ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

هەولێر، 212 تەن كاڵای ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەرگیراوە

خەڵك-ئارام سەردار

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی  10 مانگی ڕابردوو  212 تەن کاڵای ماوە بەسەرچوویان دەست بەسەردا گرتووە، تەنيا لەیەک مانگیشدا 35 شوێنیان سزاداوە بەهۆی سەرپێچی ڕێنماییەکان.

هێمن سەید موڕاد، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەمەبەستی بنبڕکردنی سەرپێچيیەکان، لیژنە تایبەتیەکانیان بەهەماهەنگی لیژنەکانی قایمقامیەت و هۆبەی ئابووری ئاسایشی هەولێر لەهەڵمەتێکدا بۆ چادێری کۆگاکانی ناوبازاڕی شاری هەولێر، دەستیان گرت بەسەر ئەو کاڵایانەی کەوا گونجاونین بۆ تەندروستی مرۆڤ.

دەشڵێت، لەماوەی 10 مانگی ڕابردوو 212 تەن کاڵای ماوە بەسەرچوویان دەستى بەسەردا گيراوە، لەهەرشوێنێکیش کاڵای ماوە بەسەرچوو یان نەگونجاو بۆ تەندروستی مرۆڤ هەبێت دەستی بەسەردا دەگرن.

ئەوەشی خستەڕوو، جگە لەدەست بەسەرداگرتنی کاڵای خراپ و ماوە بەسەرچووی هەبێت، هەر شوێنێکیش نرخ بەرزبکاتەوە یان نرخ هەڵنەواسێت بەتایبەت شوێنی سەوزە و میوە، ئەوا سزا دەدرێن، لەم مانگەشدا 35 شوێنیان سزا داوە کە پابەندی ڕێنماییەکانی چاودێری بازگانی نەبوون، لەدوو ڕۆژی ڕابردووش دەستيان گرتووە بەسەر 3 تۆن سیر کە بەشێوەیەکی خراپ کۆگا کراوە.

ئابوری

نرخی ئەمپێری مۆلیدە بۆ مانگی 11 دیاریکرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سۆران نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی ڕابردوو بڵاودەكاتەوە و جەختدەكاتەوە، كە هەر كەسێك سەرپێچی كرد پەیوەندی بكەن بە لیژنەكەمانەوە.

بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سۆران لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، نـــرخـــی یـــەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە لە سەنتەری شارۆچكەی سۆران و شارەدێی دیانا بۆ مانگی (11) لە نیوان (5000) بۆ (6000) دینار دیاری کراوە.

ڕاشیگەیاندووە، مۆلیدەكانیش بەتێكڕای (135 تاکو 146) كاتژمێر كاریان كردووە، واتە نرخی ئەمپێرێك لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی تر جیاوازە.

جەختیشی كردۆتەوە، لەکاتی سەرپیچی ئاگاداری لێژنەکەمان بکەنەوە بەم ژمارە تەلەفۆنە (٠٧٥١٠٦٢٧٤٠٤) یان پەیچەکەمان.

لەم لیستەی خوارەوە نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدەی گەڕەکەکان بە وردەکاریەوە ڕوونكراوەتەوە:

   

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نرخی دۆلار و تمەن لە بازاڕەكانی هەرێم

خەڵك-بەشی هەواڵ

نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو بەرز بووەتەوە.

یادگار حەسەن لە كۆمپانیای سەعید كاكی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نرخی دۆلار بۆ ئەمڕۆ شەممە 5-12-2020، بەپێی بازاڕی گۆڕینەوەی دراوی بیانی لە شاری سلێمانی 100 دۆلاری ئەمریكایی بە 125 هەزار و 350 دینار مامەڵەی پێوە كراوە.

وتیشی”نرخی تمەنیش بۆ ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 2 ملیۆن و 550 هەزار تمەن بووە”.

بەهۆی ناجێگیری بازاڕ و قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و عیراق، نرخی دۆلار ناجێگیرە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

هەرێم و عیراق ڕێككەوتنە كۆنەكەیان لەسەر مووچە زیندوو دەكەنەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
شاندی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ عیراق گەڕاوەتەوە هەولێر و هیچ ڕێككەوتنێكی نوێ‌ واژۆ نەكراوە، بەڵكو تەنها ڕێككەوتوون لەسەر زیندوو كردنەوەی ڕێككەوتنی بودجەی ساڵی 2019، كە پشكی هەرێم دیاریكراوە و خراوەتە ناو پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی عیراق.

هەر بەپێی زانیارییەكان، شاندی هەرێم گەڕاوەتەوە هەولێر و ڕێككەوتوون لەسەر زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی بودجەی ساڵی 2019، كە هەرێم لە بەرامبەر ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەكان ڕێژەی 12.67%ی بودجەی پێ‌ بدرێت.

ئەگەر هەرێم پابەندی ڕێككەوتنەكەبێت مانگانە بڕی 900 ملیار دیناری لە بەغداوە بۆ دێت و نیوەكەی تری داهاتی نەوت و ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكانی بۆ دەمێنێتەوە و بەو جۆرەش داهاتی مانگانەی هەرێم دەچێتە زیاتر لە ترلیۆنێك دینار.

جەختیشی كردەوە، كە ئەگەر هەرێم و عیراق پابەندی ئەو ڕێككەوتنەبن و لە پەڕلەمان كێشەی بۆ دروست نەكرێت و بودجەی 2021 تێپەڕێنرێت، ئەوا ساڵی داهاتوو كێشەی مووچە و بودجەی هەرێم نامێنێت.

پێشتر ئەحمەد مولا تەڵال، وتەبێژی پێشووی حكومەتی عیراق ڕایگەیاندبوو، كە ئەگەر هەرێم پابەند بێت بە ڕادەستكردنی بڕێك نەوت و نیوەی داهاتی سنوورەكان، مانگانە 900 ملیار دیناری بۆ ڕەوانە دەكرێت و لەوەڵامی ئەوەشدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم جەختی كردەوە، كە ئەگەر عیراق ئەو پارەیە بداتە هەرێم ڕێككەوتنی 50 ساڵەی نەوت لەگەڵ توركیا ڕێگری ڕادەستكردنی نەوت نابێت.

لای خۆشیەوە، د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بە میدیاكانی پارتی ڕاگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عیراق رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەمان ئەو ڕێککەوتنەی پێشوو لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی بخرێتە نێو پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 و دوای رێککەوتنەکە شاندەکە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان.

پێشتر لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدی و دواتریش مستەفا كازمی، هەولێر و بەغدا لەسەر پشكی 12.67ی بودجە بۆ هەرێم بەرامبەر نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەكان و 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ڕێككەوتن، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێم لە سەردەمی عەبدولمەهدی بڕی 454 ملیار دینار و لەسەردەمی كازمی بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرێم دەهات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان