بودجەی 2023 تروسكایی ئومێدێك بۆ ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا

Perspiciatis unde omnis iste natus error sit voluptatem.

  • 57 بینین

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی دەستی كردووە بە ئامادەكردنی پڕۆژ ەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، پێدەچێت بودجەی ساڵی داهاتوو گەورەترین بودجە بێت لە مێژووی وڵاتدا و هەرێمی كوردستانیش بڕیاری داوە شاندێك بنێرێت بۆ گفتوگۆكردن و ڕێككەوتن لەسەر پشكی هەرێم لەو بودجەیە، كە لە ساڵی 2014ەوە و بەهۆی ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ بڕدراوە و سەرەڕای چەند جارێك ڕێككەوتن، بەڵام پشكی تەواوەتی پێ‌ نەدراوە و جاروبار بڕێك پارە وەك مووچە بۆ فەرمانبەران ڕەوانە كراوە.

چاوەڕوان دەكرێت پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە زیاتر لە ١٨٠ ملیار دۆلار ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێت، بەو پێیەی داھاتی فرۆشتنی نەوت لە 9 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا گەیشتۆتە ٩٠ ملیار دۆلار، ئەوەیش بەراورد بە 9 مانگی ساڵی ڕابردوو بە زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلار زیادی كردووە، كە 50 ملیار دۆلار بووە.

ئامارێك لەسەر بودجەی عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2004 بەدواوە

كۆی گشتیی بودجەی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤وە تا ساڵی ٢٠٢١، یەك تریلیۆن و ٨٣ ملیار و ٢٦٠ ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ١١٧ دۆلار بوو.

لە ساڵی ٢٠٠٤دا ١٣ ملیار دۆلار بووە و لە ساڵی ٢٠٠٥دا بوو بە ١٨ ملیار دۆلار و لە ساڵی ٢٠٠٦دا بوو بە ٢٠ ملیار دۆلار و لە ساڵی ٢٠٠٧دا، ٤١ ملیار دۆلار بوو و لە ساڵی ٢٠٠٨دا، بوو بە ٤٨ ملیار دۆلار و لە ساڵی ٢٠٠٩دا ٥٨ ملیار دۆلار بووە.

لە ساڵی ٢٠١٠دا ٧٣ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو و لە ساڵی ٢٠١١دا ٨٦ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بووە و لە ساڵی ٢٠١٢دا ٩٨ ملیار و ٢٩٠ ملیۆن دۆلار بووە و لە ساڵی ٢٠١٣دا بوو بە ١١٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار و لە ساڵی ٢٠١٤دا بوو بە ١٤٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار (بەڵام ساڵانی 2015 و 2016 و 2017 بەهۆی شەڕی داعشەوە یاسای بودجە نەبووە) و لە ساڵی ٢٠١٨دا ٨٨ ملیار دۆلار بووە و لە ساڵی ٢٠١٩دا ١٠٨ ملیار دۆلار بووە و لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١٠١ ملیار و ٨٣ ملیۆن دۆلار بووە و لە ساڵی ٢٠٢١دا ٦٩ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.

ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 دەستی پێكرد

دوای ئەوەی محەمەد شیاع سوودانی، لە ٢٨ی ئەیلوولدا لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەست بەكاربوو، وەزارەتی دارایی ڕاسپارد لە زوورترین كاتدا پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢٣ ئامادە بكات و دوای پەسەندكردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ دەنگدان لەسەری.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، كە كاری لە پێشینەی حكوومەتی نوێ و وەزارەتی دارایی، پێشكەشكردن و پەسندكردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢٣یە.

لای خۆیەوە، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە پێشبینی دەكەن دوای نیوەی دووەمی مانگی تشرینی دووەم، پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی ٢٠٢٣ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت.

جەمال كۆچەر پێشبینی كرد، لە سەرەتای ساڵی نوێ پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢٣ لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسند دەكرێت.

هاوكات، ھەیسەم عجێلی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٣دا لەنێوان ٦٥ بۆ ٧٥ دۆلار ھەژمار بكرێت و زیاتر لە 180 ملیار دۆلار بێت.

بودجەی ٢٠٢٣ ئومێدێك بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی ھەولێر

كۆی گشتی پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤وە تا ساڵی ٢٠١٤، بڕی ٩٠ ملیار و ٥٧٣ ملیۆن دۆلار بوو، ئەگەر یەك دۆلار بە ھەزار و ٢٠٠ دینار ھەژمار بكرێت ئەوا دەكاتە (١٠٨ تریلیۆن و ٦٨٧ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار)، بەڵام لە ٢٠١٤وە بەھۆی راگەیاندنی پلانی ئابووریی سەربەخۆ لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە، حكوومەتی فیدڕاڵی ناردنی پشكی ھەرێمی لە بودجە ڕاگرتووە.

