کارەبای سلێمانی: کەمتر لە ١٠ کاتژمێر کارەبا دەدرێتە هاووڵاتیان



هاووڵاتیان گلەییان لەماوەی کارەبا و کاتی کارەبای نیشتیمانی هەیە، وتەبێژی کارەبای سلێمانیش دەڵێت کارەبا هەر چەند بێت دابەشی دەکەین و بەڵام ئەگەر بە سی ئەمپێڕ نەبێت ئەوا دەبێت بە سەرە محاویلە کاربکەنەوە.

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما کێشەی کارەبا و هاووڵاتی لەم هەرێمەدا سەرهەڵدەداتەوە، لە ئێستاشدا جارێکی دیکە بڕ و ماوەی کارەبای نیشتیمانی کەمی کردووە.

سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە (خەڵك) ڕاگەیاند ئێستا ڕۆژانە کەمتر لە ١٠ کاتژمێر کارەبا بەشێوەی بەش بەش دەدرێت بە هاووڵاتیان، واتە هەر ١٠ کاتژمێرەکە بەسەریەکەوە نادرێت بە هاووڵاتیان.

لەبارەی گلەیی هاووڵاتیانیش دەڵێت “خەڵکیش مافی خۆیەتی گلەیی هەبێت بەڵام ئەگەر ئەوە نەکەین دەبێت بە سەرە محاویلە کاربکەینەوە”.

ئەو دەڵێت کەمکردنەوەی بڕی ئەمپێڕی کارەبا لە ٤٠ ئەمپێڕەوە بۆ ٣٠ ئەمپێڕ لەبەر چەند هۆکارێکە، لەوانە بۆ نەمانی سەرە محاویلە، پاراستنی محاویلەکان لە سوتان و پاراستنی ئەو ماوەیەی کارەبا دەدرێت بە هاووڵاتیان، تا لە ١٠ کاتژمێرەکە کەمتر نەبێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تەنها لە سلێمانی خواست بۆ کارەبای نیشتیمانی گەشتووەتە هەزار و ٩٠٠ مێگاوات، لە کاتێکدا هەموو هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاواتی هەیە.

لەبارەی وەرگرتنی پارەی کارەبا لەبەر دەرگای ماڵان، ئەوەی خستەڕوو وەرگرتنی ئەو پارەیە بەردەوامە و هاووڵاتیان دەتوانن پارەکانیان بدەنە کارمەندەکان لەبری چوون بۆ بنکەکانی وەرگرتنی پارەی کارەبای هاووڵاتیان.

 

ئاژەڵداریی باكووری كوردستان لە مەترسیدایە
پێشت ئاژەڵداریی باكووری كوردستان لە مەترسیدایە
لە هێرشەكەی دهۆكدا هێرشبەرەكە و ئاسایشێك كوژران
دواتر لە هێرشەكەی دهۆكدا هێرشبەرەكە و ئاسایشێك كوژران
ەیوەندیدار