ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

چیا و نما نەوشیروان مستەفا پەیامێكیان بڵاوكردەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
هەردوو كوڕەكەی نەوشیروان مستەفا، ڕێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنن، نەچون بۆ دەنگدان ڕێگا بۆ دەسەڵات خۆش دەكات، درێژە بەم سیستمە گەندەڵە بدات، درێژە بە پاشەكەوتی موچە و دزینی نەوت و داهات بدات.

چیا و نما نەوشیروان مستەفا لە پەیامێكدا ئاماژەیان بەوەكردووە، بزوتنەوەی گۆڕان وەك ھێزێكی مەدەنی بە پشتیوانی خوای گەورە و ھاوڵاتیان، چوو بە گژ دەسەڵاتێكدا كە جگە لە پشتیوانی هەرێمی، حكومەت و ھێزی ئەمنی و سامانی وڵاتەكەمانی لەبەردەستدایە و ئەمانەشی ھەموی بەكارهێناوە و بەكاری دەیهێنێت بۆ درێژەدان بەدەسەڵاتی خۆی و تێكشكاندنی پڕۆژە سیاسیەكەی نەوشیروان مستەفا.

ڕاشیانگەیاندووە، بزوتنەوەی گۆڕان تەنها بە ٢٤ كورسی پەرلەمانی كوردستانەوە، كە كەمینەیە، توانیویەتی دەسكەوتی سیاسی گەورەی ھەبێت، توانیویەتی ڕێگری لە تێپەڕینی دەستورێكی خراپ بكات و نەهێڵێت سەرۆكی ھەتا ھەتایی دروست بێت، ھەمووشی بێ بەكارھێنانی چەك و لە ڕێگای خەباتی مەدەنی و پەرلەمانیەوە.

دەقی پەیامەكەی چیا و نما نەوشیروان مستەفا:

ھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستان
‏‎دەنگدەرانی خۆشەویست

‏‎سڵاوێكی گەرم…

‏‎ لە ۲٠۱۸/۹/۳٠ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمان دەكرێت. لە چەند ساڵی رابردودا تا ئێستا بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی هەردو حیزبی دەسەڵاتدارەوە، كوردستان لە قەیرانی حكومڕانی و سیاسی و دارایی قوڵدایە. لە هەمان كاتدا ئەزمونی نیمچە دیموكراسی لە كوردستاندا، ئەمڕۆ لە ژێر هەڕەشەكی گەورەدایە.

‏‎ نەچون بۆ دەنگدان ڕێگا بۆ دەسەڵات خۆش دەكات، درێژە بەم سیستمە گەندەڵە بدات، درێژە بە پاشەكەوتی موچە و دزینی نەوت و داهات بدات و درێژە بە نەبونی دادی كۆمەڵایەتی بدات و زەمینە بۆ دەستورێكی خراپ و نادیموكراتی خۆش دەكات كە دەسەڵاتی حیزب و كەسەكانی رەها بێت و بەبێ بونی چاودێری و بەربەست.

‏‎ھاونیشتیمانیانی بەڕێز

‏‎بزوتنەوەی گۆڕان وەك ھێزێكی مەدەنی بە پشتیوانی خوای گەورە و ھاوڵاتیان، چوو بە گژ دەسەڵاتێكدا كە جگە لە پشتیوانی هەرێمی، حكومەت و ھێزی ئەمنی و سامانی وڵاتەكەمانی لەبەردەستدایە و ئەمانەشی ھەموی بەكارهێناوە و بەكاری دەیهێنێت بۆ درێژەدان بەدەسەڵاتی خۆی و تێكشكاندنی پرۆژە سیاسیەكەی نەوشیروان مستەفا. ئەوان كار بۆ ئەوە دەكەن كەخەڵك بێ ئومێد بێت لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و خەباتی مەدەنی، و زۆرترین سوود لە نەچوونی خەڵك وەرئەگرن بۆ دەنگدان. بەشداریی نەكردن لە هەڵبژاردن و دەنگ نەدان دەبێتە هۆی مانەوەی ئەم دەسەڵاتە نادادپەروەرە. بۆیە پێویستە هەموومان بەو پەڕی ئومێد و بەگڕوتینەوە بچین بۆ دەنگدان، كە تەنها نیو كاتژمێر لە كاتمان دەبات.