لووتكەی ناكۆكییەكانی ھەولێر و بەغدا لە ساڵی ٢٠١٤داوە دەستی پێ كرد كاتێك سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق، نوری مالیكی بڕیاری دا بە ڕاگرتنی ناردنی بەشە بوودجەی ھەرێمی كوردستان، ئەوەیش بەھۆی راگەیاندنی پلانی ئابووریی سەربەخۆ لەلایەن حكوومەتی ھەرێمەوە و لەوەبەدوا جگە لە چەند ڕێككەوتنێك، كە جێبەجێ‌ نەكراون بە تەواوی و هەر لایەكیش پێشێل كردنی دەخاتە ئەستۆی ئەوی دیكە بودجە بە فەرمی ڕەوانەی هەرێم نەكراوە جگە لە چەند بڕێكی جیاوازی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

لە ئێستادا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، شاندێكی پێكھێناوە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بكات و لە میانیدا لەگەڵ شاندی حكوومەتی فیدراڵیی گفتوگۆ بكات لەسەر جێگیركردنی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٣دا.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، ڕایگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو شاندی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ لە شاری دهۆك، پێشوازی لە ئەلینا ڕۆمەناوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد و ڕایگەیاند، شاندێكی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات بۆ تاووتوێكردنی كێشەكان و چارەسەركردنیان لە چوارچێوەی دەستووردا.

پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤وە تا ساڵی ٢٠١٤ بەم شێوەیە بووە:

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی (ئەنادۆڵو) كۆی گشتی پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤وە تا ساڵی ٢٠١٤، (٩٠ ملیار و ٥٧٣ ملیۆن دۆلار) بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤وە بەھۆی راگەیاندنی پلانی ئابووریی سەربەخۆ لەلایەن حكوومەتی ھەرێمەوە، حكوومەتی فیدراڵ ناردنی پشكی ھەرێمی ڕاگرتووە.

– لە ساڵی ٢٠٠٤دا پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بەڕێژەی 17.9% بوو، كە (دوو ملیار ٣٢٠ ملیۆن دۆلار) بوو، ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٠٥دا بۆ 17.4% كەمكرایەوە و بوو بە (دوو ملیار ١٢٤ ملیۆن دۆلار) و لە ساڵی ٢٠٠٦دا بەڕێژەی 17.8% بوو واتا (سێ ملیار و ٥٦٠ ملیۆن دۆلار).

– پشكی ھەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧دا، كەمكرایەوە بۆ 16% كە (شەش ملیار و ٥٣٩ ملیۆن دۆلار بوو) لە ساڵی ٢٠٠٨دا، 17.2% بوو كە (ھەشت ملیار و ٢٥٨ ملیۆن دۆلار بوو) لە ساڵی ٢٠٠٩دا، 15.5% بوو كە (نۆ ملیار دۆلار بوو) و لە ساڵی ٢٠١٠دا، 14.4% بوو، كە (١٠ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار) بوو.

– لە ساڵی ٢٠١١دا، 10.6% بوو بە (نۆ ملیار و ١٦٦ ملیۆن دۆلار) و لە ٢٠١٢دا، 16.6% بووە، بەڵام بۆ (١٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار) زیادی كرد و لە ساڵی ٢٠١٣دا 10.4% بوو كە (١٢ ملیار دۆلار بوو) و لە ساڵی ٢٠١٤دا، 10.8% بوو كە (١٥ ملیار و ٦٩٦ ملیۆن دۆلار) دیاری كرابوو، بەڵام بودجەی ئەو ساڵە ڕەوانە نەكرا.

– لە ساڵی ٢٠١٩دا، حكوومەتی پێشووی عێراق، بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەھدی و ھەرێمی كوردستان گەیشتن بە ڕێككەوتنێك، كە بەپێی رێككەوتنەكە حكوومەتی عێراق لەبەرامبەر ڕادەستكردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا لەلایەن ھەرێمەوە بە بەغدا، ٤٥٣ ملیار دینار ڕەوانەی ھەرێمی كوردستان كرد و دواتر ئەو بڕە پارەیە لە ساڵی ٢٠٢٠دا و دوای پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی ڕاگیرا.

بەپێی رێككەوتنەكەی نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٩دا، پێویست بوو حكوومەتی عێراق مانگانە لەبەرامبەر ڕادەستكردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا بڕی ٤٥٣ ملیار دینار وەك مووچەی مووچەخۆران لە بەغداوە بنێردرێت بۆ ھەرێمی كوردستان، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا، حكوومەتی عێراق تەنھا 3 جار مووچەی مووچەخۆرانی رەوانەی ھەرێمی كوردستان كرد، كە یەكەمیان لە مانگی ئادار بوو بە بڕی ٤٥٣ ملیار دینار دواتر ئەم پارەیە كەمكرایەوە بۆ ٤٠٠ ملیار دینار و دووەمجاریش ٣٢٠ ملیار دینار و دوایین جاریش بڕی ٣٠٠ ملیار دینار ڕەوانەی ھەرێمی كوردستان كرد و دواتر ڕاگیرا.

دواتر هەرێم و عێراق ڕێككەوتنێكی دیكەیان ئەنجامدا و بەپێی ئەو ڕێككەوتنەش دەبووایە بەغدا مانگانە ٢٠٠ ملیار دیناری بۆ ھەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢دا، تەنھا 2 جار ئەو بڕە پارەی ناردووە.

سوێد، مل بۆ داواکانی تورکیا دەدات
پێشتر سوێد، مل بۆ داواکانی تورکیا دەدات
روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە
دواتر روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە
پەیوەندیدار