ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

مەحمود عوسمان: با كورد چاوەڕێ‌ بكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
مەحمود عوسمان سیاسەتمەداریی ناسراوی كورد، باس لە ململانێی ئێستای نێوان لایەنەكان دەكات بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی كە دواتر بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق رادەسپێردرێت و دەڵێت، پێویستە كورد لەئێستا چاوەڕێ‌ بكات.

مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری كورد لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) رایگەیاند”لەئێستادا ماڵی شیعە بۆتە دوو بەشەوە (سائیرون و نەسر) لەلایەك و (دەوڵەتی یاسا و فەتح) لەلایەكی تر، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئەمریكاییەكان پشتیوانی لە كوتلەكەی نەسر دەكەن كە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستاوە سەرۆكایەتی دەكرێت”.

سەبارەت بە لایەنی بەرانبەریش، مەحمود عوسمان دەڵێت، ئێرانییەكان دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی فەتحیان بەلاوە باشە و پشتیوانی لەو كوتلە دەكەن و دەیانەوێت سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عیراق لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی بكرێت.

لەبارەی هەڵوێستی كوردیش لەم نێوەندەدا، ئەو سیاسەتمەدارە كوردە، بەپێویستی دەزانێت، كورد لەم قۆناغەدا پشتیوانی لە هیچ كام لەو دوو میحوەرە نەكات و چاوەڕوان بێت تا بزانێت كام لایەنەیان دەتوانێت گەورەترین لیستی پەرلەمانی پێكبهێنێت و پاشان پشتیوانی لێبكات و لەگەڵیدا بەشدار بێت.

ئەمڕۆ هاوپەیمانی فەتج، پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی بە كۆكردنەوەی زیاتر لە 154 پەرلەمانتار راگەیاند، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر هاوپەیمانی سائیرون بە كۆكردنەوەی زیاتر لە 180 پەرلەمانتار، پێكهێنانی گەورەترین لیستی پەرلەمانی، راگەیاندبوو.

لە یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عیراق كە ئەمڕۆ دوو شەمەمە لە بارەگای پەرلەمان لە بەغدا سازكرا، محەمەد عەلی زێنی سەرۆكی كاتی پەرلەمان، دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی نوێ‌ ئاواڵا كرد و دانیشتنەكەشی بە كراوەیی بۆ سبەینێ‌ هەڵگرت.

کوردستان

تووشبوانی كۆرۆنا زیادیان كردووە
پارێزگایەكی هەرێم ئاماژە بە سەپاندنەوەی قەدەغەكردنی هاتووچۆ دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
پارێزگاری دهۆك ڕایدەگەیەنێت، پارێزگاكەیان پەنادەباتەوە بەر قەدەغەكردنی هاتووچۆ، گەر ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا ڕوو لە زیادبوون بكەن.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك لە میانی سەردانێكیدا بۆ هەردوو قەزای ئاكرێ‌ و بەردەڕەش لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە هاووڵاتیان كرد “پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەكان و بڕیارە حكومییەكان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا”.

عەلی تەتەر، هۆشداریدا لەبارەی”گرتنەبەری سزای توند دژ بەوانەی سەرپێچی ڕێنماییەكان دەكەن”.

پارێزگاری دهۆك دەڵێت: “ئیدارەی پارێزگەكە پەنادەباتەوە بەر قەدەغەكردنی هاتووچۆ بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، گەر ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕوو لە زیادبوون بكات”.

تائێستا ژمارەی ئەوانەی لە پارێزگەی دهۆك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون گەیشتۆتە 801 كەس و لەو نێوەندەشدا 6 كەس گیانیانلەدەستداوە و 376 كەسی تر چاكبوونەتەوە.

كۆی گشتی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە 15173 كەس كە 586 كەسیان گیانیانلەدەستداوە و 9551 كەسی تر نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە، 5036 كەسی تر تائێستا لە نەخۆشخانەدان و چارەسەر وەردەگرن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

مەسرور بارزانی یەك ملیار دیناری بۆ دهۆك تەرخان كرد

خەڵك- بەشی هەواڵ

بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی یەك ملیار دینار بۆ تەندروستی پارێزگای دھۆك تەرخانكرا.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ چوار شەممە 2020/8/5 بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، بڕی یەك ملیار دینار بۆ تەندروستی و پارێزگای دھۆك تەرخانكرا.

دەشڵێت: “ئەو پارەیە بەشێكە لە بودجەی فریاكەوتنی حكومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، كە بۆ دەڤەر و پارێزگاكانی هەرێم تەرخانكراوە”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ماوەی ڕابردووشدا بڕی ملیارێك دینار بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەیەكەوە تەرخان كرا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

پەكەكە لە هێرشێكدا تۆڵەی هاووڵاتییە شەهیدەكانی بادینان دەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ی باڵی سەربازی (پەكەكە) لە تۆڵەی ئەو هاووڵاتیانەی بە بۆردومانی توركیا لە 26ی مانگی ڕابردوو لە بامەڕنێ‌ شەهید كران، هێرشی كردە سەر پێگەكانی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێم و ژمارەیەك سەرباز كوژران.

لە چەند چالاكییەكدا سزادانی پێنج سەربازی تورك پشتڕاستبووە، كە لە یەكێك لە چالاكییەكاندا چوار سەربازی تورك كوژران و هەپەگەش ڕایگەیاند، ئەو چالاكییە لە “تۆڵەی ئەو مەدەنیانە ئەنجامدرا كە ٢٦ی تەمموز لە بامەرنێ شەهیدكران”.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕی جەنگی هەفتانیندا هێزەكانمان ٤ی ئەم مانگە (ئاب) لە كاتژمێر ١٧:٣٠ لەدژی سەربازانی دوژمن لەسەر گردی شەهید ئاداری چالاكیان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا سەربازێك كوژرا.

ڕاشیگەیاندووە، هێزەكانمان كاتژمیر ١٨:٥٥ لە خانتوور لەدژی داگیركەران، كە لەسەر گردی شەهید بەرخۆدان جێگیر ببوون چالاكیان ئەنجامدا، لە دوو قۆڵەوە لە سەنگەر و پەناگاكانی دوژمن درا و لە ئەنجامدا دوو سەنگەر ڕووخێنران و چەكێكی ئەی٤ی قورسیش تێكشكێنرا، هەروەها بە گشتی ٤ سەرباز كوژران.

دەشڵێت: “ئەم چالاكیە لە تۆڵەی ئەو مەدەنیانە ئەنجامدرا، كە ٢٦ی تەمموز لە بامەرنێ شەهیدكران”.

دەربارەی چالاكی سێرت هەپەگە ڕایگەیاندووە، ٤ی ئاب كاتژمێر ١:١٠ هێزەكانمان لە سێرت لەدژی ئۆتۆمبێلی سوپای داگیركەری تورك، كە لە قەڕەقۆلی ئەبرۆوە بۆ ناوچەی هانا دەچوو چالاكیان ئەنجامدا، لە ئەنجامدا گورزێكی گەورە بەر ئۆتۆمبێلەكە كەوت و ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی دوژمن نەزانراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان