆتایی هەڵمەتی بانگەشە كاندید دەبێت سێ‌ خول ببینێت، ناتوانیت بۆ هەموو جێگەیەك و هەموو شوێنێك بچیت و بێ‌ ئاگاداركردنەوە بانگەشە بكەیت، ماوەیەكە هەڵمەتەكان دەستیان پێكردووە و لە ڕێگەی دانانی مەوعید سەردانی شوێن و جێگەكان دەكەین و ئامانج و بەرنامەمان بۆ خەڵك ڕوون دەكەینەوە، ئەولەویەتیش بۆ ڕێز گرتنە لە بەرامبەر و ڕەچاوكردنی مافی ئەوی دییە، چونكە ئێستا 9 پارت لە نەرویج، بە پارتی ئاینی و نەتەوەیی و چەپ و ڕاست ڕەو لە كێبڕكێداین بۆ بردنەوە.

كاندیدە كوردەكەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی نەرویج، پێی وایە، پارتی چەپی سۆسیالیست، یەكێك لەو پارتانەیە كە داوای ئەوەی لە بەرپرسانی وڵاتی نەرویج كردووە كە هەر كەسێك بە كورد و غەیرە كورد كاتێك پەنا بۆ نەرویج دەهێنێت دەبێت پەنا بدرێت و وەك مرۆڤێك مافی هەبێت.

بڕیارە 19-9-2019 هاوڵاتیانی نەرویجی بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و نوێنەری خۆیان بۆ شارەوانییەكان دیاری بكەن.
نەرویج یەكێكە لە وڵاتە ئەوروپییە سكاندیناڤییەكان، سنووری ھەیە لەگەڵ ھەریەك لە سوید، فینلاند، ڕووسیا، سنووری دەریایی لەگەڵ ھەریەك لە وڵاتانی دانمارك و بریتانیادا ھەیە.

نەرویج بە باشترین وڵات دادەنرێ لە ڕووی بژێوی ژیان.

ئەمانەی خوارەوە گەورەترین شارەكانی نەرویجن بە پێی سەرژمێری ساڵی 2014
ئۆسلۆ (نزیكەی 634000 كەس)
بێرگێن (نزیكەی 272000 كەس)
ترۆندهەیم (182000 كەس)
ستاڤانگێر (نزیكەی 130000 كەس)
كریستیانساند (نزیكەی 86000 كەس)
فریدریكستاد (نزیكەی 78000كەس)
ترۆمسۆ (نزیكەی 72000 كەس)
ساندنێس (نزیكەی 72000 كەس)
دراممێن (نزیكەی 66000 كەس)
سارپسبۆرگ (نزیكەی 54000 كەس)

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

“واشنتن دەوێت عیراق نغرۆی جەنگێكی نوێ‌ بكات”
سادیقون هەڵوێستی خۆی بۆ (خەڵك) لەبارەی سزاكانی سەر ئێران ئاشكرا دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەعد شاكر عەزیز، پەڕلەمانتاری فراكسیۆنی (سادیقون) كە لەلایەن قەیس خەزعەلی، سەرۆكی بزوتنەوەی ئەهلی حەقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ (خەڵك) باس لە ژمارەیەك پرسی نێو گۆڕەپانی سیاسی ئێستای عیراق دەكات و هەڵوێستی فراكسیۆن و بزوتنەوەكەیان لەبارەی ڕەوشی سیاسی وڵات و تەنگژەكانی ئێستای ناوچەكە دەخاتەڕوو.

خەڵك: لەئێستادا باس لە بوونی بەعسییەكان دەكرێت لە ناوەندە دیپلۆماسییەكانی دەوڵەت و لەلایەن چەند پەڕلەمانتارێكی عیراقییەوە ئەو پەرسە دەوروژێنرێت، ئێوە لە فراكسیۆنی (سادیقون) چۆن دەڕواننە ئەو پرسە؟

سەعد شاكر عەزیز، وەزارەتی دەرەوە، كە گرنگترین جومگەی دەوڵەتی عیراقە، بەو پێیەی لەنێوەندە دەرەكییەكان و نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا نوێنەرایەتی حكومەت و گەلی عیراق دەكات، بۆیە دەبێت ئەوانەی لە باڵێوزخانەكاندا دادەنرێت، بە باشی وردینی ناوەكانیان بكرێت لەلایەن دەزگای لێپرسینەوە و دادپەروەری (ڕیشەكێشكردنی بەعس) و دەزگاكانی تری وەك دەزگای چاودێری دارایی و دەزگای دەستپاكی و یاسای لێپرسینەوە دادپەروەری نەیگرێتەوە یان كەسێك لە خێزانەكەی ئەو یاسایە نەیگرێتەوە و تۆماری نیشتمانی بێخەوش بێت.

(خەڵك): ئەوانەی تۆمەتی بەعسیبونیان ڕووبەڕوو دەكرێتەوە، یان ناوەكانیان لەلایەن ئەندامانی پەڕلەمانی عیراقەوە دیاریكراوە كە گوایە بەعسیبوون و لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا كارییان لە دەزگاكانی بەعسدا كردووە، بەڵگەی تەواوەتییان لەسەر كۆكراوەتەوە، یان تەنیا وەك گومان داوای لێكۆڵینەوە لە تۆمارەكانیان دەكرێت؟

سەعد شاكر: لیژنەكانی پەڕلەمان هەریەكەو پسپۆڕە لە بواری خۆیدا، لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش شارەزاتر و ئاگادارترە لەو ڕووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پەڕلەمانتاران دەتوانن چاودێربن بەسەر تەواوی جومگەكانی دەوڵەتدا، هەندێك لە پەڕلەمانتاران دەستەواژەیان بەدی كردووە، سەبارەت بە هەندێك لە كەسێتییەكان لە كونسوڵخانەكانی عیراقدا لە دەرەوە، كە گومانیان لێدەكرێت پەیوەندییان بە حزبی بەعسەوە هەبێت، بۆیە ئێمە لەمڕۆدا دەمانەوێت لە چوارچێوەی حزبی بێینە دەرەوە و هەر تەنیا نوێنەرایەتی حزبەكانمان نەكەین و نوێنەرایەتی عیراق بكەین لەو ڕووەوە، بە تایبەت كە پەیوەندییەكانی دەرەوەی وڵات سێكتەرێكی گرنگی دەوڵەتە، بە تایبەت لەم ڕەوشەی ئێستادا، كە عیراق دەیەوێت بەڕووی هەموواندا كراوەبێت و لەدەرەوەی چوارچێوەی میحوەرەكاندا بێت، بۆیە دەبێت هەركەسێك بۆ باڵێوز دیاریی دەكرێت، وردبینییەكانی هەمەلایەنە و تەواوەتی بە تۆمارەكەیدا بكرێت.

خەڵك: هەڵوێستی فراكسیۆنی (سادیقون) بەرانبەر بە بوونی هێزە بیانییەكان بە گشتی و هێزەكانی ئەمریكا بە تایبەت چییە و چۆن دەڕواننە بوونی ئەو هێزانە لەسەر خاكی عیراق؟

سەعد شاكر: فراكسیۆنی سادیقون، بە هەموو شێوەیەك بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عیراق ڕەتدەكاتەوە، باشترین بەڵگەش بۆ دروستی ئەم هەڵوێستە، دەستدرێژییەكانی ئەم دواییەیە، كە كرایە سەر هێزەكانی عیراق و تێیدا ژمارەیەك لە هێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی شەهید بوون، لەلایەكی تریشەوە دەتوانیین بەڵێین ئەم هێزەی ئێستا لە عیراقدا هەیە، هێزی شەڕكەرە نەك هێزی مەشقپێكردن، بەڵگەش بۆ ئەمە بەئامانجگرتنی هێزەكانی عیراقە لەلایەن ئەو هێزانەوە، كە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتیاندایە.

پێشتر فراكسیۆنی سادیقون، چەند بڕگەیەكی خستەبەردەم سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، تا زانیاری تەواوەتی لەبارەی ئەو هێزانەوە ئاشكرابكات، بە تایبەت لەڕووی ژمارەی ئەو هێزانەی لەنێو سنوری عیراقدان، شوێنی بونیان لەنێو خاكی عیراق، پاشان هۆكاری بونیان لە وڵاتدا، گەر بۆ مەشقپێكردنە، پێویست ناكات ژمارەیان لە سەروو هەزارانە ساربازەوە بێت، واتا پێویستە ژمارەیەكی شیاو بێت، بەڵام شیاو نییە و قبوڵ ناكرێت ژمارەیان هەزاران سەرباز بێت.

خەڵك: ئەمریكا لە ساڵی 2003دا ڕژێمی بەعسی ڕوخاند و هۆكاری كەوتنی ئەو ڕژێمەش لە دوای دەیان ساڵ لە حوكمڕانی، هۆكارە سەرەكییەكەی ئەمریكا بوو، ئێوە پێتان وانییە لەئێستادا ئەمریكا خۆی بە شیاوی مانەوە بزانێت لە عیراقدا لەكاتێكدا سیستمی نوێی حوكمڕانی لەسەر دەستی ئەمریكاییەكان لە عیراقدا دروست بوو؟

سەعد شاكر: ئەمە بۆچوونێكی تایبەتە و ناكرێت گشتیگر بكرێت، ڕاستییەكەی هۆكاری ڕوخانی ڕژێمەكەی سەدام حسێن گەلی عیراق و قوربانیدانی گەلی عیراق و خوێنی شەهیدان بوو، كە بونە مایەی ڕوخاندنی دیكتاتۆری، بگرە ئەمریكاییەكان پیلانیان لە دژی عیراق گێڕا و بوونە مایەی كاولكردنی عیراق و بوونە مایەی كاولكركردنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەكانی وڵات، لەمڕۆشدا، كە سوپا بەهێز نییە و وەزارەتی بەرگری لاوازە ئەوەیە، كە ڕێگە نادەن چەكی قورسی هەبێت و تەنیا خاوەنی چەكی مامناوەند بێت، ئەمریكاییەكانن.

هەروەها ئەمریكاییەكان، هۆكاری سەرەكی هاتنەناوەوەی داعش بوون بۆ نێو وڵات، لەمڕۆشدا ئەمریكا پەیام ڕەوانە دەكات لەبارەی سەرهەڵدانەوەی ڕێكخراوە توندڕەوەكە و دەیانوێت جارێكی تر تەنگژە و ئاڵۆزی لە وڵاتدا دروستبكەنەوە، ئەمەش بەو هۆیەی، كە حكومەتی عیراقی دەیەوێت ئازاد بێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دەیەوێت ڕێككەوتن و گرێبەستن و بازرگانیان لەگەڵ بكات و پەیوەندی لەگەبَیاندا باش بێت.
ئێمە بەڵگەی تەواوەتیمان هەیە، كە ئەمریكا داڵدەی پاشماوەی چەكدارانی داعش دەدات، بەو پێیەی لەم ماوەیەدا هێلیكۆپتەرەكانی لەو ناوچانەدا نیشتوونەتەوە، كە شوێنی چەكدەكانی ڕێكخراوەكەیە، ئەم بەڵگانەش لای حەشدی شەعبی پارێزراون، لەمڕۆدا واشنتن دەوێت عیراق نغرۆی جەنگێكی نوێ‌ بكات، ئەمەش لەكاتێكدایە، كە عیراق دەیەوێت لەڕووی ئابورییەوە بگەڕێتەوە و بوژاندنەوە بەخۆوە ببینێت.

خەڵك: ئێوە چۆن دەڕواننە تەنگژەكانی ئێستای نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری ئیسلامی ئێران و پێتان باشە هەڵوێستی دەوڵەتی عیراقی لەم ڕووەوە چۆن بێت؟

سەعد شاكر: ئێمە دەمانەوێت عیراق بەڕووی هەموو وڵاتاندا كراوەبێت و مامەڵە لەگەڵ هەموواندا بكات، و ڕێگە نەداتن خاكی وڵاتەكەی لە دژی وڵاتێكی تر بەكاربهێنرێت، دەمانەوێت مامەڵەكانی عیراق و پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی وڵاتدا بگونجێت و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دابمەزرێت.

دەبێت ئەوەمان لەیاد نەچێت، یەكەم وڵات، كە لە دژی داعش لە عیراقدا جموجۆڵی كرد، كۆماری ئیسلامی ئێران بوو، یەكەم وڵات، كە سنورەكانی خۆی بەڕووی عیراقییەكاندا كردەوە و چەك و تەقەمەنی و ڕاوێژكاری ئەمنی ڕەوانە كرد ئێران بوو، بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئەو سزایانە ڕەتدەكەینەوە، كە لەلایەن ئەمریكاوە بەسەر گەلی ئێراندا دەسەپێنرێت.

ئەمریكا لەئێستادا پیلانی هەیە، لە سنورەكانی نێوان عیراق و سوریا، ناوچەیەكی ئارام بۆ ڕێكخراوی داعش دروست بكات، حەشدی شەعبیش لەو بارەیەوە بەڵگە و وردەكاری تەواوەتی لەبەردەستدایە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان