ڕۆژی جیهانی كەمئەندامانە و هێشتا نەهامەتییەكانیان بەردەوامە



ئەمڕۆ 3ی كانوونی یەكەم، ڕۆژی جیهانی كەمئەندامانە و چەندین ساڵە بەدەست كۆمەڵێك كێشەوە دەناڵێنن، بەڵام ئاوڕێكی جدی لە ژیان و گوزەرانیان نەدراوەتەوە و سەرەڕای پێدانی مووچەیەكی 50 بۆ 150 هەزار دیناری، تا ئێستا مووچەكانیان زیاد نەكراوە لەكاتێكدا یاسایەك بۆ ماف و ئیمتیازاتەكانیان لە پەرلەمان دەرچووە و حكومەت جێبەجێی ناكات و هاوكات لە ساڵی 2012ەوە تۆماركردنی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕاگیراوە و بە هەزاران كەمئەندام و نەخۆشی شەلەل دەماغ چاوەڕێی بڕینەوەی مووچە دەكەن.

سكرتێری كۆمەڵەی كەمئەندامانی كوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی كەمئەندامانەوە پەیامێك بە هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دەدات و دەڵێت: لەگەڵ كەمئەندامان كۆببنەوە تا لە نزیكەوە گوێتان لێمان بێت”، هاوكات و وەزیرێكی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، بۆ باشكردنی ژیانی كەمئەندامان لە ئەنجوومەنی وەزیران داوامان كردووە مووچەكانیان بەپێی ڕێژەی پەككەوتەیی بێت، كە لە یاساكەدا هەیە، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران پەیوەستیان كردووە بە باشبوونی دۆخی دارایی هەرێمەوە.

ساڵانە و لەگەڵ هاتنی ڕۆژی جیهانی كەمئەندامان بەرپرسان بە بەیاننامە بەڵێنی باشكردنی ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەدەن، بەڵام تەنها وەك بەڵێن دەمێنێتەوە و گوزەرانیان ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت لەكاتێكدا ئەو چین و توێژە توانای كاركردنی دیكەیان نییە و ئەركی حكومەتە ژیانێكی شكۆمەندانەیان بۆ دابین بكات، بەڵام جگە لە هەوڵی خێرخوازان، هەوڵی جدی دیكە بەدی نەكراوە بۆیان.

سامان حسێن، سكرتێری كۆمەڵەی كەمئەندامانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 3-12 ڕۆژی جیهانی كەمئەندامانە و بەو هۆیەشەوە پەیاممان بۆ هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لە (ڕێواز فایەق، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی) هەیە.

ڕاشیگەیاند، داواكارین ئەو بەرپرسانەی هەرێم تەنها لەبەر حورمەتی زیاتر لە (120) هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت پەیامیان هەبێت و هەریەكێكیان لەلای خۆیەوە هەوڵی كۆبوونەوەیەك بدەن لەگەڵ نوێنەری سەرجەم ڕێكخراوە خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان.

وتیشی، “دەمانەوێت لە نزیكەوە داوا و پێشنیار و ڕەخنەكانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بگەیەنن بە بەرپرسانی هەرێم تاوەكو ئاوڕێك لە ژیانیان بدرێتەوە”.

بەپێی یاسای چاكسازی، كە لە ساڵی 2019ەوە دەرچووە، ساڵی ڕابردوو ڕێنمایی دارایی بۆ دەرچوو تاوەكو تەواوی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی مووچەی فەرمانبەری یان خانەنشینییان هەبووە و لە هەمان كاتدا 100 هەزاری مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان هەبووە، بۆیان بخرێتە سەر مووچەكانیان وەك دەرماڵە.

لای خۆشیەوە، كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، لە ساڵی 2012ەوە هیچ خاوەن پێداویستیی نوێ تۆمار نەكرابوو، بۆیە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەك پێكهات و لیستێك ئامادە كراوە، كە 14 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەتی تێدایە و لیژنەیەكی تایبەت پشكنینیان بۆ دەكات.

ڕاشیگەیاند، ئەو كەسانە ئەگەر ڕێژەی كەمئەندامییەكەیان بەپێی ڕێنمایییەكانی وەزارەتی تەندروستی و دارایی بوو، لەڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە فەرمانی تۆماركردن و خەرجكردنی مووچەیان بۆ وەردەگرین.

دەربارەی جێبەجێ‌ كردنی یاسای تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، كوێستان محەمەد وتویەتی، “داواكاری بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە، كە مووچەی خاوەن پێداویستی بە ڕێژەی پەكەوتەییان بێت و بەپێی یاساكەیان، ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی داوینەتەوە و پێمانی ڕاگەیاندووە لەگەڵ باشبونی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان یاساكە جێبەجێ دەكەین”.

ئەمەش لەكاتێكدایە، كە خاوەن پێدوایستییە تایبەتەكان لە سلێمانی لە 11ی تەمموزی 2018، كورسی و دارشەقەكانیان لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی كوردستاندا سووتاند، ئەوەش وەك ناڕەزایەتییەك لەدژی فەرامۆشكردنیان و وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكان و دابین نەكردنی پێداویستییەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.

نرخ بۆ نەوتی ڕووسی دیاریكرا
پێشت نرخ بۆ نەوتی ڕووسی دیاریكرا
عێراق، قەرز لە سەر قەرز دەیداتە هاووڵاتیانی و هەرێمیش قەرزی سەر هاووڵاتیانی وەردەگرێتەوە
دواتر عێراق، قەرز لە سەر قەرز دەیداتە هاووڵاتیانی و هەرێمیش قەرزی سەر هاووڵاتیانی وەردەگرێتەوە
ەیوەندیدار