ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

سیروان كوێخا نەجم: مەكتەبی سیاسی رێگەی نەدا چاكسازی لە نێو حزب و حكومەتدا بكرێت

خەڵك- ئەحمەد عەبدوڵڵا

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، كە لە ماوەی رابردوودا دوو لیژنە دروستكراون بۆ چاكسازی لە نێو حزب و حكومەتدا، بەڵام مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە رێگریان كردووە و نەیانهێشتووە، بەوەش پرۆژە و راپۆرتەكانیان جێبەجێ‌ نەكراون.

سیروان كوێخا نەجم، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (خەڵك) باسی لەوەشكردووە، كە كۆسرەت رەسوڵ و چەند بەرپرسێكی دیكەی یەكێتی، هێزی تایبەتی خۆیان هەیە و نەخراونەتە چوارچێوەی هێزی 70ی یەكێتییەوە و رەتیشی دەكاتەوە، كە هێزی پێشمەرگە ببێتە هێزێكی نیزامی “ئەگەر تەجنید نەبێت”، چونكە تائێستاش لیوا و فەوجەكان بەناوی فەرماندە و بەرپرسەكانیانەوە دەناسرێن.

ناوبراو هەر لە چاوپێكەوتنەكەدا ئەوەشی وتووە، كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی و هەموو ئۆرگانەكانی ئەو حزبە شەرعیەتیان نەماوە، چونكە ماوەیەكی زۆر بەسەر ماوەی دیاریكراوی كۆنگرەدا تێپەڕبووە.

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

خەڵك: پێش ئەوەی پرسیارەكان دەستپێبكەم، كە هاتم بۆ مەڵبەند بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرێزتان، خەڵكانێكی زۆر لە نێو بینای مەڵبەنددا بوون، ئەو خەڵكە زۆرە كێن و بۆچی هاتوون بۆ ئێرە؟

سیروان كوێخا نەجم: پەیوەندی بە دوو هۆكارەوە هەیە، یەكەم: سەركەوتنەكانی یەكێتی، بەتایبەتی دوای پەرلەمانی عێراق. دووەم: پەیوەندی بە خۆمەوە هەیە، چونكە من خەڵكی ئەم ناوچەیەم “چەمچەماڵ” و سەرەتای پێشمەرگایەتیم لێرەوە بووە، بەرپرسی تیپەكانی 25 و 21 بووم، كە زۆربەی پێشمەرگەكان خەڵكی ئێرە بوون، هەروەها من كوڕی بنەماڵەیەكی ناسراوی ئەم سنورەم و پێشتر بەرپرسیارەتیم هەبووە، بەرپرسی مەڵبەند بووم و ماوەیەكیش قائیمقام بووم و بەرگریشم لە ناوچەكە كردووە و خەڵكیش ئێستا دەیەوێت لەگەڵ یەكێتی ئاشتبێتەوە، لەبەرئەوەی پێشتر خەڵكمان لێ توڕەبوو و ئێستا ئەركمانە خزمەتی خەڵك بكەین.

سیروان كوێخا نەجم لەكاتی پێشوازیكردنی لە چەند لایەنگرێكی یەكێتی

خەڵك: بەڵام دۆخی چەمچەماڵ و دەوروبەری خراپە، لەرووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، هەرچەندە ئێوە حزبی باڵادەستن و حكومەتیش هەر لای ئێوەیە؟

سیروان كوێخا نەجم: ئەوە راستە، كاك قوباد لەماوەی رابردوودا هاتە ئێرە، داواكارییەكانمان بۆ بەرزكردۆتەوە، بەردەوامیش دەبین لە چاودێریكردن بۆ ئەوەی جێبەجێ‌ بكرێت. بەنیسبەت ئەمنیشەوە، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی قسەمان كردووە، پێش ئەوەی بەرێزت بێیت، هەر ئەمڕۆ كاك خەسرەو گوڵ محەمەد، لێرە بوو و باسی دروستكردنی هێزێكی ئەمنی تۆكمەمان كرد بۆ ئەوەی لە چەمچەماڵ جێگیر بكرێت و بۆ ئەوەی ئەوانەی لە یاسا هەڵهاتوون دەستگیریان بكەن.

خەڵك: دەوترێت ئەو كەسانەی لەیاسا هەڵهاتوون، حزبەكان داڵدەیان داون؟

سیروان كوێخا نەجم: ئاگاداری ئەوەنیم، بەڵام ئەوانەی لەم سنورەن، یەكێتین، پارتی، گۆڕان یان ئیسلامین، بەڵام بەنسبەت داڵدەدانەوە نازانم كێ داڵدەی داون.

خەڵك: بەشێوەی گشتی دۆخی یەكێتی چۆنە، چونكە هەندێك دەڵێن یەكێتی بەهێز بوەتەوە، كەمیش نین ئەوانەی پێیانوایە یەكێتی دۆخی خراپە؟

سیروان كوێخا نەجم: جیاوازی زۆر هەیە لە یەكێتی لە نێوان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دوای ئەوە، زۆر كەس چاوەڕوانی ئەوە بوو، كە یەكێتی دوولەت بێت و بچوك بێتەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا، لایەنگرانی یەكێتی، بەشی زۆری ئەنجومەنی سەركردایەتی، كە توانیان یەكێتی بەهێزبكەنەوە.

خەڵك: تەنها پەیوەندی بە دەنگەكانی یەكێتییەوە هەیە، یان بابەتی تریش هەن؟

سیروان كوێخا نەجم: داینەمۆیەكی بەهێز لە نێو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا هەیە، كە تەنها خەمیان بەهێزكردنەوەیە، خەڵك هەن بەرژەوەندی تایبەتیان هەیە، بەڵام زۆربەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەركیان بەهێزكردنەوەی یەكێتییە.

ژمارەیەك هەواداری یەكێتی سەردانی سیروانی كوێخا نەجم دەكەن

 

 نەك ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەڵكو هەموو ئۆرگانەكان شەرعیەتیان نەماوە 

خەڵك: بەڵام زۆربەی بەرپرسانی یەكێتی و كادیرەكانتان دەڵێن، ئەنجومەنی سەركردایەتی شەرعیەتی نەماوە، هەروەها دەڵێن، ئەو بەرپرسانە هۆكاری شكستەكانی یەكێتی بوون لە رابردوودا، چۆن گۆڕان و ئێستا بوون بەوانەی كە یەكێتی بەهێز دەكەنەوە؟

سیروان كوێخا نەجم: راستە شەرعییەتیان نەماوە، چونكە كاتی كۆنگرە زۆری بەسەردا تێپەڕبووە، خۆمان وتمان ئەگەر كۆنگرە نەكرێت، ئۆرگانەكان شەرعیەتیان نامێنێت، ئێستاش نەماوە، نەك ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەڵكو هەموو ئۆرگانەكان شەرعیەتیان نەماوە، بەڵام ناشكرێت بچینەوە بۆ ماڵی خۆمان، پێویستە تا كۆنگرە سەركردایەتی بكرێت، پاشان كۆنگرەیەكی بێ‌ فرت و فیڵ بكرێت و زۆربەی كێشەكانی چارەسەر بكات.

خەڵك: هەمووتان تەئكید لە كۆنگرە دەكەنەوە، بەڵام ناتوانن كۆنگرە ببەستن، بۆچی؟

سیروان كوێخا نەجم: گروپێك هەن لە نێو یەكێتیدا نایانەوێت كۆنگرە بكرێت، كۆنگرە بە مەترسی دەزانن لەسەر خۆیان و نایەڵن كۆنگرە بكرێت و دەیانەوێت بەجۆرێك بێت، كە دورە لە مەفاهیمی حزبی.

خەڵك: ئەوانەی بەرپرسی باڵای یەكێتین؟

سیروان كوێخا نەجم: بەڵێ بەرپرسی باڵایان تێدایە و بەرپرسی خوارەوەش، ئەمانە لە خۆیان دەترسن دەرنەچنەوە لە كۆنگرەدا.

خەڵك: یەكێتی و پارتی بەهاوبەشی گفتوگۆ دەكەن لەگەڵ بەغدا و لە كوردستانیش نزیكبونەتەوە، دەوترێت زۆربەی لایەنگرانی یەكێتی حەزناكەن حزبەكەیان نزیكبێت لە پارتییەوە، بۆچونی بەرێزت لەمبارەوە چیە؟

سیروان كوێخا نەجم: هیچ حزبێك ناتوانێت بەتەنها لە كوردستان بژی. لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، حزبەكانی سنوری ئێمە پەنجەی تاوانیان بۆ ئێمە درێژكرد و پەیوەندییە حزبییەكان تێكچوون. ئێمە لەگەڵ كاك شێخ لاهور و برایانی ترمان هەوڵێكی زۆرماندا بۆ نزیكبونەوە لەگەڵ گۆڕان و كاك بەرهەم و وەفدی هەردوولاشمان یەكتریان بینینی و ئێستاش پەیوەندییەكانی یەكێتی و گۆڕان بەرەو ئاسایبونەوە دەچێت.

خەڵك: سەرچاوەی ئەو گفتوگۆیانە داوای لێبوردنەكەی یەكێتی بوو لە گۆڕان، وایە؟

سیروان كوێخا نەجم: ئێمە ستەممان لە گۆڕان كرد، لەگەڵ كاك كۆسرەت، كاك بەختیار و برادەرانی مەكتەبی سیاسی قسەمان كرد و وتمان ئەگەر بەداوای لێبوردنێك چارەسەر بكرێت، بۆچی نەیكەین و لەگەڵ گۆڕان ئاشتبینەوە، لەكاتێكدا ئێمە و ئەوان لە یەك دایك لەدایكبووین و لە یەك قوتابخانەی سیاسی پەروەردە بووین و لەیەك سنورین و كادیرەكانمان خزم و برادەری یەكترن، كاك لاهوریش رۆڵی بنەڕەتی هەبوو و پاشان لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان قسەمان كرد و دانیشتین و دۆخەكە خاوبوەتەوە.

خەڵك: هەمان بۆچونیشتان بۆ هاوپەیمانی دیموكراتی و دادپەروەری هەیە، مەبەستم دەتانەوێت لەوانیش نزیكببنەوە؟
سیروان كوێخا نەجم: بەڵێ‌، دەمانەوێت لەگەڵ ئەوانیش هاوپەیمان و دۆست بین.

خەڵك: دەوترێت هەوڵێك هەیە لە نێو یەكێتیدا بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح؟

سیروان كوێخا نەجم: بەفەرمی نییە، بەڵام لابەلا هەیە، پێمانخۆشە بێتەوە نێو یەكێتی و كاتی خۆشی هەوڵماندا یەكێتی جێنەهێڵێت.

خەڵك: ئەی بەنسبەت هەڵبژاردنەوە یەكێتی چ دەكات، بەتایبەتی دەوترێت یەكێتی حەزدەكات هەڵبژاردن نەكرێت؟

سیروان كوێخا نەجم: ئێمە ناترسین كە كورسی كەمبهێنین، یان خۆمان ئامادەنەكردووە، كۆمەڵێك هۆكاری دیكە هەن، لەوانە پێكنەهێنانی حكومەتی بەغدا و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ بەغدا، هەرچەندە ناتوانین ئەوەش بكەین، چونكە بەغدا گەرەنتی هیچ ناكات و پێویستە لایەنی سێهەم هەبێت بۆ جێبەجێ‌ كردنی داواكارییەكان. هەروەها لیستی دەنگدەران لیستێكی باش نییە، پڕە لە خەڵكی دەرەوەی هەرێم و مردوو، پاشان یاسای یەك بازنەی تەنها لەقازانجی یەك حزبە و پێویستە هەموویان بگۆڕدرێن. ئەمەش تەنها بۆچونی ئێمە نییە، بەڵكو هی هەموو حزبەكانی تریشە، بەڵام ئێمە بەدەنگی بەرز دەیڵێن.

خەڵك: نزیكەی ساڵێك تێپەڕبووە و هێشتا یەكێتی پارێزگاری كەركوكی دیارینەكردووە، لە نێوخۆدا رێكناكەون، یان هۆكاری دیكە هەیە؟

سیروان كوێخا نەجم: دوای رووداوەكانی ساڵی رابردوو، پارتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی بردە هەولێر و دەستی بەسەرداگرتن و رێگری دەكات كە پارێزگارێكی نوێ‌ هەڵبژێرن. دكتۆر نەجمەدین فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، پارێزگار نەما، بەڵام پارتی رێگری كرد، ئێستاش ئێمە وەك سەركردایەتی كەركوك لە نێو یەكێتیدا، هەموو بەرپرسانی یەكێتیمان ئاگادار كردۆتەوە، كە حەق نییە هیچ رێكەوتنێك لەسەر بەغدا بكرێت، ئەگەر بابەتی كەركوك یەكلایی نەكرێتەوە.

 

پارتی حزبێكە بەردەوام بە سیاسەتی”بەشەكەی خۆم بۆ خۆم بەشەكەی تۆش دەخۆم” رەفتار دەكات 

خەڵك: باسلەوەكرا، كە پارتی داوای پۆستی پارێزگاری كەركوكی كردبێت بەرامبەر سەرۆك كۆماری بۆ یەكێتی، ئێوە چۆن لەو بابەتە دەڕوانن؟

سیروان كوێخا نەجم: پارتی حزبێكە بەردەوام بە سیاسەتی”بەشەكەی خۆم بۆ خۆم بەشەكەی تۆش دەخۆم” رفتار دەكات، ئەوە سروشتی ئەو حزبەیە، پارێزگاری كەركوك پەیوەندی بە بەغدا و كوردستانەوە نییە، بەڵكو بەپێی كورسییەكانی كەركوكە دابەش دەكرێت. سەرۆك كۆماریش، ئێمە بۆچونێكمان هەیە، كە سەرۆك كۆمار وەرنەگرینەوە و لەبری ئەوە چەند وەزارەتێك وەربگرین، چونكە لەدوای مام جەلال هیچ سودێكمان لە سەرۆك كۆمار نەبینیوە، نە كورد سودی بینیوە، نە یەكێتی.

خەڵك: ئەو بۆچونەیش هەیە كە دەوترێت خۆتان ناتوانن كەسێك كاندید بكەن؟

سیروان كوێخا نەجم: نا ئەوە دورە لە راستییەوە.

خەڵك: لە ماوەی رابردوودا مەلا بەختیار وتی” هێزی چەكدار لە نێو یەكێتیدا دروستكراوە” و پێویستە لە كۆنگرەدا چارەسەر بكرێت، هێزی چەكدار لە نێو یەكێتیدا دروستكراوە بۆ چەند بەرپرسێك؟

 

كاك كۆسرەت دوو لیوای هەیە، بەڵام رێكنەخراونەتەوە لە نێو هێزی 70 دا  

سیروان كوێخا نەجم: لە ماوەی رابردوودا، ئەو هەڤاڵانەی دەبونە سەرۆكی حكومەت، یان جێگر یان فەرماندەی پێشمەرگە هێزی خۆیان هەبوو، لیوا و فەوجیان هەبوو، كاك كۆسرەت دوو لیوای هەیە، بەڵام رێكنەخراونەتەوە لە نێو هێزی 70 دا.

خەڵك: باسلەوە دەكرێت، مەلا بەختیار خۆشی هێزی هەبێت؟

سیروان كوێخا نەجم: نەمبیستووە، تەنها پاسەوانەكانی خۆی دەبینم، بەڵام كاك كۆسرەت هێزی هەیە.

خەڵك: ئێوە باس لە دروستكردنی حكومەتی یاسا و دامەزراوەیی دەكەن و لە نێو حزبەكەشدا هێزی سەربازی هەیە، لە ئەنجومەنی سەركردایەتی باسی دروستكردنی هێزی نیزامیتان نەكردووە؟

سیروان كوێخا نەجم: لە نێو كورددا هێزی نیزامی دروستناكرێت، ئەگەر بە سەربازی نەكرێتە ناچاری “تجنید”، چونكە تائێستاش هێزەكان بەناوی فەرماندەكانیان و حزبەكانیانەوە دەناسرێن و ناشبن بە نیزامی.

خەڵك: لە ماوەی رابردوودا بەرپرسی چەند مەڵبەندێك گۆڕان، بەرێزت یەكێك بوویت لەوانە لە سۆرانەوە گەڕایتەوە، دەوترا بەهۆی بەهێزبوونی باڵی ئێوەوە بووە؟

سیروان كوێخا نەجم: لە نێو ئەنجومەنی سەركردایەتیدا دوو لیژنە دروستكران، بۆ چاكسازی لە حزب و حكومەت، لیژنەكەی حكومەت، حاكم قادر سەرۆكی بوو، منیش ئەندام بووم، راپۆرتی حزب پێشخرا، وتمان چاكسازی دەبێت لەسەرەوە بكرێت، مەكتەبی سیاسیمان هەڵوەشاندەوە، بەڵام نەیانهێشت مەكتەبی سیاسی تر هەڵبژێرینەوە، ئەوەیش یەكێتی توشی داڕزان و بێ‌ خاوەنیەك كرد، لە ناو حكومەت و حزبدا نەیانهێشت چاكسازی بكەین. ئەوان نەیانهێشت گۆڕانكاری بكەین، ئێمەش لەخوارەوە نەمان كرد و هەندێكی تر كران، ئەوەش گۆڕینی بەرپرسی چەند مەڵبەندێك بوو، گۆڕانكاری گەورە نەكرا و تەنها چەند گۆڕانكارییەكی دیاریكراو بوون، برادەرانی مەكتەبی سیاسی كە تێیاندایە لەوەتەی یەكێتی هەیە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسییە رێگەیاننەداین، حزبیش هەبوو، رێگەیان نەدا ئەوان لابچن، چونكە مامەڵەی ئەوان خۆشترە لەگەڵیان.

خەڵك: ئەی بەنیازی چین، گۆڕانكاری و چاكسازی ناكەن، یان چاوەڕوانی كۆنگرەن؟

سیروان كوێخا نەجم: ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت، كە ناكرێت لەكاتی خۆیدا، كۆنگرە دەكرێت و هیچ مەجال نەماوە، كۆنگرەش پێویستی بە رێكەوتن نییە. بۆچی لە كۆنگرە دەترسن و یان ناتوانن كاربكەن، خەڵك دەیەوێت گەنج هەڵبژێرێت و بە لیست نابێت دەنگ بدرێت، ئەگەر هەمان سەركردایەتی هەڵبژێرین، ئیتر بۆچی كۆنگرە ببەستین؟

چاوپێکەوتن

هاوسەرۆكی عەفرین: رۆژئاوا بۆ بەرگری لەخۆكردن پشت بەهیچ هێزێكی دەرەكی نابەستێت

خەڵك- ئامەد حەسەن

هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان لە یەكەمین ساڵوەگەڕی دەستپێكردنی هێرشەكانی سەر عەفرین رایدەگەیەنێت لە رۆژئاوای كوردستان بەرخۆدان و تێكۆشان بەردەوامی هەیە و هەمووان لەسەر پێیانن.

هێڤی مستەفا هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرین لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (خەڵك) رایگەیاند “لە رۆژئاوای كوردستان بەرگری لە خاك و گەل هەیە، لە بەرگریكردنیشدا پشت بە هیچ هێزێكی نێونەتەوەیی یان هەرێمی نابەسترێت، پشت بە گەل و هێزی خۆ دەبەسترێت”.

ناوبراو هەروەها لەبارەی رەوشی عەفرینیشەوە، باس لەوە دەكات، رەوشی عەفرین زۆر خراپە، بەڵام ئەوان لە هەوڵەكانیان و لە بەرخۆدان بۆ رزگاركردنی عەفرین بەردەوام دەبن.

“ئامانجی توركیا لە داگیركردنی عەفرین تێكشكاندنی ئیرادەی كورد بوو”

خەڵك: لە ساڵوەگەڕی دەستپێكردنی هێرشەكانی سوپای توركیا و گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا بۆ سەر عەفرین رەوشی شارەكە چۆن دەبینن؟
هێڤی مستەفا: لە هەرێمی عەفرین بە ئارامی و ئازادی ژیان دەكرا لەوێ، بە ناسنامەی خۆیان ژیانیان دەكرد، عەفرین سنوری خۆی پاراستبوو، نەچوو بووە سنووری توركیا، دەوڵەتی توركیا و گرێدراوەكانی لە 20ی چلەی 2018 هێرشیانكرد بۆ سەر عەفرین بە كۆمەڵێك بەهانە.
ئامانجی توركیا لە هێرشكردنە سەر عەفرین بریتی بوو لە تێكشكاندنی ئیرادەی كورد، ئاستەنگكردنی پرۆسەی دیموكراسی و داگیركردنی خاكی سوریا و قوڵكردنەوەی قەیرانی سوریا.
لە عەفرین 58 رۆژ بەرخۆدان كرا، ئێمە كشاینەوە لە عەفرین بۆ پاراستنی گەلی خۆمان بوو لەوێ لە كۆمەڵكوژی، نەك راگرتنی بەرخۆدان، هێزمان لەوێ مایەوە، بۆیە بەرخۆدانی عەفرین چووە قۆناغی دووهەم. ئێمە لە قۆناغی دووهەمی بەرخۆدانی عەفریندا لە باری لەشكری، لە باری سیاسی، لە باری كۆمەڵایەتی، لە باری دیپلۆماسی خەریكی خۆڕێكخستنین، لە بارەی لەشكری هێزمان لەوێ هەیە، لە باری سیاسی و دپلۆماسییەوە پەیوەندیمان هەیە، هێڵی یەكەمی ئێمە لەو پەیوەندییانەدا رزگاركردنی عەفرینە، لە باری كۆمەڵایەتی ئێمە لە ناوچەكانی هەرێمی شەهبا خەریكی رێكخستنی جەماوەرین بۆ پشتیوانی لە رزگاركردنی عەفرین و بەشداریكردن.
ساڵێكە عەفرین داگیركراوە، لەساڵی رابردوودا لە عەفرین دزیكردن، تاڵانیكردن، دەركردن، كوشتن، راوەدوونان هەبوون، بەرهەمی زەیتوونی عەفرین دزراوە و براوە بۆ توركیا.

“هێزەكانی رزگاری عەفرین رێگانادەن سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانی لە عەفرین بە ئارامی دابنشین”
خەڵك: زانیاریتان لەسەر چالاكییەكانی هێزەكانی رزگاری عەفرین هەیە، ئەوان چۆن چالاكی لەشكری دەكەن، چالاكییەكانیان لە چ ئاستێكدان؟
هێڤی مستەفا: هێزەكانی رزگاری عەفرین دەبێت خۆیان لێدوانی ورد بدەن دەربارەی چالاكییەكانیان، بەڵام ئەوان بەپێی پێویست و رەوشی ناوچەكان چالاكی لەشكری لە عەفرین دەكەن.
هێزەكانی رزگاری عەفرین ئامانجیان ئەوەیە كە نەهێڵن هێزەكانی سوپای تورك و هاوپەیمانەكانیان بە ئارامی لە ناوچەكانی عەفریندا بن، ئەوان لەوبارەیەوە بەڵێنیان داوە لە بەرخۆدان بەردەوام دەبن، بەپێی پێویست و رەوشی ناوچەكە بەردەوام چالاكی لەشكری خۆیان دەكەن.

“رۆژئاوا بەرگری لە خۆی دەكات، بۆ ئەوەش پشت بە هیچ هێزێكی دەرەكی نابەستێت، پشت بە گەلی خۆی دەبەستێت”
خەڵك: ئێستا رەوشی گشتی رۆژئاوای كوردستان چۆنە لە دوای هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریادا؟
هێڤی مستەفا: رەوشی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا بریتییە لە بەردەوامی بەرخۆدان و تێكۆشان، بەرگری لە خاك و گەلی خۆیان دەكەن، هەموو لەسەر پێیانن، ئەوان لە بەرگریكردن لە خۆ پشت بە هیچ هێزێكی نێونەتەوەیی یان هەرێمی نابەستن، ئەوان پشت بە هێز و گەلی خۆیان دەبەستن. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەگەڵ چارەسەری سیاسین بۆ رەوشەكە، ئێمە ئامادەی گفتووگۆین لەگەڵ هەر لایەنێكدا كە بیهەوێت گفتووگۆ بكەین، چ لایەنێك پرسیاری لە ئێمە هەیە، ئێمە ئامادەین وەڵامی بدەینەوە.

“مەترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی عەفرین لە هەرێمەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان هەیە”
خەڵك: ئایا مەترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی عەفرین لە هەرێمەكانی دیكەی كۆبانێ و جزیرێ و شار و شارۆچكەكانی دیكەی رۆژئاوا هەیە؟
هێڤی مستەفا: بەڵێ مەترسی هەیە، لە رۆژئاوا و باكوری سوریا مەترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی عەفرین لە شار و هەرێمەكانی دیكە هەیە، چونكە ئەردۆغان بە ئاشكرا هەڕەشە دەكات، دەڵێت هێرش دەكەم خاكی ئێوە داگیردەكەم، ئەم هەڕەشانەی ئەردۆغان بە بەرچاوی بێدەنگی نێودەوڵەتییەوەیە، ئەردۆغان هێرشیكردە سەر عەفرین و داگیریكرد لەبەرچاوی بێدەنگی نێونەتەوەیی، ئێستاش ئەو بێدەنگییە هەیە، ئێمە مەترسی گەورەمان لەو بێدەنگییە هەیە، لە حاڵی بەردەوامبوونی ئەو بێدەنگییەدا نەك هەڕەشەكانی ئەردۆغان مەترسی بۆ سەر رۆژئاواو باكوری سوریا دروستدەكات، بەڵكو هەڕەشە بۆ سەرانسەری كوردستان و ناوچەكە و جیهان بەگشتیش دروست دەكات.

خەڵك: پێتوانوایە پێویستە گەلی كورد چ بكات بۆ بەرەوڕوبوونەوەی مەترسییەكانی ئێستا؟
هێڤی مستەفا: دەبێت كوردان یەكێتی نەتەوەیی پێكبهێنن، پەیوەندیی نێوانیان توندوتۆڵ بكەن، ئەوە لە ئێستادا پێویستە، چونكە كورد یەكگرتوویی و یەكێتی هەبووایە، ئەردۆغان نەیدەتوانی هێرش بكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

سكرتێری حزبی شیوعی عیراق بۆ (خەڵك) باس لە چارەسەركردنی كێشەی كەركوك دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
ڕائید فەهمی، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عیراق، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ (تۆڕی میدیایی خەڵك) باس لە واقعی ڕەوتی مەدەنی و دیموكراتی لە عیراق و حزبی شیوعی عیراق و ئەگەرەكانی بەهێزكردنی ڕەوتی مەدەنی و دیموكراتی دەكات، بە تایبەت لە سایەی ئەم دۆخەی ئێستادا، كە حزبە ئیسلامییەكان باڵیان بەسەر سیمای گۆڕەپانی سیاسیدا كێشاوە.

سكرتێری حزبی شیوعی عیراق، كە لە هەمان كاتدا یەكێكە لە پەرلەمانتارە دەركەوتووەكانی هاوپەیمانی (سائیرون) لە پەرلەمانی عیراق، كە هاوپەیمانی نێوان شیوعییەكان و ڕەوتی سەدرە، ئاماژە بە مەبەستی بەستنی هاوپەیمانییەكەیان دەكات لەگەڵ ڕەوتی سەدر و وەڵامی ئەو پرسیارانەش دەداتەوە كە لەلایەن (خەڵك)ەوە سەبارەت بە كێشەی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان ڕووبەڕووی كرانەوە.

خەڵك: ئایا چاوەڕوانی ئەوە دەكەن ڕەوتی مەدەنی دیموكراتی و حزبی شیوعی، بە هەمان هێز و گوڕی ڕابردووەوە بگەڕێتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسی، لانی كەم لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا؟

ڕائید فەهمی: ڕێكخراوەكانمان و چالاكییەكانمان لە هەموو پارێزگا و شارێكی عیراقدا هەیە، كەشەكەش لەبارە بۆ ئەوەی دەست بە چالاكییەكانمان بكەین، كە هەمەجۆرن و لەگەڵ ئەوانەشدا هەست دەكەین بوار بۆ خستنەگەڕی توانا مێژوویی و فكرییەكانمان ڕەخساوە و دەكرێت فراوان بكرێن، پێشتر هەندێك توێژ هەبوون، كە خۆیان بەدوور دەگرت، بەڵام لەئێستادا نەك هەر تەنیا ئامادەن گوتارەكانی حزبی شیوعی وەربگرن، بەڵكو ئامادەشن بەشێوەیەك لە شێوەكان بێنە نێو كۆڕ و كۆبوونەوەكانی حزبی شیوعییەوە و بەشێوەیەك لە شێوەكان چاوپێكەوتن هەبێت لە نێوانماندا.

كەشی سیاسی ئێستای عیراق لەبارە بۆ پەرەپێدانی چالاكییەكانی حزب و كاری هێزە مەدەنی و دیموكراتییەكان، ئێمە لە چوارچێوەی سیستمێكی ئاڕاستەكراودا كاردەكەین، لەلایەك هاوپەیمانییەكەمان لەگەڵ ڕەوتی سەدر تۆكمەتر دەكەین لە چوارچێوەی هاوپەیمانی (سائیرون)، چونكە بەرنامەكەی ڕەهەندێكی چاكسازی و ڕەهەندێكی یاریدەدەر بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ هێزە مەدەنی و دیموكراتییە جیاجیاكانی تردا هەیە بە ئاڕاستە جیاجیاكانیانەوە، لەلایەكی ترەوە لەگەڵ ئەو هەموو چالاكیانەدا بیر لەوە دەكەینەوە، كە چۆن ئەو كارانە نزیكمان دەكەنەوە لە پڕۆژە نیشتمانی و دیموكراتییەكەمان و دابینكردنی پێداویستییەكانی خەڵك و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و بنیاتنانی دەوڵەت.

خەڵك: تا چەند هیواتان وایە لەڕێی ئەو چالاكی و جموجۆڵانەوە بگەنە ئەو ئامانجانەی لەپێناویدا تێدەكۆشن، بە تایبەت لە سایەی گۆڕانكارییە گەورەكاندا، كە سیمایەكی زۆر جیاوازیان لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا بەراورد بە قۆناغەكانی پێشوو هێناوەتەئارا؟

ڕائید فەهمی: ڕاستە ڕووبەڕبوونەوەكان قورسن، بەڵام حزبی شیوعی پێویستی بە بنكەی جەماوەریی و سەرلەنوێ‌ گرتنەبەری سیاسەتی داوا جەمارییەكان هەیە، ئێمە لەئێستادا جەماورەكەمان خۆیان لە چەوساوە و كارگەران و ئەو توێژانەدا دەبیننەوە، كە بڕوایان بە پرۆژەی مەدەنی و پڕۆژەی نیشتمانی بە ڕەهەندە عیراقییە فیدڕاڵییەكەی هەیە، لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا، ژێرخانی كۆمەڵایەتی عیراق گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، جەنگەكان و نەهامەتییەكان و قەدەغەكردنی كاریی شیوعییەكان لەلایەن ڕژێمی پێشوو، هەموو ئەوانە وایان كردووە چەند ڕەوتێكی تر گەشە بكەن و بێنە نێو گۆڕەپانەكەوە، ڕوخانی یەكێتی سۆڤیەت و پاوانكردنی دەسەڵات لەلایەن ڕژێمە دیكتاتۆرییەكانیش وای لە خەڵك كرد، بەشوێن ئاڕاستەیەكی تردا بگەڕێن بۆ ڕزگاربوون،هەموو ئەمانە كاردانەوەی سیاسییان هەبوو، وێڕای گۆڕانكارییەكانی تر، كە خۆیان لە نەمانی پیشەسازییەكان و كۆچكردنی توێژێكی كۆمەڵگە بۆ دەرەوەی وڵات و گۆڕانكارییەكانی تردا دەبینێتەوە، هەموو ئەمانە فاكتەری بەهێز بوون بۆ لاوازكردنی بنكەی جەماوەری حزبی شیوعی و هێزە دیموكراتییەكانی تر.

لەدوای 2003وە، حزبی شیوعی هەوڵیداوە، كاریگەریی لەسەر سیاسەتی گشتی وڵات دروست بكات بە ئاڕاستە ئەرێنییەكان و بەپێی توانا، لەنێو خۆشدا بوارێكی وەهای خولقاندووە، كە بتوانێت ڕووبەری كارەكانی فراوانتر بكات و بەدووربێت لە گوشارەكان،لەئێستاش بەدواوە لەوبڕوایەداین حزبی شیوعی بتوانێت لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەوە كاریگەری زیاتر دروست بكات و پێگەیەكی باشتر بۆخۆی داببڕێت، هەرچەندە پێشتریش توانیویەتی وێنەیەكی ئەرێنی لەنێو خەڵكدا دروست بكات و بەدوور بێت لە دیاردە نەرێنییەكان.

خەڵك: لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی ڕوویانداوە و هاتوونەتە ئارا، ئایا حزبی شیوعی عیراق بیری لە گۆڕینی ناوەكەی نەكردۆتەوە؟

ڕائید فەهمی: لەدوای ڕوخانی یەكێتی سۆڤیەت و لەدوای ئەو گۆڕانكارییانە، كە بونە مایەی ئەوەی زۆرێك لە حزبە چەپەكان ناوی خۆیان بگۆڕن، ئێمە لە كۆنگرەكاندا بیرۆكەكەمان پێشنیاركردووە، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری هاوڕێیان لەگەڵ ئەوەن، كە ناوەكە وەك خۆی بمێنێتەوە، بەهەرحاڵ گۆڕین یان نەگۆڕینی ناوەكە ئەوە خواستی شیوعییەكانە، لەوەش گرنگتر مەودای بەدەنگەوەچوونیانە بۆ خەمی ڕۆژانەی خەڵك و كاركردنە بۆ هێنانەدی خواستەكانیان و گوزارشتكردنە لە خواست و داواكارییەكانیان بەشێوەیەكی ڕاستگۆیانە، لەئێستادا حزبی شیوعی بۆتە بەشێكی سروشتی لە كۆمەڵگە و بۆتە بەشێك لە حاڵەتی عیراقی و مەشهەدی سیاسی وڵات، نمونەش بۆ ئەوە دەبینین حزبەكە لەگەڵ هێزە ئیسلامییەكان هاوپەیمانی دەبەستێت، بەڵام گەر بێینە سەر باسی ڕوخانی بلۆكی سۆسیالیزم، ئەوا ئێمەش هەست بەو كەلێنە دەكەین و بەو لاوازبوونەدا تێدەپەڕین، بەڵام بۆ مەودا دوورەكان چاومان لە ئاسۆ بڕیوە، چاومان لە بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكە، كە سەرمایەداری تێبپەڕێنێت و ببێتە جێگروەی سەرمایەداریی، ئەم پڕۆسەیەش بە مێژوویی دەزانیین و پێمانوایە دەبێتە هەر بێتەدی.

خەڵك: تێڕوانینی حزبی شیوعی عیراق بۆ كێشەی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان چۆنە و پێیوایە لە چ ڕێگەیەكەوە دەكرێت ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت؟

ڕائید فەهمی: لەو ڕووەوە دوو پرەنسیپ هەیە، یەكەمیان یەكێتی فیدڕاڵییە، كە ئێمە پشتیوانی دەكەین لە چوارچێوەی عیراقێكی هەمەڕەنگ، كە خزمەت بە هەموو نەتەوە و تایەفە و توێژەكان بكات، دووەم سەبارەت بەو ناوچە جێناكۆكانە یان كێشەلەسەرانە، چارەسەری دەستورییان بۆ دانراوە، ئێمە لەگەڵ چارەسەری دەستوری و ئەرێنین بۆ ئەو كێشەیە، تائێستاش چارەسەرە دەستورییەكە، كە خۆی لە ماددەی 140دا دەبینێتەوە، لەلایەن هەندێك ناوەندەوە لەو ناوچانەدا ڕێگری لێدەكرێت و پەسەند نییە، ئێمە دەڵێین، ئەو ناوچانە ناكرێت سەقامگیری و ئارامی بەخۆوەببینن تا چارەسەرێكیان بۆ دانەنرێت، كە جێگەی ڕەزامەندی دانیشتوانەكەی بێت بە هەموو پێكهاتەكانەوە، لەڕووی مەسەلەی پەیوەستبونیشی بە هەرێمی كوردستان یان حكومەتی فیدڕاڵ، پێمانوایە ناكرێت ئەو كارە بەدوور لە دانیشتوان و پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە بەئەنجام بگات، بۆیە ئێمە لەگەڵ ماددەی 140دا، كە لە قۆناغی یەكەمدا ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە و دواتر سەرژمێری و پاشان ڕاپرسییە لەو ناوچانە، بەڵام ئەو پڕۆسەیە پێویستی بە چەند مەرجێك هەیە، كە یەكەمیان مەرجی سیاسییە، چونكە بینیمان زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكان ئیرادەی سیاسی ئەوەیان تێدا نەبوو بۆ جێبەجێكردنی ماددەكە، بۆیە تائێستا كێشەكە بەردەوامە، كە لە هەندێك كاتدا شێوازەی تر بۆ چارەسەر بەكارهێنراوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ دیالۆگداین و پێمان وایە لەڕێی دیالۆگەوە دەكرێت چارەسەر بدۆزرێتەوە.

بۆیە سەپاندنی چارەسەر بە شیاو نابینین و پێمان باشە هەموو لایەنە سیاسییەكان و هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكە، بە دوور لە توندوتیژی لەڕێی دیالۆگەوە چارەسەر بۆ كێشەكان بدزۆنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ڕێز لە جیاوازییەكان بگیرێت، جا ئەو جیاوازیانە مەزهەبی بن یان تایەفی یان نەتەوەیی، تا ئەو كاتەی هەرناوچەیەك بۆخۆی بڕیار لەسەر ئەو لایەنە دەدات، كە دەیەوێت پێوەەی وابەستەبێت.

كەركوكیش بەشێوەیەكی تایبەت، تێبینی ئەوە دەكەین هەر لایەنێك كۆنتڕۆڵی بكات و بیەوێت لایەنی بەرانبەر پەراوێزبخات، نابێتە مایەی ئەوەی دۆخی كەركوك سەقامگیر ببێت، پێویستە هەموو لایەنەكان بەشداریی بكەن و ڕێز لە مافی یەكتر بگرن، پێموایە دانیشتوانی ناوچەكەش بە چاوپۆشین لە تەرەفگیری و دەمارگیرییەكان، لە كۆتاییدا لەگەڵ سەقامگیری و ئاسایش و ئارامیدان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

“عیراق وابەستەی میحوەری ئەمریكایە”
حەسەن عەلەوی بۆ (خەڵك): بەرپرسانی وڵاتان بۆ زێڕ و نەوت دێنە عیراق

خەڵك-بەشی هەواڵ
حەسەن عەلەوی، بیرمەند و سیاسەتمەداری عیراقی، پێیوایە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەركەوتوو نەبێت و دەڵێت، “عەبدولمەهدی تەنیا لە دەشتاییدا دەتوانێت شۆفێری بكات” و جەختیشدەكاتەوە، كە عیراق لەئێستادا وەك كیشوەرێك وایە، سەركێشەكان و ئەوانە بەلای خۆیدا ڕادەكێشێت، كە بەشوێن زێڕ و سامان دەگەڕێن.

حەسەن عەلەوی لە چاوپێكەوتنێكی تایبەت لەگەڵ (خەڵك) باس لە سیاسەتی ئێستای عیراق و چەند تەوەرێكی گرنگی ئێستای سەر گۆڕەپانی عیراق دەكات، وێڕای ئاماژەكردن بە كاریگەریی و ڕۆڵی وڵات لە سیاسەتی عیراقی و دیاریكردنی ئاڕاستەی سیاسەتەكانی وڵات.

خەڵك: سەردانی ئێستای دیپلۆماتكاران و سەركردە سیاسییەكانی وڵاتان بۆ عیراق چی دەگەیەنێت، ئایا ئەم سەردانانە بۆ وڵات پاشخانی سیاسییان هەیە، یان بۆ مەبەستی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەكانن لەگەڵ عیراق؟
حەسەن عەلەوی: لە سەرەتاوە دەكرێت بڵێن، ئەم جموجۆڵانە وابەستەی یەكدی نیین و بە یەك بڕیارەوە نەبەستراونەتەوە، بەڵكو لەچەند بڕیارێكی جیاجیا پێكدێن، بڕیاری ئێرانی جیاوازە لە بڕیاری خۆرئاوایی، ئاساییە لەدوای سەپاندنی سزاكان، هیچ وڵاتێكی عەرەبی نەكەوتە خۆی بۆ سوككردنی باری سەرشانی تاران، بەو پێیەی زۆربەی وڵاتە عەرەبییەكان دژ بە سیاسەتەكانی ئێرانن، بەڵام هەندێك لەو وڵاتانە هەڵوێستیان نواند، لەوانە وڵاتی ئوردن، بەو پێیەی دراوسێی عیراقە و لەڕووی ئابورییەوە هەژارە و خاوەنی سامانی سروشتی نییە، بە پێچەوانەی عیراقەوە.
عیراق لەئێستادا وەك كیشوەرێك وایە، سەركێشەكان و ئەوانە بەلای خۆیدا ڕادەكێشێت، كە بەشوێن زێڕ و سامان دەگەڕێن و گەڕیدەن، بۆیە پێموایە لایەنی سیاسی دوایین بایەخی ئەو سەركردە و دیپلۆماتكارانەیە بە ئاڕاستە جیاجیاكانیانەوە، كە لەئێستادا سەردانی عیراق دەكەن، بۆیە سەردانەكان دەكرێت بە سیاسی پۆلێن نەكەین هێندەی ئەوەی، كە ئابوریین.

خەڵك: هەندێك قسەوباس لەئارادان، كە ئاماژە بە گۆڕانی سیاسەتەكانی ئیدارەی ئەمریكادا دەكەن بەرانبەر بە عیراق لە قۆناغەكانی داهاتوودا، ئێوە ئەو ڕاوبۆچوونانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
حەسەن عەلەوی: عیراق وابەستەی میحوەریی ئەمریكایە و وابەستەی ڕێكەوتنە ئەمنی و سیاسییەكانە، بۆیە زۆر بە ساكاریی دەتوانیین بڵێن، كە عیراق لە چوارچێوەی میحوەری ئەمریكادایە، ئەمریكاش نامۆ نییە بە عیراق یان دروورنییە لە بارودۆخی عیراق بە پێچەوانەوە لە ساڵی 2003وە بەرپرسیارێتی لەئەستۆدایە بەرانبەر بە عیراق، ئەم سەردانانەش لەم ڕێڕەوە و لەم چوارچێوەیەدان و لە دوتوێی هەماهەنگییەكانی نێوان هەردوو وڵاتدان، بۆیە هیچ شتێكی نوێ‌ لەئارادا نییە.
ئەو پێشهاتە نوێیەی هاتۆتەئارا، هەڕەشەكانی ترەمپە لە بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عیراق، بەڵام چونكە ترەمپ جەماوەریی لە عیراقدا نییە، بەپێچەوانەوە ئێران جەماوەری لە عیراقدا هەیە و ئوردن خاوەنی جەماوەرە لە عیراق، كە زۆربەی سوننەكان لەگەڵیدان، بە هەمان شێوە سیاسەتوانانی شیعە پاڵپشتی ئێران دەكەن، لە هەمان كاتدا ئەمریكا هیچ جەماوەرێكی لە عیراقدا نییە، ئەوەی هەیە تەنیا چەند هەڵوێستێكی تاكلایەنەیە، كە هانا بۆ ئەمریكا دەبات و بۆخۆی ناتوانێت گوزارشت لە خۆی بكات.
بۆیە بوونی ئێران بەهێزترە لە عیراق لە هەموو وڵاتانی تر، تەنانەت لە ئەمریكاش، سەبارەت بە ئوردنیش، كە سوننەكان لەخۆدەگرێت، بەو هۆیەی ئابورییەكی لاوازی هەیە ڕۆڵی ئوردنیش بە هەمان شێوە ڕۆڵێكی لاوازە لە عیراقدا و خاوەنی هەژموون نییە و هەوڵ دەدات لێكگەیشتنی هەبێت و هەرگیز هەوڵ نادات حكومەتی عیراق لەخۆی بڕەنجێنێت.
ئوردن نایەوێت لەڕێی ڕێكەوتن لەگەڵ سوننەكان، بەغدا لەخۆی توڕەبكات، بەڵكو بە هەموو شێوەیەك كار بۆ ڕازیكردنی بەغدا دەكات، چونكە پێویستی بە وزەیە، عیراقیش خاوەنی ئەو وزەیەیە، كە ئوردن پێویستیەتی.
ئەو بۆرییە نەوتەی لە بەسرەوە بۆ كەنداوی عەقەبە درێژدەكرێتەوە، قازانجێكی گەورەی بۆ وڵاتەكە دەبێت و یەك لەسەر سێی بودجەی گشتی وڵاتەكە فەراهەم دەكات و توانا و هێزی ئابوری وڵاتەكە بە ڕێژەی لەسەدا 33 زیاد دەكات، بەراورد بە دۆخی ئێستای، بۆیە پشت لەو بەرژەوەندیانە ناكات و ناكەوێتە شوێن هەندێك سیاسەت بۆ ڕازیكردنی عەرەبە سوننەكان.

خەڵك: ئایا پێشبینی دەكەن حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی ئێستای عیراق سەركەوتوو بێت؟
حەسەن عەلەوی: نەخێر، عادل عەبدولمەهدی بەوە ناسراوە، كە لە دەشتاییدا دەتوانێت شۆفێری بكات، بەڵام گەر توشی هەوراز و نشێوی بوو ڕادەوەستێت، هەر هەورازێك بێتە ڕێگەی ڕادەوەستێت، چونكە ئەو كەسێتییەكی سەركێش نییە و بۆ نمونە پێچەوانەی مالكییە، كە سەركێش و بوێر بوو، بەڵام ئەو بوێر نییە.
ئەو زیادەڕیی دەكات لە گوێگرتن، گوێ‌ بۆ هەموو قسەكان دەگرێت، جا قسەكان ئەمریكایی بن یان عەرەبی یان ئێرانی، لە هەمان كاتدا داواكاریی ئەو قسانە جێبەجێ‌ دەكات، هەر ئەمەشە وایكردووە، كە كابینە وەزارییەكەی دوابكەوێت، چونكە هەوڵ بۆ ڕازیكردنی هەمووان دەدات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان