ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

سالار ئەرسەلان بۆ خۆی سوتاند؟

زانكۆ سەردار

 

لەچەند رۆژی رابردوودا كوێبیستی چیرۆكێك بووم بەم شێوەیە “كوڕێكی گەنج لەتاو قەرزای زۆرو فشار خستە سەری بەبەردەوامی لەلایەن خاوەن قەرزەكانەوە، ناچار بەوەی دەكات كۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت‌و لەپاش خۆشی چەند منداڵێك بێ‌ باوك دەكات‌ و ژنێكی گەنجیش رەشپۆش دەكات‌و جەرگی دایكێكیش دەسوتێنێت، لەكاتی بەخاكسپاردنیدا كۆی خاوەن قەرزەكان ئامادە دەبن، لەوساتەدا دایكی گەنجەكە بەدەم هەنسك‌و گریانەوە داوا لەخاوەن قەرزەكان دەكات گەردنی كوڕەكە ئازاد بكەن‌و لێی خۆش ببن، ئەوانیش هەموو پێكەوە گەردنی ئازاد دەكەن‌و لەكۆی پارەكانیان خۆش دەبن”.

پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە، بۆ كاتێك ئەو گەنجە قەرزارە كەلەژیاندا بوو خاوەن قەرزەكان نەیانتوانی فشارەكانیان لەسەری كەم بكەنەوە لەكاتێكدا هەر خودی خاوەن قەرزەكان دەیانزانی دۆخی ئابوری‌و گوزەرانی خەڵكانی توێژی خوارەوە چەندە خراپەو ئەو گەنجەش یەكێكە لەئەندامانی توێژی خوارەوە هەڵبەت ئێستا دوو توێژ لە كۆمەڵگەدایەو توێژی سێیەم كە مامناوەندە بونی نییە، من وای دەبینم، یاخود بۆ خاوەن قەرزەكان نەیانتوانی ڕێگری بكەن لەبێناز كردنی چەند منداڵێك‌و رەشپۆش بوونی ژنێكی گەنج‌و سوتانی جەرگی دایكێك‌و بەزیندوی لەقەرزەكانیان خۆشببن نەك بەمردوویی؟ یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی مرۆڤ لەكۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوەیە كە هەمیشە دەڵێن”زیندوو كوژی مردوو پەرست”.

لەچەند رۆژی رابردوودا كۆمەڵێك نابینا لەڕێگەی بەیاننامەیەكەوە جەختیان لەوە دەكردەوە كە حكومەت سوكایەتی بەخاوەن پێداویستی تایبەت دەكات، ئەوان باسیان لەوە دەكرد بارودۆخی كەمئەندامان گەیشتۆتە ئەو رادەیەی خۆیان لەسەر جادە كاردەكەن بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان، بەڵام حكومەت لەبری هاوكاری سوكایەتیان پێ‌ دەكات‌و بارو گوزەرانی كەمئەندامان گەیشتۆتە رادەیەك كە جەستەی خۆی بكاتە قوربانی، ئەوەش رێك بەنمونەی سالار ئەرسەلان كاتێك لەناوجەرگەی شارۆچكەی چوار قورنەدا ئاگر لەجەستەی خۆی بەردەدات وەك دەربڕینی ناڕەزایەتیەكی گەورە لەدژی سیستەمی حكومڕانی ئەم هەرێمە پێنج ملیۆن كەسیە.

چیرۆكی سالار بەمشێوەیە دەست پێدەكات، ئەو يەكێكە لە پێشمەرگە كۆنەكانی یەكێتی نیشتمانی كە حزبەكەی حزبێكی دەسەڵاتدارە، بەڵام سالار نەك ئەوەی نەیتوانیوە سود لە دەسەڵاتی حزبەكەی وەربگرێت بەڵكو بەپێچەوانەوە بۆتە یەكێك لەقوربانیانی ئەو سیاسەتەی یەكێتی لەناوچەكەدا پەیڕەوی دەكات، سالار خاوەنی سێ منداڵە، كە دووان منداڵەكانی نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیەو هاوسەرەكەشی كەمئەندامە، واتە لە ماڵێكی پێنج كەسیدا چواریان كەم ئەندامن‌ و ئێستاش لەماڵێكی 70 مەتری گڵدا ژیان دەگوزەرێنن، سالاری تەمەن 44 ساڵ كە 57%ی جەستەی سوتاوەو لەنەخۆشخانەی (ئێمرجنسی سلێمانی چارەسەر وەردەگرێت، بەئومێدی چاكبونەوە)، ئەوەی لەپاش خۆستاندنەكەی سالار بینیمان سەردانی بەرپرسانی حكومی‌و حزبی بوو، بەشێوەیەك ئەگەر بهاتایەو بەر لەخۆسوتاندن سالار هەوڵی بدایە هەریەك لەو بەرپرسانە ببینێت (جگە لە بەڕێوەبەری گشتی چاودێری كارو كاروباری كۆمەلایەتی سلێمانی)، ئاسان نەبووە ئەو بەرپرسانە ببینێت كە بەپێی خۆیان چونەتە لای سالار بۆ نەخۆشخانە.

ئەوەی ئەمڕۆ لەژیانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەدا دەگوزەرێت، هیچ نیە جگە لە نەزانین لەبەڕێوەبردنی وڵات‌و هەبوونی نایەكسانی تا ئەوپەڕی قوڵایی، هیچ نیە جگە لە بێ‌ ئەهمیەت سەیر كردنی تاكی كۆمەڵگە لەلایەن ئەو 100 كەسەوەی كە ئەم هەرێمە بەڕێوە دەبەن، هیچ نیە جگە لە بێ رێزكردنی كەسایەتی تاكی كورد لەلایەن خاوەن دەسەڵات‌و تەنانەت حزبەكانی ئەم هەرێمە بەئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵاتەوە.

ساڵی 2018یەو گەنج‌و پیر، ژن‌و پیاو، گەورەو بجوكی ئەم هەرێمە وەرس لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن دەیانەوێت وڵات بەجێبهێڵن‌و دەسەڵاتیش مێش میوانی نیە، لەئێستادا تاكە ئیشی دەسەڵات بەحسابی خۆی گەوجاندنی میللەتێكە لەڕێگەی دەیان جۆر لە سیناریۆ، دۆخی ژیان لەمن مەملەكەتە وای لێهاتووە، شتێك نەماوە بەناوی هەقیقەت لەكاتێكدا ئەگەر جدیترین مەترسیش لەسەر ئاسایشی تاك بوونی هەبێت بەهۆی بێ‌ متمانەیی هاوڵاتیان لەبەرامبەر دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمی كوردستانە، بۆیە لێرەوە ئەوەی دەمێنێتەوە ژیرۆكی پڕ لەناسۆری سالارەكانە كاتێك دەیەوێت ژیانێكی شەرەفمەندانەی هەبێت و هاوسەرو منداڵە نەخۆشەكانی چارەسەر بكات، بێ‌ كوێدانە چارەسەری تەندروستی خۆی، ئاخر سالارەكان لەپێناو ژیانێكی شەرەفمەندانە كوێ بەتەندروستی خۆی نادات‌و وەك هەمیشە خۆی دەكاتە قوربانی، ئەوە چیرۆكی سالار ئەرسەلان بوو.

 

وتار

تەنگژەكانی بەردەم حكومەتی هەرێم

سەروەت تۆفیق

لە رۆژانی رابردوو مانۆڕی دیپلۆماسی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێكردووە، بە ئامانجی ئەوەی پێش قسەو باسكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، كەشی سیاسی هەرێم بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ماوەی رابردوو تێبپەڕێنێت، تا بەهیوای ئەوەی بتوانن لێكتێگەیشتنێكی نوێ لەنێوان لایەنەكان بێتە ئاراوە.

هەرچەندە بەبڕوای بەشێك لە چاودێرانی سیاسی وایان بە گونجاوتر دەزانی، كە پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەبەر ئەنجامی هەڵبژادنی پێشوەختە، یان لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرایە، واتە چاوەڕێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەبوونایە، بەو ماناو دەلیلەی بەشێك لە كێشە ئیدارییەكان كۆتا دەهاتن، ئەم كاری بە وەكالەت كارییە لە وەزارەتەكان و بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان كۆتاییان پێ دەهات، هەم ئەو چەقبەستووی كەمی خزمەتگوزاری و بازاڕ وەستاندنەی بەجۆرێك لە جۆرەكان چارە دەكرد، لەلایەكی ترەوە لانیكەم چاوێك لە حكومەتی ناوەندی كرابایە، كە هەڵبژاردن وەك دیوە دیموكراسییەكەی لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرایە.

لەبەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان و دیفاكتۆی واقعی هەرێمی كوردستانەوە دەردەكەوێت كە حكومەت بە زۆرینە پێكنایەت، بەڵكو دەبێ هێزە ئەساسیەكان پێكەوە حكومەتێكی تاڕادەیەك بنكەفراوان لەو هێزانەی كە مەیلی بەشداری حكومدارێتیان هەیە پێكبهێنن، بۆیە لە ئەگەری بەشداریكردنی (بزووتنەوەی گۆڕان)، ئەوا سێ لایەنەكەی تر (كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ) وا پێدەچێ كە ببنە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە، كە ئایا ئەو هێزانەی كە بەشدار دەبن لە حكومەت بەكارو فعلی بەشدار دەبن و خاوەن دەسەڵات دەبن؟ یان وەك پێشتر دەبیستراو دەوترا، راستە لە حكومەتین، بەڵام شتێكی ئەوتۆمان دەسەڵات نییە … !
ئەم قسەیە، گەر بۆ پێشتر راست بووبێ، ئەوا لە ئێستادا نەخێر، چونكە فەرموون لە دانوستاندنەكان باسی كێشەوگرفتەكان بكەن، چارەیەكی بنەڕەتی بۆ بەشداربوونی كارا بدۆزنەوە، گریمان گەر وانەبێ و بەشداری كاراو فعلی نەبێ، ئەوا لە خراپترین گریمانەدا دوور نییە سیناریۆكانی ساڵانی رابردوو دوبارە ببنەوە، هەرچەندە پێشتر بەو بێ دەسەڵاتییەش دەستلەكاركێشانەوە رووینەدا، بگرە پاساوی جۆراوجۆریشی بۆ دەهێندرایەوە. بۆیە قسەكە ئەوەیە، كە بێ دەسەڵات بووی لە سنوری دەسەڵاتی ئیدارەی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەكان، ئیدی بەشداریكردن لە حكومەت هۆكاری چییەو سودی چییە؟ گەر دەسەڵاتی راستەقینە بەپێی سنووری دەسەڵاتدارێتیش درا بەو هێزانەو كاریان نەكرد، ئەوا بەرپرسیارێتی دەكەوێتە سەرشانیان، و بەشێكی گرنگی حوكومداری دەبن. كە ئەوەش رێگە راستەكەیە.
یاخود دەوترا، كە ئەو هێزانەی بەشدارن لە حكومەت نابێ لە لایەكەوە لە دەسەڵاتدا بن، لە لایەكیترەوە وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵە بكەن، بەڵام دەگونجێت، ئەم فكرەیە بۆ بە دامەزراوەكردن بیركردنەوەیەكی هەڵە نەبێ، واتە دەگونجێ بۆ هەموو هێزەكان، كە پەنا ببەنە بەر ئەم جۆرە مامەڵەكردنە، چونكە كاری دەسەڵاتی جێبەجێكردن جیاوازە لە كاری دەسەڵاتی یاسادانان، بەومانایەی ئەندام پەرلەمان تەنها ئەركی دەركردنی یاساو گفتوگۆكردنی بودجەو دەستخۆشی و پێداهەڵدان و چەپڵەلێدان نییە، بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكردن بۆ ئەو كارانەی كە كردوویانەو دەیكەن، بەڵكو ئەركێكی گەورەتریان هەیە، كەخۆی دەبینێتەوە لە ئەركی چاودێری كردنێكی تۆكمەو كاریگەر بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە، واتە دەبێ كاركردنی حكومەت جیابكرێتەوە، تا باشترین پڕۆژەكان پێشكەش بكات، كە سودی بۆ بەرژەوەندی گشتی و هاووڵاتیان هەبێت و بكرێت.

لەلایەكیترەوە نابێ هێزەكانی ناو دەسەڵات، ئەو هێزانەی دەرەوەی دەسەڵات (ئۆپۆزسیۆن) وەك دوژمن وێنا بكەن و بیانناسن، لەكاتێكدا ئەوانیش دەنگ و رەنگ و متمانەی بەشێك لە هاووڵاتیانیان بەشێوەیەكی شەرعی بەدەستهێناوە، ئەوە جیالەوەی كە لە هەر وڵاتێكدا بوونی ئۆپۆزسیۆن وەك بناغەو كۆڵەكەیەكی گرنگی ئەو كۆمەڵگەو سیستمە حكومداریەتییە دێت، كە لە ژێر سیستمی دیموكراسی گەشەدەكەن و رێز لە راو فكری جیاواز دەگرن، واتە بۆ هاووڵاتی ئەوە گرنگ نییە، كە كێن ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، بەڵكو ئەوە گرنگە بۆی كە كێ رێز لە مافەكانیان دەگرێت، كۆمەڵگە بەرەوپێشەوە دەبات، لەبەر رۆشنایی چەمكەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی و پێشكەوتنی هەمەلایەنەی ئابووری، كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، كولتوری، هێمنی و ئاسایشی گشتی و خزمەتگوزاریە مرۆیی و شارستانییەكانی تر …
پێویستە وردترو باشتر گوێبگرێ لە داخوازی هاووڵاتیان، بەومانایەی چەند ساڵە گەندەڵی هەیەو هەمووان هەواریان لێ بەرزبۆتەوە، كە وانابێ و وا نەكرێ باشە. یان ئەوە رێگە هەڵەكەیەو فەرموون رێگەی دیكەش هەیە …؟! كەچی بەداخەوە گرفتی سەرەكی ئەوەیە، كە ئەو هەموو نوسین، قسەكردن، دیالۆگ، كۆنفراس، دیدار، كۆڕ، كتێب، توێژینەوەی زانستی ئەكادیمیاكان و بڵاوكراوە و كۆبوونەوانەی كەسانی خاوەن ئەزموون و قەڵەمی خەمخۆرو ئەكادیمی دڵسۆزو گەنجانی بەتوانا هەوڵی بۆ دەدەن، تا كۆی پڕۆسەی حكومدارێتی و بەڕێوەبردن دوور لە گەندەڵی و خزم خزمێنەو ناشەفافیەت و بیری تەسكی حزبایەتی لەنێو حكومەت و دەسەڵاتدارێتی مۆدێرن نەهێڵن، كەچی تێبینی دەكرێت كەس و لایەنێك نییە، باش و دڵسۆزانە گوێیان بۆ بگرێت، كە بەرژەوەندی گشتی وادەخوازێت جدی بن لەوكارانە، نەك وانیشان بدرێت كە زۆر سەرسامی ئەم خەڵكە نیەت پاكانە نەبن، چونكە ئەوان جیاوازن بە بەراورد بە كەمینە بەرژەوەندیخوازەكان، كە باكیان بە گوزەران و ژینگەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و بەهێزی حكومەت نییە، لەكاتێكدا كەم نین ئەوانەی كە بە دوور لە كینەو بوغزی سیاسی و شەخسی رێگەی دروست نیشان دەدەن. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە حكومەت بە ویژدانتر لە خەمی گشتی و بەرژەوەندی گشتی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتایی و سەرەكییەكانی هاووڵاتیاندا بێت، واتە لە دروشمەوە بۆ كرداری راستەقینە هەنگاوەكان خێراتر بكرێت.

بەكورتی دۆخی ناوخۆی هەرێم و بەغداو ناوچەكەش وادەخوازێت، كە هەر دەسەڵاتەو كاری خۆی بكات، تەركیز لەسەر چاكردنەوەی هێڵە گشتییە نیشتیمانییەكان بێت، نەك بە لارێدا بردنی تەركیزەكان بەبیانووی جۆراوجۆر، چونكە دەبێ هەموو هێزەكان بێ جیاوازی لەوە تێبگەن، گەر حكومەتێكی بەهێز لە نیشاندانی هاوكاری و كاری پێكەوەی بۆ بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی كۆشش نەكەن، مەسەلەی گەندەڵی و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی چارە نەكرێت، ئەوا ئەم هەڵبژاردنەی تر رێژەی دەنگدان چەندانجار لەوە كەمتر دەبێ، كەبیری لێدەكرێتەوە.

ئەمە خۆی جۆرو وێنەیەكی روونە لەبێ متمانەی نێوان حزبەكان و حكومەت و هاووڵاتیاندا. بۆیە هەلی باش لەبەر دەستدایە، تا كاری پێكەوەی لەنێوان سەرجەم لایەنەكان بكرێت. بۆیە واپێویست دەكات لە راستەوە بۆ چەپ گۆڕانكاری لە كۆی سیستمی ئیدارەداندا بكرێت، بۆ بەرەو باشتربوون و خزمەت لەپێناو گشتی، نەك دەستەو تاقمێكی دیاریكراو، گەر وانەكرێت دوور نییە لە ئایندەدا هاوسەنگی هێز گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت، یاخود هێزگەلی نوێی رادیكاڵ و توند لە پەیام ناردن دروست نەبێ، كە دواجار ئەمەش نەك نابێتە هۆی ئەوەی كە كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵكو كێشەی گەورەتری لێدێتە بەرهەم. بۆیە پێویستەو گرنگە ئەو نائومێدیەی خەڵك بڕەوێتەوەو هەرچی زووترە پێداچوونەوەیەك بەكۆی كێشە هەنووكەییەكاندا بكرێ، چونكە هەم بۆ هاووڵاتیان، هەم بۆ حكومەت و دەسەڵات و حزبەكانی دیكەش قازانج و پڕ بەرهەم دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

بەڵێنی كەسایەتی سیاسی بۆ گرنگە؟

نیان مەحمود

لە سیاسەت و حزبایەتی کردندا،  خاڵێک کە شارەزاییمان لەسەری کەمە و یاخود لای ئێمەی کورد بە گرنگ نەزانراوە دەروونناسی سیاسیە، کە بڕیار وو شکۆی کەسێتی هەرە گرنگترینیانە، کاتێک کەسێک دەبێتە ڕێبەرو ڕابەر، نەتەوەیەک یان چەند نەتەوەیەک ئیدی ژمارەکە وەک دانیشتوان و وەک شوێنکەوتووان هەر چەندبێت چاو لەدەمی كەسایەتی سیاسین .

بۆ سیاسەت کردن لای ئێمە لە دووڕیان دایە؟ چونکە گرنگی گوفتار و بەڵێن لای کەسایەتی سیاسی کوردی لە نزمترین ئاست و چاوەڕوانی هاووڵاتی و هاونیشتیمانیە، ووتەی ڕابەرێک بەبێ (کردە) واتە شکاندنی بەڵێنەکەی، لەدەستدانی متمانەی کەسێتی خودی کەسایەتیەکەیە پاشان کەسایەتیی لە پێگە سیاسیەکەیدا، بۆ هەر مرۆڤێک وتەو بەڵێنی کەسەکەیە کە لەکەسێکی تر جیای دەکاتەوە، خەڵک یا میللەت کاتێک ناتوانێت جیا کاری لەنێوان کەسێتیە سیاسیەکاندا بکات، تووشی باروودۆخێک دەبێت کە دەگاتە بێ باوەڕی بە دۆخ و وڵات و سیستمەکە.

فەلسەفەی بێ فەلسەفەیی لەجۆری سیاسەت کردندا لای ئەحزابی کوردی بەتەواوی بۆتە مۆدێل و مۆرکی حزبیی نائاگایی وە گەورەکردنی چەند نەوە بەبێ پرەنسیپ و هەڵسەنگاندن و ڕەچاونەکردنی کەسایەتی وەک (کەس، مرۆڤ، عاقڵ)وە پێچەوانەی یاسای دەروونی مرۆیی،کاریان وەک كەسایەتی سیاسی وە بەهەند وەرنەگرتنی شکۆ و کەسێتیان لەسەر حیسابی لایەنە سیاسیەکە.

ئەم باسە دەمانگەیەنێتە خاڵێک کە سیاسیە کانمان کەسێتی خۆیان وون دەبێت و هەموو شکۆ و بەڵێنیان سفر دەبێتەوە کاتێک گرنگی یەکەم دەبێتە پێگە و حزب و دەرخستنی ووڵات یا هەرێمەکە بە بێ جێبەجێ کردنی بەڵێن و ئامانجی دیاری کراو، دواجار ئەم بێ متمانەییە یە کە نائومێدی بۆ میللەتێک بێ بەرهەمی ناوخۆیی دێنێت، نەوەی تەمەڵ و بێ بەرهەم و کۆمەڵگەی بێ ئامانج دێتە بەر، هەمیشە چاو لەدەست بۆ سنوورەکان.

بۆسەی ترسناکیش ئەوەیە کوردستان وەک هەمیشە و بەمۆدێلی ڕۆژ گۆڕەپانی ململانێی سیاسەت و جەنگی دراوسێ یە، ئێستا بۆدەرچوون لەم باروودۆخەی خەڵک پێوویستمان بە سەرکردەیە، سەرکردەی کردە،  سەرکردەیەکی چۆن؟ کە لەووتارەکانی داهاتوو خاڵ بەخاڵی ڕیز دەکەین.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

ئایا پەنجا بە پەنجا لەهەرێم ماوە؟

دڵشاد عەبدوڵرەحمان

سەرەتا دەمەوێ لەسەر دەستەواژەی پەنجا بە پەنجا هەڵوەستەیەک بکەم، تەمەنی ئەو دەستەواژەیە بۆ دوای پێکهێنانی کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە، دوای هەڵبژاردنەکانی خولی یەکەمی پەرلەمان (کەڕێژەی لەسەداحەوت دیاری کرابو بۆ ئەوەی هەرحزبێک بتوانێ بچێتە پەرلەمان،دەبوایە ئەو ڕێژەیە تێپەڕێنێ )، تەنها پارتی و یەکێتی توانیان ئەو بەربەستە بشکێنن و دەنگەکانیان زۆر نزیک بوون لەیەکەوە بۆیە پەرلەمان کە لە100 ئەندام پێک هاتبوو (جگەلەئەندامانی کۆتاکان) بەشکرا لەنێوان ئەو دوو حزبە هەریەک پەنجا.

لەسەر هەمان بنەما دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش بەشکرا لەنێوان پارتی و یەکێتی، نەک هەر ئەوەندە دادگای تەمیزی هەرێمیش کەبەرزترین دەسەڵاتی دادوەری بو پەنجا پەنجا بەشکرا.

ئەم حاڵەتی دابەشکاریەی سەرجەم دەستگاکانی تەشریعی و جێبەجێکردن و دادوەری لەهەرێم وایکرد شەهید سامی عەبولڕەحمان بە دەستەواژەی فیفتی پێناسی دەسەڵاتی هەرێم بکات، کە تائێستا بەڕاست و هەڵە بۆتەیەکێک لەناسنامە دیارەکانی حکومەتی هەرێم ئەویش فیفتی فیفتی بوو کە لەئێستادا کوردێنراوە و بۆتە پەنجا بە پەنجا.

فیفتی فیفتی واتای دابەشکردنی وەک یەکی دەسەڵات دێ لەنێوان پارتی و یەکێتی وەمەبەستی ڕەحمەتی سامی عەبدولڕەحمان لەو دەستەواژەیە ئەوە بو کە ئەو دوو حزبە دەسەڵاتیان بۆخۆ یان قۆرخ کردوە و لایەنەکانی تریان کردۆتە دەرەوەی دەسەڵات .

لەو ڕۆژگارەدا ئۆباڵی زۆربەی نەهامەتیەکان ،دەگەڕێنرایەوە بۆ سیاسەتی فیفتی فیفتی، هەر دەرەنجامی ئەو جۆرە دابەشکردنەش بوو کەپارتی یەکگرتووی کوردستان، کە سامی عەبدولڕەحمان سەرکردایەتی دەکرد هەڵوەشایەوە زۆربەیان چوونە ناوپارتی و هەندێکشیان بوون بەیەکێتی.

دوای شەڕی ناوخۆو دروست بونی دوو ئیدارەیی فیفتی فیفتی بوو بە دابەشکردنی جوگرافیای کوردستان بۆ دوو دەسەڵاتی وەک یەک هەریەک لەو دو حزبە، دەسەڵاتی ڕەهای بەسەر جوگرافیای خۆیداهەبوو، دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسەین هەنگاوی گرنگ بۆ یەکگرتنەوەی ئەو دو ئیدارەیەی کە لەسەر جوگرافیای دابەشکراوی هەرێم دروست ببوو نرا .

دەرەنجامی هەوڵەکان پێکهێنانی کابینەی پێنجی حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە، بنەمای یەکگرتنەوەی حکومەت هەر هەمان بنەمابو  کە کابینەی یەکی لەسەر دامەزرابوو ئەویش فیفتی بە فیفتی بوو .

لەسەرهەمان بنەماش پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک کۆماری عێراق بۆ هەریەک لە ڕەوانشاد تاڵەبانی و بەڕێز بارزانی تەرخانکران، دواتر ئەم دابەشکاریە ڕێکەوتننامەی ستراتیجی نێوان پارتی و یەکێتی لەساڵی ۲٠٠۷ ی لێ لە دایک بوو .

ڕێکەوتننامەی ستراتیجی نێوان یەکێتی و پارتی بریتی بو لەڕێکەوتننامەی دابەشکردنی وەک یەکی دەسەڵات و داهات لەهەرێم بەسەرجەم دەزگا تەنفیزی و تەشریعی و دادوەری و ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنیەکانەوە بەسەر خۆیاندا.

هەروەها هەر لەو ڕێکەوتنە پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ بارزانی و سەرۆک کۆمار بۆتاڵەبانی دیاریکران، هەر لەو ڕوانگەیەشەوە بو کە ڕەوانشاد تاڵەبانی سەرکردایەتی هەڵمەتی بانگەشەکردنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی بۆ بارزانی کرد لەساڵی ۲٠٠۹ ، هەر هەمان هۆکاریش بوو وایکرد بەڕێز مەسعود بارزانی سووربێ لەسەر دانانەوەی تاڵەبانی بۆخولی دوەمی سەرۆک کۆماری و شەڕی سەختی لەسەربکات.

ئێستا با ئەو پرسیارە بکەین ،کە ئەم فیفتی فیفتیە تاکەی بەردەوام بوە؟ لەڕاستیدا بەچوونی تاڵەبانی بۆ بەغدا و وەرگرتنی پۆستی هەریەک لەسەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لەلایەن پارتی یەوە ئەو هاوسەنگیە لاسەنگی تێکەوت لەبەرژەوەندی پارتی، بەتایبەت دوای دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەگەرچی بەژمارەی پۆست ئەو دووحزبە وەکو یەک بووبن، بەڵام هەمیشە دەسەڵاتی پارتی زۆر زیاتر بوە لەیەکێتی و ئیدی دەتوانین بڵێین لەکابینەی شەشەوە فیفتی فیفتی نەماو ڕۆڵی سەرۆکایەتی هەرێم زۆر زیاتر بو لەبواری دەسەڵاتی جێبەجێکردندا وەک ئەوەی لەکابینەی پێنج دا هەبوو کە ئەوەش ڕۆڵی پارتی زیاتر دەرخست لەیەکێتی لەبوارەکانی سەربازی و پەیوەندیەکانی دەرەوە و دامەزراندنی ئەو پۆستانەی کەمەرسومی هەرێمی یان دەویست.

کەواتە لەئێستادا بۆ دەگوترێ ئیتر کاتی فیفتی فیفتی نەماوە، کە لەکاتێکدا لەسەر زەمینی واقیع لەو کاتەی یەکێتی بەغدای هەڵبژارد بەرانبەر هەولێر ئیدی فیفتی فیفتی کۆتایی هاتوە بەقازانجی پارتی ئەمەش بەویستی بڕیار بەدەستانی یەکێتی خۆی بوە کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیان لا گرنگتربوە لەدەسەڵاتی هەرێم ،ئیتر چەند ئەم هەڵبژاردنە ڕاست  و دروست بوە یان لەقازانجی یەکێتی و جەماوەرەکەی بوە ئەوە قسەی ئەم وتارەنیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟
  • وه‌زارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو 84%, 32
    32 84%
    32 - 84% هەموو دەنگەکان
  • وه‌زارەتی دارایی و ئابووری 8%, 3
    3 8%
    3 - 8% هەموو دەنگەکان
  • وه‌زارەتی بازرگانی و پیشه‌سازی 8%, 3
    3 8%
    3 - 8% هەموو دەنگەکان

کوردستان

دوایین