توركیا و ئەمریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕووبەڕووی یەك دەبنەوە



شارەزایانی بواری تیرۆر ئاشكرایدەكەن، پلانێكی هەرێمی بۆ شكاندنی كامپی هۆڵ و زیندووكردنەوەی داعش لە ئارادایە بە ئامانجی ڕێكخستنی شەپۆلێكی نوێی تیرۆر لە ناوچەكەدا، هاوكات ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشكرایكرد بەم نزیكانە ئەمریكا ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی سەربازی لەگەڵ هەسەدە دەستپێدەكات و ئەگەری كاردانەوەی سەربازی توركیا هەیە.

كاربەدەستێكی ئیدارەی ئەمریكا بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ڕاگەیاندووە، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنەكانیان لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ڕۆژئاوای كوردستان بەشێوەیەكی زۆر بەرفراوان.

ئەو كاربەدەستە ڕایگەیاندووە، چاوەڕێ دەكرێت ئەم هەنگاوەی ئەمریكا پەرەسەندنی نوێ لەگەڵ توركیادا دروست بكات.

سێ كاربەدەستی دەوڵەتی ئەمریكا كە نەیانویستووە ناوەكەیان بڵاوبكرێتەوە، بە ڕۆژنامە ئەمریكاییەكەیان ڕاگەیاندووە، پێیانوایە كە ئەنقەرە بە هێرشی زەمینی وەڵامی جموجۆڵەكانی ئەمریكا و هەسەدە بداتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، توركیا و چەند دەوڵەتێك پلانی زیندووكردنەوەی داعشیان داناوە لە ڕێگای شكاندنی كامپی هۆڵەوە.

عەمرۆ عەبدول مونعیم شارەزای گرووپە تیرۆرستییەكان، بۆ ئاژانسی ئانها ئاشكرایكرد “پلانێك هەیە بۆ شكاندنی كامپی هۆڵ بە پشتیوانی هەندێك وڵاتی دراوسێ بۆ هەڵاتنی داعشەكان كە دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی نەوەی چوارەمی تیرۆری داعش و بڵاوبوونەوەیان لە ناوچەكەدا.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات “مانەوەی كامپی هۆڵ بە ئەو شێوازەی ئێستا و ڕەتكردنەوەی دەوڵەتان بۆ وەرگرتنەوەی تیرۆرستەكان، دەبێتە سەربازیەگی ئامادەكراو بۆ داعش لە هەرساتێكدا بێت بگەڕێنەوە، كە توركیا ئاسانكاری بۆ ئەوە دەكات”.

هاوكات مونیر ئەدیب شارەزا و پسپۆڕی كاروباری تیرۆر لە میسر دەڵێت “جەنگی توركیا لە باكووری سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان لە هێرشی ئاسمانی یان كردنە ئامانجی كامپی هۆڵ یان هێرشی زەمینی، كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا”.

ئەدیب دەڵێت “هێزەكانی سووریای دیموكرات لە شكاندنی داعش و ڕووخانی دەوڵەتەكەی داعش سەركەوتوو بوون، توانیان دەست بەسەر گرتووخانە و مۆڵگە و پێگەكانیاندا بگرن، ئەم هێزە ڕووبەڕووی جەنگی توركیا بووەتەوە، جەنگێك ئامانجیەتی هێز بە داعش ببەخشێتەوە و دووبارە بەرهەمی بێنێتەوە لە ڕێگای شكاندنی گرتووخانە و كامپی هۆڵ بۆ هەڵهاتنی تیرۆرستان لە زیندانەكەدا، وەك پێشتر لە گرتووخانەی سەناعە لە حەسەكە ڕووی دا”.

ئاشكراشیكرد “شانەی نووستووی داعش لە باكووری سووریادا هەن، ئەم جەنگەی توركیا بە هەماهەنگی لەگەڵ توندڕۆكانی ناو زیندان و كامپی هۆڵ و شانە نووستووەكانە، بە ئامانجی دروستكردنی ئاژاوە و بێسەروبەری لە ناوچەكەدا، بەجۆرێك كاریگەری لەسەر ستراتیژی جەنگی داعش و ڕووبەڕوووبوونەوەی تیرۆرستان هەبێت لە ڕۆژئاوای كوردستان”.

هۆشداریشی بە جیهاندا كە دەبێت بزانن هەر ئۆپەراسیۆنێكی توركیا كاریگەری نەرێنی لەسەر جیهان بە گشتی دەبێت ، نەك تەنها كورد و باكووری سووریا .

ئاماژەی بە ئەوەش كرد، گۆڕانكاری لە میانەی كوژرانی ڕێبەری داعش و دانانی ڕێبەری نوێ كراوە، ئەبو حسێن قوڕەیشی ڕێبەری نوێ هەوڵ دەدات ڕێنماییەكانی ئەبو بەكر بەغدادی ڕێبەری پێشووتر جێبەجێ بكات، كە ئەویش هەوڵدانە بۆ شكاندنی گرتووخانەكان كە هەزاران ئەندام و بنەماڵەی داعشی تێدان، بۆیە ئۆپەراسیۆنەكەی داعش ئەم هەلە بۆ داعش مسۆگەر دەكات، كە مەترسی بۆ جیهان بە گشتی دروست دەكات.

ئەردۆغان بۆچی بە كۆبانێوە گرتوویەتی؟
پێشت ئەردۆغان بۆچی بە كۆبانێوە گرتوویەتی؟
داھاتی نەوتی عێراق زیادی كردووە
دواتر داھاتی نەوتی عێراق زیادی كردووە
ەیوەندیدار