سمۆرەیەك دەبێتە هاوەڵی هەورامییەكان



 

سمۆرە لە كولتووری ناوچەی هەوراماندا بە دوژمن ناوی دەركردووە، چونكە خواردنی لەسەر تاكە بەرهەمی ناوچەی هەورامانە كە ئەویش گوێزە، سمۆرە بۆ ئەوەی وەرزی زستان خۆی بژێنێت، وەك هەر گیاندارێكی تری كێوی لە وەرزەكانی دیكەدا، سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەرهەمی خۆراكییەتی، تاوەكو لە وەرزی زستانی سەخت، بێ بەرهەم و خۆراكدا پێی بژی.

چیرۆكی ئەم جارە تەواو جیاوازە لە هەورامان، ئێستا منداڵێكی هەورامی سمۆرەی كردۆتە دۆستی مرۆڤ و پێكەوە وەك ئەندامێكی خێزانەكە دەژین.

“سمە” ناوی ئەو سمۆرە سێ ساڵەیە لە رەگەزی مێ كە لە ماڵێكی دووری سەر سنوور لەگەڵ هاوەڵەكەیدا، بەناوی ساسان-ەوە دەژی لە تەوێڵە سەر بە ناحیەی بیارە.

وەك ساسان باسی لێوەدەكات سێ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ باوكیدا دەچن بۆ شارۆ (رنینی گوێز دوای تەكاندنی) لەنێو باخە گوێزەكەیان لە ناوچەی ئاوێسەر كە خاڵی سفری سنوورییە لەگەڵ ئێران، لەوێدا ساسان دیقەتی بەچكە گیاندارێك دەدات كە لەنێو گەڵای وەریوی گوێزەكاندا ون ببوو.

ساسان بەم شێوەیە باسی چیرۆكی دۆزینەوەی “سمە” دەكات دەڵێت،”لەگەڵ باوكم چووین بۆ باخەكە بۆ شارۆ لە ئاوێسەر، لەوێ بینیمان شتێك كە سەرەتا وامان دەزانی بەچكەی مشكە، كەوتووە لە زەویەكەدا، هەڵمگرتەوە و بردمە ماڵەوە، برینداربوو. لە ماڵەوە بۆمان دەركەوت بەچكەی سمۆرەیە”.

ساسان دڵشاد كە تەمەنی ١٤ ساڵە و ئێستا خوێندكاری قۆناغی هەشتی بنەڕەتییە لە گوندێ تەوێڵە سەر بە ناحیەی بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە دەژی.

ئەو رۆژانە یاری لەگەڵ سمۆرەكەیدا دەكات و زۆربەی كاتەكانی لەگەڵ “سمە”دا بەسەر دەبات، بەشێوەیەك كە لەنێو هەموو شار و گوندەكاندا دەنگی داوەتەوە، ئەویش دوای ئەوەی كە چەند گرتە ڤیدیۆییەك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاو بووەوە، كاتێك سمۆرەیەك لە دەنگی خاوەنەكەی تێدەگات و بەقسەی دەكات بەشێوەیەك كە لە زۆربەی قسەكانی ساسان تێدەگات كە بەشێوەزاری هەورامی سەربە دیالێكتی گۆرانی ئاخاوتن دەكات، بەجۆرێك كاتێك پێی دەڵێت ‘خۆت بخەرە سەر لای راست بۆ ئەوەی لەشت بخورێنم’، “سمە” بەقسەی دەكات و خۆی دەكات لای راست و چاوەڕوان دەكات بەشی لای راستی بۆ بخورێنێت.

ساسان بەم شێوەیە باس لە سەرەتاكانی راهێنانی “سمە” دەكات : ”لەسەرەتادا بوو كە هێنابوومە ماڵەوە و كەمێك گەورەتر بوو، رۆژێكیان گرتبووم بەدەستمەوە و پێم گوت سمە دەستت بێنە باماچی بكەم، سەیردەكەم دەستی هێنا، پاشان بۆم دەركەوت دەتوانم راهێنانی تری پێ بكەم و رۆژ بەڕۆژ شتی تازەم فێردەكرد و ئێستا بۆ زۆر شت لێم تێدەگات و بەقسەم دەكات”.

“سمە” بەجۆرێك مامەڵە دەكات كە ساسان وەك تاكە هاوەڵی دەبینێت و جگە لەو بەقسەی كەس ناكات و بگرە هەندێك جار بۆ ئەوەی ساسان بپارێزێت، هێرش دەباتە سەر كەسانی نەناس.

ساسان دەڵێت ”زۆر جار سمە كە كەسێكی نەناس دەبینێت لەگەڵمدا، هەوڵ دەدات خۆی هەڵبداتە باوەشی و گازی لێبگرێت و هێرشی بۆ بەرێت، چونكە وادەزانێت زیان بەمن دەگەیەنێت، بۆیە بەڕای خۆی بەم شێوەیە هەوڵی پاراستنی من دەدات، بەڵام هەركاتێك پێی دەڵێم هێوربەرەوە، راستەوخۆ بێدەنگ دەبێت و دادەنیشێت”.

ساسان ئاماژە بەوە دەكات “سمە” بە گوێز، بادەم، فستەق و چەند گیایەك راهاتووە و تەنیا ئەوانە دەخوات و بەم شێوەیە باس لە تووڕەبوون و زویربوونی سمۆرەكەی دەكات ”كاتێك كە پێی دەڵێم خۆشم ناوێیت لێم زویر دەبێت و هەوڵ دەدات لەلام دووربكەوێتەوە، بەڵام كاتێك پێی دەڵێم گاڵتەت لەگەڵ دەكەم و ماچێكی دەكەم دێتەوە نێو باوەشم و دەست دەكاتەوە بەیاریكردن لەگەڵم، بەشێوەیەك كە وەك ئەندامێكی خێزانەكەمانی لێهاتووە”.

ساسان هەروەها باس لەوە دەكات كە سمۆرە ساڵی جارێك دەزێ ئەویش لە وەرزی پاییزدا ”سمە مێیەیە، نێرەیەكم بۆ هێناوە بۆ ئەوەی بێزار نەبێت، بەڵام نێرەكەیان لەگەڵم هاوەڵ نییە، ئەمساڵ ئاوس بوو، بەڵام بەهۆی دەنگێكەوە ترسا و بەچكەكانی لەبارچوو، بەمردوویی فڕێی دان، بۆیە تا ساڵێكی تر نازێتەوە”.

ئێستا “سمە” نەك تەنیا بۆتە جێی سەرنجی ساسان و خێزانەكەی، بەڵكو هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و خەڵكی گوندی تەوێڵە حەز بە دیدەنی “سمە” دەكەن و زۆر جار منداڵانی هاوەڵی ساسان خوازیارن لەكاتی هاتنە دەرەوەی لە ماڵ، “سمە”ش بۆساتێك بێتە دەرەوە و یارییان لەگەڵ بكات، بەڵام ئەو زیاتر حەزی بە سروشتە و ناوبەناو دەچێتە نێو دارگوێزەكان و بەدوای خۆراكدا دەگەڕێت و دواتر دەچێتەوە بۆ ماڵەوە لەگەڵ ساسان-ی هاوەڵیدا گاڵتەوگەپ و شەڕەكانیان بەردەوامی پێ دەدات.

باران بارین بەردەوام دەبێت
پێشت باران بارین بەردەوام دەبێت
دۆلار 151 هەزار دیناری تێپەڕاند
دواتر دۆلار 151 هەزار دیناری تێپەڕاند
ەیوەندیدار