ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

خۆتان و شۆفڵەكانتان، ستەمكارن

 عوسمان گوڵپی 

شۆفڵێك و ژمارەیەك پیاوی حكومی چەك بەدەست و لیژنەیەك بەناوی زیادەڕۆوە، دەگەنە خانووە تەجاوزەكان و بەفەرمانی میری دەمی شۆفڵ ئەدا لە دیواری خانوو و ئەیڕوخێنێ.

هەموو جۆرەكانی تەجاوزات خراپە و پێویستە ڕێگای لێ بگیرێت، پێویستە كەس پەنا نەبات بۆ یاسا شكێنی، ئەمە قسە دروستەكەیە ئەو خانوانەی دەڕووخێنرێت زۆربەیان هی ئەو خێزانانەن توانای كڕینی خانویەكی ئاساییان نیە، تەنانەت خانووی سەر زەویە تەجاوزەكەشیان بێ حەوشەو بێ لەبخ و تەواو نەكراوە، لە نەبوونیدا نەبێ كەسی تێدا ناژی، كەچی بەبێ ئەوەی میری هیچ حسابێك بۆ ئەو ماڵە هەژارانە بكات ڕووی شۆفڵەكەیان تێدەكات و دەیڕووخێنێ.

ئەو شۆفڵ و لیژنە و چەك بەدەستانەی میری، كاتێ كەدەچن بۆ ڕووخاندنی ماڵێكی تەجاوزی قەراغی شار، دەدەن بەلای چەندین ماڵە بەرپرسی تەجاوزدا؟ دەدەن بەلای دەیان باڵەخانەی بەرپرسەكاندا كە كەس نازانێ چۆن دروستكراون، بەتەنیشت چەندین سیتی گرانبەهادا دەڕۆن كە نرخەكانیان خەیاڵین، یان هی بەرپرسێك خۆیەتی یان شەریكە لەگەڵی، ئەو شۆفڵ و پیاوانەی میری كەدەچن بۆ ڕووخاندنی ماڵی تەجاوز، بەبەردەمی دنیایەك موڵكی گران بەهای بەرپرسەكاندا دەڕۆن، هەر بەڕپرسەكان نا بەڵكو حمایە و خزمەكانیشیان شەرعیەتی تەجاوزاتیان هەیە و كەسیش نیە لەگوڵ كاڵتریان پێ بڵێ.

بڕۆن سەرێك لە دەوروبەری عەزیزاوا و قولەرەیسی و ئەو شوێنانە بدەن كە شارەوانی سلێمانی دەمێكە كردنەوەی ڤێلاو خانووی تێدا قەدەغە كردوە، كەچی خانوی جوانی نوێ، خانو لە بەستنی سەقف و خانوو لەسەرەتای كردنەوەدا دەبینی، ئەمانە هی كێن؟ بەچ یاسایە؟ بۆچی میری چاوی خانویەكی سەدمەتری هەژارێ دەبینێ كەچی ڤێلای هەزار مەتری بەرپرسەكان نابینێ؟ تەنها بە پرسیار كردن خەڵكی ئەو ناوە پێت دەڵێن هی كێن، خوشكەزای فڵان كەس! برازای فیسار كەس! ئەو خانوەیان هی بەرپرسی حمایەكانی كاك فڵانە و ئەوەشیان هی سكرتێرەكەی فیسارە، ئەمانە درۆ نین و وەسڵێك نین خەڵك بتوانێ تەزویریانكات، ئەمانە بوهتان و زانیاری هەڵە نین، خانوو و ڤێلاو باخ و بینان! كێ دەیەوێ بزانێ بڕوا ببینێ، یان بڕواتە نوسینگەیەك و بڵێ دۆنمێك زەویم دەوێت بیكڕم، دوای نیشاندانی زەویەكان بە نوسینگەكە بڵێ ئەم دۆنمانە دەهێڵن خانووی تێدا بكرێت؟ یەكسەر كابرای نوسینگە دەڵێ نەوەڵا ناهێڵن، بەڵام ئەگەر واستەت هەبێ كەس قسە ناكا.

