سوپای عێراق بەرەو سنوورەكان جوڵەی پێ‌ دەكرێت



لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە و دوای دوو دەیە، لە كێشەی سنوورەكان، حكومەتی عێراق بڕیاریدا سوپا لەناو شارەكانەوە بە ئاڕاستەی سنوورەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ جووڵە پێ‌ بكات.

ڕۆژانە و بە بەردەوامی سنوورەكانی عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بەتایبەتی توركیا و ئێران دەبەزێنرێت و لەمساڵیشدا زۆرترین هێرشی سوپای ئەو وڵاتانە بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە، بەجۆرێك توركیا چەندین كیلۆمەتریش هاتۆتە ناو خاكی هەرێمەوە و لە ئەنجامی بۆردومانەكانیشدا چەندین خەڵكی مەدەنی كوژراون و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی (RT)ی ڕوسیا، حكومەتی عێراقی بڕیار داوە لە كشانەوەی سوپا لەناو شارەكان و جووڵە پێكردنیان بە ئاڕاستەی سنوورەكان و سپاردنی دۆسیەی ئەمنی ناو شارەكان بە وەزارەتی ناوخۆ.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە، هێزە ئەمنییەكان و لایەنە سیاسییەكان پێشوازی لەو بڕیارەی حكومەتی عێراقی دەكەن و بە هەنگاوێكی گرنگی دەزانن بۆ كۆتایی هێنان بەو ئاڵۆزیانەی لەنێوان هێزە سەربازییەكان ڕوودەدەن.

جگە لە سنووربەزاندنەكانی توركیا و دروستكردنی چەندین بنكەی سەربازی لەناو خاكی هەرێم بە بیانووی بوونی گەریلاكانی پەكەكە، لەمساڵیشدا كۆماری ئیسلامی ئێران بنكە و بارەگای هێزە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی لە ناو خاكی هەرێم لە زڕگوێز و كۆیە چەندین جار بۆردومان كردووە و هەڕەشەی ئۆپراسیۆنی زەمینیش دەكات، ئەگەر ئەو هێزانە چەك نەكرێن.

دوابەدوای هۆشدارییەكانی ئێران و ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی ئەمنی فراوان لە تاران بە بەشداری بەرپرسانی ئەمنی هەرێم و عێراق، سەرۆكی هەرێم گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و دواتریش سودانی گەیشتە تاران و بەڵێنی ئەوە درا خاكی عێراق و هەرێم نەكرێتە شوێنێك بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ‌ و نەبێتە شوێنی یەكلایی كردنەوەی ململانێكان.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەرگای دامەزراندنی بۆ هێزەكانی پاسەوانی سنوور كردەوە بۆ پاراستن و تۆكمە كردنی سنوورەكانی هەرێم لەگەڵ توركیا و ئێران.

نرخی زێڕ بەرزبۆوە
پێشت نرخی زێڕ بەرزبۆوە
ئێران: قەرزمان لەسەر عیراق نەما
دواتر ئێران: قەرزمان لەسەر عیراق نەما
پەیوەندیدار