‏‎ ھاوڵاتیانی خۆشەویست،
‏‎ئەگەر دەنگ نەدەن، ئەوەی كە بە هەشت ساڵی خەباتی مەدەنی دەستمانكەوتوە بە ڕۆژێك لە دەستی ئەدەین. ئەوەی نەوشیروان مستەفا خەباتی بۆ كردوە شكست دەهێنێت، نەچونی ئێوە بۆ دەنگدان، سزادانی دەسەڵات نییە، بەڵكو سزادانی خۆتانە بە پلەی یەكەم و سزادانی بزوتنەوەكەتانە كەتاكە هیوای خەڵكە و بەدیلی نییە و هەروەها لاواز كردنی پڕۆژەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانە كە بەرهەمی تێكۆشانی ئێوە و خەڵكی كوردستان و نەوشیروان مستەفایە كە ھەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان تەرخانكردبوو.

‏‎بزوتنەوەی گۆڕان تەنها بە ٢٤ كورسی پەرلەمانی كوردستانەوە، كە كەمینەیە، توانیویەتی دەسكەوتی سیاسی گەورەی ھەبێت، توانیویەتی ڕێگری لە تێپەڕینی دەستورێكی خراپ بكات و نەهێڵێت سەرۆكی ھەتا ھەتایی دروست بێت، ھەمووشی بێ بەكارھێنانی چەك و لە ڕێگای خەباتی مەدەنی و پەرلەمانیەوە، ئەگەر چەند كورسییەكی زیاترمان ھەبوایە ئەمانتوانی زۆر كێشە چارەسەر بكەین، بەتایبەتیش گۆڕینی سیستمی حكومڕانی هەرێم.
‏‎بزوتنەوەی گۆڕان لە پێناو بەدیهێنانی داواكارییەكانی خەڵك و پابەندبونی بە بەڵێنەكانی، قوربانیدا بە ھەمو پلەو پۆستەكانی لە حكومەتی ھەرێم و سەرۆكایەتی پەرلەمان، چونكە ئامانجی بزوتنەوەی گۆڕان گۆڕانكاری و خزمەتكردنی خەڵكە، نەك دەسەڵات و پۆست.

‏‎ھاونیشتیمانیانی بەڕێز،
‏‎ڕێگە مەدەن دەسەڵات یاری بە دوا رۆژی ئێوە بكات، ڕێگە مەدەن دەسەڵات ئیرادەتان بشكێنێت، ڕێگە مەدەن بە بێ ئامادەیی خۆتان دەنگی ئێوە پڕ بكەنەوە، ھەتا خەڵك زیاتر بچن بۆ دەنگدان، كەمتر دەرفەتی گزی ئەبێت، چونكە ئەم جارە دەنگدان پێچەوانەی ۱۲ی ٥ی ۲٠۱۸ ئەلیكترۆنی نیە و بە دەست دەنگەكان دەژمێردرێن. هەمان رۆژ ئەنجامەكان رادەگەیەندرێن.

‏‎نەوشیروان مستەفا خۆی ئەڵێت شاڕێی گۆڕانكاری سندوقەكانی دەنگدانە و ئەم رێگایەش سەختە و پڕە لەهەوراز و نشێوی و بەربەست. بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵاهەڵگری خەباتی مەدەنی و چاكسازی و گۆڕانكارییە و خەباتی مەدەنیش رێگەیەكی درێژە و پێویستی بە ئیرادەیەكی بەردەوام و پشودرێژییە. بۆیە نابێت بێ ئومێد بین لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و گۆڕانكاری.

‏‎بە دەنگدانی ئێوە دەتوانین بەردەوامی بە ڕێبازەكەی نەوشیروان مستەفا و خەباتی پەرلەمانی بدەین. نابێت رێگا بدەین دەسەڵات و شاگردەكانیان شكست بە خەباتی مەدەنی بھێنن و لەشەڕی ناو پەرلەمانەوە جارێكیتر بمانبەنەوە بۆ شەڕی ناوخۆ، سزای خۆتان و بزوتنەوەكەتان مەدەن، سزای ئەم دەسەڵاتە فاشلە گەندەڵە بدەن.

‏‎داواكاین لە رۆژی دەنگداندا، بە دەنگەكانتان وڵامی داخستنی پەرلەمان بدەنەوە…. بە دەنگەكانتان تۆڵەی قەیرانی سیاسی و ئابوری و برینی موچەكانتان بكەنەوە …. بەدەنگەكانتان تۆڵەی لەدەستدانی لە ٥١% خاكی هەرێمی كوردستان بكەنەوە…. بە دەنگەكانتان تۆڵەی تەزویر و توندوتیژی بكەنەوە.

‏‎لە ۳٠ی ۹ی ۲٠۱۸ بەشداری هەڵبژاردن بكەن و دەنگ بدەن بە لیستی ژمارە ۱٤۸ی بزوتنەوەی گۆڕان. دەنگ بدەن بۆ گۆڕانكاری، دەنگ بدەن بۆ سەرخستنی ئیرادەی راستەقینەی خەڵك، دەنگ بدەن بۆ ئاسودەكردنی رۆحی نەوشیروان مستەفا.

لەگەڵ رێز و حورمەتمان.

نما نەوشیروان مستەفا
هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان

چیا نەوشیروان مستەفا
هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان

۲٦ی ۹ی ۲٠۱۸
سلێمانی

کوردستان

لەبارەی كارتی نیشتمانییەوە دڵنیایی دەدرێتە هاووڵاتیانی سلێمانی

خەڵك – بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەری كارتی نیشتمانی پارێزگای سلێمانی لەبارەی پێدانەوەی كارتی نیشتمانییەوە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان.

سەبارەت بە دەنگۆی دواكەوتنی پێدانەوەی كارتی نیشتمانی بە ھاووڵاتیان ڕائد شێركۆ ئەحمەد بەڕێوەبەری كارتی نیشتمانی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لەمانگی دووی ئەمساڵەوە نەگەڕاندنەوەی كارتی نیشتمانی لە بەغداوە و دابەشكردنی بەسەر ھاووڵاتیاندا ھۆكارەكەی ئەوەبووە كە وەزیری ناوخۆی عیراق نەبوو بۆ تازەكردنەوەی گرێبەست كە لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی عیراق و ئەو كۆمپانیا ئەڵمانییەی كە كارتەكان دروست دەكات، بۆیە ماوەیەك پێدانەوەی كارت بەھاووڵاتیان خاوبووەوە وە ئەوەش نەبووە ھۆی دواكەوتنی ئیشوكاری ھاووڵاتیان لەبەرئەوەی وێنەی تۆماری ئەلكترۆنی دراوەتە ھاووڵاتیان و كارەكانیان لەھەموو فەرمانگەكان ڕاییكراوە.

هەروەها ڕائد شێركۆ ئەحمەد ئاماژەی بەوەشداوە، لەداوی دەستبەكاربوونی وەزیری ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵ كە لە لە ناوەڕاستی مانگی شەشی ئەمساڵ بوو، ئەو كێشەیە چارەسەركراوە و ئێستا ڕۆژانە كارت چاپ دەكرێت و پەیوەندی ڕۆژانەیان لەگەڵ بەشی چاپ و بەشەكانی تر ھەیە كاركردن بەردەوامە و ھەفتەی داھاتوو ژمارەیەك كارت دێتەوە و لەكاتی خۆیدا لە كاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆ تا كاتژمێر 6ی ئێوارە دابەش دەكرێت بەسەر ھاووڵاتیاندا و دڵنیایان دەكاتەوە ھیچ گرفتێك نییە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

“زیاتر لە 21 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان دابەشكراوە”

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی نەوت‌ و كانزاكانی سلێمانی ئاشكرای دەكات، ئەمساڵ زیاتر 21 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە سنووری پارێزگای سلێمانی‌ و هەڵەبجە و گەرمیان دابەشكراوە.

بەڕێوەبەرایەتی نەوت ‌و كانزاكانی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەبەوەدەكات، لە ماوەی 4 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 21 ملیۆن لیتر نەوتی سپی، كە لە بەغداوە نێردراوە، بەسەر هاووڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیاندا دابەشكراوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، لە سەرەتای ساڵی 2018 تا مانگی نیسانی ئەمساڵ، نزیكەی 80 ملیۆن لیتر نەوتی سپی، كە لە بەغداوە هاتووەتە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ڕێگای كارتی زیرەكەوە ڕاستەخۆ بەسەر هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی‌ و هەڵەبجە و گەرمیاندا دابەشكراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هاتوچۆی سلێمانی هۆشداری دەدات

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی شۆفێران ئاگادار دەكاتەوە كە ئۆتۆمبێل لەو شوێنانەی شەقامی سالم ڕانەگرن كە ڕاگرتنی تێدا قەدەغەكراوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لە لاپەڕەی فەڕمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردووتەوە ئاماژە بەوەدەكات، ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لە شەقامی سالم “سەهۆڵەكە”ی شاری سلێمانی لەو شوێنانەی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلی تێدا قەدەغەكراوە، شۆفێران ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەكاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئەوەشیخستووەتەڕوو، لەئێستادا تیمەكانی ھاتووچۆ ئاگاداری ئەو شۆفێرانە دەكات كە بەشێوەی نایاسایی و لەشوێنی قەدەغە لە شەقامی سالم ئۆتۆمبێلیان ڕاگرتووە، ئۆتۆمبێلەكانیان لەوێدا لابەرن، بە پێچەوانەوە سزای سەرپێچی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلیان لە شوێنی قەدەغە بۆ دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان