ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

ڕۆناڵدۆ: دوو ڕوو نیم، کێشی خۆم که‌مده‌که‌مه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ یاریزانانی ڤه‌له‌د وه‌لید ده‌ست به‌ ڕاهێنان ده‌که‌م

خه‌ڵک سپۆرت – ئیل نۆرتی دی کاستێلا

ڕۆناڵدۆ نازاریۆ دالیمای به‌رازیلی ئه‌فسانه‌ی ناسراو به‌ “دیارده‌” چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی “ئیل نۆرتی دی کاستێلا”ی ئیسپانی ئه‌نجام ده‌دات و تیایدا به‌شێوه‌یه‌کی ورد باسی مه‌سه‌له‌ی کڕینی یانه‌ی ڤه‌له‌د وه‌لید و ئامانجه‌کانی له‌م هه‌نگاوه‌ بازرگانیه‌ ده‌کات.

ئه‌مه‌ش کورته‌یه‌که‌ له‌چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

گرنگیدان به‌یانه‌ی تر

“له‌چه‌ندین یانه‌ی تره‌وه‌ ئۆفه‌رم به‌ده‌ست ده‌گه‌یشت، به‌ڵام من سه‌رده‌مێک بوو له‌گه‌ڵ کارلۆسی هاورێم بۆ کڕینی یانه‌ی ڤه‌له‌د وه‌لید له‌ گفتوگۆدا بووم، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش بابه‌ته‌که‌ سه‌رسامی نه‌کردبوم و زۆر له‌ قه‌رزه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی سه‌ر ئه‌م یانه‌یه‌ ده‌ترسام، به‌ڵام جارێکی تر قسه‌مان کرده‌وه‌ و گه‌یشتینه‌ ئه‌نجام، بابه‌ته‌که‌‌ بزنسه به‌شێوه‌یه‌کی تر‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆپی پێ بریتیه‌ له‌ کۆمپانیایه‌کی گه‌وره‌، پێموایه‌ ده‌توانم به‌شداری سه‌رخستنی یانه‌که‌ بکه‌م و یاریده‌ده‌ربم بۆ بوژاندنه‌وه‌ی شاره‌که‌ به‌گشتی، بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ پشتم به‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ به‌ستووه‌”.

 

“ئه‌و پاره‌یه‌ی داومه‌ به‌کڕینی یانه‌ی ڤه‌له‌د وه‌لید، پاره‌ی تایبه‌تی خۆم بووه‌ و من هیچ کۆمپانیایه‌کی وه‌به‌رهێنانم نییه‌”

 

وه‌به‌رهێنان و پاڵپشتی وه‌به‌رهێنه‌ران

ئه‌وه‌ی ده‌وترێت ڕاست نییه‌، دڵنیاتان ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ هیچ گروپێکی وه‌به‌رهێنانم نییه‌، خاوه‌نی هیچ کۆمپانیایه‌کی وه‌به‌رهێنان نیم له‌ئێستادا که‌ تایبه‌تبێت به‌ کڕینی یانه‌کان و فرۆشتنه‌وه‌یان به‌ نرخی گونجاو، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی دراوه‌ به‌م یانه‌یه‌ پاره‌ی تایبه‌تی خۆم بووه‌، ئه‌وه‌ خه‌ونی من بووه‌ و به‌ پڕۆژه‌ی داهاتوی ده‌زانم له‌ژیانمدا”.

کارکردن له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌کی نوێ

بێگومان له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێک به‌یه‌که‌وه‌ هاوکاری یه‌کتر ده‌بین و کارده‌که‌ین بۆ سه‌رخستنی یانه‌که‌، پێموایه‌ دوو ڕوو نابم ئه‌گه‌ر بڵێم من گرنگی به‌ بزنس و وه‌به‌رهێنان ناده‌م و ئه‌و بابه‌ته‌ به‌لامه‌وه‌ گرنگ نه‌بووه‌، به‌ڵکو ده‌مه‌وێت به‌وپه‌ڕی توانامه‌وه زۆرترین پاره‌ بۆ یانه‌که‌ کۆبکه‌مه‌وه‌، ده‌مانه‌وێت یانه‌که‌ له‌هه‌موو ڕووه‌کانه‌وه‌ باشتر و به‌هێزتر بکه‌ین، چونکه‌ پاره‌ هه‌موو شتێک نییه‌ و به‌ پاره‌ یاریی ناکرێت، به‌ڵکو پێشکه‌وتن به‌ هه‌زاران کارمه‌ند ده‌کرێت که‌ ڕۆژانه‌ لێره‌ کارده‌که‌ن”.

 

“له‌گه‌ڵ یاریزانانی ڤه‌له‌د وه‌لید به‌شداری مه‌شقه‌کان ده‌که‌م‌، بێگومان ئه‌وه‌ش به‌ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕاهێنه‌ر ده‌بێت تا بتوانم له‌ڕووه‌ تاکتیکی و وه‌رزشیه‌کانه‌وه‌ که‌مێک یاریده‌ده‌ریان بم”

 

بونیادی نوێی ڤه‌له‌د وه‌لید

ئێستا سه‌رقاڵی بونیادنانه‌وه‌ی یانه‌که‌ین و کاتێکی زۆرمان ده‌وێت تا ده‌که‌وینه‌ سه‌رپێ، مانگی ڕابردو چاودێری بازاڕی گواستنه‌وه‌کانمان ده‌کرد و پاره‌یه‌کی که‌می مافه‌کانی په‌خشی ته‌له‌ڤیزیۆنیمان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، به‌شێکی زۆری بۆ قه‌رزه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کان و وه‌زاره‌تی دارایی وڵاته‌که‌ ڕۆیشت، هه‌ندێک پاره‌شمان بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی یاریگای یانه‌که‌ ته‌رخان کرد، به‌ڵام نه‌مانتوانی هه‌موو کاره‌کان به‌یه‌ک گوژمه‌ ئه‌نجام بده‌ین”.

بۆچونه‌کان بۆ وه‌رزی یه‌که‌م

من نه‌هاتوم بۆ ئێره‌ تا یاریی بکه‌م و له‌ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ ئه‌و توانایه‌م نییه‌، به‌ڵام ده‌ست به‌ مه‌شق و ڕاهێنان ده‌که‌م تا له‌ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ گونجاو و ئاماده‌بم، ‌دوای ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لاوانی پێکهاته‌ی یه‌که‌م به‌شداری یه‌که‌ی مه‌شق و ڕاهێنانه‌کان ده‌که‌م‌، بێگومان ئه‌وه‌ش به‌ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕاهێنه‌ر ده‌بێت تا بتوانم له‌ڕووه‌ تاکتیکی و وه‌رزشیه‌کانه‌وه‌ که‌مێک یاریده‌ده‌ریان بم، ئه‌وه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ پڕۆژه‌کانی داهاتومان که‌ به‌گرنگی ده‌زانین.

نوێکردنه‌وه‌ی یاریگا

یاریگاکه‌مان یه‌کێک نییه‌ له‌باشترینه‌کانی جیهان و خاوه‌نی ژووری خۆگۆڕینی ناوازه‌ نین، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت له‌داهاتودا کارێک بکه‌ین ئاسانکاری بۆ یاریزانان و هه‌مووان بکه‌ین.

چاوپێکەوتن

نایمار: پێکانەکان منیان کوشت و لە پاریس سانت جێرمان بەردەوام دەبم

خەڵک سپۆرت

نایمار دا سیلڤای بەرازیلی ئەستێرەی یانەی پاریس سانت جێرمان لەچاوپێکەوتنێکدا چەندین زانیاری نەبیستراو دەربارەی داهاتووی لە خولی فەرەنسا و ئامانجەکانی ئەم وەرزەی ئاشکرا دەکات.

لەگواستنەوەکانی هاوینەی ڕابردودا نایماری ئەستێرەی بەرازیلی نزیکبوو لە یانەی پاریس سانت جێرمانەوە ڕوو لە بەرشلۆنە بکات، بەڵام گفتوگۆکان بۆ گواستنەوەی بەهۆی پێداگری ئیدارەی پاریسەوە شکستیان هێنا، دواتریش بەهۆی پێکانەوە ماوەیەکی دوور و درێژ دوورکەوتەوە و هاندەرانی یانە زەبەلاحەکەی پاریس لەدوای گەڕانەوە ئامادەنەبوون پێشوازی لێبکەن و تا ئەم ساتە پەیوەندی نێوان یاریزانەکە و ئەڵتراسی پاریس ئاسایی نەبۆتەوە.

ئەستێرەکەی سیلیساو چاوپێکەوتنێک لەگەڵ گۆڤاری فرانس فوتباڵ ئەنجام دەدات، ڕەنگە بەهۆی لێدوانەکانیەوە بەیانی ئاشتەواییەکی درێژخایەن لەگەڵ هاندەرانی یانەکەیدا بکات، ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

پێکانەکان

“پێکانەکان لەم وەرزەدا منیان کوشت، بەهۆی دوورکەوتنەوەمەوە زۆر لەئاستم دابەزی، ئامانجم ئەوەیە توانا جەستەییەکانم بگێڕمەوە و نازناوە بەکۆمەڵەکان بۆ پاریس بەدەست بهێنم”.

پەیوەندی لەگەڵ مێسی

“مێسی کەسێکی نزیکمە و هاوڕێیەکی خۆشەویستە، هەمیشە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە”.

مباپێ و هاورێیەتی

” مباپێ خاوەن کەسایەتیەکی ناوازەیە و نزیکترین هاوڕێمە، لەشێوازی یاریکردنیدا خەسڵەتێکی ناوازە و تایبەت هەیە لەیاریزانەکانی تردا نییە”.

بەپرسیارێتی لەنێو یاریگا

” هیچ شتێک تێروتەسەل وبێهەڵە نییە تەنها خودا نەبێت، هەموو کەسێک کەموکەرتی هەیە، سەرکردەی ڕاستەقینە لەنێو یاریگادا ئەو یاریزانەیە کە یاریدەدەری سەرکەوتنی یانەکەی دەبێت، دەکرێت ئەو کەسە کاپتنی پێکهاتە بێت یان گۆڵکار و هەر یاریزانێکی تر، هەر یاریزانێکیش خاوەنی خەسڵەت و کەسایەتی تایبەت بەخۆیەتی”.

دەبێتە یاریزانی ژمارە یەک؟

نامەوێت ببمە ئەستێرەی یەکەم، بەڵکو دەمەوێت یاریی تۆپی پێ بکەم لەبەرئەوەی بوارەکەم خۆشدەوێت، هەتا لەنێو یاریگادا بم بەختەوەر دەبم، لەهەموو یارییەکیشدا لەسەدا سەدی تواناکانم بەگەڕ دەخەم”.

نایماری ڕاستەقینە

“کەمێکن ئەوانەی نایماری ڕاستەقینە دەناسن و ئەوانەش هاوڕێ و خێزانەکەمن، ئەوەی هاندەر دەیبینێت شتێکی جیاوازە و ڕەنگە کەمێک بێت لە کەسایەتی من، لەڕاستیدا من کەسایەتیەکی ئاشتیخوازم وحەزم بە بەسەربردنی کاتی خۆشە لەگەڵ هاوڕێیان و خێزانەکەم”.

بۆچی هاوینی ڕابردوو دەیویست لە پاریس بڕوات؟

(بەپێکەنینەوە) “هێشتا دوو وەرز لە بۆندەکەمدا ماوە و یانەکە زیاتر بەرەوپێش دەچێت، پێویستە ئەوپەڕی تەرکز بکەین بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی ئەم وەرزەمان، پێویستە زۆرترین نازناوەکان بەدەست بهێنین و نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ئامانجی سەرەکیمانە”.

لە پاریس بەردەوام دەبێت

“پێشەنگی بۆ یانەی پاریس سانت جێرمانە و چەندین ئامانجی گەورەمان هەیە، ئامانجی سەرەکیش هەمیشە بردنەوەی یارییەکانە و دەبێت هەموو هێزی خۆمان لەپێناو یانەکەماندا بەگەڕ بخەین، لەنێو یاریگادا گیانم لەپێناو سەرکەوتنی یانەکەم فیدا دەکەم و تا کۆتایی بۆندەکەشم پابەند دەم”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

لوکاس هێرناندێز: زێدان باشترینی فەرەنسایە و خۆم بە قەرزاری سیمیۆنی دەزانم

خەڵک سپۆرت – سپۆکس سپۆرت

لوکاس هێرناندێزی فەرەنسی بەرگریکاری یانەی بایرن میونشن، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ تۆڕی “سپۆکس سپۆرت” ئەنجام دەدات و بەم شێوەیە وڵامی پرسیارەکان دەداتەوە:

هەواڵی پێکانەکەیی و ئامانجی گەڕانەوەی

ئێستا زۆر باشم و هێشتا ١٠ ڕۆژم لەبەردەمدا ماوە بۆ گەڕانەوە، پەرۆشم بۆ گەڕانەوە و یاریدەدانی یانەکەم، ئامانجم گەیشتنە بەوپەڕی تواناکانم لەنیوەی دووەمی وەرزدا.

