میدیای ئێران پێیوایە پشتیوانییەکەی ئەردۆغان بۆ غەززە “گەمەی سیاسی”یە



ئاژانسێکی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران پێیوایە لێدوانە توندەکانی ئەردۆغان بەرامبەر بە ئیسرائیل گەمەیەکی سیاسی بن و ئاماژەش دەدات بەوەی ئەگەر تورکیا جدییە لە پشتگیریکردنی خەڵکی غەززە و فەڵەستین بە گشتی، ئەوا دەتوانێت لە ڕێی گرتنەوەی ئەو بۆرییەی ٦٠٪ی وزەی ئیسرائیل دابین دەکات، فشار لەسەر تەلئەبیب دروست بکات.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیك لە سوپای پاسداران لە ڕاپۆرتێکدا گومان دەخاتە سەر ڕاستیی ئەو هەڵوێستە توندەی کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا بە هۆی شەڕی غەززەوە لە دژی ئیسرائیل دەریدەبڕێت.

هەفتەی ڕابردوو ئەردۆغان بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی گەورەدا کرد کە لە ئیستانبوڵ بۆ پشتیوانی غەززە ئەنجام درا و تێیدا هێرشی توندی کردە سەر ئیسرائیل و بە کۆمەڵکوژکردنی دانیشتووانی غەززە و کوشتنی ئەنقەستی منداڵان تۆمەتباری کرد.

ئیسرائیلیش لە کاردانەوەی ئەو هەڵوێستە ژمارەیەك لە دیپلۆماتکارەکانی لە تورکیا کشاندەوە.

ئاژانسە ئێرانییەکە نیشانەی پرسیاری لەسەر ڕاستیی گرژییە سیاسی و دیپلۆماسییەکەی تورکیا و ئیسرائیل دروست کردووە کە پەیوەندییەکی بازرگانیی و ئابووری بەهێز پێکیانەوە دەبەستێت.

لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی تەسنیمدا هاتووە: بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەکە پرسیارە دێتە ئاراوە کە “ئایا بەڕاستی تورکیا و ڕژێمی زایۆنی گەیشتوونەتە ناکۆکی یان ئەم ناکۆکییە هەر وەک کارەکانی دیکەی ئەردۆغان، تەنیا گەمەیەکی سیاسییە؟”.

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەش ئاژانسی تەسنیم پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی ئەنقەرە و تەلئەبیبی بەبیرهێناوەتەوە و دەڵێت: ” پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ٦٠٪ی نەوتی ڕژێمی زایۆنی کە لە کازاخستان و ئازەربایجانەوە دابین دەکرێت، لە ڕێگای تورکیاوە دەگوازرێتەوە بۆ فەڵەستینی داگیرکراو (ئیسرائیل) و ئەمەش بەو مانایەیە کە ٦٠٪ی ئاسایشی وزەی ڕژێمی زایۆنی لە دەستی تورکیادایە، سەرباری ئەوەش ڕژێمی زایۆنی لە ڕیزی ئەو ١٠ وڵاتە سەرەکییەدایە کە تورکیا هەناردەیان بۆ دەکات و قەبارەکەشی دەگاتە ٦.٤ ملیار دۆلار”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە تا پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ٢٠٠٢دا، قەبارەی وەبەرهێنانی تورکیا لە ئیسرائیل سفر بووە، بەڵام لە ٢٠١٠ گەیشتووەتە سێ ملیۆن دۆلار و لە ٢٠١٩شدا بۆ ١٠٥ ملیۆن دۆلار هەڵکشاوە.

باسی لەوەشکردووە کە ئیسرائیل ڕووگەی سەرەکی گەشتەکانی هێلێ ئاسمانی تورکش ئێرلاینسە.

ئاژانسی تەسنیم نزێک لە سوپای پاسداران ڕاگرتنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا و ئیسرائیلی کردووەتە سەنگی مەحەک بۆ دەرخستنی ڕاستگۆیی هەڵوێستەکانی ئەردۆغان و دەڵێت: “ئێستا ئەگەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی بپچڕێنێت، بۆ نموونە بۆریی دابینکردنی وزەی زایۆنیستی لەلایەن ئەنقەرەوە بپچڕێت، ئەمە بەو مانایە دێت کە هەردوو وڵات بەڕاستی گەیشتوونەتە ناکۆکییەکی سیاسی، بەڵام ئەگەرهەڕەشە و گوتارەکانی سەرۆکی تورکیا تەنها لە شێوەی ڕۆژنامەوانیدا بمێننەوە، کەواتە دەردەکەوێت ئەم هەڵوێستانەی ئەردۆغان تەنها بۆ ڕاکێشانی سۆزی موسڵمانانە، بە تایبەتیش موسڵمانانی تورکیا”.

ئاژانسی تەسنیم دەشڵیت: “پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە سیاسەتی دووفاقی ئەردۆغان بەرامبەر بە پرسە هاوشێوەکان مێژوویەکی هەیە و دووریش نییە ئەردۆغان بیەوێت وەک شەڕی ئۆکرانیا ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت و بەو هەنگاوە جەماوەری خۆی لە نێو موسڵمانان و ئیخوانەکاندا زیاد بکات”.

شەمەندەفەر دەگاتە باشماخ و داوای کردنەوەی مەرزی هەڵەبجەش گەیەندرایە ڕەئیسی
پێشت شەمەندەفەر دەگاتە باشماخ و داوای کردنەوەی مەرزی هەڵەبجەش گەیەندرایە ڕەئیسی
سبەی باران دەبارێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
دواتر سبەی باران دەبارێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
ەیوەندیدار