ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

سبەینێ‌ خۆپیشاندانی مامۆستایان دەستپێدەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان پەیامێك ئاڕاستەی مامۆستایان دەكات و ڕایدەگەیەنێت، كە ئەگەر ئەتانەوێت بایکوت بەردەوام بیت، ڕۆژی شەمە 24/10/2020 لای پەروەردەی کەلار ئامادەبن.

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەژێر فشاری حزبی و حکومیدا هەوڵی شكاندنی بایكۆت دەدرێت، لەكاتێكدا سەرجەم بەڕێوەبەرەكان واژۆیان كردووە، كە بایكۆت دەكەن تا جێبەجێ‌ كردنی داواكانیان، بەڵام پەشیمان بوونەوە.

ڕاشیگەیاندووە، كە ڕۆژی شەمە 24 / 10/ 2020 کاتژمێر 10 ی سەر لەبەیانی خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەین لەپێش پەروەردەی کەلار و جەخت دەکەینەوە لەسەر بایکۆتی هەموو جۆرێکی پڕۆسەی خوێندن و ناچینە ژێر باری هیچ فشارێکی حزبی و حکومی.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

مامۆستایانی سەربەرزی گەرمیان
سێ شەمە 20 / 10 / 2020 کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرەکانی ئامادەیی سنوری پەروەردەی گەرمیان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان و بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار ئەنجام درا بەداخەوە زۆرینەی بەڕێوەبەرەکان و بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان و کەلار لە جیاتی دابینکردن و داکۆکی لە مافەکانی مامۆستا، لەهەوڵی شکاندنی بایکۆتن لەژێر فشاری حزبی و حکومیدا. لەکاتێکدا سەرجەم بەڕێوەبەرەکان واژویان کردوە کە بایکۆتی پرۆسەی خوێندن دەکەن تا جێبەجێ کردنی داواکارییەکان بەڵام پەشیمان بونەتەوە لەژێر فشاری بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان و کەلار .
لەبەرئەوە ئێمە وەکو مامۆستایان جەخت دەکەینەوە لەسەر بایکۆتی هەموو جۆرێکی پرۆسەی خوێندن و ناچینە ژێر باری هیچ فشارێکی حزبی و حکومی .
داوا لەمامۆستایانی بەڕێز دەکەین پاڵپشت و هاوکارمان بن بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداری چالاکیەکان بکەن .
ڕۆژی شەمە 24 / 10/ 2020 کاتژمێر 10 ی سەر لەبەیانی خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەین لەپێش پەروەردەی کەلار
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان

کوردستان

ئەمڕۆ دوو تووشبووی کۆرۆنا لەسلێمانی گیانیان لەدەستدا

خەڵک – بەشی هەواڵ

 

ئەمڕۆ  شەممە دوو تووشبووی کۆرۆنا لەسلێمانی گیانیان لەدەستدا.

 

بەپێی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەماوەى ئەمڕۆدا تەنها دوو تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

 

هەر بەپێی ئامارەکە لەو ماوەیەدا ١٣ تووشبووی کۆرۆنا چوونەتە نەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا و لەبەرامبەردا ١٦ توشبووی کۆرۆنا کە چاکبوونەتەوە لەنەخۆشخانە دەرچوون.

 

هەر لەئامارەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، لەئێستادا ١٣٨ تووشبووی کۆرۆنا لەنەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا خەوێنراون و چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

گەرمیان ؛ لە ڕووداوێكی هاتووچۆدا كەسێك بریندار دەبێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ڕووداوێكی شێلانەوە ئۆتۆمبێلێك لە پیاوێك دەدات و برینداری دەكات ، لێكۆڵینەوە لەچۆنیەتی ڕووداوەكە لەلایەن تیمی هاتووچۆی دەستی پێكردوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان لە ڕاگەیەنراوێكدا ، ئەمشەو شەممە 5-12-2020 لەناو شاری كەلار و لە گەڕەكی گوران لە ڕوداوێكی شێلاندا ئۆتۆمبیلێك لە جوری (نیسان پیك ئاب) لە پیاوێك دەدات و برینداری دەكات.

ڕاشیگەیاندووە، بریندارەكە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریا كەوتنی شەهید هەژار كرا و لێكۆڵینەوە لەچۆنیەتی ڕووداوەكە لەلایەن تیمی هاتووچۆ وە دەستی پێكردوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشیاری دەدات

خەڵک – بەشی هەواڵ

قائیمقامیەتی سلێمانی سەبارەت بە گۆڕینی ئاوی ئەو دەفرەی نێرگەلەی لەسەر جێگیر دەکرێت هۆشیاری دەدات و سەرۆکی لیژنەکانیش دەڵێت: مەترسی گواستنەوەی نەخۆشی لێدەکرێت.

لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم کافتریا و کۆفی شۆپەکان دەکەنەوە لەدوای کێشانی نێرگەلە پێوستە ئاوی ئەو دەفرە بگۆڕن (قاعیدەی) نێرگەلەکەی لەسەر جێگیر دەکرێت، چونکە بەهۆیەوە مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆس و میکرۆب لێدەکرێت.

وتیشی: لەڕێی فوکردن بە قامچیەکە و هەڵمژینی دوکەڵی نێرگەلەکەوە، ڤایرۆس و میکرۆب دەگوازرێتەوە، ئەو دەفرە و ئاوەکەی ناوی و دەبێت بەناوەندێک بۆ بەزیندو هێشتنەوە و گەشەکردنیان و خۆ گواستنەوە بۆناو لەشی کەسێکی دیکە.

وتی: یەکێک لە مەرجەکانی کردنەوەی شوێنەکانی نێرگەلە کێشان، بەکارهێنانی قامچی(سۆندە)ی سەفەرییە، کەتەنها یەکجار و بۆ یەک کەسی نێرگەلەکێش بەکاربهێنرێت، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

ڕوونیکردەوە: پابەندبون بە مەرجەکانی تەندروستی و رێکارەکانی خۆپارێزی یەکێکی ترە لە بنەماکانی کاکردنی کافتریا و شوێنەکانی کێشانی نێرگەلە، بۆیە پێویستە رۆژانە (قاعیدەی) نێرگەلەکان و هەمو ئەو پێداویستیانەی رۆژانە بەکاریدەهێنن بشۆردرێن و بەشێوەیەکی تەندروست پێشکەش بەبەکارهێنەران و نێرگەلە کێشان بکرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پێشتر و لەرێی هۆکارەکانی راگەیاندن و سەردانی لیژنە هاوبەشەکانەوە سەرجەم گازینۆ، کافتریا و کۆپی شۆپی نێرگەلە کێشان و شوێنەکانی خواردنەوە کحولییەکان ئاگادار کراونەتەوە رێگری لە هاتوچۆ کردنی مناڵی خوار تەمەن هەژدەساڵ و نەوجەوان بکەن و نێرگەلە و خواردنەوەی کحولیان پێشکەش نەکرێت، بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێکاری یاسایی توند دەکرێنەوە.

لەشکر حەمید، راشیگەیاند: مەبەست لە سەردانی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ دوکان و بازاڕ وشوێنە گشتییەکان زیان گەیاندن نیە بەکارو بازاڕی کەس و سزادانی خاوەنەکانیان، بەڵام لەپێناوی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و بەرژەوەندی گشتی لیژنەکان ناچاردەبن سەرپێچیکاران روبەڕوی سزای یاسایی بکەنەوە.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان