ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

هۆكارەكەی بۆ كەلێنی تەكنیكی دەگێڕنەوە ئامێرەكانی خوێندنەوەی كارتەكانی دەنگدان كێشەی تێدەكەوێت

لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە پارێزگاكانی عیراق، لە زۆرێك لە ناوەندەكاندا، كێشە لە ئامێرەكانی خوێندنەوەی كارتەكانی دەنگداندا دروست دەبێت، بەرپرسانی كۆمیسیۆنیش، هۆكارەكەی بۆ كەلێنی تەكنیكی دەگێڕنەوە.

خەڵك- بەشی هەواڵ
لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە پارێزگاكانی عیراق، لە زۆرێك لە ناوەندەكاندا، كێشە لە ئامێرەكانی خوێندنەوەی كارتەكانی دەنگداندا دروست دەبێت، بەرپرسانی كۆمیسیۆنیش، هۆكارەكەی بۆ كەلێنی تەكنیكی دەگێڕنەوە.

ئەمڕۆ شەممە 12ی ئایاری 2018،  پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە 19 پارێزگای عیراقدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەستیپێكرد،  لە هەڵبژاردنەكەشدا 7376 كاندید نوێنەرایەتی 320 حزب و ئیئتیلاف و لیست دەكەن و كێبڕكێ‌ بۆ دەستبەركردنی 328 كورسی لە پەرلەمانی داهاتووی عیراقدا دەكەن كە لێوەی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماریش هەڵدەبژێردرێت.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ و لە دەستپێكی پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی، كێشە لە ئامێرەكانی خوێندنەوەی كارتەكانی دەنگدا دروست بوو، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لە ناوەندەكان لە وادەی فەرمی خۆیاندا بەڕووی دەنگدەراندا نەكرانەوە.

بەپێی زانیارییەكان، لە ناوەنێكی دەنگدان لە شاری هەولێر، لە كۆی 10 ئامێر 7 ئامێریان كێشەی تێدا دروست بووە، بەو هۆیەوە پرۆسەی دەنگدان لە ناوەندەكاندا دواكەوتوون، هەمان حاڵەت لە چەند ناوەندێكی شاری سلێمانیش دووبارە بۆتەوە.

دروستبوونی كێشە لەو ئامیرانەدا كە لە كۆریای باشوور دروستكراون، هەر تەنیا لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو لە زۆرێك لە ناوەندەكانی دەنگدان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی تری باشووری عیراق دروستبووە.

لەگەڵ ئەوەی  كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تەئكید لەسەر بوونی كەلێنی تەكنیكی و نەبوونی خواستێكی دیاریكراو لەو كێشەیەدا دەكاتەوە، بەرەی توركمانی لە پارێزگای كەركوك، پێوایە لەگەڕكەوتنی ژمارەیەك لە ئامێرەكان لە ناوەندەكانی دەنگدانی پارێزگاكە، بە دەستی ئەنقەستە و هەوڵێك بۆ بەئامانجگرتنی عەرەب و توركمان لە پارێزگاكەدا هەيە.

ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە رایگەیاندووە:”ژمارەیەك لە ئامێرەكانی دەنگدان لە ناوچە توركمانی و عەرەبییەكاندا بەدەستی ئەنقەست لەگەڕخراون، بەپێی ئەو پشكنینانەی كردومانە دەردەكەون كە كارەكە دەستی ئەنقەستى لە پشتەوەیە”.

ئەرشەد ساڵحی ئاماژەی بە لەگەڕكەوتنی ئامێرەكان دەكات لە ناحیەی تازە، ئەوەش بە كارێكی خوازراو دادەنێت و هۆكارەكەی بۆ بەئامانجگرتنی عەرەب و توركمان لەو ناوچانەدا دەگێڕێتەوە.

لەگەڵ دروستبوونی كێشە لەئامێرەكانی دەنگدان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و زۆربەی پارێزگاكانی تری عیراق لەكاتی پرۆسەی دەنگدان، بەرپرسانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئاماژە بە بوونی كەلێنی تەكنیكی و كێشە لە پرۆگرامكردنی ئامێرەكاندا دەگێڕنەوە، لە هەمان كاتدا تەئكیدیش لەسەر هەوڵەكانی تیمەكانیان دەكەنەوە بۆ چارەسەكردنی كێشەكە كە كاریگەریی لەسەر كاتی پرۆسە دەكات.

پێشتر جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق رایگەیاندبوو” پرۆسەی دەنگدان كە لەسەعات 7ی بەیانییەوە دەستپێكردووە، تا سەعات 6ی ئێواە بەردەوام دەبێت و درێژناكرێتەوە، چونكە ئامێرەكان لەسەعات 6دا بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دەكوژێنەوە و پرۆسەكە كۆتایی دێت”.

راپۆرت

ساڵوەگەڕی هەژدەهەمینی هێرشەكانی یازدەی سێپتەمبەری ئەمریكایە

خەڵك –بەشی هەواڵ

ئەمریكا ١٨هەمین ساڵیادی هێرشەكانی ١١ی ئەیلوول دەكاتەوە كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیكەی سێ هەزار كەس و بە گەورەترین هێرشی تیرۆریستی دادەنرێت لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.

سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٨ ساڵ بەسەر هێرشەكانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١دا كە ئاراستەی جیهانی گۆڕی، بەڵام هێشتا كاریگەرییەكانی بەردەوامە.

دوای هێرشەكانی ١١ی ئەیلوول، ئەمریكا لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، فەراهەمكردنی دیموكراسی و ئازادیی، ئەفغانستان و عێراقی داگیر كرد.‌ ئەوەش لەو وڵاتانەدا ناسەقامگیری زۆر، پشێوی، شەڕی مەزهەبی، كوژرانی سەدان هەزار هاووڵاتی مەدەنی، هاتنە ئارای رێكخراوی تیرۆریستیی نوێ و خەرجكردنی ملیۆنەها دۆلاری لێكەوتەوە كە هەموو ئەوانە وەك رەخنەیەك رووبەڕووی ئەمریكا دەكرێنەوە.

سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ ناو بە ناو باس لەوە دەكات كە داگیركردنی ئەفغانستان و عێراق هەڵەیەكی گەورە‌ بووە.

لە ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١دا چی روویدا؟
نیویۆرك كە دڵی سیستمی دارایی ئەمریكایە، بەیانی رۆژی ١١ی ئەیلوول بە هێرشی تیرۆریستیی سەر دوو تاوەرەكە بەخەبەرهات.

دوای ئەوەی چوار فڕۆكەی نەفەرهەڵگر رفێندران كە لە نیوارد، بۆستن و واشنتۆنەوە فڕیبوون و بەرەو سان فرانسیسكۆ و لۆس ئانجلس دەچوون، ئەو فڕۆكەیەی بەرەو لۆس ئانجلس دەچوو كە سەربە هێڵی ئاسمانیی ئەمریكان ئێرلاین بوو دوای رفاندنی كاتژمێر 8.46 بەكاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە‌ خۆی كێشا بە بینای باكووری دوو تاوەرەكەدا.

لە كاتێكدا تاوەری باكوور بلێسەی ئاگری گرتبوو، فڕۆكە رفێندراوەكەی دیكە كە سەر بە هێڵی ئاسمانیی یونایتد ئێرلاین بوو، ١٧ خولەك دوای هێرشی یەكەم لە پەخشی راستەوخۆدا خۆی كێشا بە تاوەری باشووردا.

دوای ئەوەی ئەمریكا و هەموو جیهان لە پەخشی راستەوخۆدا تەماشای هێرشی سەر دوو تاوەرەكەیان دەكرد، هەردوو تاوەرەكە لە ماوەی چەند خولەكێكدا تەختی زەوی بوون و دوورگەی مانهاتان بە دووكەڵ داپۆشرا.

دوا بە دوای هێرشی سەر دوو تاوەرەكە فڕۆكەیەكی دیكەی رفێندراو خۆی كێشا بە بینای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن)دا.

هەروەها دوایین فڕۆكەی رفێندراو لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە لایەن فڕۆكەی جەنگی جۆری F-16وە خرایە خوارەوە.

جگە لە ١٩ ئەنجامدەری هێرشەكە كە فڕۆكەكا‌نیان رفاندبوو لە ئەنجامی هێرشەكانی ١١ی ئەیلوول لە نیویۆرك، واشنتۆن و پێنسیلڤانیا تێكڕا دوو هەزار و ٩٧٧ كەس گیانیان لەدەستدا.

سەركردەی رێكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە، ئوسامە بن لادن بەرپرسیارێتی هێرشەكانی گرتەئەستۆ.

هێرشەكانی ١١ی ئەیلوول، رێڕەوی مێژووی گۆڕی
یەكەم وەڵامدانەوەی ئەمریكا بۆ هێرشەكانی ١١ی ئەیلوول، چوونە ناوەوەی بوو بۆ ئەفغانستان.

بەهۆی رەتكردنەوەی رادەستنەكردنەوەی رێبەری ئەلقاعیدە، ئوسامە بن لادن لە لایەن تاڵیبانەوە، سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكا، جۆرج دەبلیو بوش لە حەوتی تشرینی یەكەمی ٢٠٠١دا ئەفغانستانی داگیر كرد و رژێمی تاڵیبانی رووخاند، پاشان دەسەڵاتی ئەو وڵاتە چووە دەست حامید كارازای كە زیاتر لە خۆرئاواوە نزیك بوو.

دوای ١٨ ساڵ لە دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكان بۆ بەرگرتن لەوەی ئەفغانستان ببێتە بنكەی تیرۆریستان، لەم ساڵانی رابردوودا ئەو وڵاتە دەستی كرد بە لەخۆگرتنی چەكدارانی داعش و بووە بەندەرێكی ئارام بۆ تیرۆریستان.

لەو رۆژەی ئەمریكا ئەفغانستانی داگیركردووە تا ئێستا لەو وڵاتەدا زیاتر لە ٥٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی و نزیكەی دوو هەزار و ٤٠٠ سەربازیی ئەمریكی كوژراون.

لەگەڵ ئەوەی ئەركی جەنگی هێزەكانی ناتۆ لە ئەفغانستان بە رێبەرایەتی ئەمریكا لە ٢٤ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٤دا لە رێوڕەسمێكدا لە كابول بە فەڕمی كۆتایی پێ هات، بەڵام ئەمریكا هێشتا بە بیانووی ”بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” و ”سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی وڵات” بەردەوامە لەسەر مانەوەی لەو وڵاتە لە رووی سەربازییەوە و لەئێستادا، نزیكەی ١٤ هەزار سەربازی لەو وڵاتە هەیە.

داگیركردنی عێراق
لە 2003 ئەمریكا عیراقی داگیركرد و بە هۆی ئەو جەنگە مەزهەبیەی كە لە دوای داگیركردنی عێراق لە لایەن ئەمریكاوە سەریهەڵدا، سەدان هەزار كەس لەو وڵاتە كوژراون.

لە كاتێكدا حكوومەتی داگیركەر سەرلەنوێ وڵاتی بنیاتدەنایەوە، بۆچوونی جیاوازی قووڵی ‌نێوان گرووپە كوردیەكان لە باكوور و حكوومەتی ناوەند گرژیی نەژادی زیاتر كرد.

لە ساڵی ٢٠٠٥دا لە عێراق داننرا بە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا

هەروەها لە دوای داگیركردنی لە لایەن ئەمریكاوە، عێراق بووە پڕ كێشەترین وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو ئۆپەراسیۆنەی بەڵێنی بەدیهێنانی ”سەقامگیری و دیموكراسی” بۆ عێراق دابوو ناوی لێنرا ”ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی عێراق”، بەڵام لە ئەنجامی دەستوەردانی سەربازیی سەدان هەزار هاووڵاتی مەدەنی كوژراون.

داگیركردنی عێراق كە كوژرانی سەدان هەزار هاووڵاتی مەدەنی و خەرجكردنی ملیۆنەها دۆلاری لێكەوتەوە و لە هەمان كاتدا زەمینەی ساز كرد بۆ سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش.

لەگەڵ دەركەوتنی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، گەلی عێراق رووبەڕووی تاوانی جەنگ بووەوە وەك كۆمەڵكوژیی.

سیستمی نوێی جیهانیی
سیستمی نوێی جیهانی كە دوای هێرشە تیرۆریستییەكانی ١١ی ئەیلوول دەستیپێكرد، ستراتیجییەتی ئەمنیی نوێی لەگەڵ خۆیدا هێنا لە رووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

لەگەڵ هێرشەكاندا دیدی ئاسایشی نیشتمانی نەك تەنها لە ئەمریكا بەڵكو لە تەواوی وڵاتانی جیهاندا گۆڕا و دەوڵەتان ناچاربوون پارەی زیاتر بۆ ئاسایشی نیشتمانی تەرخان بكەن.

ئیدی نەك تەنها چەكی كیمیایی یان چەكی ئاسایی، بەڵكو هەموو ئۆتۆمبێلێك، كەس یان پاكەتێكی گوماناوی وەك هەڕەشەی تیرۆر دەبینرێت. لەو رووەشەوە لە شوێنە كراوەكاندا بە رووی خەڵكدا بەتایبەتی فڕۆكەخانەكان رێوشوێنی ئەمنیی زیاتر گیرانەبەر، بەو شێوەیەش تێگەیشتنێكی ئەمنیی نوێ هاتە ئاراوە.

ئیسلامفۆبیا و ١١ی ئەیلوول
هێرشەكانی ١١ی ئەیلوول بوونە هۆی زیادبوونی بەرچاوی تاوانی نەفرین دژبە موسڵمانان لە خۆرئاوادا بەتایبەتی لە ئەمریكا و ئیسلامفۆبیا تا دێت قووڵتر دەبێتەوە، میدیاش ناو بە ناو دەستیكرد بە بەكارهێنانی دەستەواژەی ”تیرۆری ئیسلامی” و ”ئیسلامی رادیكاڵ”.

توێژینەوەكان دەریانخستووە كە میدیا زیاتر ئەو هێرشە تیرۆریستیانە باس دەكەن كە ناوی موسڵمانانیان تێوەگلاوە بەراورد ئەو هێرشانەی لە لایەن كەسانی سەربە ئایین و گرووپەكانی دیكەوە ئەنجام دەدرێن.

بە هۆی ئەوەی حكوومەتەكەی بوش بە گشتیی سیاسەتی لایەنگری جەنگی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەو دەكرد ناو بە ناو لە ئەمریكا و وڵاتانی دیكەشدا رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە. لەبەرئەوە كاتێك ئەفغانستانی داگیر كرد پشتیوانی زۆر وڵاتی هەبوو، بەڵام هەمان پشتیوانی لە داگیركردنی عێراقدا لێنەكرا.

باراك ئۆباما كە دوای بوش سەرۆكایەتی ئەمریكای وەرگرت، وەك ”رێبەری نەیاری جەنگ” دەركەوت و لە سەردەمی سەرۆكایەتیدا بەشی زۆری سەربازانی ئەمریكی لە ئەفغانستان و عێراق كشاندەوە.

لە سەردەمی خولی یەكەمی سەرۆكایەتی ئۆبامادا سەركردەی ئەلقاعیدە، ئوسامە بن لادن كوژرا.

سەرۆكی ئێستای ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ كە بە لێدوانە رەگەزپەرستی و دژ بە موسڵمانان دەركەوتووە و ناسراوە، چ لەكاتی كەمپینەكانی هەڵبژاردندا چ لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لەوەتەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست بە بیانووی ١١ی ئەیلوولەوە هەندێك هەنگاوی ئیسلامفۆبیای ناوە وەك دانانی قەدەغەكردنی گەشتكردن بۆ ئەمریكا لەسەر هاووڵاتییانی ژمارەیەك وڵاتی موسڵمان.

حكوومەتەكەی ترەمپ كە رەخنە لە دەستوەردانی سەربازیی ئەمریكا دەگرێت لە ئەفغانستان و بە هەڵەیەكی گەورەی دادەنێت، ماوەیەكە دانوستانی ئاشتیی لەگەڵ تاڵیبان بەڕێوەدەبرد، بەڵام دوای كوژرانی دوو سەربازی ناتۆ كە یەكێكیان ئەمریكی بوو لە ئەنجامی هێرشەكانی تاڵیباندا گفتوگۆكانی هەڵپەسارد. ترەمپ پلانی وایە ئەگەر لەگەڵ تاڵیبانیش بگەن بە‌ رێككەوتن بەشێك لە سەربازانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان بكشێنێتەوە و هەشت هەزار و ٦٠٠ سەربازی بهێڵێتەوە.‌
سەرچاوە/ئەنادۆڵۆ

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ڕاپەڕین بە پێویست دەزانێت
پەرلەمانتارێك داوا دەكات شەڕێكی تر لە دژی كوێت بەرپابكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، دانبەخۆداگرتن بەرانبەر بە كوێت كۆتایی هات و شەڕی داهاتوو لەپێناو خاك و ناموس بووەتە ئەركی سەرشانی هەموو عیراقییەكان.

كازم سەیادی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”دانبەخۆداگرتن بەرانبەر بە كوێت تەواو بوو، بۆیە شەڕی پیرۆزی داهاتوومان لەپێناو خاك و ناموس بووەتە ئەركی سەرشانی هەموو عیراقییەكان”، بەپێویستیشی دەزانێت “هەموو عیراقییەكی شەریف لەو پێناوەندا ڕابپەڕێت”.

سەیادی داوای لە سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و مەرجەعيیەتەكان و سەركردایەتییەكان و حزبەكان كردووە، “بەرگی زەلیلی فڕێبدەن، چونكە عیراق یەكەم و كۆتایە و كوێت و ئەوانی ئاراستەی دەكەن، ڕەوانەی دۆزەخ دەين”.

ئەو پەرلەمانتارەی عیراق لە لێدوانەكەیدا بە كوێتییەكانی ڕاگەیاندووە”مشتێك خۆڵی عیراق، شەریفتر و پیرۆزترە لە سەر و كەلەی ئێوە، ئەی پەلەوەرەكان”، داواشی لە پەرلەمان كردووە “دانیشتنێكی نائاسایی بۆ گفتوگۆ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنی خۆری عەبدوڵڵا و ڕێكەوتنی ستراتیژی ئەمنی لەگەڵ ئەمریكا و دۆزینەوەی ڕێكەوتنێكی ڕاستەقینە سازبكات كە ببێتە مایەی زامنكردنی ئاسایشی عیراق، تا ئەو كاتەی سیستمێكی ئەمنی باش فەراهەم دەبێت”.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئاماژە بە بوونی جیاوازی یاسایی كردبوو لەگەڵ كوێت سەبارەت بە لێكدانەوەی تایبەت بە سنورە دەریاییەكان، كە بووەتە مایەی ڕەوانەكردنی دوو نامەی هاوشێوە بۆ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایش، لەلایەن عیراقەوە.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی (ڕوسیا الیوم)، ڕایگەیاندبوو، “جیاوازییەكی یاسایی هەیە بۆ لێكدانەوەی تایبەت بە پێگە سنورییەكان كە ئێمە بە (سەكۆ) ناوی دەبەین و لایەنی كوێتی بە (دوورگە) ناوی دەبات، بەو پێیەی هێڵی سەرەكی پشتپێبەستراوە بۆ نەخشاندنی سنورە دەریاییەكان لەنێوان هەردوو وڵاتدا”.

بە وتەی سەحاف، “دانوستان لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە سەبارەت بەو ڕاوبۆچوونە دیاریكراوانە، كە پێشتر عیراق ڕێگری خۆی دەربڕیبوو بەرانبەر بەوەی لایەنی كوێتی هیچ پڕۆژەیەكی تاكلایەنە لەو ناوچانەدا بكات، بەر لە گرتنەبەری دوایین ڕێوشوێن لەلایەن عیراقیشەوە، كوێت چەند نامەیەكی لەو بارەیەوە ڕەوانەی نەتەوە یەكگرتووەكان كردبوو”.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق دەڵێت، “عیراق ئەو دوو نامەیەی بۆیە ناردووە، تا ڕوونكردنەوەی یاسایی لەو بارەیەوە بدات، ئێمەش پێمانوایە لێكدانەوە یاساییەكان لە بەرژەوەندی عیراقن”.

ئەمە لەكاتێكدایە كە عیراقییەكان پێیانوایە، داگیركردنی كوێت لە ساڵی 1990 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە،  بۆ كوێتییەكان بووەتە دەرفەت تا دەستدرێژیكەنە سەر سنورە ئاوییەكانی عیراق و لەو ڕووەوە دەوڵەتی كوێت سنورەكانی خۆی بەئاراستەی عیراق بەزاندووە و خەریكە لە ڕێڕەوە ئاوییەكاندا عیراق دەخنكێنێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ئیمارات و سعودیەی نەیاری ئێران لەزۆنگاوەكەی یەمەندا تێكهەڵچوون

خەڵك – ئامەد حەسەن
ئیمارات و سعودیەی نەیاری تاران لە زۆنگاوێكدا ڕۆچوون كە نەیارەكەیان (ئێران) لەیەمەن لە ڕێگای حوسییەكانەوە بۆی سازكردن، ئەوان چوون بۆ دوورخستنەوەی حوسییەكان لە دەسەڵاتی یەمەن، بەڵام لەبێچارەیی بەرەنگاربوونەوەی حوسییەكاندا دەستیاندایە ئێخەی یەكدی، ئێستا لەبری شەڕی گرتنەوەی سەنعا، شەڕی دەستبەسەرداگرتنی عەدەن دەكەن لە ڕێگای حكومەتە بێ شوێن و پێگەكەی هادی و چەكدارە سەربەخۆییخوازەكانی باشوورەوە.

سعودیە دەیهەوێت هاوپەیمانێتییەكە بپارێزێت
عەڕەبستانی سعودی هەوڵەكانی چڕدەكاتەوە بۆ پارێزگاری لەو هاوپەیمانێتییە لەشكرییەی بۆ شەڕی حوسییەكانی دۆستی ئێران لە یەمەن پێكیهێناوە و لەو ماوەی دواییدا هەندێك كۆمەڵەی چەكداری نێو هاوپەیمانێتییەكە لەسەر دەسەڵات پێكیاندادا و گرژی خستەنێو هاوپەیمانێتییەكەی عەرەبستانەوە كە ئیمارات هاوبەشێكی سەرەكییە لە ناوچەكەدا.
ئیمارات هێزی دووهەمی هاوپەیمانێتییەكە بە ئاشكرا چووە پاڵ چەكدارەكانی باشوورەوە كە شەڕی حكومەتی یەمەن پشتیوانیكراو لەلایەن عەڕەبستانەوە دەكەن لە پێناو كۆنترۆڵكردنی باشووری یەمەن و بۆردومانی هێزە حكومەتییەكانی كرد بۆ گەڕاندنەوەی كۆنترۆڵی عەدەنی كەناراو كە بارەگای سەرەكی حكومەتی كاتی یەمەن بوو پێش كۆنترۆڵكردنی لەلایەن باشوورییەكانەوە.
ئەم پەرەسەندنە هەڕەشەی گەورەتر بۆ سەر هاوپەیمانی سعودی ئیماراتی دروست دەكات و حوسییەكان هاندەدات بۆ شەڕی گەورەتری هاوپەیمانە ناكۆكەكان، نەتەوە یەكگرتووەكانیش هەوڵ دەدات گفتووگۆكان دەستپێبكاتەوە بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێ بەردەوامەكان لە چوار ساڵ و نیوی ڕابردوودا كە بە شەڕی بەوەكالەتی نێوان هەردوو دەوڵەتی نەیاری ئێران و سعودیە وەسفدەكرێـت.

كۆنترۆڵكردنی عەدەن
چەكدارە باشوورییەكان پشتیوانیكراو لەلایەن ئیماراتەوە داوای حكومەتی خۆسەر دەكەن لە بەشی باشووری یەمەن ‌و كۆنترۆڵی شاری عەدەن بنكەی سەرەكی حكومەتەكەی عەبد ڕەبە هادییان كرد لە كۆتایی مانگی ئابدا و لایەنگرانی هادییان بە هاوكاری لەگەڵ حوسییەكان تۆمەتباركرد.
هەردوولایەن لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكی سوننی پشتیوانیكراو لەلایەن خۆرئاوادان، كە لە مانگی ئاداری 2015وە دەستوەردانی كردووە لە دژی حوسییەكانی یەمەن، دوای لادانی عەبد ڕەبە هادی سەرۆكی یەمەن لە بارەگای خۆی لە شاری سەنعا لە ئەیلوولی 2014دا، بەڵام هەردوولایەن بەرژەوەندی و ئامانجی تایبەت بەخۆیان هەیە.
عەرەبستان و ئیمارات داوای گفتووگۆیان كردووە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە، حكومەتی هادی پێدادەگرێت لەسەر چۆڵكردنی عەدەن لەلایەن چەكدارە باشوورییەكانەوە و راگرتنی هاوكارییەكانی ئیمارات بۆ ئەو چەكدارانە كە مەشقیان پێدەكات و پڕچەكیان دەكات.

باشوورییەكان كشانەوە ڕەتدەكەنەوە
لای خۆیەوە ئەنجومەنی گواستنەوەی باشوور ڕەتیدەكاتەوە لە عەدەن بكشێنەوە تا دوورخستنەوەی حیزبی چاكسازی ئیسلامی و باكورییەكان لە پێگەكانی باشوور.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ڕۆیتەرز، چەكدارە باشوورییەكان هەوڵی فراوانكردنی نفوزی خۆیان دەدەن لە باشوور، بەڵام حكومەت پێشیان پێدەگرێت، هەوڵ دەدات كۆنترۆڵی عەدەن بكاتەوە، بەڵام هێزەكانی شكستیان هێنا لەوكاتەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیمارات هێرشیانكردەسەریان.
ئیمارات حكومەتەكەی هادی تۆمەتباردەكات بەوەی كارا نییە و داوای پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ دەكات، بەڵام هادی كە لە ڕیاز دادەنیشێت داوا لە سعودیە دەكات دەستوەردانەكانی ئیمارات ڕابگرێت.

ڕیاز لە تەنگەبەریدایە
كۆمەڵەی قەیرانە نێونەتەوەییەكان لە لێدوانێكدا لە ماوەی ڕابردوودا باسی لەوەكرد، سعودیە خۆی لە تەنگەبەریدا دەبینێتەوە، دەكرێت كارە توندەكانی سعودیە بۆ ئەنجومەنی باشور ببێتەهۆی شەڕێكی نێوخۆیی لەنێو شەڕێكی نێوخۆییدا دوای ئەوەی هاوپەیمانەكانی ڕیاز سەركەوتنی دڵنیاییان ڕاگەیاند.
سعودیە هاوپەیمانێتییەكی پێكهێنا بۆ سنووردانان بۆ حوسییەكان كە ئێرانی شیعە قۆستوونیەوە بۆ فراوانكردنی نفووزی خۆی لەسەر سنوورەكانی عەرەبستان، قەیرانەكە ئاستەنگی زۆرتری هاتوونەپێشێ‌ كە ڕیاز بەرەوڕوویان دەبێتەوە لە لاوازكردنی حوسییەكان كە كۆنترۆڵكردنی زۆرینەی جومگەكانیان كردووە و شەڕەكانی عەدەنیش ئاماژەی كورتهێنانی هادییە لە حكومڕانی.
لەلایەكی دیكەوە حوسییەكان پەرەیان بەهێرشەكانیان داوە بۆ سەر سعودیە و دامەزراوەكانی كەرتی وزەیان كردووەتە ئامانج كەك دووهەم سەرچاوەی نەوتیی جیهانە.

ئیمارات ڕووی لە سعودیە وەرگێڕا
ئیمارات لە دەستكەوتە دیاریكراوەكانی هاوپەیمانانی كەمكردە لە حوزەیرانی ڕابردوودا دوای بەرزبوونەوەی ئاستی ڕەخنەكانی خۆرئاوا بۆ هاوپەیمانێتییەكە.
هاوكاری هاوپەیمانێتی ئیمارات و سعودیە لە یەمەن و دەرەوەی بۆ تەنگەتاوكردنی ئێرانی نەیاری هاوبەشیانە لەگەڵ بزووتنەوە ئیسلامییەكان كە پێیانوایە هەڕەشەن بۆ سەر سیستمی حكومڕانی بنەماڵەیی ئەو دوو وڵاتە، ئەبووزەبی و ڕیاز دەڵێن هاوپەیمانێتییەكەیان تا ئێستا بەهێزە، بەڵام ناكۆكی تێدا دەركەوتووە، بەڵام ئیمارات پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی دەكات.
دبلۆماسەكان دەڵێن “ئامانج لە كەمكردنەوەی بوونی ئیمارات لە یەمەن بە ئامانجی دروستكردنی ئاشتییە لەكاتێكدایە فشاری هاوپەیمانە خۆرئاواییەكان هەیە بۆ كۆتایهێنان بە شەڕ كە تێیدا دەیان هەزار كەس كوژراون و یەمەنی بەرەو برسیبوون بردووە”.
ئەبووزەبی دەڵێت “بڕیارەكەمان سروشتییە لە چوارچێوەی ئاگربەستی چاودێریكراو لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكان لە شاری حەدیدەی كەناراو لە خۆرئاوای وڵات كە هاوپەیمانێتییەكە دووجار هەوڵی كۆنترۆڵكردنیدا، ئەم قۆناغە نوێیە خوازیاری ڕێگا سیاسییەكانە، نەك لەشكرییەكان”.
دبلۆماسەكان هەروەها دەڵێن “ئەمە هانی ئیمارات دەدات قەبوڵی ئەوە بكات توانای چارەسەری لەشكری نییە لە ئەنجامی ڕەخنە جیهانییەكان لە گورزە ئاسمانییەكان كە هێزە هاوپەیمانەكان دەكەین و كوژراو و برینداری زۆری لە ریزی سڤیلەكاندا لێدەكەوێتەوە و دەبێتە قەیرانێكی مرۆیی”.
ئیمارات هێزێكی 90 هەزار چەكداری لە یەمەنییەكان پێكهێناوە بۆ شەڕی حوسییەكان، كە هەزاران چەكداری سەربەخۆییخوازی باشوور و ئیسلامی توندئاژۆی تێدایە، ئەوان هێزەكانی حوسیان لەباشووری وڵات دوورخستەوە.

زیندووكردنەوەی ناكۆكییەكانی باكور و باشوور
شەڕ كە گەیشتووەتە حاڵەتێكی چەقبەستوو لەلایەنی لەشكرییەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ناكۆكییە مێژووییەكانی نێوان باكور و باشووری وەك دوو دەوڵەتی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووی زیندووكردەوە.
ئەمە یەكەم سەرهەڵدانی سەربەخۆیخوازەكانی باشوور نییە، لە كانوونی دووهەمی 2018شدا كۆنترۆڵی شاری عەدەنیان بۆ ماوەیەكی دیاریكراو كرد، بەڵام ئەو كاتە ڕیاز و ئەبووزەبی هاوكاربوون لە كۆتاییهێنان بەو ڕووبەڕووبوونەوەیە، لەگەڵ گۆڕینی گرنگی شەڕ بۆ بەندەری حەدیدە سەرچاوەی گەیاندنی هاوكاری بۆ حوسییەكان كە بە شادەماری ژیانی ملیۆنان كەس دادەندرێت.
هاوكات گرنگی ئیمارات گۆڕدرا بۆ هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەیشتن بەچارەسەری سیاسی، شرۆڤەكاران دەڵێن “سعودیە دەیەوێت مەترسی حوسییەكان دووربخاتەوە و سنوورەكانی دڵنیابكات، بەڵام ئامانجی ئیمارات كۆتایهێنانە بە توندئاژۆ ئیسلامییەكان و دڵنیاكردنی ڕێڕەوە ئاوییەكانی دەریای سوور”.

ئیمارات ئێستا دەیهەوێت حكومەتەكەی هادی بگۆڕێت بە ئەنجومەنی گواستنەوەی باشوور و لاوازكردنی هەنگاوەكانی پارتی چاكسازی كە پێیوایە لقێكی ئیخوان موسلیمینە، بەڵام ڕیاز بە پێچەوانەوە كە پێیوایە پاڵپشتی هادی دەكەن.

ئایندە دیاریدەكات ئاڕاستەی ڕووداوەكان بەرەو كوێ دەڕۆن، بەڵام پێشبینی باڵادەستبوونی زۆرتری حوسییەكان لە باكور و بەهێزبوونی سەربەخۆییخوازەكانی باشوور و لاوازبوونی حكومەتەكەی هادی و عەرەبستان دەكرێت لە یەمەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان