” كارەبا بۆ ڕووناكی بەكار بهێنن نەك بۆ خۆگەرمكردنەوە”



بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێری یەك ڕایدەگەیەنێت، پێویستە هاووڵاتیان كارەبا بۆ ڕووناكی بەكار بهێنن نەك بۆ خۆگەرمكردنەوە تا‌ كاریگەریی نەكاتە سەر تۆڕە‌كانی كارەبا، چونكە هەم خۆیان زەرەرمەند دەبن و هەمیش فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا و كۆنترۆڵی كارەبا بە خۆیانەوە سەرقاڵ دەكەن.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، بە هاتنی سەرما و سۆڵە و نزیكبوونەوەی وەرزی زستان، لۆد لەسەر تۆڕەكانی كارەبا زیادی كردووە، ئەوە وایكرد كە وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆنترۆڵكردنی زیاتری كارەبا و كەمكردنەوەی بچڕانی كارەبا لە وەرزی زستان، بڕیاری كەمكردنەوەی ئەمپێری كارەبای ماڵان لە ٤٠ ئەمپێرەوە بۆ ٣٠ ئەمپێر بدات.

ئاماژە بە ئەوەش كراوە، هەرچەندە ئەم كەمكردنەوەیە تەنیا بۆ ئەم وەرزەی سەرمایە دەبێت و بە گۆڕانی كەشوهەوا ئاستی پێدانی كارەباكە دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، بەڵام هاووڵاتیانیش لەم بارەوە پێویستە ڕەچاوی ئەم كەمكردنەوەیە بكەن و خۆیان لەگەڵ دۆخەكە ڕابهێنن.

لەو بارەیەوە تاڤگە عومەر كاكەسوور، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێری یەك بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی ڕاگەیاندووە، ئێستا لەبەر سەرما، هەموو قورساییەك كەوتووەتە سەر تۆڕە‌كانی كارەبا، بەمەش لۆدێكی زۆر دروست بووە، بەشێوەیەك هەم كارەبای كەم كردووەتەوە و هەمیش كێشەی تەكنیكی بۆ دروست كردووین. بڕیارەكەی وەزارەتی كارەباش بە مەبەستی باشتر دابەشكردنی كارەبا و زیاتركردنی كاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانییە.

بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێری یەك لەبارەی هەماهەنگیی هاووڵاتیان و هاوكاریكردنیان لەگەڵ وەزارەتی كارەبا دەڵێت: “پێویستە هاووڵاتیان كارەبا بۆ ڕووناكی بەكار بهێنن نەوەك بۆ گەرما، تا‌ كاریگەریی نەكاتە سەر تۆڕە‌كانی كارەبا، چونكە هەم خۆیان زەرەرمەند دەبن و هەمیش فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا و كۆنترۆڵی كارەبا بە خۆیانەوە سەرقاڵ دەكەن”.

پسپۆڕێكی تایبەت بە كارەبا بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری كە پێگەی فەرمی حكومەت بەڕێوە دەبات، گووتی “هۆكار زۆرن بۆ بەفیڕۆچوونی وزەی كارەبا، بۆ نموونە كێبڵ و تۆڕی خراپ لەناو خودی ماڵی هاووڵاتیان، دووری مەودای نێوان ماڵ و وێستگەكانی كارەبا، نەزانینی چۆنییەتی بەكارهێنانی ئامێرەكان و …، بۆیە پێشنیاری ئەم پسپۆڕە لەم بوارەدا ئەوە بوو كە:
یەكەم: پێویستە هاووڵاتیان فێری كلتوری بەكارهێنانی ئامێرەكانی كارەبا بن.
دووەم: پێویستە ڕوانگەیەكی گشتی و هەمەلایەنە دروست بێت بە مەبەستی هۆشیاری دەستگرتن بە كارەبای نیشتمانییەوە.

 

سلێمانی.. بەهۆی لێچوونی غازەوە هۆڵێكی وەرزشی داخرا
پێشت سلێمانی.. بەهۆی لێچوونی غازەوە هۆڵێكی وەرزشی داخرا
ئەمڕۆ لە مۆندیالی قەتەر دوو یاری ئەنجام دەدەرێن
دواتر ئەمڕۆ لە مۆندیالی قەتەر دوو یاری ئەنجام دەدەرێن
ەیوەندیدار