هێڤیدار ئەحمەد داوایەک لە نێچیرڤان بارزانی دەکات



 

هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک پەیامێکی بۆ نێچیرڤان بارزانی بڵاوکردەوە، داوایکرد چارەنووسی هەرێمی کوردستان ڕزگاربکەن.

 

دەقی بڵاوکراوەکەی هێڤیدار ئەحمەد

لە هەر مەجلیسێک، دوکاندارێک، کاسبکارێک، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان دوو کەسدا، هەموو دەپرسن، ئەم وەزعەی هەرێم چی لێدێت و هەموومان بەرەو کوێ دەچین؟

لێت ناشارێمەوە، خەڵک دەترسێت و دەمەوێت دەقیقتربم، خەڵک دەڵێت تۆ بڵێ ئەم ئەزموونە و هەرێمی کوردستان بە یەکجاری بکەوێتە دەستی حکومەتی عێراق؟ وەڵامەکەش هیچ دیار نییە بو ئەم خەڵکە.

جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی، ئێوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراقی فیدڕاڵ و بگرە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەوە ناسراو و لێزانن کە (دبلۆماسیەتی نەرمی ئێوە، هەموو گرێیەکان دەکاتەوە، هەموو دەرگا داخراوەکان وەک ئومێدێک بەرووی خەڵکی خۆتدا دەکەیەوە، هەموو رکابەرەکان بۆ یەک ئامانج لەسەر یەک مێز پێکەوە کۆیان دەکەیتەوە، بۆ رزگارکردنی خەڵکی خۆت بەغدا و پایتەختی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت بەسەر دەکەیتەوە، هەوڵێر دەبەیتە سلێمانی و سلێمانی دەبەیتەوە پیرمام) ئێستا ئەم خەڵکە چاوی لە ئێوەیە، رووی لە ئێوەیە، دەستی پێ بکە.

جارێک بەمنت وت، بو خەڵکی خۆم، ئامادەم هەموو رۆژێ بچمە بەغدا، بۆ ئێستا ناچی؟

دەزانین کۆکردنەوەی رای لایەنە کوردستانییەکان وەک یەک بۆچون بۆ چارەسەری دۆخەکە ئاسان نییە و بگرە چەقیوە، بەتایبەت پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی و چاکبوونەوەی، وەک ئاو و هەوا گرنگە بو هەرێمی کوردستان.

ئەوەتا زۆر تێنەپەڕیوە، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، موستەحیلت کرد بە حەقیقەت، لەگەڵ بەڕێز قوباد تاڵەبانی پێکەوە لە پاریس و پایتەختی ئەوروپا و بەغدا بوون، وێنەیەکت پێشاندا کە ناکۆکییەکان چەندە گەورەبن، بو هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی خەڵکەکەی یەکین، هەر ئەوەش وایکرد، ئەم هەرێمە و دۆخەکەی، بە دبلۆماسیەت و سیاسەتی نەرم و پەیوەندییەکانت، تێپەڕاند.

بە گوێرەی ئەودەسەڵاتانەی لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا، ئێوە بەرپرسیارن لە بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

ئەمە داواکاری خەڵکە لە ئێوە، خەڵک دەپرسێت، کێ ئەم هەرێمە لە نقومبوونی رزگار دەکات؟

کاک نێچیرڤان، بەهانای خەڵکی خۆت وەرە، خەڵک ئێستا لە ئەوجی پێویستیدایە بە توانا و لێزانینی ئێوە، چاوەرێ هەنگاوەکانی ئێوەین تاوەکو ئومێد بگەڕێتەوە.

 

ھۆکارەکانی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان
پێشت ھۆکارەکانی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان
میدیای یەکێتی: بافڵ تاڵەبانی لە تارانە
دواتر میدیای یەکێتی: بافڵ تاڵەبانی لە تارانە
ەیوەندیدار