دانیشتنی بەردەوام چوارەم هۆکاری مردنە لە جیهان



ڕۆشتنی ١٠ هەزار هەنگاو ڕۆژانە یارمەتی مانەوە بە تەندروستی دەدات، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کەمتر لە ٥ هەزار هەنگاو ڕۆژانە دەتوانێت هەمان سوودی هەبێت.

شیکارییەکە زیاتر لە ٢٢٦ هەزار کەسی لە سەرانسەری جیهان لە خۆگرتووە، دەریخستووە ٤ هەزار هەنگاو بەپێ ڕۆشتنی ڕۆژانە یارمەتی کەمکردنەوەی مردنی پێشوەختە دەدات.

زیاتر لە ٢٣٠٠ هەنگاو سوود بە دڵ و خوێنبەرەکان دەگەیەنێت، هەر هەزار هەنگاوێکی زیادە لە سەروو ٤ هەزار هەنگاو مەترسی مردنی پێشوەختە بە ڕێژەی ١٥٪ کەمدەکاتەوە  تا ٢٠ هەزار هەنگاو.

تیمی زانکۆی پزیشکی لۆدز لە پۆڵەندا و زانکۆی جۆنز هۆپکینز لە قوتابخانەی پزیشکی لە ئەمریکا بۆیان دەرکەوتووە، سوودەکانی ڕۆیشتن بۆ هەموو ڕەگەز و تەمەنەکان دەگونجێت، بەڵام کەسانی خوار تەمەنی ٦٠ ساڵان سوودی زیاتری لێدەبینن.

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، کەمبوونەوەی چالاکیی جەستەیی هۆکارە بۆ مردنی ٣.٢ ملیۆن کەس لە ساڵێکدا کە ئەمەش بە چوارەم هۆکاری مردن لە سەرانسەری جیهان دادەنرێت.

لە کاتێکدا ئەو کەسانەی کە کاری ئۆفیسیان هەیە و لەسەر کورسی بۆ ماوەیەکی زۆر دادەنیشن، توشی چەندین کێشەی تەندروستی پەیوەست بە بڕبڕەی پشت دەبنەوە.

بە پێ ڕۆیشتن دەبێتە هۆی دابەزاندنی پەستانی خوێن، بەهێزبوونی ئێسک و ماسولکەکان، زیادبوونی ئاستی وزە، هەروەها مادەی ئەندۆرفین دەبەخشێت و لەپاڵ خواردنی تەندروست یارمەتی مانەوە بە تەندروستی دەدات.

 

چەند هەنگاوێکی سادە، بە سەلامەتی دەتهێڵێتەوە

-بە پێ بچۆ بۆ وێستگەکان نەک بە پاس یان ئۆتۆمبێل

-ئەگەر لەسەر کورسی و مێز کار دەکەیت، بیرخستنەوەی کاتژمێرێک دابنێ بۆ ئەوەی بۆ ماوەی چەند خولەکێک جوڵە بە لەشت ببەخشیت.

– کاتی دووگیانی پیاسەکردن باشترین جۆری وەرزشە

– بە پێ ڕۆشتنی ڕۆژانە ٣٠ خولەک یارمەتی لەشێکی تەندروست دەدات

پسپۆڕانی پزیشکی ئاماژەیان بەوەداوە گرنگە بە پێ ڕۆشتنی ڕۆژانە وەک خویەک تەماشا بکرێت، دەکرێت لە سەرەتاوە بە ١٠ خولەک دەستپێبکات و دواتر بۆ ٣٠ خولەک زیاد بکرێت.

 

چوار کیلۆ تیئێنتی و تەقەمەنی دەستی بەسەردا گیرا
پێشت چوار کیلۆ تیئێنتی و تەقەمەنی دەستی بەسەردا گیرا
هاتوچۆی هەولێر بۆ شۆفێران: لەسەر کەمکردنەوەی خێراییش سزادەدرێن
دواتر هاتوچۆی هەولێر بۆ شۆفێران: لەسەر کەمکردنەوەی خێراییش سزادەدرێن
ەیوەندیدار