حكومه‌تی موفلیس جۆره‌ها قه‌رز ده‌دات



عه‌بدلواحێد محه‌مه‌د

وشه‌ی موفلیس، له‌ فلسه‌وه‌ هاتوه‌، به‌ كه‌سێك یان لایه‌نێك یان گروپێك ده‌وترێت كه‌ خاوه‌نی فلسێك نه‌بێت و چاوی له‌ ده‌ستی ئه‌م و ئه‌و بێت، خێره‌كی پێبكه‌ن و پاروه‌ك نانی پێوه‌ بخوات، پێش چه‌ند ساڵه‌ك ئه‌و وشه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ چڕی كه‌وته‌ سه‌ر زاران، به‌ تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی به‌رپرسێكی باڵای ئه‌م هه‌رێمه‌ كاتێك له‌ گفتوگۆدابوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی مه‌ركه‌زیدا، بۆ موچه‌ و پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراقدا، وتی حكومه‌تی عێراق موفلیسه‌ و چی لێ چاوه‌ڕوان ناكرێت، ئیتر ئه‌و وشه‌ نه‌گبه‌تیه‌ بووه‌ سه‌ردێری باس و خواسه‌كان و ده‌سپێكی وتار نوسین و وتاردان، له‌ لایه‌ن به‌شێك به‌ ناو سیاسیه‌كان و ئه‌وانه‌شی ده‌وی لێده‌ده‌ن هه‌روه‌ها كۆلكه‌ نوسه‌ر و نوسه‌ره‌كانی ده‌ربار، بۆ تۆخكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ له‌ خه‌یاڵكردن كه‌وتنه‌ هۆنینه‌وه‌ی هه‌زار به‌یت و بالۆره‌ تاوه‌كو وا له‌ خه‌ڵكی بگه‌یێنن ، به‌غداد موفلیسه‌ و هاكه‌ ده‌سته‌سڕیان بۆ خێر و سه‌ده‌قه‌ راخست، كه‌چی ئه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ خاوه‌نی به‌ ئیستیلاح ئابوری سه‌ربه‌خۆیه‌ و نه‌وته‌كه‌ی به‌ بۆڕی به‌رینی یه‌ك مه‌تری ده‌نێرنه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ قه‌د ئه‌و بۆڕیه‌ش پاره‌ و دۆلاربۆ وڵات دێت، ئیتر ده‌بێته‌ شامی شه‌ریف و هه‌موو كه‌س ده‌بێته‌ خاوه‌نی پاره‌ و پول، براده‌رانیش له‌سه‌ره‌وه‌ ده‌بنه‌ ملیاردێر، هه‌رچی خانوی جوان و ڤیه‌لای گه‌وره‌ هه‌یه‌ لێر ه‌ یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌یكڕن و بازرگانی پێوه‌ ده‌كه‌ن، دواجار له‌ نێو ئه‌و هه‌موو بۆچون و خوردكردنه‌وانه‌، ته‌نها یه‌كیان راست ده‌رچو ئه‌ویش ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی براده‌ران بوو، ئه‌وانه‌یتر به‌ ته‌واوی پێچه‌وانه‌ بوونه‌وه‌، جارێ ئه‌وه‌ی ده‌وترا حكومه‌تی موفلیس سه‌رله‌به‌ری راست ده‌رنه‌چو بگره‌ گه‌وجاندنی خه‌ڵكی هه‌رێمی به‌شمه‌ینه‌تیش بوو، له‌وێ ده‌مێوه‌ش حكومه‌تی مه‌ركه‌زی رۆژ له‌ دوای رۆژ له‌ روی ئابووریه‌وه‌ باشتر ده‌بێت، به‌ جۆرێك ئێستا وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئیلتزاماته‌ داراییه‌كانی خۆی مانگانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی جێبه‌جێ ده‌كات، زیاتر له‌ (90) ملیار دۆلار و (130) ته‌ن زێڕیش یه‌ده‌گی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ وایكردووه‌ حكومه‌تی موفلیس جۆره‌ها قه‌رزیش بداته‌ چین و توێژه‌كان، له‌وانه‌ (150) ملیۆن دینار بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی ده‌یانه‌وێت یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بكڕن، به‌ سودی 4% بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژیش هه‌روه‌ها ( 25 ) ملیۆن دینار بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت پڕۆژه‌ی بچوكی كاركردن دابمه‌زرێنن، كوژمه‌یه‌ك پاره‌ش وه‌كو قه‌رز بۆ خانه‌نشینان و قه‌رزیش بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌ گرانه‌كان ، پێده‌چێت به‌رنامه‌ی تریشیان هه‌بێت، له‌ به‌رامبه‌ردا خه‌ڵكی هه‌رێم به‌ تایبه‌ت مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له‌ هیچی له‌و شێوه‌ قه‌رزانه‌ به‌هره‌مه‌ند نین و زه‌قه‌ی چاویان دێت، به‌ جۆرێك ئه‌و ئابووریه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ی ریكلامیان بۆ ده‌كرد، بۆ خۆیان بووه‌ نیعمه‌ت و بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ش بووه‌ نیقمه‌ت، ئێستا هیچ فه‌رمانبه‌رێك و مامۆستایه‌ك ته‌نانه‌ت چینه‌ ره‌شوڕوته‌كه‌ش نیه‌ قورساییه‌كه‌ له‌سه‌ری نه‌وه‌ستابێت و باجه‌كه‌ی نه‌دات، هیچ جومگه‌یه‌ك نه‌ماوه‌ ئۆخه‌ی لێبكات ، له‌ ئاو ، له‌ كاره‌با، له‌ سوته‌مه‌نی ، له‌ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ، سه‌ربار و بنباریش پاشه‌كه‌ت و لێبڕین و دواكه‌وتنی موچه‌ و پله‌ به‌رز نه‌كردنه‌وه‌ و دانه‌مه‌زراندن ……. هتد .

به‌ كورتیه‌كه‌ی كه‌م كه‌س ماوه‌ جه‌رگی داخ نه‌كرابێت، له‌ لایه‌كیتر كه‌سیش نه‌ماوه‌ حكومه‌ت قه‌رزاری نه‌بێت له‌ بیست ملیۆنه‌وه‌ تا زیاتر له‌ سه‌د ملیۆن ، هه‌موو مانگانیش مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و ئه‌وانه‌ی موچه‌یان هه‌یه‌ ده‌ستیان له‌سه‌ر دڵیانه‌ له‌به‌ر موچه‌كانیان ئاخۆ ده‌درێت یان وه‌كو موچه‌كانیتر حه‌م حه‌م ده‌كرێت و ده‌خورێت، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا حكومه‌ت خۆشی (33) ملیار دۆلار قه‌رزاره‌، هه‌ندێكی دیاره‌ هی موچه‌خۆرانه‌، به‌ڵام هه‌نده‌كی كه‌س نازانی هی چیه‌ و له‌ كوێ قه‌رزكراوه‌؟ له‌ هه‌موشی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ ، حكومه‌ت ئه‌و هه‌موو قه‌رزه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و چین و توێژه‌كانی لایه‌ كه‌ خۆی لێ نه‌بان كردیه‌ و نایداته‌وه‌، كه‌چی داوای قه‌رزه‌كانی خۆی ده‌كاته‌وه‌، به‌ڕاستی ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌ له‌ هیچ شوێێكی دنیا نیه‌ و تۆ قه‌رزی خه‌ڵكت لابێت و نه‌یده‌یته‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا داوای قه‌رزی خۆت بكه‌یته‌وه‌، له‌ڕاستیدا ئه‌و شێوه‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ یه‌ك مانای هه‌یه‌ و قابیلی دابه‌شبوون نیه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، موفلیسیه‌كه‌ی حكومه‌تی مه‌ركه‌زی حكومه‌تی هه‌رێمی گرتۆته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ ئه‌وراقه‌ كۆنه‌كانی دا ده‌چێته‌وه‌.

عێراق رۆژێک پشووی فەرمی راگەیاند
پێشت عێراق رۆژێک پشووی فەرمی راگەیاند
تیمی وەزاریی یەکێتی:ناردنی 400 ملیارەکە لەسەر بنچینەی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانە
دواتر تیمی وەزاریی یەکێتی:ناردنی 400 ملیارەکە لەسەر بنچینەی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانە
پەیوەندیدار