ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

لێخۆشبوونێكی بۆ سوود و سزاكان دەركرد
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ڕاگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، كە بارزانی بە عەبادی وتووە، “بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە یەكخستنی مووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە هەرێم لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكوومەتی فیدراڵی، جێبەجێ بكات”.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە، وەزیری دارایی و ئابووری ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی وەزارەت بۆ داڕشتنی پرۆژە بودجەی ساڵی 2019 پێشكەش كرد كە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ـەوە بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پڕۆژەیە ئەمادە نەكراوە.

جەختیشی كردۆتەوە، كە ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری پەسەند كرد سەبارەت لێخۆشبوون لە سوود و سزاكانی دواكەوتن لەسەر ئەو كەسانەی قەرزاری پێدانی كرێ و بەدەلی موڵك و ماڵی دەوڵەتن بە مەرجێك لە ماوەی (90) ڕۆژی كاردا تەواوی كرێ و بەدەلی ساڵانی پێشوویان بدەن بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 7/8/2018، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، كۆبووەوە.

سەرەتا بەڕێز سەرۆك وەزیران دەربارەی دوا سەردانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند هەردوولامان لەسەر بەردەوامبوونی دیالۆگ و هامەهەنگیی هەولێر و بەغدا هاوڕا بووین و داوامان كرد بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە یەكخستنی مووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە هەرێم لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكوومەتی فیدراڵی، جێبەجێ بكات.

بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا كە هەردوولا دەربارەی كردنەوەی ڕێگەكانی نێوان هەولێر كەركووك و ئامادەییی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنەدەروەی نەوتی كەركووك، گفتوگۆیان كردووە. دەربارەی حكوومەتی داهاتووی عێراقیش دووپاتیان كردەوە كە هەرێمی كوردستان ڤیتۆی لەسەر كەس نییە و ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە بەرنامەی كاری حكوومەتە كە هاوكار و هەماهەنگ بێت بە ئاراستەی بەرجەستەكردنی ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوولا.

دواتر بەڕێزان مەحموود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و د. ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، دەربارەی دوا پێشهاتەكانی بابەتی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعش دژ بە ئێزدی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی دیكە و دوا بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارە (٢٣٧٩)، سەبارەت بە پێكهێنانی تیمی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش، ڕاپۆرتێكیان پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كرد.

ئەنجومەنی وەزیران ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی ئاسایشی بەرز نرخاند و بە هەنگاوێكی گرنگی زانی بۆ بەرەوپێشچوونی دۆسیەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعش دژ بە ئێزدی و مەسیحی و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی دیكە، هەروەها لیژنەی باڵای بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعشی راسپارد هەماهەنگی لەگەڵ ئەو تیمە نێودەوڵەتییە بكەن.

بەڕێز سەرۆك وەزیران لیژنەكەی ڕاسپارد هەموو ئەو بەڵگانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا كۆكراونەتەوە، بخرێنە بەردەست تیمەكە بە ئامانجی بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید بۆ ئەوەی قوربانیانی ئێزیدی و مەسیحی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی دیكە لە قەرەبووكرنەوەی زیانەكانیان سوودمەند بن. داوا لە حكوومەتی عێراقیش كرا ڕەچاوی هاوبەشیپێكردنی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان بكرێت لە دادوەر و یاساناس و شارەزایانی ئەو بوارە لە كاتی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر بەردەوامبوونی سیاسەتی خۆی سەبارەت بە پاراستنی ماف و ئازادییە ئاینییەكان كردەوە، كە لە بنچینە سەرەكییەكانی مافەكانی مرۆڤن، باوەڕیشی وایە هەر هاووڵاتییەك مافی پارێزراوە لە هەڵبژاردنی باوەڕی ئایینیی خۆی، هەرێمی كوردستان هەمەڕەنگێكە لە پێكهاتەی ئایینی و نەتەوییی جیاواز و هێزیشی لەو هەمەڕەنگییەدایە، بۆیە حكوومەت بەردەوام دەبێت لە پاراستنی هەرێمی كوردستان وەك شوێنێكی ئارام بۆ كۆمەڵگا.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا، بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی وەزارەت بۆ داڕشتنی پرۆژە بودجەی ساڵی 2019 پێشكەش كرد كە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ـەوە بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پڕۆژەیە ئەمادە نەكراوە. باسی لەو هەنگاوانەش كرد كە بۆ خەمڵاندنی داهاتە گشتییەكان و خەرجییەكان ناویەتی و لەگەڵ وەزارەتەكان دەستیان بە گفتوگۆ كردووە. ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی كرد و داوای لە وەزیرە بەڕێزەكان كرد لەم بارەیەوە هاماهەنگی لەگەڵ هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پلاندانان بكەن.

لە بڕگەیەكی دیكەی كارنامەی كۆبونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری پەسەند كرد سەبارەت لێخۆشبوون لە سوود و سزاكانی دواكەوتن لەسەر ئەو كەسانەی قەرزاری پێدانی كرێ و بەدەلی موڵك و ماڵی دەوڵەتن بە مەرجێك لە ماوەی (90) ڕۆژی كاردا تەواوی كرێ و بەدەلی ساڵانی پێشوویان بدەن بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.

ئابوری

ئێران لە دابەزینی بەهای تمەن قازانجێكی گەورە دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
شارەزایەكی بواری ئابووری ئێرانی ئاشكرای دەكات، كە ئێران خۆی بە مەبەست ڕێگەی داوە بەهای تمەن دابەزێت و دەشڵێت: “ئێران بەو دۆلارەی هەیەتی لەكاتی دابەزینی تمەن، توانیویانە تمەنێكی زۆر بكڕنەوە و پارەیەكی زۆریان دەستكەوتووە”.

میهرداد عیمادی، ئابووریناسی ئێران ‌و سەرۆكی بەشی لێكۆڵینەوەی مەترسیەكانی نەوت لە دامەزراوەی ڕاوێژكاری (بیتا ماتریكس) لە لەندەن بە (ڕۆیتەرز)ی ڕاگەیاندوە، ئێران خۆی بە مەبەست ڕێگەی داوە لەماوەكانی ڕابردووی ئەمساڵدا بەهای تمەن دابەزێت، چونكە توانیویانە بەو دۆلارەی لە فرۆشتنی نەوت دەستیان دەكەوێت، تمەنی پێ بكڕنەوە.

ڕاشیگەیاندووە، كاتێك نرخی تمەن زۆر دابەزیووە‌ و 100 دۆلار گەیشتۆتە ملیۆنێك ‌و 900 هەزار تمەن، ئێران بە پارەی فرۆشتنی نەوت تمەنێكی زۆری كڕیوەتەوە و بەمەش پارەیەكی زۆریان دەستكەوتووە ‌و وەكو سەرمایە داویانە بە بانكە حكومیەكان‌ و سندوقی خانەنشینی، بۆیە لە ئێستادا بەهای تمەنیان گەڕاندۆتەوە بۆ ئەو ئاستەی خۆیان بە باشی دەزانن.

ئەو ئابووریناسە ئاماژەی بەوەشكردووە، هەرچەندە نرخی تمەن بەرزبۆتەوە، بەڵام ئەو دراوە لەساڵی 2019دا بەهۆی نرخی نەوت ‌و كاریگەری سزاكانی ئەمریكاوە، ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبێتەوە.

لە مانگی ئەیلولی ڕابردووەوە ئەمریكا گەڕاندنەوەی سزاكانی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند و ڕێكەوتننامە ئەتۆمیەكەی هەڵوەشاندەوە و لە 5ی مانگی ڕابردووشەوە بەشی دووەمی سزاكانی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندەوە، كە بە “سزا قورسەكان” ناسراوە و خرایە سەر كەرتی نەوت و دراو و بانكی ئێران و بەهۆیەوە بەهای تمەن بەشێوەیەكی بەرچاو شكا و بەهای 100 دۆلار تا ملیۆنێك و 900 هەزار تمەن بەرزبووەوە.

ئیبراهیم غەفور، خاوەنی نووسینگەی نەشوان لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، كە هۆكاری سەرلەنوێ‌ بەرزبوونەوەی بەهای تمەن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە حكومەت و بانكی ناوەندی ئێران بەردەوام ئاڵتون دەفرۆشێت و بەوەش جۆرێك لە دڵنیایی بۆ ئەو دراوە دروست كردووە و نەیهێشتووە زیاتر دابەزێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار بە ملیۆنێك تمەن ئاڵوگۆڕی پێوەكراوە و بەراورد بە ماوەی ڕابردوو بەهاكەی بەرزبۆتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

بەهۆی سەری ساڵەوە مووچە پێش دەكەوێت؟
وەزارەتی دارایی ڕوونكردنەوە لەسەر خشتەی مووچەی فەرمانبەران دەدات

خەڵك – بەشی هەواڵ
سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 317 ملیار دینارەكەی بەغدا دەگاتە هەرێم، وەك حەوت مانگی پێشوو مووچە بە هەمان خشتە دابەشدەكرێت و 27ی مانگ كۆتایی بەدابەشكردن دێت.

سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم تایبەت بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دابەشكردنی مووچە بەردەوامە و وەك حەوت مانگی پێشوو هەموو 30 ڕۆژ جارێك مووچە دەدرێتە فەرمانبەران.

سەبارەت بە ئەگەری پێشخستنی مووچە بەهۆی سەری ساڵەوە ئەو سەرچاوەیە وتیشی، “ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بڕی 317 ملیار دینارەكەی عیراق دەگاتە هەرێم و تا 27ی مانگ تەواوی مووچەخۆران مووچەكانیان وەردەگرن، هیچ گۆڕانكارییەكیش بەسەر لیستەكەدا نەهاتووە”.

ڕاشیگەیاند، ئەگەر لیستی مووچەی وەزارەتێك ئامادە نەبێت یان ڕۆژی پشووی بكەوێتە بەر، ئەگەرنا وادەی مووچە بۆ هەر وەزارەتێك وەك مانگەكانی پێشوو دەبێت.

ئاشكراشی كرد، سبەینێ‌ یەك شەممە 16-12-2018 مووچەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و كەمئەندامان و وەزارەتی داد خەرجدەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم: بێكاری بۆتە هۆی سەرهەڵدانی كاری نایاسایی

خەڵك-یەحیا حبیب

دیاردەی گۆشتفرۆشی لە نزیك ڕێگا سەرەكیەكانی هاتووچۆ لە سنوری قەزای شارەزوور بەردەوامی هەیە، كە لە ڕوی تەندروستی و یاساییەوە ڕێگە پێنەدراوە، بەڕێوبەری ناحیەی وارماوا ئاشكرای دەكات، “بێكاری ئەوەی دروست كردووە و وێڕای ئەوەی، كە زەرەرێكی زۆریان لە ڕوی مادیەوە پێدەگات، بەڵام بەردەوامن لە سەری”.

كامەران عەبدوڵا، بەڕێوبەری ناحیەی وارماوا لە قەزای شارەزوور لە لێدوانێكیدا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “بەداخەوە قەسابەكانی سەر ڕێگاكان بەردەوامی هەیە، بەردەوام لیژنەكانمان دەردەكەین بۆ ئەو شوێنانە و ئەو كەسانەی، كە ئەو كارە دەكەن دەست بەسەر دەكرێن و ئەو گۆشتەی پێیانە لە ناوی دەبەین، دواتر بەڵێننامەیان پێ پڕدەكەینەوە، كە جارێكی تر دووبارەی نەكەنەوە و لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی دەدرێنە دادگا”.

وتیشی، “بەداخەوە چونكە بێكاری دەردێكی كوشندەیە ئەم هاوڵاتیانەش لە تاو بێكاری ئەم كارە دەكەن وێڕای ئەوەی ئێمە دەستگیریان دەكەین و زەرەرێكی زۆریش دەكەن، بەڵام هەر بەردەوامن لە ئەنجامدانی كاری گۆشتفرۆشی لەسەر ڕێگاكان، كە ناتەندروست و نایاساییە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “بەڵام دەبێت هاوڵاتیان ئەوەندە هۆشیاریان هەبێت، كە ئەو گۆشتانەی لە قەراغی ڕێگاكانن نەیكڕن، چونكە ئەوشوێنە نەگونجاوە و زۆربەی ئەو ئاژەڵانەی سەر دەبڕدرێن ئاژەڵی نا تەندروستن”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟
  • وه‌زارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو 84%, 32
    32 84%
    32 - 84% هەموو دەنگەکان
  • وه‌زارەتی دارایی و ئابووری 8%, 3
    3 8%
    3 - 8% هەموو دەنگەکان
  • وه‌زارەتی بازرگانی و پیشه‌سازی 8%, 3
    3 8%
    3 - 8% هەموو دەنگەکان

کوردستان

دوایین