ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

باشترین بژاردە

 سلێمان عەبدوڵا یونس

 

وێڕای جیابونەوەی حزبی و لەیەکتری ترازانی بەردەوامی ناو گەمەی ھەڵبژاردنەکان، بەڵام ھێشتاش زیاتر لەشتێکی ھاوبەش ھەیە، کەھێزەکانی قەڵەمڕەوی سەوز دەتوانن لەسۆنگەیانەوە، لەناو بلۆکێکی سیاسی ئارەزومەندانەدا، ڕێکەوتنی بۆ بکەن و یەکبگرنەوە.کەلەڕاستیدا ئەمەش باشترین بژاردەی ئەم قۆناغەیە ھەم بۆ قەڵەمڕەوەکە و ھەم بۆ کوردایەتی.

سەروەریەکانی ڕابردووی ئەم قەڵەمڕەوە و خوێن و خەبات و قوربانی ھاوبەش، دەسگرتن بەپێگەی ڕەمزە مێژوویەکان، ھێنانەدی دادپەروەری و دیموکراسی،مافی چارەی خۆنوسین، ،خزمەتکردنی خەڵک، ھەڵسانەوەی کوردایەتی، خواستی گۆڕانی پۆزەتیڤ، فەلسەفەی چەپکەگوڵەکە و ئاکامی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان، ھێشتا ھەر شتەگەلێکی حەتمی ھاوبەشی نێوان ھێز و جەمسەرە ناکۆکەکانی ئەم قەڵەمڕەوەن، کەدەتوانن لەسۆنگەیانەوە، دووبارە لەسەر یەک سەرزەمینی سیاسی ھاوبەش، بۆ بنیاتنانی ئایندە و دەستەبەری قۆناغێکی نوێ ئارەزومەندانە یەکبگرنەوە.

ئەوانەی بەھەرھۆکارێکەوە نەخشیان بوو لەدابەشکاری ئەم قەڵەمڕەوە، لانیکەمی بەرپرسیارێتی ئەخلاقیانە، بۆ ساتێکیش بێت، گیانی قوڵی بەرپرسیارێتی زاڵ بکەن و بەرژەوەندی کەسی و واقعی ئێستای بوغرابون و نائومێدی، کەزادەی سەرکەوتن و ژێرکەوتنی کاتین، بەلاوەبنێن و ئاوڕێک لەژیان و بژێوی خەڵک و شکستی حوکمرانی و پاشەکشەی کوردستان و ھۆکارە خودی و بابەتیەکانی سەرەتاکانی دروستبونی ئەم قەڵەمڕەوە، بەڕێبەرایەتی مامجەلال و ھاوڕێکانی بدەنەوە، بۆئەوەی تێبگەن چۆن لەئێستادا؛ لەھەرکات زیاتر ئەم قەڵەمڕەوە، کەگیان و ژیان و تەمەنی لاوێتی ھەزاران ڕۆڵەی کوردستانی لەپێناودا کراوە بەقوربانی، پێویستی بەھێزی یەکیەتی و لۆجیکی کۆکردنەوەیە، ھەتا پارچە پارچە بوون.

وێڕای دابەشکاریەکانی ڕابردوو، بەڵام دیسان دەرفەتی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەی ئەم قەڵەمڕەوە، دەرفەتێکی زێڕینە، بەتایبەت ھەتا بەشێک لەو سەرکردە خودان ئەزمونانە لەژیاندان، کەخۆیان بەزیاد و کەم، دەوری مێژووییان بوو لەدروستکردنی قەڵەمڕەوەکەدا. چونکە وێڕای لاوانی ھەڵکەوتو، بەڵام دیسان خوێنگەرمی و کاریگەری پەروەردەی دەستەگەری و ئەزمونی کەمی گەنجانی ئەم قەڵەمڕەوە و خواستی تاکڕەویان بۆ سەرکردایەتی و ڕێبەرایەتی، لەغیابی كۆی ڕەمزە مێژوویەکاندا، دەبێت بەمایەی دابەشکاری و لاوازی زیاتر و کەڕەنگە شکستێکی تری کوردایەتی و ڕوخانی یەکجارەکی قەڵەمڕەوەکەش بەدوادابێت، کەمودەتێکە لەناوخۆیی و دەرەوەی خۆیدا چاوی پیلانگێڕیەکی گەورەی لەسەرە.

 

وتار

تەنگژەكانی بەردەم حكومەتی هەرێم

سەروەت تۆفیق

لە رۆژانی رابردوو مانۆڕی دیپلۆماسی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێكردووە، بە ئامانجی ئەوەی پێش قسەو باسكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، كەشی سیاسی هەرێم بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ماوەی رابردوو تێبپەڕێنێت، تا بەهیوای ئەوەی بتوانن لێكتێگەیشتنێكی نوێ لەنێوان لایەنەكان بێتە ئاراوە.

هەرچەندە بەبڕوای بەشێك لە چاودێرانی سیاسی وایان بە گونجاوتر دەزانی، كە پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەبەر ئەنجامی هەڵبژادنی پێشوەختە، یان لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرایە، واتە چاوەڕێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەبوونایە، بەو ماناو دەلیلەی بەشێك لە كێشە ئیدارییەكان كۆتا دەهاتن، ئەم كاری بە وەكالەت كارییە لە وەزارەتەكان و بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان كۆتاییان پێ دەهات، هەم ئەو چەقبەستووی كەمی خزمەتگوزاری و بازاڕ وەستاندنەی بەجۆرێك لە جۆرەكان چارە دەكرد، لەلایەكی ترەوە لانیكەم چاوێك لە حكومەتی ناوەندی كرابایە، كە هەڵبژاردن وەك دیوە دیموكراسییەكەی لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرایە.

لەبەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان و دیفاكتۆی واقعی هەرێمی كوردستانەوە دەردەكەوێت كە حكومەت بە زۆرینە پێكنایەت، بەڵكو دەبێ هێزە ئەساسیەكان پێكەوە حكومەتێكی تاڕادەیەك بنكەفراوان لەو هێزانەی كە مەیلی بەشداری حكومدارێتیان هەیە پێكبهێنن، بۆیە لە ئەگەری بەشداریكردنی (بزووتنەوەی گۆڕان)، ئەوا سێ لایەنەكەی تر (كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ) وا پێدەچێ كە ببنە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە، كە ئایا ئەو هێزانەی كە بەشدار دەبن لە حكومەت بەكارو فعلی بەشدار دەبن و خاوەن دەسەڵات دەبن؟ یان وەك پێشتر دەبیستراو دەوترا، راستە لە حكومەتین، بەڵام شتێكی ئەوتۆمان دەسەڵات نییە … !
ئەم قسەیە، گەر بۆ پێشتر راست بووبێ، ئەوا لە ئێستادا نەخێر، چونكە فەرموون لە دانوستاندنەكان باسی كێشەوگرفتەكان بكەن، چارەیەكی بنەڕەتی بۆ بەشداربوونی كارا بدۆزنەوە، گریمان گەر وانەبێ و بەشداری كاراو فعلی نەبێ، ئەوا لە خراپترین گریمانەدا دوور نییە سیناریۆكانی ساڵانی رابردوو دوبارە ببنەوە، هەرچەندە پێشتر بەو بێ دەسەڵاتییەش دەستلەكاركێشانەوە رووینەدا، بگرە پاساوی جۆراوجۆریشی بۆ دەهێندرایەوە. بۆیە قسەكە ئەوەیە، كە بێ دەسەڵات بووی لە سنوری دەسەڵاتی ئیدارەی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەكان، ئیدی بەشداریكردن لە حكومەت هۆكاری چییەو سودی چییە؟ گەر دەسەڵاتی راستەقینە بەپێی سنووری دەسەڵاتدارێتیش درا بەو هێزانەو كاریان نەكرد، ئەوا بەرپرسیارێتی دەكەوێتە سەرشانیان، و بەشێكی گرنگی حوكومداری دەبن. كە ئەوەش رێگە راستەكەیە.
یاخود دەوترا، كە ئەو هێزانەی بەشدارن لە حكومەت نابێ لە لایەكەوە لە دەسەڵاتدا بن، لە لایەكیترەوە وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵە بكەن، بەڵام دەگونجێت، ئەم فكرەیە بۆ بە دامەزراوەكردن بیركردنەوەیەكی هەڵە نەبێ، واتە دەگونجێ بۆ هەموو هێزەكان، كە پەنا ببەنە بەر ئەم جۆرە مامەڵەكردنە، چونكە كاری دەسەڵاتی جێبەجێكردن جیاوازە لە كاری دەسەڵاتی یاسادانان، بەومانایەی ئەندام پەرلەمان تەنها ئەركی دەركردنی یاساو گفتوگۆكردنی بودجەو دەستخۆشی و پێداهەڵدان و چەپڵەلێدان نییە، بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكردن بۆ ئەو كارانەی كە كردوویانەو دەیكەن، بەڵكو ئەركێكی گەورەتریان هەیە، كەخۆی دەبینێتەوە لە ئەركی چاودێری كردنێكی تۆكمەو كاریگەر بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە، واتە دەبێ كاركردنی حكومەت جیابكرێتەوە، تا باشترین پڕۆژەكان پێشكەش بكات، كە سودی بۆ بەرژەوەندی گشتی و هاووڵاتیان هەبێت و بكرێت.

لەلایەكیترەوە نابێ هێزەكانی ناو دەسەڵات، ئەو هێزانەی دەرەوەی دەسەڵات (ئۆپۆزسیۆن) وەك دوژمن وێنا بكەن و بیانناسن، لەكاتێكدا ئەوانیش دەنگ و رەنگ و متمانەی بەشێك لە هاووڵاتیانیان بەشێوەیەكی شەرعی بەدەستهێناوە، ئەوە جیالەوەی كە لە هەر وڵاتێكدا بوونی ئۆپۆزسیۆن وەك بناغەو كۆڵەكەیەكی گرنگی ئەو كۆمەڵگەو سیستمە حكومداریەتییە دێت، كە لە ژێر سیستمی دیموكراسی گەشەدەكەن و رێز لە راو فكری جیاواز دەگرن، واتە بۆ هاووڵاتی ئەوە گرنگ نییە، كە كێن ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، بەڵكو ئەوە گرنگە بۆی كە كێ رێز لە مافەكانیان دەگرێت، كۆمەڵگە بەرەوپێشەوە دەبات، لەبەر رۆشنایی چەمكەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی و پێشكەوتنی هەمەلایەنەی ئابووری، كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، كولتوری، هێمنی و ئاسایشی گشتی و خزمەتگوزاریە مرۆیی و شارستانییەكانی تر …
پێویستە وردترو باشتر گوێبگرێ لە داخوازی هاووڵاتیان، بەومانایەی چەند ساڵە گەندەڵی هەیەو هەمووان هەواریان لێ بەرزبۆتەوە، كە وانابێ و وا نەكرێ باشە. یان ئەوە رێگە هەڵەكەیەو فەرموون رێگەی دیكەش هەیە …؟! كەچی بەداخەوە گرفتی سەرەكی ئەوەیە، كە ئەو هەموو نوسین، قسەكردن، دیالۆگ، كۆنفراس، دیدار، كۆڕ، كتێب، توێژینەوەی زانستی ئەكادیمیاكان و بڵاوكراوە و كۆبوونەوانەی كەسانی خاوەن ئەزموون و قەڵەمی خەمخۆرو ئەكادیمی دڵسۆزو گەنجانی بەتوانا هەوڵی بۆ دەدەن، تا كۆی پڕۆسەی حكومدارێتی و بەڕێوەبردن دوور لە گەندەڵی و خزم خزمێنەو ناشەفافیەت و بیری تەسكی حزبایەتی لەنێو حكومەت و دەسەڵاتدارێتی مۆدێرن نەهێڵن، كەچی تێبینی دەكرێت كەس و لایەنێك نییە، باش و دڵسۆزانە گوێیان بۆ بگرێت، كە بەرژەوەندی گشتی وادەخوازێت جدی بن لەوكارانە، نەك وانیشان بدرێت كە زۆر سەرسامی ئەم خەڵكە نیەت پاكانە نەبن، چونكە ئەوان جیاوازن بە بەراورد بە كەمینە بەرژەوەندیخوازەكان، كە باكیان بە گوزەران و ژینگەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و بەهێزی حكومەت نییە، لەكاتێكدا كەم نین ئەوانەی كە بە دوور لە كینەو بوغزی سیاسی و شەخسی رێگەی دروست نیشان دەدەن. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە حكومەت بە ویژدانتر لە خەمی گشتی و بەرژەوەندی گشتی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتایی و سەرەكییەكانی هاووڵاتیاندا بێت، واتە لە دروشمەوە بۆ كرداری راستەقینە هەنگاوەكان خێراتر بكرێت.

بەكورتی دۆخی ناوخۆی هەرێم و بەغداو ناوچەكەش وادەخوازێت، كە هەر دەسەڵاتەو كاری خۆی بكات، تەركیز لەسەر چاكردنەوەی هێڵە گشتییە نیشتیمانییەكان بێت، نەك بە لارێدا بردنی تەركیزەكان بەبیانووی جۆراوجۆر، چونكە دەبێ هەموو هێزەكان بێ جیاوازی لەوە تێبگەن، گەر حكومەتێكی بەهێز لە نیشاندانی هاوكاری و كاری پێكەوەی بۆ بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی كۆشش نەكەن، مەسەلەی گەندەڵی و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی چارە نەكرێت، ئەوا ئەم هەڵبژاردنەی تر رێژەی دەنگدان چەندانجار لەوە كەمتر دەبێ، كەبیری لێدەكرێتەوە.

ئەمە خۆی جۆرو وێنەیەكی روونە لەبێ متمانەی نێوان حزبەكان و حكومەت و هاووڵاتیاندا. بۆیە هەلی باش لەبەر دەستدایە، تا كاری پێكەوەی لەنێوان سەرجەم لایەنەكان بكرێت. بۆیە واپێویست دەكات لە راستەوە بۆ چەپ گۆڕانكاری لە كۆی سیستمی ئیدارەداندا بكرێت، بۆ بەرەو باشتربوون و خزمەت لەپێناو گشتی، نەك دەستەو تاقمێكی دیاریكراو، گەر وانەكرێت دوور نییە لە ئایندەدا هاوسەنگی هێز گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت، یاخود هێزگەلی نوێی رادیكاڵ و توند لە پەیام ناردن دروست نەبێ، كە دواجار ئەمەش نەك نابێتە هۆی ئەوەی كە كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵكو كێشەی گەورەتری لێدێتە بەرهەم. بۆیە پێویستەو گرنگە ئەو نائومێدیەی خەڵك بڕەوێتەوەو هەرچی زووترە پێداچوونەوەیەك بەكۆی كێشە هەنووكەییەكاندا بكرێ، چونكە هەم بۆ هاووڵاتیان، هەم بۆ حكومەت و دەسەڵات و حزبەكانی دیكەش قازانج و پڕ بەرهەم دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

بەڵێنی كەسایەتی سیاسی بۆ گرنگە؟

نیان مەحمود

لە سیاسەت و حزبایەتی کردندا،  خاڵێک کە شارەزاییمان لەسەری کەمە و یاخود لای ئێمەی کورد بە گرنگ نەزانراوە دەروونناسی سیاسیە، کە بڕیار وو شکۆی کەسێتی هەرە گرنگترینیانە، کاتێک کەسێک دەبێتە ڕێبەرو ڕابەر، نەتەوەیەک یان چەند نەتەوەیەک ئیدی ژمارەکە وەک دانیشتوان و وەک شوێنکەوتووان هەر چەندبێت چاو لەدەمی كەسایەتی سیاسین .

بۆ سیاسەت کردن لای ئێمە لە دووڕیان دایە؟ چونکە گرنگی گوفتار و بەڵێن لای کەسایەتی سیاسی کوردی لە نزمترین ئاست و چاوەڕوانی هاووڵاتی و هاونیشتیمانیە، ووتەی ڕابەرێک بەبێ (کردە) واتە شکاندنی بەڵێنەکەی، لەدەستدانی متمانەی کەسێتی خودی کەسایەتیەکەیە پاشان کەسایەتیی لە پێگە سیاسیەکەیدا، بۆ هەر مرۆڤێک وتەو بەڵێنی کەسەکەیە کە لەکەسێکی تر جیای دەکاتەوە، خەڵک یا میللەت کاتێک ناتوانێت جیا کاری لەنێوان کەسێتیە سیاسیەکاندا بکات، تووشی باروودۆخێک دەبێت کە دەگاتە بێ باوەڕی بە دۆخ و وڵات و سیستمەکە.

فەلسەفەی بێ فەلسەفەیی لەجۆری سیاسەت کردندا لای ئەحزابی کوردی بەتەواوی بۆتە مۆدێل و مۆرکی حزبیی نائاگایی وە گەورەکردنی چەند نەوە بەبێ پرەنسیپ و هەڵسەنگاندن و ڕەچاونەکردنی کەسایەتی وەک (کەس، مرۆڤ، عاقڵ)وە پێچەوانەی یاسای دەروونی مرۆیی،کاریان وەک كەسایەتی سیاسی وە بەهەند وەرنەگرتنی شکۆ و کەسێتیان لەسەر حیسابی لایەنە سیاسیەکە.

ئەم باسە دەمانگەیەنێتە خاڵێک کە سیاسیە کانمان کەسێتی خۆیان وون دەبێت و هەموو شکۆ و بەڵێنیان سفر دەبێتەوە کاتێک گرنگی یەکەم دەبێتە پێگە و حزب و دەرخستنی ووڵات یا هەرێمەکە بە بێ جێبەجێ کردنی بەڵێن و ئامانجی دیاری کراو، دواجار ئەم بێ متمانەییە یە کە نائومێدی بۆ میللەتێک بێ بەرهەمی ناوخۆیی دێنێت، نەوەی تەمەڵ و بێ بەرهەم و کۆمەڵگەی بێ ئامانج دێتە بەر، هەمیشە چاو لەدەست بۆ سنوورەکان.

بۆسەی ترسناکیش ئەوەیە کوردستان وەک هەمیشە و بەمۆدێلی ڕۆژ گۆڕەپانی ململانێی سیاسەت و جەنگی دراوسێ یە، ئێستا بۆدەرچوون لەم باروودۆخەی خەڵک پێوویستمان بە سەرکردەیە، سەرکردەی کردە،  سەرکردەیەکی چۆن؟ کە لەووتارەکانی داهاتوو خاڵ بەخاڵی ڕیز دەکەین.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

ئایا پەنجا بە پەنجا لەهەرێم ماوە؟

دڵشاد عەبدوڵرەحمان

سەرەتا دەمەوێ لەسەر دەستەواژەی پەنجا بە پەنجا هەڵوەستەیەک بکەم، تەمەنی ئەو دەستەواژەیە بۆ دوای پێکهێنانی کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە، دوای هەڵبژاردنەکانی خولی یەکەمی پەرلەمان (کەڕێژەی لەسەداحەوت دیاری کرابو بۆ ئەوەی هەرحزبێک بتوانێ بچێتە پەرلەمان،دەبوایە ئەو ڕێژەیە تێپەڕێنێ )، تەنها پارتی و یەکێتی توانیان ئەو بەربەستە بشکێنن و دەنگەکانیان زۆر نزیک بوون لەیەکەوە بۆیە پەرلەمان کە لە100 ئەندام پێک هاتبوو (جگەلەئەندامانی کۆتاکان) بەشکرا لەنێوان ئەو دوو حزبە هەریەک پەنجا.

لەسەر هەمان بنەما دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش بەشکرا لەنێوان پارتی و یەکێتی، نەک هەر ئەوەندە دادگای تەمیزی هەرێمیش کەبەرزترین دەسەڵاتی دادوەری بو پەنجا پەنجا بەشکرا.

ئەم حاڵەتی دابەشکاریەی سەرجەم دەستگاکانی تەشریعی و جێبەجێکردن و دادوەری لەهەرێم وایکرد شەهید سامی عەبولڕەحمان بە دەستەواژەی فیفتی پێناسی دەسەڵاتی هەرێم بکات، کە تائێستا بەڕاست و هەڵە بۆتەیەکێک لەناسنامە دیارەکانی حکومەتی هەرێم ئەویش فیفتی فیفتی بوو کە لەئێستادا کوردێنراوە و بۆتە پەنجا بە پەنجا.

فیفتی فیفتی واتای دابەشکردنی وەک یەکی دەسەڵات دێ لەنێوان پارتی و یەکێتی وەمەبەستی ڕەحمەتی سامی عەبدولڕەحمان لەو دەستەواژەیە ئەوە بو کە ئەو دوو حزبە دەسەڵاتیان بۆخۆ یان قۆرخ کردوە و لایەنەکانی تریان کردۆتە دەرەوەی دەسەڵات .

لەو ڕۆژگارەدا ئۆباڵی زۆربەی نەهامەتیەکان ،دەگەڕێنرایەوە بۆ سیاسەتی فیفتی فیفتی، هەر دەرەنجامی ئەو جۆرە دابەشکردنەش بوو کەپارتی یەکگرتووی کوردستان، کە سامی عەبدولڕەحمان سەرکردایەتی دەکرد هەڵوەشایەوە زۆربەیان چوونە ناوپارتی و هەندێکشیان بوون بەیەکێتی.

دوای شەڕی ناوخۆو دروست بونی دوو ئیدارەیی فیفتی فیفتی بوو بە دابەشکردنی جوگرافیای کوردستان بۆ دوو دەسەڵاتی وەک یەک هەریەک لەو دو حزبە، دەسەڵاتی ڕەهای بەسەر جوگرافیای خۆیداهەبوو، دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسەین هەنگاوی گرنگ بۆ یەکگرتنەوەی ئەو دو ئیدارەیەی کە لەسەر جوگرافیای دابەشکراوی هەرێم دروست ببوو نرا .

دەرەنجامی هەوڵەکان پێکهێنانی کابینەی پێنجی حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە، بنەمای یەکگرتنەوەی حکومەت هەر هەمان بنەمابو  کە کابینەی یەکی لەسەر دامەزرابوو ئەویش فیفتی بە فیفتی بوو .

لەسەرهەمان بنەماش پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک کۆماری عێراق بۆ هەریەک لە ڕەوانشاد تاڵەبانی و بەڕێز بارزانی تەرخانکران، دواتر ئەم دابەشکاریە ڕێکەوتننامەی ستراتیجی نێوان پارتی و یەکێتی لەساڵی ۲٠٠۷ ی لێ لە دایک بوو .

ڕێکەوتننامەی ستراتیجی نێوان یەکێتی و پارتی بریتی بو لەڕێکەوتننامەی دابەشکردنی وەک یەکی دەسەڵات و داهات لەهەرێم بەسەرجەم دەزگا تەنفیزی و تەشریعی و دادوەری و ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنیەکانەوە بەسەر خۆیاندا.

هەروەها هەر لەو ڕێکەوتنە پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ بارزانی و سەرۆک کۆمار بۆتاڵەبانی دیاریکران، هەر لەو ڕوانگەیەشەوە بو کە ڕەوانشاد تاڵەبانی سەرکردایەتی هەڵمەتی بانگەشەکردنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی بۆ بارزانی کرد لەساڵی ۲٠٠۹ ، هەر هەمان هۆکاریش بوو وایکرد بەڕێز مەسعود بارزانی سووربێ لەسەر دانانەوەی تاڵەبانی بۆخولی دوەمی سەرۆک کۆماری و شەڕی سەختی لەسەربکات.

ئێستا با ئەو پرسیارە بکەین ،کە ئەم فیفتی فیفتیە تاکەی بەردەوام بوە؟ لەڕاستیدا بەچوونی تاڵەبانی بۆ بەغدا و وەرگرتنی پۆستی هەریەک لەسەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لەلایەن پارتی یەوە ئەو هاوسەنگیە لاسەنگی تێکەوت لەبەرژەوەندی پارتی، بەتایبەت دوای دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەگەرچی بەژمارەی پۆست ئەو دووحزبە وەکو یەک بووبن، بەڵام هەمیشە دەسەڵاتی پارتی زۆر زیاتر بوە لەیەکێتی و ئیدی دەتوانین بڵێین لەکابینەی شەشەوە فیفتی فیفتی نەماو ڕۆڵی سەرۆکایەتی هەرێم زۆر زیاتر بو لەبواری دەسەڵاتی جێبەجێکردندا وەک ئەوەی لەکابینەی پێنج دا هەبوو کە ئەوەش ڕۆڵی پارتی زیاتر دەرخست لەیەکێتی لەبوارەکانی سەربازی و پەیوەندیەکانی دەرەوە و دامەزراندنی ئەو پۆستانەی کەمەرسومی هەرێمی یان دەویست.

کەواتە لەئێستادا بۆ دەگوترێ ئیتر کاتی فیفتی فیفتی نەماوە، کە لەکاتێکدا لەسەر زەمینی واقیع لەو کاتەی یەکێتی بەغدای هەڵبژارد بەرانبەر هەولێر ئیدی فیفتی فیفتی کۆتایی هاتوە بەقازانجی پارتی ئەمەش بەویستی بڕیار بەدەستانی یەکێتی خۆی بوە کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیان لا گرنگتربوە لەدەسەڵاتی هەرێم ،ئیتر چەند ئەم هەڵبژاردنە ڕاست  و دروست بوە یان لەقازانجی یەکێتی و جەماوەرەکەی بوە ئەوە قسەی ئەم وتارەنیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟
  • وه‌زارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو 84%, 32
    32 84%
    32 - 84% هەموو دەنگەکان
  • وه‌زارەتی دارایی و ئابووری 8%, 3
    3 8%
    3 - 8% هەموو دەنگەکان
  • وه‌زارەتی بازرگانی و پیشه‌سازی 8%, 3
    3 8%
    3 - 8% هەموو دەنگەکان

کوردستان

دوایین