ئەوەی باسمكرد نەخەیاڵە و نە قسەی بەتاڵ، بەڵكو وڵاتێكە كە یاسا و ڕێنمایی و پیاوانی میری و زۆرێك لە بەرپرسەكانی بارێكی گرانن بەسەر هەژارانی وڵاتەكەوە، وڵاتێك بەرپرسەكانی شوقەی تەجاوز و مەعرەزی سەیارەی تەجاوز و بەنزینخانەی تەجاوز و ئوتێلی تەجاوز و چەكداری تەجاوز و ڤێلای تەجاوزیان بەڕۆژی ڕووناك و بەبەرچاوی هەموانەوە هەن، كەچی شۆفڵەكانی شارەوانی ماڵی هەژار و بێ كەسەكان ئەڕووخێنن، چونكە تەجاوزە؟

هەربۆیە نە ئینتیما بۆ خاك ماوە و نە ئاڵاو نە زمان و نەكلتور، كەسێك نیە بەزەیی بەم وڵاتەدا بێتەوە، ئەوانەی بوونەتە میلیاردلێر لەسەر ئەم خاكە لە هەمووان زیاتر دژی ئەم خاكەن، دەسەڵاتی ئەوانەی دڵسۆزن تا دەرگای حەوشەی خۆیان بڕدەكات، بەداخەوە بۆ ئەو دۆخەی گەر بە خەویش شەهیدەكان بیانبینیایە چەكەكانیان فڕێ دەدا هەربۆیە شۆفڵ و میری، تا نەتوانێ خانووی تەجاوزی كوری بەرپرس و بیناكانی باوكی بڕوخێنێ، ناتوانێ دیوارێك بڕوخێنێ كە جێگای دەستخۆشیبێ، گەر ڕووخاندنی تەجاوز تەنها هەژارەكان بگرێتەوە و بەرپرسەكان لێی دەربازبن، ئەوە چارەسەری تەجاوزات نیە، ئەوە ستەمێكی گەورەیە و بەس، موڵكی گشتی و زەوی وڵات و نەخشەی شار، بە چەندسەد خانویەكی تەجاوز تێكناچێ، شار بە فرەكوێخایی و داگیركاری زەوی لەلایەن بەرپرسان و گەندەڵی گەورە و قاچاخچێتیەوە تێكدەچێ، هەركات میری توانی جیاوازی لە نێوان خانوی تەجاوز و تەجاوزی بەرپرسێك نەكات، هەر هەنگاوێك هەڵگرێ جێگای دەستخۆشیە، چونكە یاساكان و ڕێنماییەكان بۆ هەموان. دادەنرێن نەك بۆ هەژارو بێ كەسەكان

ریکلام

وتار

پرسی گێچەڵی سێکسی

پارێزەر/ لوقمان مصطفی صالح
لە بەر ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە بە قۆناغە ئاساییەکانی گەشەکردنی خۆی تێپەڕ نەبووە و بە شێوەی سستەماتیک نەیبڕیوە، ھەر ئەمەشە وایکردووە تا رادەیەکی زۆر کۆمەڵگەی پیاوسالاری تێدا باڵا دەستبێت، لە کۆمەڵگا بە گشتی و لە بازاڕی کاردا بە تایبەتی ئاستەنگ بۆ کچان و ژنان دروست بکات، پیاوان ھەمیشە وەک بوکەڵە لە رەگەزی بەرامبەری ڕوانیوە، بە جووڵەی دەست و فڕێدانی ووشەی نەشیاو و ھەندێ ئاماژەی چاو ھتد….. بێ ئەوەی ڕێز بۆ
ھەستی بەرامبەرەکەی دابنێ وەڕستیان دەکەن،ھەوڵ دەدەن لەم رێگە ناتەندروستەوە غەریزە سێکسیە چەپێنراوەکانی خۆیان خاڵیبکەنەوە،بۆیە نابێت ژنان و کچان دەستەوسان دانیشن و بێدەنگی ھەڵبژێرن و خۆیان بە پلە دوو ئاژماربکەن، نابێ پاشەکشێ لە بەدەستهێنانی مافی ئابوری خۆیان بکەن و دەبێ پێداگربن لەسەر مافەکانیان تادەیانگەیەنێتە ئامانجەکانیان، بۆ ئەوەی لەناو کۆمەڵگە و بە تایبەت لە بازاڕی کاردا، پێگەو شوێنی شایستەی خۆیان هەبێت و ئاستەنگەکان تێپەڕێنن دەبێت بە ردەوام بێت لە ھەوڵ و تێکۆشان، بۆ بەرگریکردن لە خۆیان دەتوانن پەنا بۆ یاسا ببەن. هەرچەندە گێچەڵپێکردن له‌ دەزگا تایبەتمەندەکانی هه‌رێمی كوردستاندا لای ھەندێ لە ژنان و کچان بە یەکێک لە جۆرەکانی توندوتیژیی هەژماری دەکەن،گوایەکەمترین کات باس ده‌كرێت و ده‌بیندرێت. له‌به‌ر هۆکاری شه‌رم و ترس لە کۆمەڵگا و کەسوکار، بەشێکی کەمیان ئامادەن لەوبارەیەوە سکاڵا تۆمار بکەن،زۆرجاریش كه‌ سکاڵا تۆمار دەکەن، دەڵێن پۆلیس لەجیاتی دادگا، دەیاندادەتە دەست “سوڵحی عەشایەریی”.
بەڵام مەخابن لەگەڵ ئەوەشدامەترسیەکە لەوەدایە ھەندێ لەژنان وکچان کە گێچەڵی سیکسیان بەمبەر دەکرێ بەنهێنی لای خۆیان دەی ھێڵنەوە، بەو ھۆکارەی کە باسمان کرد،ئەویش بەهۆکاری ئابڕوچون، قوربانیەکە بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، بۆیە بکەری کارەکە کەمتر سزای یاسای وەردەگرێت، بگرە بەبێ سزا دەرباز دەبێت.؟
-لە یاسادا چۆن باسی گێچەڵی سێکسی کراوە.؟
لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە/ ١١١ی ساڵی ١٩٦٩-دا، کە لە هەرێمی کوردستان-یش کاری پێدەکرێت، لە ماددەکانی (٤٠٠،٤٠١،٤٠٢)دا باسی گێچەڵی سێکسیی کراوە و سزا بۆ ئەنجامدەرانی دیارییکراوە، بەپێی یاساکەش “دەستبردن بۆ ژنێک یاخود قسەکردن یان ئیشارەتکردن بۆی، کە کار لە ئابڕووی بکات و لەسەری بکەوێت، بە گێچەڵی سێکسیی هەژمار دەکرێت”.
بەپێی یاساکە، ئەگەر کردەوەیەک بەرامبەر کەسێک ئەنجامدرا، کە کار لە ئابڕووی بکات، ئەوا ئەنجامدەری کردەوەکە بۆ ماوەی سێ مانگ سزادەدرێت، غەرامەکەشی لە ٢٠٠هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا ملیۆنێک دینار. ئەگەر هاتوو تاوانبار لەماوەی ساڵێکدا ئەم کارە دووبارە بکاتەوە، ئەوا سزاکەی دەبێت بە دوو هێندە.
ھەروەھا لە یاسای ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠١٥ی کاری عێراقی لە ماددەی ١١١-دا بە ڕوونی باس لەوە کراوە ئەگەر دەست ببرێت بۆ ژنێک یان منداڵێک، کە لەسەری بکەوێت، ژنەکە یان منداڵەکە ڕەزامەند بێت یاخود نا، دەبێت ئەنجامدەری کردەوەکە سزا بدرێت. سزاکەشی نابێت شەش مانگ زیاتر زیندانیی تێبپه‌ڕێنێت و زیاتر لە ملیۆنێک دینار غه‌رامه‌ بکرێت.
پرسی گێچەڵی سێکسی لەهەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە کاری پێدەکرێت و دەتوانرێت بەپێی ئەو یاسایە رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر. ڕێکارە یاساییەکانیش لەسەر بنەمای بونی داوای یاسای دەبێت، وەک ئاماژەمان بۆ کرد کە بەپێی مادەی (402) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969. ئەمەش تەنها لەحاڵەتی بێزارکردن، ئەگەر قسەکردن بێت یاخود دەستبردن و بێزارکردنی جەستەیی بێت، بەڵام ئەگەر کارەکە بچێتە خانەی بەزۆرداری و (لاقەکردن) ئەوا دەچێتە چوارچێوەی ماددە یاساییەکانی 395 و 396 هتد، لەحاڵەتی بێزارکردنیش بە ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان ئەوا بەپێی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008ی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە پەیوەندییەکان ماددەی (2)ی مامەڵە لەگەڵ ئەنجامدەرانی گێچەڵی سێکسی دەکرێت.
-بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توند و تیژی دژی ئافرەتان .. ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردووەتەوە و بەپێی ئامارەکە، ٤٧ حاڵەتی توندوتیژیی سێکسیی هەبووە. ئامارەکە دەستنیشانی نەکردووە، کە ئاخۆ ئەو ٤٧ حاڵەتەی تۆمارکراون گێچەڵپێکردن بوون یان دەستدرێژیی؟ بەڵام هەر ژنێکی کۆمەڵگای کوردیی دەدوێنیت، بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسیی بۆته‌وه‌ و هەندێکیشیان دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەر.
-بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی جیهانیی،٥٠٪ی ژنان ڕوو بە ڕووی گێچەڵی سێکسیی بوونەتەوە.
-بە وتەی توێژەرانیش لە هەرێمی کوردستانیش ڕێژەی گێچڵپێکردن ئەگەر لە ڕێژە جیهانییەکە زیاتر نەبێت، ئەوا کەمترنیە.
-بەپێی رێککەوتنامەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەتیش ئەو پەیماننامانەی لە بارەی پارێزراوی ژنانەوە هاتون، گێچەڵی سێکسی بەیەکێک لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بەژنان و کچان دادەنرێت، بۆیە بەردەوام راپۆرت لەم بارەوە ئامادە دەکرێت، ئەویش بەئامانجی دانانی یاسای توندو ڕوو بە ڕووبونەوەی.
-بەشێک لەرێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش پرسی گێچەڵکردنی سێکسی بەمەترسی دەزانن لە سەر کۆمەڵگاو بەپێویستی دەزانن کاری زیاتر بۆ روبەروبونەوەی بکرێت.
بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

