سوپای ئیسرائیل: شەوی ڕابردوو ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە هێرشەکاندا  کردووە



بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی ڕایگەیاند، لەناوچەکانی بەیت حەنون و ڕۆژهەڵاتی بریج و ناوەڕاستی غەززە ڕووبەڕووی سوپای داگیرکەری ئیسرائیل بوونەتەوە، لایخۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە هێرش و پەلامارەکانی شەوی ڕابردوودا بۆسەر کەرتی غەززە ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان کردووە.

دوێنێ هەینی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ئەوان ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ئیسرائیل و ناتەنیاهۆ و سوپاکەی ناتوانن هیچ سەرکەوتنێک تۆمار بکەن.

سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی سەربەهێزی ئاسمانی ئیسرائیل بەشداری بۆردومانەکانی شەوی ڕابردووی سەرکەرتی غەززەیان کردووە و ١٥٠ ئامانجیان لەژێر زەوی غەززە پێکاوە کە لەنێویاندا ئەو تونێلانە هەن کە لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە بەکار دەهێنرێن و چەندین چەکداریان بەهۆی ئەو هێرشانەوە کوشتووە.

بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بوو بەهۆی پچڕانی هێڵەکانی کارەبا و ئینتەرنێت لەشارەکەدا و هیچ ئۆتۆمبێلێکی فریاگوزاری بەهۆی چڕی بۆردومانەکانەوە نەیدەتوانی بریندار و تەرمەکان بگوازێتەوە کۆشکی سپیش ڕایگەیاند ئەوان هیچ هێڵێکی سوور بۆ ئیسرائیل دانانێن.

پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و چڕی بۆردوومانەکان بوون بەهۆی پچڕانی پەیوەندی لەنێوان رێکخراوەکانی پزیشکانی بێسنوور و نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ کارمەندەکانیاندا.

هاوکات، رێکخراوی هیمان رایتس وۆچ ڕایگەیاند، پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە غەززە بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکی گەورەیە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززەدا و ئەوەش هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی.

نرخی زێڕ بەرزبووەوە
پێشت نرخی زێڕ بەرزبووەوە
تەندروستی فەڵەستین: زیاتر لە حەوت هەزار و ٣٢٦ کەس شەهید بوون
دواتر تەندروستی فەڵەستین: زیاتر لە حەوت هەزار و ٣٢٦ کەس شەهید بوون
ەیوەندیدار