لە هەولێر، بۆ یەکەمجار سیستمی دراگۆن بۆ پووچەڵکردنەوەی مین تاقیکرایەوە


دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بەهاوکاری لەگەڵ رێکخراوی گرووپی راوێژکاریی مین (MAG) و فەرمانگەی کاروباری مین سەربە وەزارەتی ژینگەی عێراق، یەکەمین سیستمی دراگۆن (ئەژدیها)یان بۆ پاککردنەوەی مین تاقیکردەوە.

سیستمەکە بریتییە لەوەی ئامێرێک لە شێوەی بۆڕی لە تەنیشت تەقەمەنییەکە دادەنرێت بە جۆرێک لەکاتی فڕێدانی ئاگردا، ئاگرەکە بە گڕێکی بەهێزەوە بەر تەقەمەنییەکە دەکەوێت کە توانای کونکردنی ” ١٣ ملم” ئەستووریی هەیە، ئامێرەکە لە رێگای وایەرەوە ئاماژەی پێ دەدرێت و لەم کاتەدا سیستمەکە بڵێسەیەکی ئاگر بۆ تەقەمەنییەکە دەنێرێت و خاڵیی دەکاتەوە لە هەموو هێز و کاردانەوەیەک و لە ئەنجامدا پووچەڵ دەکرێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ دەنگێکی هەبێت.

 

پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا پشتیوانی دەکرێت وەک بەشێک لە بەرنامەی کارکردنی مرۆیی و ھەوڵەکانیان بۆ ھەناردەکردنی زانیاری و شارەزایی تەکنەلۆژیا لەبارەی مینەوە.

سیستمەکە لە گوندی سوسێی بناری چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر تاقیکرایەوە کە سەرۆکی گشتی دەزگای کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری رێکخراوی (MAG) لە عێراق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی سیستەمی دراگۆن لە وڵاتی بەریتانیا و چەند راهێنەر و پسپۆڕێکی دیکەی بواری تەقەمەنی ئامادەیبوون.

 

لە زەوییەکی تەختایی پاککراوەدا، چەند خاڵێک لە رێگای دانانی ژمارەوە دیاریکران، دواتر لەژێر هەر خاڵێکدا بڕێک تەقەمی دانران، دواتر لە رێگای سیستمی دراگۆن بە ریزبەندی تەقینەوەی ژێر هەر شەش ژمارەکە پووچەڵکرایەوە و تەنیا دووکەڵێکی کەم لە شوێنەکە بینرا.

سەرۆکی گشتی دەستەی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان جەبار مستەفا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەبارەی سیستەمە تازەکەوە وتی: ” لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستمانکرد بە تێستکردن و تاقیکردنەوەی تەکنیکێکی نوێ لە پاکسازی مین کە توانیمان ئەو تەکنەلۆژیایە نوێیە بهێنین و تێستی بکەین کە دروستکراوی وڵاتی بەریتانییایە بە ناوی دراگۆ ، ئەمە بۆ کاری مین پاکی بەکاردێت و دۆستی ژینگەیە”.

جەبار مستەفا وتیشی: “ئەو سیستمە کۆمەڵێک کارمان لە کۆڵ دەکاتەوە کە لەمیانی تەقاندنەوەی مین ئەنجاممان دەدا، جگە لەوەش ئەوپەڕی سەلامەتی بۆ کارمەندەکانمان دەستەبەر دەکات، چونکە لە رێگای ئاگرێکی کاریگەرەوە کە پلەی گەرمییەکەی دەگاتە دوو هەزار پلەی سیلیزی تەقەمەنییەکە لەناودەچێت کە ئەمەش وا دەکات بۆمبەکە یان مینەکە پووچەڵ بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو هەواڵەکانمان بۆ ئەوەیە هەرچی تەکنەلۆژیای نوێ هەیە لە وڵاتان، ئێمەش لێی سوودمەندبین”.

هاوکات بەڕێوەبەری رێکخراوی (MAG)، جاک ساری وتی: “رێکخراوی (MAG) لە ساڵی لە ساڵی ١٩٩٢ەوە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، خەریکی پاکسازی مین و بەرنامەی هۆشیارکردنەوەیە لە مەترسییەکانی مین، بەداخەوە سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵەی رێکخراوە بیانییەکان تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن مەتر دووجا ناوچەی پیسبوو بە مین و تەقەمەنی هەیە کە مەترسییەکانی هێشتا ماوەتەوە”.

 

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری پڕۆژەی سیستمی دراگۆن لە وڵاتی بەریتانیا گاری فانتۆن ڕایگەیاند : “دراگۆن سیستمێکی دروستکراوە کە ئاگرێک دەردەکا کە پێیی دەڵێن تیری ئەژدیها بۆ کونکردنی تەقەمەنییەکە کە توانای هەیە” ١٣ ملم” کە دەکاتە ١.٣ سانتیم ببڕێت، دەتوانێت بە ئاسانی لە هەموو شوێنێک بگوازرێتەوە، هەروەها دەتوانرێت لە رێگای فڕۆکەش بگوازرێتەوە بۆ وڵاتان چونکە وەکو تەقەمەنی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، ئەم سیستمە لە هەموو جیهان بەکاردێت بەڵام یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان بەکاردێت”.

 

گاری فانتۆن وتیشی: “تەقەمەنی کێشەی ئەمنیی هەیە، ناتوانێت لە وڵاتان بگوازرێتەوە، بەڵام ئەم سیستمەیان کێشەی نییە، هەروەها ئەگەریش بکەوێتە دەستی تیرۆریستان ئەوا ناتوانن بەکاری بهێنن و سوودی لێ وەرناگرن”.

بەهۆی بێئاوی هاووڵاتیانی هەولێر شەقامی مەخموریان داخست
پێشت بەهۆی بێئاوی هاووڵاتیانی هەولێر شەقامی مەخموریان داخست
ئەمڕۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەکرێت
دواتر ئەمڕۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەکرێت
پەیوەندیدار