‎گۆڕان بڕیاریدا خانەى ڕاپەڕاندن هەڵبژێرێت



جڤاتی نیشتمانی گۆڕان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەمە (١٥ی ١١ی ٢٠٢٣)، جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبونەوەى تەواوکارى خۆى ئەنجامدا و بڕیاردرا بەپێى ڕێکارەکانی دەستورى ناوخۆیی، خانەى ڕاپەڕاندن هەڵبژێردرێت.

‎جڤاتی نێشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە کارنامەى کۆبونەوەکە، تەواوکردنی تەوەرەکانى کۆبونەوەى رۆژى (٢١ی ١٠ی ٢٠٢٣)ی جڤات بو، کە تێیدا تاوتوێى پەرەسەندنە سیاسییەکانى هەرێم، عێراق و ناوچەکە و کاریگەرى ئەو هەلومەرجە سیاسییە لەسەر پڕۆسەى سیاسى هەرێمى کوردستان و ڕەنگدانەوەى لەسەر ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان کرا.

‎لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە دۆخى سیاسى و ئیدارى و دارایی و یاسایی هەرێمى کوردستان و ئاڵنگارییەکانى بەردەم دامەزراوەکانی حکومڕانى، چارەسەرکردنى کێشە یاسایی و سیاسییەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى ئیتحادى، بەتایبەت دۆزینەوەى ڕێگەچارەى گونجاو بۆ قەیرانى دارایی و باشکردنى بژێوى هاوڵاتیان و موچەى فەرمانبەران و مامۆستایان، لەگەڵ پێویستی ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ نوێکردنەوەى ڕەوایەتى سیاسى و لابردنى ئاستەنگەکانى بەردەم دامەزراوە شەرعییەکان.

‎دەشڵێت:”لەبارەى دۆخى ڕێکخراوەیی بزوتنەوەى گۆڕان و ئامادەکارییەکان بۆ خۆڕێکخستنەوە و قۆناغى نوێ، جڤاتى نیشتمانى بڕیاریدا، یەکەم: پڕۆسەى ئاشتەوایی و پێکەوەکارکردن لەگەڵ کارەکتەرانى دەرەوەى پەیکەرى رێکخراوەیی بزوتنەوەى گۆڕان بەردەوامى هەبێت و هەمووان بەیەکەوە شان بدەینە بەردەم ئەو بەرپرسیارێتیەی لە ئەستۆمانە بۆ خزمەتى خەڵکى کوردستان. دووەم: بەپێى ڕێکارە دەستورییەکان خانەى ڕاپەڕاندن هەڵبژێردرێت بۆ جێبەجێکردنى بڕیار و راسپاردەکانى جڤاتى نیشتیمانی و لە پێکهاتەکەیدا ڕەچاوى کەسایەتییە سیاسییە دیار و بەئەزموونەکان و نوێنەرایەتى گەنجان و ئافرەتان بکرێت. سێیەم: تەواوکردنى هەنگاوە کردارییەکان بۆ بەستنى کۆنفڕانسى نیشتیمانى و خۆئامادەکردن بۆ قۆناغى داهاتوو و ئەو ئەگەرە چاوەڕوانکراوانەى روبەڕومان دەبێتەوە”.

‎جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکردووە لە کۆتاییدا، جەختکرایەوە لەسەر جێبەجێکردنى ستراتیجى سیاسیی بزوتنەوەى گۆڕان، وەک بزوتنەوەیەکى جەماوەرى مەدەنى پشتئەستور بە هاوڵاتییان دوور لە نەریتى بنەماڵە و تەوریسى سیاسیى؛ هەل بڕەخسێنێت بۆ هەر هاونیشتیمانییەک بەشداریی سیاسیی و نوێنەرایەتى داخوازى و کێشەکانى چین و توێژەکانى کۆمەڵگەى کوردستان بکات.

“پێویستە لایەنە سیاسییەکان دڵی هاووڵاتیانی کوردستان بدەنەوە نەک دڵی خۆیان بە جەرگی بێگانان بدەن”
پێشت “پێویستە لایەنە سیاسییەکان دڵی هاووڵاتیانی کوردستان بدەنەوە نەک دڵی خۆیان بە جەرگی بێگانان بدەن”
لە بەریتانیا خۆپیشاندانی پشتیوانی بۆ مامۆستایانی هەرێم ڕاگەیەنرا
دواتر لە بەریتانیا خۆپیشاندانی پشتیوانی بۆ مامۆستایانی هەرێم ڕاگەیەنرا
ەیوەندیدار