خەمەڵوکە، ناوچەیەکی جوان و مەترسیدار


خەمەڵوکە شوێنێک هەمووان بۆ گەشت دەچن بۆی، بەڵام مێژووی ملیۆنان ساڵی هەیە، دەکەوێتە باشوری ماوەت.
خەمەڵوکە سروشتێکی دڵڕفێن و کەشوهەوایەکی فێنکی هەیە، بەڵام هێندەی جوانییەکەی ترسناک و مەترسیدارە.
خەمەڵوکە دەکەوێتە بناری چیاکانی برزوت و دۆڵان لە باشوری ماوەت، هەندێک پێی دەڵێن دۆڵی بیشوان، لەبەر ئەوەی ئەو دارستانەی لە تەنیشتیەتی ناوی دارستانی بیشوانە، کە دارستانێکی چڕ و کوێستانییە.
ئەم شوێنە تەنها لە ڕێڕەوێکی شاخاوی کە ڕووبارەکەی پێدا تێدەپەڕێت پێکنەهاتووە، بەڵکو تاڤگەی سەرسولیش لەخۆدەگرێت، کە ئاوەکەی لە چیاکانی پشت ماوەت دەڕژێتە خوارەوە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی دەکەن.
لە ڕووی جیۆلۆجییەوە، خەمەڵوکە ناوچەیەکی بەردەڵانە، بەردەکانی پێکهاتەی کۆنگلۆمەرەیتە، کە وەک چەوولم و چیمەنتۆیەکی سروشتییە، ئەستوری بەردەکان ٤٠٠ مەتر دەبێت، کێشیان ٣٠ بۆ ٤٠ تۆن دەبێت.
تەمەنی ئەم بەردانە ٦٠ بۆ ٧٠ ملیۆن ساڵ دەبێت، بەردەکانی خڕن، لەبەر ئەوەشە ئەشکەوتی ئاوی و چاڵوچۆڵی زۆر دروستبووە، قوڵی ئاوەکەش لە بەردەوام گۆڕانی بەسەردا دێت، قوڵی ئاوەکە لە هەندێک شوێندا دەگاتە ٢٠٠ مەتر.
چەمی کەناروێ و قەڵاچوالان لە مۆکەبە یەکدەگرن و چەند گوندێک تێدەپەڕێنن تا دەگەنە خەمەڵوکەی ماوەت، دوای ماوەتیش چەمەکە دەچێتە گوندی بەردبەرد لەوێوە بۆ دووچۆمان.
ئەم چەمە لە گوندی دەشتێ لەگەڵ چەمی تەیەت کە سەرچاوەکەی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، یەکدەگرن و ڕووباری زێی بچوک پێکدەهێنن، کە ئەو ڕووبارەش دەچێتە پشدەر و دەربەندی ڕانیە و لەوێوە دەگاتە دەریاچەی دوکان.
خەمەڵوکە، هێندەی جوانییەکەی مەترسیدارە، گەشتیاران بۆ چوونە ناوچەکە باشترە لەگەڵ کەسێکی شارەزایی ناوچەکە بڕۆن و پێڵاوی باش بەکاربێنن و مەلەوانی بزانن، تا ڕووداوی خنکانی سێ گەنجەکە لە نەورۆزی ئەمساڵ دووبارە نەبێتەوە.

سەعە تاکۆیی، بازاڕێکی پڕ بۆنوبەرامەی کوردی
پێشت سەعە تاکۆیی، بازاڕێکی پڕ بۆنوبەرامەی کوردی
خانکێ، سروشتێکی دڵڕفێن و دەگمەنی کوردستان
دواتر خانکێ، سروشتێکی دڵڕفێن و دەگمەنی کوردستان
پەیوەندیدار