کاتێک دەبین بە مەڕ



شەماڵ محەمەد

“نەزانی دەبێتە هۆی ترس، ترسیش دەبێتە هۆی ڕق، ڕقیش دەبێتە توندوتیژی ” (ئیبن ڕوشد).


بە بۆچونی ئیبن ڕوشدی فەیلەسوف، نەزانی سەرچاوەی دروست بونی توندوتیژییە، بێگومان بۆچونەکەی زۆر ورد و لۆجیکییە، لەڕاستیدا نەزانی سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانە، بەڵام تێبینیی ئەوەم کردوە کە ئیبن ڕوشد لە هاوکێشەکەیدا باسی لاوازی ناکات، جا نازانم ترس و لاوازیی وەک یەک لێکداوەتەوە یا هەر لاوازیی لەلا گرنگ نەبوە.
لاوازی پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ ترس، لەڕاستیدا ترس دەبێتەهۆی لاوازی، بێگومان بەشێوەیەکی ڕەها نا چونکە ترس هەستێکی سروشتییە و لەناخی هەموماندا هەیە و تەنانەت پێویستیشە، ئەگەر کەسێک هەرگیز هەست بە ترس نەکات ڕەنگە کێشەیەک لە مێشکی هەبێت و پێویستە چارەسەر بکرێت، لەڕاستیدا ترس یەکێکە لە هۆکارەکانی مانەوەی توخمی مرۆڤ لەسەر زەوی.
بە بۆچونی من نەزانی دەبێتە هۆی ترس، ترسیش دەبێتە هۆی لاوازی، لاوازیش دەبێتە هۆی ڕق و ڕقیش دەبێتە هۆی توندوتیژی.
بیرمەندی گەورەی چینی لاو زۆ، دەڵێ ” هیچ وەهمێک لە ترس گەورەتر نییە”.
ئێمە زیاتر لەو شتانە دەترسین کە هیچ دەربارەیان نازانین ، واتە نەزانی سەرچاوەی ترسە ، تاکی ترسنۆکیش لاوازە، بەڵام دەبێ ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بکەین ، تاکی لاواز ترسناکە چونکە ڕقی لە هەمو ئەو شتانە و ئەو کەسانەیە کە لەخۆی باشترن یا بەهێزترن لە هەر ساتێکیشدا بۆی بلوێ یا دەسەڵاتی بکەوێتە دەست توندوتیژ دەبێت و وێرانکاری بەرپا دەکات ، ئەگەر سەرنجی دیکتاتۆرەکانی مێژوش بدەین دەبینین زۆربەیان بە شێوەیەک لە شێوەکان نەزان بون بۆیە لە هەموشت ترساون بەمەش لاوازبون و ڕقیان لە هەموکەس بۆتەوە و متمانەیان بەکەس نەبوە، هەوڵیانداوە لاوازیی خۆیان بە توندوتیژی و لەناوبردنی بەرامبەر بشارنەوە، سەرەنجام توندوتیژ بون و وێرانکاریی گەورەیان کردوە ، وەک مۆسۆلینی ، ستالین ، هیتلەر…هتد
دەبێ بزانین کە نەزانی تاکە هۆکاری توندوتیژی نییە، توندوتیژی هۆکاری تریشی هەن وەک هۆکاری بۆماوەیی ، هۆکاری خێزانی ، هۆکاری کۆمەڵایەتی، بەڵام نەزانی زۆرترین کاریگەریی هەیە.
مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و بە کۆمەڵێک پەیوەندی بە دەوروبەرەکەیەوە گرێدراوە، کەسمان ناتوانین بە تەنها بژین بۆیە ناچارین پەیوەندی دروست بکەین لەگەڵ ئەوانیتر، پەیوەندییەکانیش دو جۆرن یا هاوکارین یا کێبڕکێ ، سەرنج بدە هەمو پەیوەندییەکانی خۆت لەگەڵ دەوروبەرت یا هاوکارین یا کێبڕکێن ، هاوکاریی ئەوانە دەکەیت کە خۆشت دەوێن و لەبازنەی خۆتن ، کێبڕکێش لەگەڵ ئەوانە دەکەیت کە لە دەرەوەی بازنەی خۆتن.
هاوکاری و کێبڕکێ هۆکاری پێشکەوتن و مانەوەی توخمی مرۆڤن لەسەر زەوی، واتە پەیوەندییەکان هۆکاری مانەوە و خۆشبەختیمانن بۆیە دەبێ زۆر گرنگی بە پەیوەندییەکانمان بدەین لەگەڵ دەوروبەر .
تاکی نەزان ناتوانێ پەیوەندیی تەندروست ببەستێ لەگەڵ دەوروبەر، ئەگەر هاوکارت بێ کارەکەت لێ تێکدەدات ئەگەر ڕکابەریشت بێ ئەوا توشی کێشەی گەورەت دەکات چونکە ئەو لاوازە و ترسنۆکە و سەرەنجام توندوتیژ دەبێت و زیان بە خۆی و بە تۆش دەگەیەنێ.
لە بەرامبەردا تاکی زانا دەتوانێ پەیوەندیی تەندروست و چاک ببەستێ لەگەڵ دەوروبەر و دەبێتە مایەی خۆشحاڵی و سود ئەگەر هاوکارت بێ یا ڕکابەر چونکە تاکی زانا بەهێزە ، ئازایە ، خۆشەویستی بڵاودەکاتەوە نەک ڕق بۆیە توندوتیژ نابێت ، تاکی زانا بەهێزە ، ترسناکیشە لە هەمان کاتدا بەڵام چونکە ڕق و کینەی نییە ، ترسناکییەکەشی جێگەی نیگەرانی نییە ، تاکی بەهێز هەرگیز هێزی خۆی بۆ توندوتیژی و ئازاردانی کەسانی تر بەکارناهێنێت بۆیە سەرنج بدە تاکی بەهێز لێبوردەیە بەڵام تاکی لاواز هەمیشە بەدوای تۆڵەکردنەوەیە .
زۆر جار لاوازەکان بە مرۆڤی باش وێنادەکرێن، ئاخر ئەوان چونکە لاوازن و هیچیان لەدەست نایەت سەلامەتن ، بەڵام هەرکاتێک دەسەڵاتیان کەوتەدەست ئینجا دەردەکەوەن ، بۆیە گوتراوە ئەگەر ویستت کەسێک بناسی پارە یە دەسەڵاتی پێبدە .
زۆرێک لە خەڵکی لاواز و ترسنۆک و بێ کەڵکن بەڵام لەپەنای سەرکزی و بێدەنگی خۆیان مەڵاس داوە و زۆرێک لە خەڵکیان فریوداوە ، ئەوەتا لێرە و لەوێ دەبینین کەسێک بەناوی کارکردن و قازانج دەستی کۆمەڵێک خەڵکی بڕیوە و سامانێکی زۆری لێ بردون ، یا خەڵکێک لەژێر ناوی خودا پیرۆزییەکان خەریکی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و خۆ دەوڵەمەند کردنن .
چی بکەین تا بەهێز بین ؟
زۆر شت هەن مرۆڤ بەهێز دەکەن وەک خوێندنەوە ، وەرزشکردن ، هاوسەرگیری، کارکردنی کاریگەر و بە پلان.
سەرنج بدە ئەوانەی بەهێز و سەرکەوتون کاتی خۆیان بەچی بەسەردەبەن ، سەرنج بدە زۆربەیان دەخوێننەوە، وەرزش دەکەن، خێزاندارن و لە ژیانی خێزانیش سەرکەوتون ، کاردەکەن و لە کارکردنیش سەرکەوتون ، مەرج نییە دەوڵەمەند بن بەڵام ژیانیان ڕێکوپێکە، منداڵی زۆریان نییە بەڵام منداڵەکانیان سەرکەوتون و خزمەت بە کۆمەڵگە دەکەن لە دواڕۆژ .
سەرنجی ئەوانەش بدە کە دۆڕاون ، هەرگیز ناخوێننەوە و کاتی خۆیان بە شتی بێ سودی وەک یاری و تەلەفزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەفیڕۆ دەدەن، وەرزش ناکەن بەڵکو شەڕ بە وەرزش دەکەن وەک سەیرکردنی تۆپانێ و پاشان شەڕکردن لەسەری ، هاوسەرگیری ناکەن یا دەیکەن بەڵام سەرکەوتو نین لە ژیانی هاوسەرگیری و کۆمەڵێک منداڵی بێکەڵکی وەک خۆیان بەبێ پەروەردە دەخەنەوە و سەرەنجام دەبن بە بارگرانی بەسەر کۆمەڵگە یا دەبن بە پاشکۆی حیزبێکی سیاسی و داردەستی دیکتاتۆران، هەروەها کارێکی ئەوتۆیان نییە یا کارێکی ئاسان و بێ ئەرزشیان هەیە و زۆربەی کات دەست بەتاڵن و نانی تەمبەڵی دەخۆن.
مرۆڤە لاوازەکان خاوەنی خۆیان نین بۆیە دەبێ پشت بە خێڵ ، عەشیرەت، گروپێکی ئاینی، حیزب یا بزوتنەوەیەکی سیاسی ببەستن تا هەست بە بونی خۆیان بکەن ، وەک ئەوەی ئەگەر بە تەنها بن گورگ دەیانخوات ، ئاخر ئەوان چونکە خۆیان سروشتی گورگیان هەیە بۆیە خەڵکیش بە گورگ وێنادەکەن بۆیە سەرنجیان بدە هەمویان چەکیان هەیە و هەمیشە ئامادەی شەڕن.
تاکی لاواز بەبێ ئەوەی هەست بکات دەبێت بە ئەندامێک لە مێگەلێکی گەورە ، وەک تاکەکانی مێگەل بڕیار و هەڵوێست و چارەنوسی بەدەست خۆی نییە ، ژیان و مردن و تەنانەت ژیانی دوای مەرگیشی گرێدراوی بڕیاری سەرۆک خێڵ، پیاوی ئاینی یا سەرۆکی حیزبە، تاک ناتوانێ هیچ بڕیارێک بدات هەروەک چۆن مەڕێک ناتوانێ بڕیار لە چارەنوسی خۆی بدات. ڕونە کە چارەنوسی مەڕ هەر سەربڕینە ، کێ سەری دەبڕێ ئەوەیان ڕەنگە جیاواز بێت بەڵام شوان بیخوات، قەساب سەری ببڕێت یا گورگ بیخوات هەمان چارەنوسە.
تا ئەو ڕۆژەی قایلیت وەک مەڕ مامەڵەت پێوەبکرێ نابێ گلەیی لە بێویژدانیی شوان و توندوتیژیی قەساب و دڕندەیی گورگ بکەیت ، ژیان وەک مەڕ یا وەک مرۆیەکی خاوەن ئیرادە و شکۆ بژاردەی خۆتە، زۆریش ئاگاداربە زۆر جار گورگەکان بەناوی خودا و پیرۆزییەکان سەرت دەبڕن بەڵام چونکە بە بەنجێکی موقەدەس بەنج کراویت هیچ هەست بە ئازار ناکەیت.

کارەبای نیشتیمانی کەم دەبێتەوە
پێشت کارەبای نیشتیمانی کەم دەبێتەوە
مەترسییەک لەسەر ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە ئاشکرا دەکرێت
دواتر مەترسییەک لەسەر ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە ئاشکرا دەکرێت
ەیوەندیدار