عێراق؛ کوژرانی کەسێک و برینداربوونی دووانی دیکە لەسەر ئیمۆجییەک



ڕەمز و هێمای دەربڕینی هەستەکان، کە لە سۆشیال میدیا بە “ئیمۆجی” ناسراوە دەبێتە هۆکاری کوژرانی کەسێک و برینداربوونی دووانی دیکە.

 

گەنجێک لە پارێزگای بابلی عێراق، لەبری دانانی ڕووخسارێکی خەمناک ڕەمزی ڕووخسارێکی پێکەنیناوی بەکارهێنا بۆ کۆمێنت لەسەر پۆستێک کە تایبەت بووە بە یادی کۆچی دوایی ئەندامێکی بنەماڵەی ئەو کەسەی پۆستەکەی کردووە، هەرچەندە داوای لێبوردنیش لەسەر ئەو کارە کرا بەڵام کۆتاییەکەی بە کارەسات دواییهات.

 

دانانی ئەو ئیمۆجییە پێکەنیناوییە، بنەماڵەی بەرامبەری تووڕە کرد، ئەم تووڕە بوونە سەری کێشا بۆ هێرشکردنە سەر ماڵی بەرامبەر و دوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکە، بە دەستڕێژی گوللە باوکە شەست ساڵانەکەی ئەو کەسەیان کوشت کە ئیمۆجییە پێکەنیناوییەکەی دانابوو و دوو ئەندامی دیکەی خێزانەکەش بریندار بوون، ئەمە لەکاتێکدایە، کە پێشتر هیچ ناکۆکییەک لە نێوان ئەم دوو بنەماڵەیەدا نەبووە و تاکە هۆکار ئیمۆجییەک بووە.

 

برای کوژراوەکە قسەی بۆ میدیا ناوخۆییەکان کردووە سەبارەت بە وردەکارییەکانی ڕووداوەکە و دەڵێت “لە نزیک ماڵی براکەم گوێمان لە دەنگی تەقە بوو، کاتێک چووینە دەرەوە، بینیمان چەند چەکدارێک لەسەر ئۆتۆمبێلێک تەقە دەکەن، دوای کوشتنی کەسێک و برینداربوونی دووانی دیکە، تەقەکەرەکان دەچنە بنکەی پۆلیس و داوا تۆمار دەکەن.

 

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئەوەی ئەو ئیمۆجییەی داناوە ئەو گەنجە نەبووە، بەڵکو دایکی بە هەڵە کلیکی لەسەر ئیمۆجییەکە کردووە، لە کاتێکدا ئەو دایکە نە دەتوانێت بخوێنێتەوە و نە بنووسێت و مانای ئەم هێمایانەش نازانێت.

 

بەپێی داتا فەرمییەکان عێراق لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا زیاتر لە هەزار حاڵەتی کوشتنی بە ئەنقەستی تۆمارکردووە، لەکاتێکدا ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەزار و ٢٠٠ حاڵەتی تێپەڕاندبوو.

سەرچاوە؛ الجزيرة

باڵیۆزی یۆنان لە عێراق: سەرسامی پێشكەوتنەكانی سلێمانین
پێشت باڵیۆزی یۆنان لە عێراق: سەرسامی پێشكەوتنەكانی سلێمانین
باران بارین بەردەوام دەبێت
دواتر باران بارین بەردەوام دەبێت
ەیوەندیدار