ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

عەرەب – ئیسڕائیل، لە بن گۆریۆنەوە تا پلانەکانی تڕەمپ

خەڵک

ئیسرائیل، دەیەوێت لەگەڵ زۆرترین وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە دواین ڕێککەوتنی ئەو وڵاتەش دوای ئیماراتی عەرەبی یەکشەممەی ڕابردوو بوو لە مەنامە، کە ڕێککەوتی لەگەڵ بەحرێن واژۆ کرد بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

پاش چەندین ساڵ لەواژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی ئاشتی لەگەڵ، میسر( 1979 ) و ئوردن( 1994 )ئەمە دووەمین ڕێککەوتنی دیپلۆماسی ئیسرائیلە لەگەڵ وڵاتێکی کەنداو.

جەنگەکان

لە 14ی ئایاری 1948دا پاش سێ ساڵ لەکۆتایی هاتنی دووەم جەنگی جیهان، (داڤید بن گۆریۆن) دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی لەبەشێک لەفەلەستیندا ڕاگەیاند، دوای ئەو بەروارە، سوپای وڵاتانی عەرەبی ( میسر، سوریا، ئوردن، لوبنان و عیراق)، جەنگیان دژی ئەو دەوڵەتە نوێیە ڕاگەیاند و دواتر لەساڵی 1949 جەنگ بە سەرکەوتنی ئیسرائیلییەکان کۆتایی هات و زیاتر لە 760 هەزار فەلەستینیش ناچار بوون هەڵبێن و ماڵ و حاڵیان چۆڵ بکەن.

لە 29ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1956دا، پاش سێ مانگ لە بەنیشتیمانیکردنی کەناڵی سوێس لەلایەن میسڕەوە، ئیسرائیل هێزەکانی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەی سینا دەستپێکرد و گەیشتە ئەو کەناڵەو دواتر لە ژێر فشاری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت ئیسرائیل پاشەکشەی کرد .

لە 5ی حوزەیرانی 1967 ئیسرائیل جەنگێکی بە ناوی ” رۆژی شەشەم ” لە دژی میسر، سوریا و ئوردن بەرپا کرد و قودسی ڕۆژهەڵات و بانی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە و بەرزاییەکانی جۆلان و سینای میسری گرت .

لە 6 ی ئۆکتۆبەری 1973 میسر و سوریا لە سینا و بەرزاییەکانی جۆلان هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل .

ئاشتی لەگەڵ میسر

لە تشرینی دووەمی 1977 دا ئەنوەر سادات سەرۆکی میسر بووە یەکەم سەرۆکی دەوڵەتێکی عەرەبی کە لە دوای دامەزراندنییەوە سەردانی ئیسرائیل بکات.

ئەم سەردانە مێژووییە، ڕێگەی خۆش کرد بۆ ڕێککەوتنی(کامپ دەیڤد)، بە چاودێری ئەمریکا لە ئەیلولی 1978 دا کە لە 26 ی ئازاری 1979 دا پەیمانی ئاشتی ئیسرائیل و میسر، بۆ یەکەم جار لە نێوان ئیسرائیل و یەکێک لە وڵاتانی عەرەبیدا واژۆ کراو ڕێککەوتن هاتە ئارا .

داگیرکردنی لوبنان

لە 6 ی حوزەیرانی 1982 دا هێزەکانی ئیسرائیل لوبنانیان داگیرکرد و گەمارۆی بەیروتیان دا و داوایان کرد کە ڕێکخراوی سەربەخۆخوازی فەلەستین بە سەرکردایەتی یاسەر عەرەفات ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵێت .

هێزەکانی ئیسرائیل تا ساڵی 2000 باشووری لوبنانیان داگیرکرد، دوای ئەوە حزبوڵڵا لە ساڵی 2006 دا دوو لە سەربازانی ئیسرائیلییان ڕفاند، دواتر ئیسرائیل هێرشێکی وێرانکەری کردە سەر لوبنان و لەگەڵ حیزبوڵا شەڕێکی توندی کرد .

ئاشتی لەگەڵ ئوردن

لە 26 ی ئۆکتۆبەری 1994 دا ، ئیسحاق ڕابین سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدولسەلام مەجالی سەرۆک وەزیرانی ئوردن پەیماننامەی ئاشتیان ئیمزا کرد و بەو جۆرەش کۆتایی بە 46 ساڵ لە جەنگی نێوانیان هات .

ئەو پەیماننامەیە کە بە ئامادەبوونی بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا  واژۆ کرا، گەرەنتی دا بە ئاسایشی ئیسرائیل لەسەر سنوورەکان و هەماهەنگی ئابووری نێوان هەردوو وڵاتی لێ هاتە بوون.

دوو ڕاپەڕین و ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ

لە دیسەمبەری 1987 دا فەلەستینییەکان لە بانی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە ” شۆڕشی بەردین ” یان بەرپا کرد، کە یەکەم سەرهەڵدان بوو لە دژی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل .

لە 13 ی سێپتەمبەری 1993 دا پاش شەش مانگ لە دانوستانی نهێنی لە ئۆسلۆ، ئیسرائیل سەربەخۆیخوازانی فەلەستین ڕێکەوتننامەکانیان لەسەر خۆبەڕێوەبردنی فەلەستینیەکان لە واشنتن لە مەراسیمێکدا واژۆ کرد کە تەوقەکردنێکی مێژوویی نێوان یاسر عەرەفات و ئیسحاق ڕابین سەرۆک وەزیرانی لێهاتە بەرهەم و دواتر یاسر عەرەفات گەڕایەوە ناوچە داگیرکراوەکان و لەوێ دەسەڵاتی فەلەستینی دامەزراند .

لە نۆڤەمبەری 1995 ئیسحاق ڕابین لەلایەن توندڕەوێکی جولەکەوە، دژی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ فەلەستینییەکان تیرۆر کرا.

دوای شکستی دانوستانەکانی ئیسرائیل و فەلەستین لە کامپ دەیڤد و سەردانێکی مشتومڕکەر لە ئەیلولی 2000 دا لە لایەن ئاریل شارۆن، سەرۆکی ئەو کاتی بەرهەڵستکارە ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیل، بۆ گۆڕەپانی مزگەوتی ئەلئەقسا لە ئۆرشەلیم ، ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی دووەم دروست بوو .

سوپای ئیسرائیل لە بانی ڕۆژئاوا دا، یەکێک لە شارە گەورەکانی داگیرکرد و لەمانگی ئازاری 2002 گەورەترین هێرشی خۆی بۆ سەر ناوچەکە دەستپێکرد .

لە ئەیلولی 2005 دا ئیسرائیل یەکلایەنە لە کەرتی غەزە کشایەوە، پاش ئەوەی بزوتنەوەی حەماس لە ساڵی 2007 دا ئەو کەرتەی کۆنترۆڵکرد، ئابڵووقەیەکی توندی سەپاند، لە مانگی تەموزی ساڵی 2014 یشدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی لە کەرتی غەزە دەستپێکرد.

پلانی ترامپ

ڕۆژی 6ی کانوونی یەکەمی 2017 دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند، بەم کارەی فەلەستینیەکان و بەشێک لە  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توڕەو نیگەرانکرد.

لە 14/5/2018 ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی خۆی گواستەوە بۆ قودس پاشان لە مانگی ئازاری 2019دا، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی بۆ دانپێدانان بە سەروەری ئیسرائیل لەبەرزاییەکانی جۆلان واژۆکرد.

لە 28 ی کانونی دووەمی 2020 دا تڕەمپ پلانێکی مشتومڕ لەسەری ئاشکرا کرد کە تێیدا هاوپێوەنکردنی ئیسرائیل بۆ چەند بەشێکی بانی خۆرئاوای لەخۆ دەگرێت، هاوکات دەوڵەتانی عەرەبی هۆشدارییان داو ئەم کارە دەبێتە هۆی ” ناکۆکی گەورە ” .

ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیمارات و بەحرێن

ڕۆژی 13ی ئاب، تڕەمپ “ڕێککەوتنێکی مێژوویی ئاشتی” لە نێوان ئیسرائیل و ئیمارات ڕاگەیاند و ڕۆژی 11ی ئەیلولیش دۆناڵد تڕەمپ ڕایگەیاند، کە ئیسرائیل و بەحرێنیش پەیوەندییەکان ئاسایی دەکەنەوە.

سەرچاوە؛ یۆرۆ نیوز

 

راپۆرت

عێراق لەچاوەڕوانی دواڕۆژە خوێناوییەكانی ترەمپدا

خەڵك- بەشی هەواڵ

لە ئەنجامی پەرەسەندنەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران چاوەڕێدەكرێت خاكی عێراق ببێتە گۆڕەپانی روبەڕوبونەوەیەكی نوێی توند لەنێوان هەردوو وڵاتدا، بەتایبەت لە هەفتەكانی كۆتایی ویلایەتەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەپێی رۆژنامەی واشنتن پۆست.

لە عێراق مەترسییەكان زیاتر بوون دوای كوژرانی زانای ناوەكی ئێران موحسین فەخری زادە لە رۆژی هەینی.

عێراق بووە گۆڕەپانی روبەڕوبونەوەی تاران و واشنتن لە دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەسەرەتای ئەمساڵ و وەڵامدانەوەی ئێران بە هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق.

ئێستا لە ناوچەكەدا جارێكی دیكە پەرەسەندنی تێدا رووداوە دوای كوژرانی فەخری زادە زانای ناوەكی ئێران لە تاران لە رۆژی هەینی كە ئێران ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات.

سوپای پاسداران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی كردووە و هەڕەشەی لە سەرۆك ترەمپ كردووە.

سەرچاوەكان ئاشكرای دەكەن ترەمپ بیركردووەتەوە لە وەشاندنی گورزی پێشدەست لە ئێران و مۆڵەتی بە راوێژكارە سەربازییەكانی داوە.

عومەر نەداوی بەڕێوەبەری پرۆگرام لە ناوەندی ئاشتی لە عێراق لە واشنتن دەڵێت: رەوشێكی ئاڵۆزە، مەترسییەكانی عێراق لۆژیكییە، بەڵام ناكرێت زێدەڕۆیی تێدا بكرێت، ئیدارەی ترەمپ خوازیاری پەرەسەندنی سەربازییە تا ئاستەنگ بۆ بایدن دابنێت لە هەر هەوڵێكی بۆ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ تاران.

وتیشی: پەرەسەندنی سەربازی لە بەرژەوەندی ئەمریكا و ئێراندا نیە، هەر لایەك پێی هەڵبستێت بۆ سەر لایەكەی دیكە بە تاكلایەنە، نمونە میلیشیاكان كەس ئەنجام و لێكەوتەكانی نازانێت.

ئەمریكا فڕۆكەی جۆری بۆمبهاوێژی بی 52ی ناردووە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوكات كەشتی جەنگی یو ئێس ئێس نییمیتزی بۆ كەنداو گەڕاندەوە لە هەنگاوێكی دوای كشانەوەی هێزە ئەمریكییەكان لە ناوچەكە.

چاودێران پێشبینی دەكەن لایەنگرانی ئێران دان بەخۆیاندا بگرن تا ئەو كاتەی ترەمپ دەڕوات دوای بردنەوەی ركابەرەكەی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەكاندا.

لە دواین سەردانیدا بۆ بەغدا ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودس داوای هێوركردنەوەی لە میلیشیا شیعەكان كردبوو بۆ خۆلادان لە پەرەسەندنی زیاتر لەگەڵ ئەمریكا.

رۆژنامەی واشنتن پۆست لە سجاد جیاد پسپۆڕی كاروباری عێراقی گواستەوە، كە چاوەڕوانی پەرەسەندنێكی زۆر دەكرێت كە حكومەت دەڵێت عێراقییەكان تەنها لایەنگرن، دەكرێت چاوەكانیان دابخەن رێبدەن بە تێپەڕینی ئەو دوو مانگە لە ماوەكەی ترەمپ تا 20ی كانونی دووەم لە حاڵی دڵنیابوونی لە دۆڕانی لەبەرامبەر بایدندا.

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش روبەڕوی فشارێكی زۆری ئەمریكا بووەتەوە بۆ چڕكردنەوەی هەڵمەت لە دژی میلیشیا ئێرانییەكان لە عێراق.

سەرچاوە/ الحرە

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

لە عوسمانییەکانەوە تا داعش.. ژنە کوردێکی ١٣٣ ساڵ، نەهەمەتییەکان دەگێڕێتەوە

خەڵک –

لەناو خێمەکەی لە کەمپی ” کەبەرتۆ ” کە بۆ ئاوارە ئێزدییەکان لە دهۆک، لە هەرێمی کوردستان بنیاتنراوە، خانمێکی بەتەمەنی ئێزدی بە ناوی رۆشی قاسم، کە لە دایک بووی ساڵی 1887ە، ڕۆژەکانی بەسەر دەبات.

ئەو دەڵێت؛ کۆمەڵکوژیەکانی عوسمانی و داعش لە دوو گرنگرتین ئەو کارەساتانەن کە لە یادگەیدا ماون و وەک خۆی باسی دەکات، بەردەوام لە دۆخێکی دژواردا ژیاون و هەرکەس ویستویەتی پەلاماری داون.

خێزانەکەی رۆشی دەڵێن، ڕەوشی تەندروستی داپیرەیان باشەو کانگای یادەوەرییەکی پڕ لە چیرۆک و بەسەرهاتەکانی جەنگ و کارەساتە یەکلەدوای یەکەکانە، هەر لە دەمادەمی هاتنی عوسمانییەکان هەتا داعش.

ناسنامەی ڕۆشی کە کۆپییەکی دەست سکای نیوزی عەرەبی کەوتووە، دەریدەخات کە لە 1ی تەمموزی 1887 لەدایک بووە .

نەوەکانی ئەم خانمە کوردە ئێزدییە، لەئامادەکاریدان بۆ ئەوەی لەکتێبی گینسدا تەمەنی تۆمار بکەن، کە پێیان وایە بەتەمەنترین کەسە .

ئەم خانمە ڕۆژانە بەردەوام گوێ لە گۆرانی و مۆسیقای کوردی و هەواڵ و بەرنامە هونەرییەکانی ڕادیۆ ناوخۆییەکان بە زمانی کوردی دەگرێت، بەڵام لاوازیی بینایی چاوەکانی ڕێگای نادات بەبێ دارشەقەکانی لەنێوان چادرەکاندا هاتوچۆ بکات، کاتێک بەنیازی سەردانی نەوەکانی یەتی.

ڕۆشی، کە داپیرەی 150 ناوەیە، دەڵێت، مانەوەی بەم جۆرە بۆ جۆری ئەو خواردنانە دەگەڕێتەوە کە دەیانخوات کە خۆی لە خواردنی باش و سروشتیدا دەبینێتەوە، تامەزرۆی خواردنی هەنگوین و هێلکە و شیر و سەوزە و میوەیە، بەتایبەت میوەی وشککراوە، هەروەها گۆشتی ماسیی وەک ژەمی سەرەکی دەخوات لەبری گۆشتی سوور و سپی.

داپیرە ڕۆشی و باو باپیرانی ئێزدیی، لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا ژیاون، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی 16دا، کە ئەو سەردەمە تائێستاش لە بیرەوەریدا ماوە کە عوسمانییەکان بە یاساو ڕێساکانیان چ ئازارێکیان داون، هەر لە ئاوارەیی و ماڵوێرانی و  کوشتوبڕیان ئەو دەڵێت؛ عوسمانییەکان بە یاسا فەرمانی لەناوبردنی ئێزدییەکانیان دەرکرد و خوێنی ئێمەیان حەڵاڵ کردبوو.

توێژەرەوانی ئێزدی دەڵێن؛ زیاتر لە 100 کردەی کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە دژیان ئەنجامدراوە، بە تایبەتی هەوڵەکانیان لە چارەکی کۆتایی سەدەی 19 دا فراوانتر بووە، بە دیاریکراوی لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، کە کەمینە ئەتنی و ئاینییەکانی لە وڵاتەکەی دا چەوساندووەتەوە و زۆرترین تاوانی ئەنجام داوە.

ڕۆشی ڕەنگە بەبەخترینی ئێزدییەکان بێت کە لەو هەموو کوشتارەی عوسمانییەکان دەربازی بووە و هێشتا لەبیرییەتی، کە چۆن هێزەکانی سوپای عوسمانی هەڵیاندەکوتایە سەر گوند و کۆمەڵگاکەیان و ئەوانەی لەناویاندا بوون دەیان کوشتن و دەیانبردن.

 

رۆشی وردەکاری چەند کوشتار و کۆمەڵکوژییەکی لەیادەک لەوانە:

  • کۆمەڵکوژی ساڵی 1891 کەو ئەوکاتە تەمەنی 5 ساڵ بووە، لە لایەن( ئەیوب بەگ ئەلعوسمانی) ئەنجامدراوە .
  • کۆمەڵکوژی عومەر وەهبی پاشا لە ساڵی 1892.
  • کۆمەڵکوژی بەکر پاشا لە ساڵی 1894 .

ئەو داپیرەیە دەڵێت؛ ئەوەی لەو کۆمەڵکوژیانەدا کرا هەرگیز بیر ناچنەوە، بێ هیچ بەزەییەک منداڵ و گەنج و پیر دەکوژرا و خوێن جۆگەلەی دەبەست.

ڕۆشی دەڵێت، 7 کۆمەڵکوژی عوسمانییەکانم بە تەواوی لەبیرە، عوسمانییەکان هەزاران ئێزدییان کوشت و لە کاتی کۆمەڵکوژییەکانی سەدەی ڕابردووشدا کە دژی ئەرمەنەکان ئەنجامیان دەدا، زۆرێک لە ئەرمەنەکان پەنایان چیای شنگال بوو، ئێمە ئەوانمان ڕادەستی عوسمانییەکان نەکرد تا بەرەنجام هێرشیان کردە سەرمان و ئێزدی و ئەرمەنیان پێکەوە قەتڵ و عام کرد لە چیاکە، وەک رق و کینێکیش بەرامبەر بەو هەڵوێستەمان، پاش 3 ساڵ لە کوشتاری ئەرمەن، ڕووبەڕووی کارەساتێکی دیکە بووینەوە لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشا.

لە عوسمانییەکان دڕندەتر دەرهەق بە ئێزدییەکان چەکدارانی داعش بوون، لە مانگی ئابی 2014 دا موسڵ و دەوروبەریی کەوتە دەست دەوڵەتی ئیسلامی لەعیراق و شام(داعش)، لەو دەمەدا، ئێزدییەکان ڕووبەڕووی خوێناویترین کوشتار و فڕاندن بوونەوە و بەهەزاران کچ و ژن وەک کەنیزەک بران و هەزارانی دیکەش کوژران، کە ئەم دۆخە دژوارە بە وتەی داپیرەکەمان خوێناویترین و دڕندانەترین بووە.

بەپێی راپۆرتەکانی ڕێکخراوی UN، داعش زیاتر لە 6500 ژن و منداڵی ئێزدی دەستبەسەر کردووە، زیاتر لە 350 هەزار کەس لە کامپەکانی پەنابەران لەهەرێمی کوردستان ئاوارە بوون، کە زیاتر لە 120 هەزار کەسیان لە ئێستادا  گەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵەوە ڕوخاو وێرانەکانیان .

لە ئەنجامی کۆمەڵکوژیەکانی چەتەکانی داعش لە چیای شنگال، لانی کەم 5هەزار کەس کوژران، و ژمارەیەکی زۆریش بێ سەروشوێنن.

 

سەرچاوە؛ سای نیوز

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

فەخری زادە كێیە؟

خەڵك- بەشی هەواڵ

خۆرئاوا دەڵێت زانای ناوەكی ئێرانی ناسراو موحسین فەخری زادە كە لە رۆژی هەینی لە هێرشێكدا لە تاران كوژرا، كەسێكی سەركردە بوو لە بەرنامەی ناوەكی كۆماری ئیسلامی ئێران.

بەرپرسان و پسپۆڕانی خۆرئاوایی رونیانكردەوە فەخری زادە رۆڵێكی زیندووی هەبووە لە هەوڵە گوماناوییەكانی ئێران لە پێشوودا بۆ بەرەوپێشبردن و دروستكردنی كڵاوەی ناوەكی لە دوای بەرنامەی ناوەكی مەدەنی راگەیەنراو بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.

حكومەتی ئێران رەتیكردەوە هەوڵی دابێت بۆ بەرەوپێشبردنی چەكی ناوەكی لە هەر كاتێكدا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە 2011 فەخری زادە كەسێتییەكی گرنگ بووە لە چالاكی گومانلێكراوی ئێراندا بۆ بەرەوپێشبردنی تەكنۆلۆژیا و ئەزموونی پێویست بۆ دروستكردنی بۆمبی ناوەكی.

فەخری تاكە ئێرانی بووە لە راپۆرتی رێكخراوەكەدا باسیكراوە و ئاماژە بەوەش دەكرێت كە ئەفسەرێكی باڵای سوپای پاسداران بووە.

پێشتریش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكی فەخری زادەی ویستبوو بۆ لێكۆڵینەوە لە چوارچێوەی رێوشوێنە نارەوانەكانی چەكی ناوەكی.

سەرچاوەیەكی دبلۆماسی وتی: ئێران دانی ناوە بە بوونی فەخری زادە پێش چەند ساڵێك، بەڵام رەتیكردبووەوە ئەفسەرێكی سوپا لە بەرنامەی ناوەكی بەشداربووبێت وەك وەڵامێك بۆ رازی نەبوون بە خواستەكەی ئاژانسی وزە.

هاوكات ناوی هاتووە لە راپۆرتی ئاژانسی وزە لە 2007 بە سیفەتی بەشداریكردن لە چالاكی ناوەكی و بالیستی.

ئەنجومەنی نیشتمانی بەرگری ئێران كە گرووپێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییە لە دەرەوەی وڵات لە 2011 لە راپۆرتی خۆیدا وێنەیەكی فەخری بڵاوكردووەتەوە، بەڵام بەشێوەی سەربەخۆ لێكۆڵینەوە لەراستی ئەو وێنەیە نەكراوە.

رۆژی هەینی موحسین فەخری زادە زانای گەورەی ئێران لە بواری ناوەكی لە هێرشێكی چەكداریدا لە رۆژهەڵاتی تارانی پایتەختی ئێران كوژرا.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێكدا كە لە تویتەر بڵاویكردەوە، ئیسرائیلی تۆمەتبار كرد بە كوشتنی فەخری زادە.

لای خۆیانەوە گەورە بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی توند و وەڵامدانەوەی كوشتنی فەخری زادەیان لە ئیسرائیل كردووە.

لای خۆیەوە ئەمریكا بێدەنگی هەڵبژاردووە لە كوشتنی فەخری زادە و هیچ لێدوانێكی فەڕمی نەداوە.

چاودێرانی سیاسی ئەو تیرۆركردنە بە كاری ئیسرائیل دەزانن، چونكە پێشتریش بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە بەڵگەكانی خۆیدا كە لەسەر بەرنامەی ناوەكی ئێران بڵاویكردبوونەوە ناوی فەخری زادەی هێنابوو.

چاودێران دەشڵێن ئامانج لەم هەنگاوەش راكێشانی تارانە بۆ نێو جەنگێك كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا خوازیارێیتی لە رۆژانی كۆتایی دەسەڵاتەكەیدا لە كۆشكی سپی تا چەند گورزێكی سەربازی لە ئێران بوەشێنێت.

میدیاكانی ئەمریكا هەفتەی رابردوو بڵاویانكردەوە كە ترەمپ لەگەڵ گەورە راوێژكارەكانی باسی لە بوونی پلانێك بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران كردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان