بافڵ تاڵەبانی: ئەو هێزەی فەرماندە ئاكام دروستی کرد بەهیچ ڕەشەبایەک نانووشتێتەوە



سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێك بەبۆنەی گیان لەدەستدانی فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، ، ئەو راستییە دەسەلمێنن ئەوەی فەرماندە ئاکام و هێزە تۆکمەکەی بە داعشیان کرد، مێژوو بە شانازییەوە دەینووسێتەوە.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ماڵئاوایی ئاکام عومەر، برا، هاوڕێ و فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان برینێکی گەورەی خستە دڵمانەوە، برینێک کە دڵنیام بەمزووانە ساڕێژ نابێت و لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەکاندا قووڵتر دەبێتەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، ئەمڕۆ کە هەواڵی شەهیدبوونی ئەو فەرماندە قارەمانە ڕادەگەیەنین، ناتوانین بیر لە هەموو ئەو جەربەزەیی و قارەمانێتییە نەکەینەوە کە لەو برا دڵسۆز و تێکۆشەرەمدا هەبوو. ئەو لە سەرەتاوە خۆی بە کوردستان و خەڵکەکەی بەخشیبوو، ژیانی ئەو هەوڵ و قوربانیدانێکی بەردەوامبوو لەپێناو سەرفرازیی کوردستان و هاوخوێنەکانی. ئەو لەگەڵ خۆی و کوردستاندا راستگۆ بوو، سەرباری ئەوەی چەندین جار لە رووبەڕووبوونەوەکاندا بریندارکرابوو، بەڵام هێشتا وەک شاخەکانی کوردستان بە پێوە وەستابوو و بەو رۆحییەتە خۆڕاگری و خۆنەویستییەی خۆیەوە دەیویست پارێزەری ژیانی خەڵکەکەی بێت.

دەشڵێت: “گەڕانەوەمان بۆ رابردووی نزیک و جەنگ دژی داعش، ئەو راستییە دەسەلمێنن ئەوەی فەرماندە ئاکام و هێزە تۆکمەکەی بە دوژمنیان کرد، مێژوو بە شانازییەوە دەینووسێتەوە. یار و نەیار دەیانزانی ئەو هەڵۆی بەرزەفڕە، چیایەکە لە ورە و داستانێکە نانووسرێتەوە”.

جەختیشی كردۆتەوە، باش ئەو راستییە دەزانین ئەو بۆشاییەی فەرماندە ئاکام دروستیکرد بە ئاسانی پڕنابێتەوە، بەڵام لەوەش دڵنیاین ئەو هێزەی دروستیکردبوو بەهیچ رەشەبایەک نانووشتێتەوە، ئێستا ئەوان هەموویان بە هەمان رۆحییەت و لەپێناو ئەو بەها باڵایانەی فەرماندەکەیان بەرگری لێدەکرد، مێژوو بە خوێنی خۆیان دەنووسنەوە، کە ئەمەش لوتکەی وەفاداری و قوربانیدانە.

بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا بەڵێن دەدات، “بەڵێن بە جوامێرییەکەی دەدەم تاوەکو دوا هەناسە پێشمەرگەیەکی گیانلەسەردەستی کوردستانەکەم دەبم. گیان و ژیانی خەڵکەکەمان دەپارێزین و ڕۆحی ئەو برا تێکۆشەرەمان شاد دەکەین و لە قوڵایی دڵمەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکەم و بەڵێنیان پێدەدەم یاد و یادەوەری شەهید ئاکام دەکەینە چرای ڕێگاکەمان و ئەو خوێنەی بە کوردستانی بەخشی، تۆڵەی دەکەینەوە”.

 

چوار چەكداری داعش لە قەرەتەپە كوژران
پێشت چوار چەكداری داعش لە قەرەتەپە كوژران
ڕووسیا: هەوڵدەدرێت ئەنقەرە هێرشە زەمینییەكەی نەكات
دواتر ڕووسیا: هەوڵدەدرێت ئەنقەرە هێرشە زەمینییەكەی نەكات
ەیوەندیدار