وەزارەتی ڕۆشنبیری مافی ڕۆژنامەنووسی بۆ گرنگ نییە



ڕێنماییەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕۆژنامەنووسانی نیگەران کردووە، لە ڕێنماییەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان نەکراوە، دەبێت ڕێنماییەکە بکرێتە تەواوکەری یاسای ڕۆژنامەنووسی.

ڕۆژی ٢٢ی ئایاری ئەمساڵ لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستاندا، ڕێنمایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە.

بەشێکی ئەو ڕێنماییە تایبەتە بە پەخشی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و فریکوێنسییەکان، بەشێکی دیکەش تایبەتە بەو خاڵانەی کە بە سەرپێچی لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریەوە دانراون.

بڵاوکردنەوەی ئەو ڕێنماییە بێ ئاگاداربوونی پسپۆڕانی بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان نیگەرانی لێکەوتەوە، پاش بڵاوکردنەوەی ڕێنماییەکان چەندین کۆنفڕانس و سیمینار ئەنجامدراوە.

د.سادق حەمە غەریب، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی ڕاگەیاندنی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دیاریکردنی بابەتی پەخش و فریکوێنسییەکان لە ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی عێراقییە.

لە ماددەی ١٢ ی بەشی دووەمی ڕێنماییەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیریدا ١٥ خاڵ وەک قەدەغەکراو دانراون، کە نابێت ڕۆژنامەنووس کاریان لەسەربکات و زانیاری ورد لەبارەیانەوە بخاتەڕوو.

ئەو ڕێنمایانە یەکێکی لە کێشەکانی لاستیکی بوونیانە، بەجۆرێک ڕوونکردنەوەی تەواوی لەبارەوە نەدراوە و ناڕوونی لە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی خاڵەکانیدا هەیە.

د. سادق غەریب، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەو سەرپێچیانەی دانراون نابێت بەم شێوەیە بەبێ هیچ ئاگادارییەکی پسپۆڕانی ڕاگەیاندن بێت، دەبێت ئەو ڕێنماییانە تەواوکەری یاسای ڕۆژنامەگەری و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری بێت، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ڕۆژنامەنووسان.

دەڵێت “لەبەر ئەوەی لە کاتی سەرپێچیەکان و لێپرسینەوە یاساییەکاندا ئازادی تەواو نەدرێت بە لایەنی دادوەری بە زەوق و سەلیقەی خۆی دادگایی ڕۆژنامەنووسان بکرێت”.

لە ڕێنماییەکەدا هیچ ئاماژەیەک بۆ مافەکانی ڕۆژنامەنووس نەکراوە، ئەمەش وایکردووە پسپۆڕانی ڕاگەیاند نیگەران ببن، کەموکورتی زۆر لە ڕێنماییەکەدا بدۆزنەوە، “لەم ڕینماییە کەمترین ئاماژە کراوە بە مافەکانی ڕۆژنامەنووس و لایەنی کارکردنی ڕۆژنامەنووسان”.

ئەوەشدەخاتەڕوو، دەبوو پێش دەرچواندنی ڕێنماییەکە گفتوگۆ و ڕاوێژ بە ڕۆژنامەنووسان و پسپۆڕانی بواری ڕاگەیاندن بکرێت.

بۆیەکەم جار “شوتی لیمۆیی” بەرهەمهێنرا
پێشت بۆیەکەم جار “شوتی لیمۆیی” بەرهەمهێنرا
وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دا پێنج نمرە بەم خوێندکارانە ببەخشرێت
دواتر وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دا پێنج نمرە بەم خوێندکارانە ببەخشرێت
ەیوەندیدار