بەغدا و هەرێم بەمشێوەیە ڕێككەوتن



حكومەتی فیدراڵ لە بەغدا، لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پێكهێنانی سێ‌ لیژنە بۆ تاوتوێكردنی سێ‌ دۆسی ڕێكدەكەون كە بریتین لە: بودجەی فیدراڵی، یاسای نەوت و غاز، خاڵە سنوورییە هاوبەشەكان و پێشتر بە هەڵپەسێردراوی بەبێ‌ یەكلایی كردنەوە مابوونەوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی چوارەمی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە بۆ ئابووری و لە كۆبوونەوەكەشدا وەزیرەكانی پلاندانان و دارایی و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵ و كار و كاروباری كۆمەلایەتی، و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، و پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراقی، و ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری و یاسایی، ئامادەی بوون”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”شاندەكەی هەرێمی كوردستان لە وەزیری دارایی و ئابووری، وەزیری سامانە سروشتییەكان، سەرۆكی دیوانی چاودێری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی، نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، و ژمارەیەك لە ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لەخۆگرتبوو”.

لە كۆبوونەوەكەدا، فوئاد حسێن جەختی لەسەر گرنگی دانیشتن و گفتووگۆكان كردەوە “لەپێناو گەیشتن بە چارەسەكردنی كێشە ئابوورییە هەڵپەسێردراوەكان”.

تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵ،”باسی لە ڕەشنوسی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ كرد، لەگەڵ ئاماژەكردن بە گرنگترین بڕگەكانی یاساكە و جەختیشی لەسەر گرنگی ڕێككەوتن لەسەر بڕگەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان كردەوە”.

لای خۆیەوە، وەزیری پلاندانان ئاماژە بە هەنگاوەكانی حكوومەت و سەرۆك وەزیران كرد، “لەپێناو چارەسەكردنی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، وەك لە كارنامەی حكومەتدا هاتووە، لەگەڵ دروستكردنی سێ‌ لیژنەی هاوبەشی گرنگ كە یەكەمیان بایەخ بە گفتووگۆی هاوبەش لەسەر یاسای بودجەی گشتی دەوڵەت بدات، دووەم پەیوەندیدار بێت بە یاسای نەوت و غاز و پابەندبوونە هاوبەشەكان لەو بوارەدا، سێیەمیش كار لەسەر خاڵە سنوورییەكان و بابەتەكانی پەیوەست بەو بوارە بكات”.

لای خۆیەوە وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، جەختی لەسەر خواستی حكومەتی هەرێم كردەوە بۆ “سفركردنەوەی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا”.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە”لە كۆتایی كۆبوونەوەكە و لە پاش گفتووگۆكردن لەسەر چەند تەوەرێك، وەزیری دەرەوە تەئكیدی لەسەر بوونی زەمینەی هاوبەش و خواستی نیشتمانی كردەوە بۆ چارەسەكردنی هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەڕێی دیالۆگەوە”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزیرێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە سەرۆك وەزیران بڕیاری خەرجكردنی 200 ملیار دیناری بۆ هەرێم دەركردووە بۆ مانگەكانی 11 و 12 و بەوەش 400 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەكرێت.

نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عیراق لە لێدوانێكی بۆ میدیایی فەرمی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە، محەمەد شیاع سودانی وەكو بەشێك لە جێبەجێكردنی مەنهەجی وەزاری و كارنامەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاری خەرجكردنی 200 ملیار دینارەكەی پشكی هەرێمی بۆ مانگەكانی 11 و 12 داوە.

راشیگەیاند:” پەرلەمانی عێراق دەنگی بە كارنامە وزارییەكە داوە و ئەنجومەنی وەزیرانیش بڕیاری دا بە خەرجكردنی 200 ملیار دینار بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگەكانی 11 و 12ی ئەمساڵ”.

بەگوێرەی بڕ‌یارەكەی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ناردنی 200 ملیار دینار بۆ مانگەكانی 11 و 12ی ئەمساڵ، ئەوا 400 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێردرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لەماوەی ساڵی 2022 دا ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق تەنها سێ مانگ 200 ملیار دینارەكەی بۆ هەرێم ڕەوانە كردووە.

 

ئەمڕۆ 19 ساڵ بەسەر دەستگیركردنی سەدام حسێن تێدەپەڕێت
پێشت ئەمڕۆ 19 ساڵ بەسەر دەستگیركردنی سەدام حسێن تێدەپەڕێت
لە عێراقەوە ئاستەنگ بۆ ناردنی 400 ملیارەكەی مووچە دروست دەكرێت
دواتر لە عێراقەوە ئاستەنگ بۆ ناردنی 400 ملیارەكەی مووچە دروست دەكرێت
ەیوەندیدار