ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

بەستنی كۆنگرە كارێكی ئاسان نیە
پارتی: چاوەڕێى یەكێتی دەكەین بۆ كۆبوونەوەی هاوبەش

 

خەڵك-بەشی هەواڵ

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كورستان ڕایدەگەیەنێت، لەدوای ئەو ساردییەی كەوتە نێوان پارتی و یەكێتی، هەوڵەكانی تر كە لە ئارادابوون لە نێوانی هەردوولا یەكتربینن بوو، دواتر كۆبوونەوەیەكی فەرمی لە نێوان پارتی و یەكێتی ئەنجامدرا، كۆمەڵێك خاڵمان جێگر كردووە و هەردوو لامان بەوە قانع بووین كە بەیەكەوە كاركردن و لەگەڵ یەك بوون، هێز دەداتە پڕۆسەی سیاسی كوردستان لە بەغدا و لە جێگای تر.

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كورستان بە میدیای فەڕمی حزبەكەی ڕاگەیاند، دەبێت ئەو بۆچوونە جیاوازانەی هەمانە لێكجیابكرێنەوە، لە كوێ هاوبەشین لە كوێش هاوبەش نین كار بكەین، لەسەر جیاوازییەكانیش گفتۆگۆی زیاتر بكەین.

وتیشی”ئێمە جیاوازیمان هەیە لەگەڵ یەكێتی، جیاوازیەكەش ئەوەیە ئێمە حزبێكین ئەوانیش حزبێكی ترن، ئێمە ئەوە دەزانین كە حزب دروست دەبن بۆ حكومڕانی كردن پێشبڕكێ دەكەن، بەڵام پێشبڕكێ كردنەكە دەبێت لەسەر بنەمای پڕۆژەی ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتی باش بێت، كە چۆن خزمەتی ئەم وڵاتە دەكەین”.

ئاشكراشیكرد، لەكۆبوونەوەی دوكان، هەردوولا لەسەر كۆمەڵێك خاڵ ڕێكەوتووین، بەشێك لەم خاڵانە جێبەجێ كراوە، بەشێكی تریشی ماوەتەوە، لەوەی جێبەجێ كرا، یەكێك لەوانە سەرۆكایەتی پەڕلەمان بەیەكەوە دابنیشێت بەپێی ڕێكەوتنی سیاسی كە لە نێوان هەردوو لامان هەیە، خاڵێكی زۆر هەیە لە نێوانمان بەیەكەوە دابنیشین و بەرنامە دابنێین، بۆ ئەوەی جیاوازی لە نێوان هەردوولا زۆر نەبێت، سەرۆكایەتی پەڕلەمان هەوڵ بدەن هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر بكەن، بۆ ئەوەی كارەكان بە باشتر بەڕێوەبچێن، ئەم كۆبوونەوەیە لە نێوان هەردوولا ئەنجام دراوە، خاڵێكی تری كۆبونەوەی دوكان، كە بڕیاری لەسەر درابوو، ئەوەبوو دەزگای هەڵبژاردنی هەردوولامان لە بارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەو ئەو كێشەی لە یاسای هەڵبژاردن هەیە كۆبوونەوە بكەن، خۆشبەختانە ئەوەش جێبەجێ كراو هەردوولا بە یەكەوە سەردانی بەغدایان كرد، خاڵێكی تر كە لە كۆبوونەوەكە بڕیاری لەسەر درا، ئەویش ئەو گرژییەی هەیە لە ڕاگەیاندن كۆتایی پێبێنین یان كەمی بكەینەوە، ئێستاش ئەمە كەم بووەتەوە.

ڕوونیشیكردەوە، خاڵێك ماوەتەوە كە هەردوو مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە سەرۆكایەتی هەرێم بكەن، بۆ ئەم كۆبوونەوەیە چاوەڕوانی یەكێتی نیشتمانی دەكەین، لە چەند ڕۆژی پێشوو پەیوەندیان پێوە كراوە، چونكە زۆر شت هەیە، كە لە كۆبوونەوەكەی دوكان جێبەجێ نەكراوە، كە پێویستە لەوێ بڕِیارەكان شۆڕ بكرێتەوە بۆ مەكتەبی سیاسی هەردوولا، بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی كە پێویستن چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، چاوەڕێی ئەوەین كە یەكێتی بۆ ئەنجامدانی ئەم كۆبوونەوەیە وەڵاممان بداتەوە.

سەبارەت بە هاتنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كوردستان مەحمود محەمەد ڕایگەیاند، سەردان و گفتۆگۆكردن كارێكی زۆر باشە، بەشێكە لەخەبات، بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن لە نێو لایەنەكان دروست بێت. سەردانی مستەفا كازمی بۆ هەرێمی كوردستانیش خۆێندنەوەی بۆ كراوە، ئەو پێویستە ئەجێندایەكی تایبەتی بۆ ئیدارەی ئەم وڵاتە هەبێت، چونكە خۆی ئەركێكی قورسی لەسەرشانە، ئەوەی ئێمە پێشبینمان لێكردووە و لێی دەكەین، ئەو سەرۆك وەزیرانی هەموو عیراق بێت، بە هەموو پێكهاتەكانەوە، نەك هی تائیفەیەكی تایبەت، چونكە پێشتر لە هەندێك لە سەرۆك وەزیرانەكان، ئەوە دەخوێندرایەوە، كە خۆیان بە سەرۆك وەزیرانی هەموو عیراق نەدەزانی، بەڵكو تەعبیریان لە بیروبۆچوونی لایەنێكی دیاریكراو دەكرد. ئومێد دەكەین مستەفا كازمی لەم بیروبۆچوونە دوور بێت، چونكە لە بارودۆخێكی زۆر هەستیاردا ئەم بەرپرسیاریەتییەی وەرگرتووە،

سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرەی داهاتووی پارتی، وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، كۆنگرەی داهاتووی پارتی باسی لێوە كراوە، بڕیاریشی لەسەر دراوە، چونكە كاتی هاتووە، ئێمە دواكەوتووین لە كۆنگرە، بەڵام بارودۆخی سیاسی و سەربازی تەحكومی كردووە، كە نەتوانراوە كۆنگرەكە ئەنجام بدەین.

وتیشی”ئەگەر پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا نەبایە، ئێستا كۆنگرە كۆتاییشی پێهاتبوو، لەم دۆخەدا بەستنی كۆنگرە كارێكی ئاسان نیە، بەڵام ئێستاش ئەو لیژنەی دامەزراوە بۆ دیراسەكردنی كۆنگرە، ئەو بابەتانەی چ لە پەیڕەو پرۆگرام، دراسەی ئەو بابەتانە دەكرێت، ئامادەكارییەكان بەردەوامن، كەی ئەم پەتایە ڕێگەی پێداین، ئەوكات بە دڵنیایەوە، پارتی كۆنگرەی خۆی ئەنجام دەدات.

کوردستان

شێروان شێروانی لە ئاسایشی گشتی هەولێرە
دەستەی مافەكانی مرۆڤ: ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێم بەرەو خراپتر دەڕوات

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، كە ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ ڕۆژ بە رۆژ بەرە و خراپتر دەڕوات هۆكارەكانیشی دیارن و دەشڵێت: “شێروان شێروانی لە ئاسایشی گشتی هەولێرە”.

زیا پترۆس، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ بۆ (دەنگی كوردی ئەمریكا) ڕایگەیاندووە، بارودۆخەكە وایلێهاتووە كەخەڵكی هەرێمی كوردستان لەقەیرانی ئابوری و دارایی و سیاسی و ئەم بارودۆخەی، كە ئێستا پێی تێپەڕدەبین، هەروەها بابەتی سەروەربوونی یاسا و دادگاكان زۆر كێشەمان هەیە، ئەم كێشانە كاتێك كەچارەسەرنەكرا هۆكارێكی سەرەكین بۆ ئەوەی ڕەوشەكانی مافی مرۆڤ بەرە و خراپتر بڕوات.

وتیشی، “پاش ئەوەی خۆپیشاندانەكە كرا لە زاخۆ و لە دهۆك و شوێنەكانی تر بارودۆخەكە بەرەو خراپتر ڕۆیشت، من چەند جارێك باسم كردووە، كەهەتا كاری ڕۆژنامەنوسان و ڕۆژنامەگەری ڕێكنەخرێت بەیاسایەك بەكارنەبێت ئەم بارودۆخە هەرئاوا دەمێنێتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ چەند كەیسێك و چەند حاڵەتێك دەبینین كەپێشێلكاری مافەكانیان كراوە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان بەزووترین كات بەدواداچونێكی جددی بكەن بۆ ڕێكخستنی كاروباری ڕۆژنامەنوسی و ڕۆژنامەگەری بۆئەوەی ئەوانیش بتوانن بەچ شێوەیەك كاربكەن واتە ئێستا بەڕاستی فەوزایە.”

سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ پێشبینی ئەوەی كرد، ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ بەرەو خراپتر بڕوات لەو ڕوەوە دەڵێت: “پێشبینیم ئەوەیە ئەگەر كێشە سەرەكیەكانی وڵاتی ئێمە لەسیستەمی حكومڕانی، لەدامودەزگاكان، لەوەی كە ئێستا باسی دەكەین و دەڵێن چاكسازی دەكەین، نەهێشتنی ئەم قەیرانە داراییە، باشكردنی ڕەوشی فەرمانبەران و جوڵانەوەی بازاڕ و ڕەخساندنی هەلیكار بۆ ئەوانەی كە كاریان نییە، ئەگەر ئەمانە چارەسەر نەكرێت ڕەوشەكە بەرە و خراپتریش دەڕوات، چونكە ڕۆژ بەڕۆژ ڕەوشی دەروونی هەموو هاولۆاتیەك بەرەو خراپتر دەڕوات، كەئەمانە هەمووی دەبێت چارەسەربكرێت”.

جەختیكردەوە، ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیە بمێنێت بەڵێ بەرەو مەترسی دەڕوات، چونكە حاڵەتی زۆرمان هەیە وەكو ڕۆژنامەنوس یان خەڵكانێكی ئاسایی، كە دەیەوێت ڕای خۆی دەرببڕێت لەسۆشیال میدیا ئەمانە هەمووی ڕێكنەخراوە نابێت ئەمانە بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، پێویستە ئەمڕۆ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، لایەنی حكومی ئەم بابەتە لەبەرچاو بگرن، ئێستا پێویستمان بەڕۆشنبیرییە، تائێستا خەڵكانی ئێمە ڕۆشنبیر نەكراوە كە بە چ ڕێگایەك ڕای خۆی دەرببڕێت.

زیا پترۆس سەبارەت بەدواداچوونی دەستەكەیان لەسەر كەیسی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی، دەڵێت: “من پەیوەندیم كرد بەچەند لایەنێك لەئاسایش، كە لەئاستێكی بەرزبوون بۆ ئەوەی ڕاستەخۆ و خێرا بزانن بابەتەكەی چییە؟ ئەوان بەفەرمی وەڵاممان دەدەنەوە ئەوەی كە زانیم لەدادگا بڕیاری ڕاگرتنی هەبووە، ئێستا لەئاسایشی گشتی هەولێرە، باسی تۆمەتەكەی نەوت، پاش دوو ڕۆژ دووبارە من پەیوەندیەكم كرد بۆ ئەوەی بزانم بابەتەكەی چۆنە و تیمێكی دەستە بنێرم و بیبینن ئەم كەسە (شێروان شێروانی) پەڕاوەكەی ببینرێت بۆئەوەی بزانیین لێكۆڵینەوە چۆن كراوە لەسەری و ئەو ماددەیەی، كە لەسەری گیراوە چ ماددەیەكە هەتا ئێستا ئەم زانیاریەمان بەدەست نەگەیشتووە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

سبەینێ‌ خۆپیشاندانی مامۆستایان دەستپێدەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان پەیامێك ئاڕاستەی مامۆستایان دەكات و ڕایدەگەیەنێت، كە ئەگەر ئەتانەوێت بایکوت بەردەوام بیت، ڕۆژی شەمە 24/10/2020 لای پەروەردەی کەلار ئامادەبن.

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەژێر فشاری حزبی و حکومیدا هەوڵی شكاندنی بایكۆت دەدرێت، لەكاتێكدا سەرجەم بەڕێوەبەرەكان واژۆیان كردووە، كە بایكۆت دەكەن تا جێبەجێ‌ كردنی داواكانیان، بەڵام پەشیمان بوونەوە.

ڕاشیگەیاندووە، كە ڕۆژی شەمە 24 / 10/ 2020 کاتژمێر 10 ی سەر لەبەیانی خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەین لەپێش پەروەردەی کەلار و جەخت دەکەینەوە لەسەر بایکۆتی هەموو جۆرێکی پڕۆسەی خوێندن و ناچینە ژێر باری هیچ فشارێکی حزبی و حکومی.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

مامۆستایانی سەربەرزی گەرمیان
سێ شەمە 20 / 10 / 2020 کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرەکانی ئامادەیی سنوری پەروەردەی گەرمیان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان و بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار ئەنجام درا بەداخەوە زۆرینەی بەڕێوەبەرەکان و بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان و کەلار لە جیاتی دابینکردن و داکۆکی لە مافەکانی مامۆستا، لەهەوڵی شکاندنی بایکۆتن لەژێر فشاری حزبی و حکومیدا. لەکاتێکدا سەرجەم بەڕێوەبەرەکان واژویان کردوە کە بایکۆتی پرۆسەی خوێندن دەکەن تا جێبەجێ کردنی داواکارییەکان بەڵام پەشیمان بونەتەوە لەژێر فشاری بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان و کەلار .
لەبەرئەوە ئێمە وەکو مامۆستایان جەخت دەکەینەوە لەسەر بایکۆتی هەموو جۆرێکی پرۆسەی خوێندن و ناچینە ژێر باری هیچ فشارێکی حزبی و حکومی .
داوا لەمامۆستایانی بەڕێز دەکەین پاڵپشت و هاوکارمان بن بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداری چالاکیەکان بکەن .
ڕۆژی شەمە 24 / 10/ 2020 کاتژمێر 10 ی سەر لەبەیانی خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەین لەپێش پەروەردەی کەلار
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

لە شارێكی هەرێم نزیكەی 9 هەزار تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك ئاشكرای دەكات، كە 207 نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە و بەوەش ژمارەی چاكبوونەوە 9 هەزار كەسی تێپەڕاندووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ شەممە 207 نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ بەتەواوی چارەسەر بوون و گەڕانەوە ماڵەوە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو نەخۆشانە هەموو پشكنینەكانیان بۆ ئەنجامدرا و دەركەوت بەتەواوی چاكبوونەوە و سەلامەت، بۆیە نەخۆشخانەیان جێهێشت.

ئاشكراشی كردووە، تاوەكو ئێستا 8723 تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە و 10299 كەسیش لەژێر چارەسەری پزیشكی لە نەخۆشخانە ماون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان