مۆسكۆ بە بڕیارێكی توند لە كۆبانێ ئەردۆغانی شۆك كرد


 

هەرچەندە ساڵانێكە توركیا لەنێوان ململانێكانی ئەمریكا و ڕووسیادا یاری دەكات بەتایبەت لە پرسەكانی ئۆكراین و  ڕۆژئاوای كوردستان، زۆر جار ئەردۆغان، پووتینی وەك فریاد ڕەس زانیوە، بەڵام ئەمجارە لەپلانی هێرشەكەی سەر ڕۆژئاوا، پووتین لە ئەمریكا تووندتر وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە.

نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی توركیا كە بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی ئایندە بەڕێوەبچن و لاوازبوونی پێگەی جەماوەری ئەردۆغان و مەترسی دەرنەچوونەوەی بەپێی ڕاپرسییەكان، ناچاری كرد ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانی چڕ بۆ سەر ڕۆژئاوا و باكوور ئەنجام بدات، لەوێشەوە هێرشی زەمینی بكات، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو مۆسكۆ و واشنتن ستۆپیان بە ئەردۆغان كرد.

دوای بێهیوابوونی ئەردۆغان لە ئەمریكا، بەهانەی بە ڕووسیا گرت كە بۆچی پابەندی ڕێككەوتنی سۆچی نەبووە، بە دوورخستنەوەی یەپەگە بۆ دووری 30 كیلۆمەتر لە سنوورەكانیەوە، بەڵام هەرزوو ڕووسیا وەڵامی خۆی هەبوو، لە توركیای پرسی ئەی تۆ پابەندی كشانەوەی گرووپە چەكدارە تیرۆرستەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا نەبووی لە ڕێگای نێودەوڵەتی دیمەشق- حەڵەب؟

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێكی ڕووسی لە توركیا بوون، لەنێوان هەردوولادا گفتووگۆی چڕ هەبوون، بەڵام بێ ئەنجام كۆتاییان، بەدوایدا ئەردۆغان لەگەڵ پووتین قسەی كرد پێیوت هەرچی دەكات، دەبێت یەپەگە لەسنورەكانی توركیا بۆ 30 كیلۆمەتر دووربخرێتەوە.

دوای ڕۆژێك لەو پەیوەندییە میكائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ ڕۆژنامەوانان ڕایگەیاند، وڵاتەكەی هەوڵەكانی چڕ دەكاتەوە بۆ بڕواپێهێنانی توركیا بە سازشكردن لەسەر ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ڕۆژئاوای كوردستان.

لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ڕەتكردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا لەلایەن مۆسكۆوە؟ بۆگدانۆڤ دەڵێت: بەڵێ بە دڵنیاییەوە بەئەو ئەركە هەڵدەستین.

لە نوێترین پێشهاتیشدا دوێنێ هێزەكانی پۆلیسی سەربازی ڕووسیا لە سنووری كانتۆنی كۆبانێ مانۆڕی سەربازییان بە تەنها ئەنجامدا بەبێ بەشداریكردنی توركیا كە ئەمە سێهەم مانۆڕە بەبێ بەشداری توركیا بەڕێوەی دەبات.

دووشەممەی ڕابردوو پۆلیسی سەربازی ڕووسیا مانۆڕی هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی توركیا لە سنووری كانتۆنی كۆبانێ هەڵوەشاندنەوە.

بەپێی سەرچاوەكان، هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی مانۆڕە هاوبەشەكانی نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە بەهۆی هەڕەشەكانی توركیاوەیە بۆ ئەگەری هێرشی زەمینی.

پارتی بۆ گفتووگۆ لەگەڵ یەكێتی ئامادەیە
پێشت پارتی بۆ گفتووگۆ لەگەڵ یەكێتی ئامادەیە
سامسۆنگ ئۆفەرەكانی Black Friday لە عێراق ڕادەگەیەنێت
دواتر سامسۆنگ ئۆفەرەكانی Black Friday لە عێراق ڕادەگەیەنێت
پەیوەندیدار