نوسین بە زمانی کوردی

خالید سلێمان
وەک ڕۆژنامەنوسێکی کورد، ساڵانێکی بەرچاوە، نوسینەکانم بە زمانی عەرەبین و بە دەگمەن بە زمانی دایک دەنوسیم. هۆکارەکەش ئەوە نیە کە ئارەزوی نوسینم بە کوردی نەبێت، بەڵکو ئەوەیە کە میدیای کوردی گرنگی بەو بوارە نادات کە کاری تیا دەکەم و وەک ڕاهێنەرێکی نێودەوڵەتیش پێی ناسراوم: ئەویش کێشەکانی ئایکۆڵۆژی و گۆڕانکارییەکانی ژینگەن. بەدیوێکی تردا نوسین و کاری ڕۆژنامەنوسیی سەرچاوەی داهاتمن؛ میدیای کوردیش ئەوەم بۆ دابین ناکات. بە کورتیەکەی، لەناو میدیای کوردیدا بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنوس جێگەی هەبێت، بە پلەی یەکەم دەبێت ڕۆژنامەنوسێکی سیاسی بێت.
بەڵام، کاتێک بە کوردی ئەنوسم، نەک تەنها وشەو ڕستەو بنیادنانی پەرەگرافێک، بەڵکو خاڵ، کۆما، کەوانە، وەگیراو (کۆتەیشن)، ڕستەی ناڕەزایی، خاڵ و کۆما، دوو خاڵی لەسەر یەک و هەرچی سیمبولی تری خاڵبەندی هەن، بەهەند وەریان دەگرم. هەتا وشەی زمانی دایک لە ئارادا بێت، پەنا بۆ وشەی تری عەرەبی و زمانەکانی تر نابەم؛ هەڵبەتە وشەو دەستەواژەو ناوی باو هەن پەیامەکە زوتر دەگەیەنن وەک: قەتڵ و عام. ئەم جۆرە دەربڕین و ناوانە بونەتە هەڵەیەکی باو لە نوسینداو گرفت بۆ خوێنەر دروست ناکەن.
زۆرجار، بەدیار وشەیەکەوە دەوەستم و بەو زمانانەی کە ئەیانزانم و پێیان دەخوێنمەوە قسە دەکەم، وەک عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسی، بیری لێدەکەمەوە. ئەگەڕێمەوە سەر هەڤپەیڤینێک کە لە مناڵیمدا لە نێوان دایکم و مندا ڕویداوە، چونکە ڕەگی دەستەواژەو وشەکان لە ناو ژیانی ئێمەدان و فەرهەنگیش لەوێوە سەرچاوەی گرتوە. کاتێک گوێ لە نوسەرێکی کورد دەگرم لە بری شانس، (چانش) بەکاردەهێنێت، دەنگی دایکم دێتەوە بەرگوێ کە لە لادێیەکی دورەدەستی گەرمیاندا، ئەگەر گلەیی لە بەختی خۆی بکردایە ئەیوت: شانسم نیە. لێرەدا گوێ لە نوسەرەکە ناگرم و دەچمەوە سەر دەنگی دایکم.
ئەوەی ئەمڕۆ لە ناو میدیاو دیمەنی کولتوریی کوردیدا بەهەند وەرناگیرێت، زمانە. کێشەکەش تەنها خاڵبەندی، یان بەکارهێنانی نیە وەک کەرەستەیەکی سیاسی؛ بەڵکو بڵاوبونەوەی جۆرێکە لە زمان، زیادەڕۆیی نابێت ئەگەر بڵێین لە وەرگێڕانی گوگڵ دەچێت. ئەمە جگە لەوەی هەر نوسەرێکی کورد بەگوێرەی ئەو زمانەی دەیزانێت وشەکان دادەتاشێت.
زمانەوان نیم، بەڵام زمانیش بۆ من تەنها ئامرازێک نیە بۆ گەیاندن و پەیوەندیکردن، بەڵکو ئەو ڕوبەرەیە کە فیکرو کولتورو تەکنۆلۆژیا و زانست و پەیوەندییە مرۆییەکانی تیا بەرهەم دەهێنرێت. تەنانەت لە بواری سیستمی ژینگەیی و گۆڕانکارییەکانیشدا، کە کاریان تیادەکەم، زمان دەگۆڕێت: وەک چۆن بەرزبونەوەی پلەی گەرما یان تێکچونی مۆڵگەی ئاژەڵان دەبنە هۆی لەناوچونی باڵندەیەک، مێرویەک، خشۆکەیەک یان ئاسکێک، بەهەمان شێوە دەبنە هۆی لەناوچونی خەسڵەتەکانی زمان و کولتور. کاتێک پەڕەسێلکە لە ژینگەی کوردستاندا نامێنێت، دوای چەند ساڵێک لە زمانیشدا نامێنێت. لێرەدا باسی ئەوە ناکەم وەک بیرەوەری باسی باڵندەیەک بکەین، بەڵکو وەک بونێک لە ژیانمدا.
میدیا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە جوڵەی زماندا هەیە، ئەگەر وشەیەک یان دەستەواژەیەک بەهەڵە لە وتارێکدا تێپەڕێت، پێگەو پلاتفۆرمەکان وەڵامیان هەیەو شەرم لەوە ناکەن پۆزش بۆ خوێنەر بهێننەوە. ئەمە لەناو دیمەنی میدیای کوردیدا نیەو ڕۆژانە هەڵەی زەق و نەشیاو لە ڕاپۆرت و چیرۆک و وتارە ڕۆژنامەوانیەکاندا تێپەڕ دەبن؛ کەسیش لایان لێناکاتەوە. لە لایەکی ترەوە، ئایدیۆلۆژیاو بۆچونی سیاسی لە پشت زمانەوەن؛ زۆرجار هەستی ئەوەم لا دروست دەبێت کە نوسەری ئایدیۆلۆژیست بەسەپاندنی وشەی داتاشراوی سیاسی، مافی من پێشێل دەکات.
هەرچەندە باڵادەستیی وێنە لە برەودا بێت، بەڵام زمان کورەی سەرەکی میدیایە، وەک حەزرەتی مەسیح دەڵێت: لە سەرەتادا وشە هەبو.
بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

