بە بەخێوکردنی مار و دروستکردنی زەیت لە کاژەکەی، بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن


ژن و مێردێکی گەنجی دانیشتوی گوندی قەمچوغە لە قەزای دووکان سەربە پارێزگای سلێمانی، لە ماڵەکەیاندا ڕەش مار بەخێو دەکەن و لە کاژی مارەکان زەیت دروست دەکەن.

 

هونەری دروست کردنی زەیت لە کاژی مار بووەتە پیشەی ئەو دوو گەنجە و بژێوی ژیانیيانی پێ پەیدا دەکەن.

 

بەبێ ئەوەی زیان بە مارەکان بگەیەنن، کاتێک مارەکان بە شێوەیەکی سروشتی کاژ فڕێدەدەن، ئەمان کاژەکە هەڵدەگرن و بەشێوەیەکی زانستی و بەبێ ئەوەی هیچ ماددەیەکی کیمیایی تێکەڵ بکەن زەیتی لێ دروست دەکەن، کە بە سوودە بۆ نەخۆشییەکانی قژ؛ بۆ نموونە قژ هەڵوەرین و لاوازی قژ و ئەو پیاوانەی ڕیشیان تەنک و پەڵە پەڵەیە.

نەوشیروان عەبدولرەحمان ڕەشید (٢٥ ساڵ)، باس لەوە دەکات کە لە منداڵییەوە حەز و خولیای بەخێوکردنی ماری هەبووە، دواتر کە هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ خێزانیدا بڕیاریاندا مار بەخێو بکەن.

 

نەوشیروان و شلێر سەلیم (٢٥ ساڵ)ی هاوسەری لە ماڵەکەیاندا ٦٠ ڕەش مار بەخێو دەکەن و ئەو کارەیان کردووەتە پیشەیەک بۆ بژێوی ژیانیان کە لە کاژی مارەکان زەیت دروست دەکەن و دەیفرۆشن.

سەبارەت بە پیشەکەیان، نەوشیروان عبدالرحمن ڕەشید وتی: “سەرەتا ئامانجمان تەنیا ئەوە بوو وەکو حەز و خولیایەکی منداڵی من مار بەخێو بکەین، دواتر وردە وردە پەرەمان بە حەز و خولیاکەی من دا و کاژی مارەکانمان بەکارهێنا بۆ دروستکردنی زەیت”.

 

نەوشیروان دەڵێت ئەم زەیتە بەکاردێت بۆ کێشەکانی قژ و وتيشی: “ئەو کەسانەی ڕیشیان تەنک و پەڵە پەڵەیە دەتوانن بەکاریبهێنن، بۆ ئازار شکێنیش بەکاردێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی زەیتی مار بۆ کێشەکانی قژ بەکاردێت وەک تەنکی و لاوازی و چارەسەریان دەکات”.

نەوشیروان ئاماژەی بەوە کرد کە یەکەم کوردن وەک دوو ھاوسەر زەیتی ئەسڵی مار دروست دەکەن و خۆیان ئەو مارانە بەخێو دەکەن کە بێ ژەھرن بۆ ئەوەی ھیچ مەترسییەکیان نەبێت. و دەڵێت: “من لەناو ماڵ و منداڵی خۆم مارەکان ڕادەگرم و ھیچ مەترسییەکیشیان نییە”.

 

نەوشیروان باسی لە دۆزینەوە و گرتنی مارەکان کرد و وتی: “من ئەو شوێنانەی مارەکانی لێیە دەزانم، بۆ نموونە ناو بەرد و دەشتایی و نزیک دار و نزیک ئاو، بۆیە من سەردانی ئەو شوێنانە دەکەم و دەگەڕێم بۆ ئەوەی ئەگەر مارەکانی لێ بوو ڕاستەوخۆ بیانگرم”.

هەروەها باسی لەوەش کرد کە کاتێک کەسێک مارێک دەبینێ لە حەوشەی ماڵەکەیدا تەلەفۆنی بۆ دەکەن و دەچێت مارەکە دەگرێت و دەیبات بۆ ناو مارەکانی خۆی.

 

نەوشیروان عەبدولرەحمان ڕەشید ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەوان کار لەسەر مارە بێ ژەهرەکان دەکەن و هیچ بەلای مارە ژەهراوییەکان ناچن و وتی: “ڕێگەپێدانی یاساییشمان هەیە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش ئاگادارە کە ئێمە مار بەخێو دەکەین لە ماڵی خۆماندا و مەترسیمان بۆ چواردەورمان نییە و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیش لاری نەبوونی پێداوین کە ئێمە کاژی ڕەش مار بەکاربهێنین و زەیتی لێ دروست بکەین و هیچ ماددەیەکی کیمیایی تێناکەین”.

 

ئەو دوو هاوسەرە بەهرەمەندە باس لەوە دەکەن کە ئەوان گۆشتی مریشک وەک سنگ و سیقەتۆرە دەدەن بە مارەکان و بەشێوەیەکی باش خزمەتیان دەکەن و هیچ زیانێکیان پێ ناگەیەنن.

لەو بارەیەشەوە نەوشیروان وتی: “وەک خواردن سنگ و سیقەتۆرەی مریشکیان پێ دەدەین، خۆ ئەگەر خواردنی فرێشیان پێ بدەیت بۆ تەندروستیان باشترە. ئەگەر مارەکە شتی فرێش بخوات کاژەکەی بەشێوەیەکی تەندروست دادەنێت و بە قاڵبی دەریدەکات، کاتێک مار چاوی سپی بوو واتە لە کاتی کاژ فڕێداندایە”.

 

ئەو دوو هاوسەرە وەک خۆشیان باسی دەکەن بەرهەمەکانیان خواستێکی زۆری لەسەرە و ڕەوانەی سلێمانی و هەولێر و شارەکانی دیکەی دەکەن.

نەوشیروان ئەوەیشی خستەڕوو کە زۆر جار بانگیان کردووە بۆ گرتنی مار و کاتێک چووم سەیرم کردووە مارەکە ژەهراویە، بەڵام بۆ ئەوەی خەڵکەکەی نەترسن وتومە بێ ژەهرە هەتا خۆم گرتوومە دواتر پێم وتوون کە ئەمە ژەهراویە ئاگاتان لەم جۆرە مارانە بێت و لێم دوورخستوونەتەوە.

 

لە کۆتاییدا ھاوسەری نەوشیروان، شلێر سەلیم وتی: “من لەگەڵ مارەکاندا ڕاھاتووم، ھەستێکی تەواو خۆشم ھەیە لەگەڵیان، لەبەرئەوەی بووەتە پیشەیەک بۆمان و ھەردووکمان کاری لەسەر دەکەین”.

شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق گەیشتە کەرکووک
پێشت شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق گەیشتە کەرکووک
“ئەگەر کێشەی مووچە و بودجە چارەسەر نەکرێت، کێشەی گەورەتر دروست دەبێت”
دواتر “ئەگەر کێشەی مووچە و بودجە چارەسەر نەکرێت، کێشەی گەورەتر دروست دەبێت”
پەیوەندیدار