دوورخستنەوەی نیکۆ کۆڤاچ

کۆڤاچ ڕاهێنەرێکی نایابە و لە کارەکانی داهاتوویدا هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، بەڵام کیمیای ڕاهێنەرەکە لەگەڵ یاریزانان و پێکهاتەی یانەکە نەگونجا و دوورخرایەوە.

ئەگەری بەردەوامبوونی هانز فلیک

بۆچی بەردەوام نەبێت؟! کارێکی باش دەکات و ئاستی پێکهاتەکە بە چاودێری ئەم ڕاهێنەرە بەرزبووەتەوە، ئەگەر بارودۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت لەو باوەريدام تا کۆتایی وەرز بەردەوامی پێدەدرێت.

گواستنەوە بە (٨٠) ملیۆن کاریگەرییەکانی ئەو نرخە بەرزە

بڕی ئەو پارەیەی پێمدراوە نابێتە بارگرانی لەسەرم، بەڵام بێگومان دەمەوێت بیسەلمێنم کە شایەنی ئەو پارە زۆرە بووم و متمانەی یانەی بایرن میونشن بەدەست دەهێنم، زۆر پەرۆشم بۆ گەڕانەوەو سەلماندنی تواناکانم.

کاریگەری ڕەخنەکانی ڕۆمەنیگە و ئۆلی هۆنێس

هۆنێس و ڕۆمەنیگە دوو کەسایەتی گەورەن و مافی خۆیانە ڕەخنە بگرن کاتێک پێکهاتەکەمان شایەنی ڕەخنەبێت، بۆ نمونە کاتێک بە فرانکفۆرت دۆڕاین.

لە ڕووبەروبونەوەی فرانکفۆرت چی ڕوویدا؟

نازانم، چونکە لوێ نەبووم، بەڵام کاتێک لەوێ بووم لەوە تێگەیشتم کە ڕەخنەکان ڕووەو سەرکەوتن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان ئاڕاستەمان دەکەن، نەک ڕوخاندنمان.

بۆچی پەیوەندی بە بایرنەوە کرد؟

کاتێک ساڵحەمیدزیچ پەیوەندی پێوەکردم دووجار بیرم نەکردەوە و یەکسەر ڕازی بووم، پێویستی نەکرد کەس قەناعەتم پێبکات، هەمیشە حەزم بەوەبوو بۆ یەکێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا یاریی بکەم و بایرنیش یەکێکە لە گەورەکان، خۆشحاڵم ئەو بڕیارەمدا و هەست بە باشتربوون دەکەم.

جیاوازی نێوان بایرن و ئەتلەتیکۆ مەدرید

لە ئەتلەتیکۆ ئەو لایەنە هونەریە بەهێزەمان نەبوو کە لە بایرن بوونی هەیە، لەوێ زیاتر پشتمان بە لایەنە ئابوریەکان دەبەست و گرنگی بە تەکنەلۆجیا دەدرا لەبری توانستە جەستەییەکان.

خەونی گریزمانە

ئەو یاریزانەی حەزدەکەم لە بایرن یاریی لەگەڵ بکەم ئەنتوان گریزمانە، چەندین ساڵ هاوڕێی نزیکی یەکتری بووین و هیوادەخوازم ڕۆژێک لە ڕۆژان پەیوەندیمان پێوە بکات.

ئەو یاریزانەی لەتەمەنی لاوێتیدا سەرسامی کردووە

دوو یاریزان سەرسامیان کردبووم، لیزارازۆ لەبەرئەوەی لەهەمان پێگەی ئێستای مندا یاریی دەکرد، هەروەها زینەدین زێدان کە باشترین یاریزانی فەرەنسیە لەمێژوودا.

باشترین ڕاهێنەر

دیێگۆ سیمیۆنی، تەمەنم ١٦ ساڵ بوو چاوم پێیکەوت، لەو کاتەوە لەگەڵمدا بووە تائێستا و خۆم بە قەرزاری دەزانم.

بەهێزترهن بەرگریکاری جیهان

ڤێرجیل ڤان دایک، لەئێستادا هیچ بەرگریکارێک لە ڤان دایک باشتر نییە و لەگەڵ لیڤەرپوڵ وەرزێکی بەهێزی بەڕێکرد.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

ڤاڵڤێردی: گریزمان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ یاریی دەکات و دیمبیلی خەمباری کردین

خەڵک سپۆرت – بارسا تی ڤی

ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی بارسا ئەنجام دەدات و ئاماژە بە چەندین بابەتی گرنگی ڕۆژ دەدات، ئەمەش کوورتەیەکە لەچاوپێکەوتنەکە:

لەبارەی پێکانی عوسمان دیمبیلیەوە چی دەڵێیت؟

ئەوەی بەسەر دیمبیلی هاتووە خەمباری کردوین، بەر لەوەی توشی پێکان بێت زۆر بەباشی مەشقەکانی ئەنجام دەدا، دڵنیاتان دەکەینەوە کە بە وریاییەوە ئاگاداری دەبین.

هۆکاری پێکانەکانی چییە؟

نازانم پێکانەکەی هەمان پێکانی ماسولکەیی پێشووە یان نا، بەڵام یەکەم جار نییە توشی پێکان دەبێت و چەند جارێک دووبارە بۆتەوە، ئێمە لەلایەن خۆمانەوە دەمانەوێت گرنگی زیاتری پێبدەین و زیاتر ئاگاداری دۆزی جەستەیی بین.

مێسی و سوارێز هاوسەنگی و خۆگونجاندنیان بۆ گەڕاوەتەوە، ئەمە کاری کێیە؟

مێسی و سوارێز ماوەیەکی زۆرە بەیەکەوە یاریی دەکەن، لەنێو یاریگادا کە هاوسەنگی بەدەست دەهێنن هەموو هەلێکیان بە گۆڵ کۆتایی دێت.

گرنگ بوو بەرامبەر دۆرتمۆند سەرکەوتن بۆ قۆناغی (١٦)ی چامپیۆنز لیگ مسۆگەر بکەن؟

بەڵێ، سات بەساتی یارییەکە لەکاتی خۆیدا ژیاین، ئامانجمان ئەوەبوو بەخێرایی سەرکەوتن مسۆگەر بکەین.

لەڕووی دەرونیەوە بوژانەوە؟

بێگومان، کەمێک لەڕووی دەرونیەوە بوژاینەوە، خۆشحاڵین کە توانیمان بە پلەی یەکەمی گروپە بەهێزەکەمان سەرکەوین، ئێمە پاڵێوراوی سەرەکی بووین و پێویست بوو ئەو ڕاستیە بسەلمێنین.

گریزمان وردە وردە خۆی دەگونجێنێت…

گریزمان لەنێو یاریگادا وزەیەکی زیاترمان پێدەدات، پێویستە لەوەش زیاترمان پێشکەش بکات و لەگەڵ مێسی وسوارێز باشتر خۆی بگونجێنێت، چونکە یاریزانێکی گەورەیە.

پێتوایە لە داهاتوودا دووانەی مێسی و گریزمان سەرکەوتو دەبن؟

ئەوان دوو یاریزانی ناوازەن، یاریزانە گەورەکان زۆر بەباشی لەیەکتری تێدەگەن، بۆ مێسی و گریزمان پێموایە کاتی زیاتریان پێویستە.

ئومتیتی گەڕاوەتەوە سەر ئاستە بەرزەکەی، پێتوایە گەڕاوەتەوە؟

بەڵێ، ئومتیتی یاریزانێکە لە ئاستی باڵادایە و خۆشحاڵین بەگەڕانەوەی، هیوادارین لەسەر هەمان ئاست بەردەوام بێت.

گریزمان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ یاریی دەکات؟

گریزمان بۆ ڕووبەروبونەوەی ئەتلەتیکۆ مەدرید ئامادەیە، بەڵی بەشداری دەکات.

بەرشلۆنە لە قەیرانەکان دەرباز بووە؟

هەمیشە باس لەوە دەکەن گوایە ئێمە لە قەیرانداین و پاشان باس لە دەربازبوونمان دەکەن، ئەوە بابەتێکی زیندوو و بەردەوامە، بەڵام ئێمە ئامانجمان بردنەوەی سەرجەم ڕووبەڕوبونەوەکانە و هەست ناکەین لەو باردۆخانەدا بین، لە قورسترین کۆمەڵەی خولی یانە پاڵەوانەکان ململانێمان کرد، ماندوبووین و سەرکەوتین، ئەوەش بۆ ئێمە واتای سەرکەوتنی هەیە و دەریدەخات هەمیشە لەسەر ڕێگەی ڕاست بووین.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان