یەكەم باران بارینی ئەمساڵ هەرێم دەگرێتەوە


بەپێی پێشبینی شارەزایانی كەشناسی، لە هەفتەی داهاتوودا ئەگەری هاتنی هەوایەكی شێدار بۆ هەرێم هەیە، كە دەبێتە هۆی باران بارین و هەورە بروسكە، بەڵام پلەكانی گەرما بە بەرزی دەمێننەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تا ئێستا نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمی لەسەر ناوچەكانمان لەھاوینی ئەمساڵدا بەھێز نەبووە، كە ببێتە ھۆی ھاتنی ھەوای شێدار لە دەریای عەرەب و ھیندستانەوە و بەوھۆیەوە تینی شەپۆلەكانی گەرماش لەسەر ناوچەكانی ئێمە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو كەمترە.

ڕاشیگەیاند، بە گوێرەی دواین گۆڕانكاریەكان ئەگەر ھەیە لەڕۆژانی داھاتوودا ھەوای شێدار لەدەریای عەرەبەوە بۆ سەر باشووری ئێران و نیمچە دوورگەی عەرەبی جووڵە بكات، كە ئەمەش یەكەم حاڵەتی ئەمساڵی بارانبارینە لەم وەرزەدا، كە ساڵی رابردوو زووتر لە ئێستا دەستی پێكرد و بووە ھۆی بارانێكی زۆر لەناوچە جیاوازەكانی نیمچە دوورگەی عەرەبی و دروستبوونی لافاو لە ئیمارات و ناوچە جیاوازەكانی ئێران.

وتیشی، “ئەگەر گۆڕانكاری ڕوونەدات ئەگەر ھەیە ھەفتەی داھاتوو بەدیاری نەكراوی لەنێوان ٦ بۆ ٩ی مانگی ئاب-دا كاریگەری ئەم ھەوا شێدارە بگاتە سەر ناوچەكانمان و لەو مەودایەدا لەسەر بەشێك ناوچەكان چرببێتەوە بۆ باران و چالاكبوونی ھەورە بروسكە بەڕێژە و كاریگەری جیاواز”.

جەختیشی كردەوە، لەو ماوەیەدا پلەكانی گەرما بەبەرزی ئەمێننەوە و ھەستكردن بە گەرمی لەو ماوەیەدا زیاتریش ئەبێت بەھۆی بوونی ھەور و شێ.

نەخۆشخانەی مندالان ئاسانکاری بۆ دوو جۆر منداڵ دەکات
پێشت نەخۆشخانەی مندالان ئاسانکاری بۆ دوو جۆر منداڵ دەکات
سێ تۆمەتباری ڕووداوێکی کوشتن دەستگیرکران
دواتر سێ تۆمەتباری ڕووداوێکی کوشتن دەستگیرکران
پەیوەندیدار