بڕیاری 1325و باڵانسی جێندەری لە زانكۆكاندا

كامیل عومەر

بڕیاری ژمارە (1325)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لەساڵی (2000) دەرچووە‌و تایبەتە بە بارودۆخی ژنان‌و كاریگەریی شەڕو قەیران‌و ئاڵۆزییەكان لەسەر ژنان. (عیراق)یش یەكەم وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە پلانێكی نیشتیمانی بۆ جێبەجێكردنی ئە م بڕیارە داڕشتووە‌و هەرێمی كوردستانیش تێیدا بەشدارە.

یەكێك لە ئامانجەكانی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە، – لەئاستی حكومەت‌و حزبە سیاسییەكاندا- پرسی زیادكردنی بەشداریپێكردنی ژنانە لە پێگەی دروستكردنی بڕیاردا، بەڵام تاچەند لە واقیعی ناوەند‌و پێگەكانی دەسەڵاتدا لە هەرێمی كوردستان رەنگیداوەتەوە‌و بەشداری راستەقینە بە ژنان كراوە‌و باڵانسی جێندەری راگیراوە؟.

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، بەپێویستی دەزانین ناوەندە ئەكادیمیەكان –زانكۆكان- وەك نموونە وەربگرین‌و بزانین تا چ ئاستێك لە پێگەی دەسەڵاتی ئەو ناوەندانەدا، بەشداریی ژنان هەیە‌و دەسەڵاتیان هەیە. بەپێی داتاكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا كە لە ماڵپەڕی ئەو وەزارەتە وەرگیراوە، (35) زانكۆی حكومی‌و تایبەت لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، كەچی تەنها (یەك ژن) پۆستی سەرۆكی زانكۆی پێدراوە‌و ئەوانی دیكە هەموو (پیاو)ن، سەرباری ئەوەی تێبینیدەكرێت كە زۆرینەی یاریدەدەرو راگر‌و سەرۆكبەش‌و بەڕێوەبەراتیەكانی دیكەی ناو زانكۆكان لە رەگەزی (نێر)ن.

لەناوەندە ئەكادیمی‌و زانستیەكانیشدا، خراپتر لە دەزگاو دامەزراوە حزبی‌و حكومیەكانی دیكە، مامەڵە لەگەڵ ژن كراوە‌و باڵانسی جێندەری بەئاستێكی زۆر، لاسەنگ‌و نابەرامبەرە. لەوەش سەیرتر ئەوەیە لە پەیكەری كارگێری زانكۆكانی هەرێمدا، دامەزراوەیەك بەناوی (سەنتەری جێندەر) هەیە، ئیدی نازانین دەبێت ئەم سەنتەرانە كاریان چی بێ‌‌و بۆ چ مەرام‌و مەبەستێك دامەزرێنرابن؟، لەكاتێكدا نەتوانن باڵانسی جێندەری لە پۆست و پێگە دیارەكانی زانكۆدا دروستبكەن!، یان وەك زۆربەی دامەزراوەكانی تر تەنها بۆ ماكیاژكردنەو ناوێكی بەتاڵە‌و ئیشی بە ناوەرۆكەكەی نییە. ئەدی خۆ لە كۆلێژی كاڕگێڕی‌و بەڕێوەبردنی ئەو زانكۆیانەدا، وانەی ئەوە بە خوێندكاران دەوترێتەوە كە دروستكردن‌و دامەزراندنی هەر شوێنێك لەسەر بنەمای پێویستی‌و بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی بێت. بەوپێیەش ئەو سەنتەرانە زیادەن‌و بە نەبوونیشیان هیچ كێشەیەك دروستنابێت.

كەواتە، نەبوونی باڵانسی جێندەری لە زانكۆكاندا، وەك لە كۆی دامەزراوەكانی دیكەدا هەیە، كێشەیەكە كە سەنتەرەكانی جێندەریش نەیانتوانیووە چارەسەریبكەن. هەربۆیە، یان دەبێ‌ كار بۆ پەیڕەوكردنی سیستمی (كۆتا) بۆ ژنان لەناوەندە ئەكادیمیەكاندا بكرێت وەكچۆن لە پارلەمانی كوردستان جێبەجێكراوە، یان بكرێتە مەرج كە (ژنان)یش هاوشێوە‌و هاوژمارەی پیاوان لە هەموو جومگە سەرەكییەكانی زانكۆكاندا دەسەڵاتیان پێبدرێت، لە هەردوو حاڵەتەكەشدا، پێویستی بە هەمواركردنەوەی یاسای خوێندنی باڵا هەیە، تاوەكو یەكێك لەو پێشنیازانە جێگیربكرێت.

قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە، بۆ ئەوە نییە كە فۆكسەكە تەنها لەسەر دانانی رەگەزی ژن بێت و بەهۆیەوە رەچاوی باڵانسی جێندەری بكرێت، بەڵكو دەبێت دانانی ژن لە پێگە كارگێڕییە باڵاكاندا لەسەر بنەمای پێوەری توانست و توانا و كەسێتی بێت، ئەوەی پێی دەوترێت (CV)، نەك لەسەر ئەو پێوەرە نادروستانەی كە تا ئێستا حزبە سیاسییەكان لە دانانی ژن لە پۆستەكاندا لەناو زانكۆكان‌و لە دامەزراوەكانی دیكەدا، پەیڕەویانكردووە، هەر ئەمەش خواستی پلانی نیشتیمانی بڕیارە (1325)ی ئەنجومەنی ئاسایشە بۆ بەشداریپێكردنی ژنان..

تێبینی: ئەم وتارە لەژێر رۆشنایی‌و بەشداریكردن لە پرۆژەیەكی رێكخراوی (ئەزموون بۆ گەشەپێدانی مرۆیی‌و مافی مرۆڤ) نوسراوە، كە بەهاوكاری لەگەڵ رێكخراوی ئاسودە جێبەجێدەكرێت و لەلایەن ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری خانمان‌و (صندوق المرأە الامن والسلام)ەوە بودجەی بۆ دابینكراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان