تورکیا هیچ قەرەبوویەک ناداتە عێراق



وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەکردەوە، کە وڵاتەکەی بەھیچ شێوەیەک ئامادەنییە ئەو قەرەبووە بداتە عێراق، کە دادگای پاریس بەسەر تورکیادا سەپاندوویەتی.

راگەیاندنی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەمیانی سەردانەکەی بۆ عێراق ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کۆبووەتەوە و لە دیدارەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی سێ دۆسییەوە کردووە، کە دۆسییەکانی ئاو، راگیرانی ھەناردەی نەوتی کوردستان و چەکدارانی پەکەکە لە ھەرێم بوون.

بەپێی راگەیەندراوەکە، فیدان لەسەر راگیرانی نەوتی کوردستان وتویەتی، کە وڵاتەکەی بە ھیچ شێوەیەک ئامادەنییە ئەو قەرەبووە بداتە عێراق کە دادگای پاریس بەسەر تورکیادا سەپاندوویەتی.

ئاماژەی بەوەشداوە، راگیرانی ھەناردەی نەوتی کوردستان ھۆکارەکەی بۆ حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە نەک تورکیا.

ئەمڕۆش فیدان سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبۆوە لەدیدارەکەیاندا باسیان لە هەناردەی نەوتی هەرێم کردەوە.

سەرۆکی هەرێمی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند دڵخۆشین بە هاتنی هاکان فیدان و ئێمە هاوکارییەکانی تورکیا بۆ کوردستان هەرگیز لەبیرناکەین.

لەلایەکی ترەوە مەسرور بارزانی وتی” هاتنی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەیە بە گرنگی پەیوەندی نێوان هەردوولا، هیوادارم لەم دیدارانەی کە کردوومانە هەموولایەک بتوانین سوودی باشی لێببینین.

مەسرور بارزانی راشیگەیاند: لەڕووی ئابووریشەوە قسەمان کردووە لەسەر چۆنێتی پەرەپێدانی ئابووری نێوان هەردوولا کە لە بەرژوەندیمان بێت و بتوانین ئەو کێشە و گرفتانەی هەن، چارەسەر بکرێن.

لەلای خۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەدا ئاماژەی بەوە کرد: “پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بەغدا و هەولێر هەموو کاتێک گرنگی خۆی هەیە. لە سەردانەکەمدا بۆ بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆمان لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی ئاو، دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکەرەکانی عێراق و چەند پرسێکی دیکە کرد”.

هاکان فیدان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وتی: “لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەمان بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی وزە و بازرگانی و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە هەردوولا کرد”.

 

نرخی زێڕ لەبازارەکانی جیهاندا بەرزبووەوە
پێشت نرخی زێڕ لەبازارەکانی جیهاندا بەرزبووەوە
پریگۆژین لە 24حوزەیرانەوە مردووە و دوێنێ کارەکتەرەکەی سڕایەوە
دواتر پریگۆژین لە 24حوزەیرانەوە مردووە و دوێنێ کارەکتەرەکەی سڕایەوە
ەیوەندیدار