ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق: هەرێمی كوردستان بووەتە سەرچاوەی بە قاچاغبردنی نەوت

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزیری دارایی عیراق، هەرێمی كوردستان بە “بەرهەمهێنانی نەوتی زیادە” و “فرۆشتنی بە قاچاغ” تۆمەتبار دەكات و دەڵێت، ئەوە كێشەی بۆ عیراق لەنێو ڕێكخراوی ئۆپێك دروستكردووە. لەبەرامبەردا جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: لیژنەی نەزاهەی عیراق ئاگادارە كە “نەوت لە شوێنەكانی تری عیراقەوە بە قاچاغ دەبرێت، نەك لە هەرێمی كوردستان”.

عەلی عەلاوی جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق، كە هاوكات وەزیری داراییە بە ئاژانسی “S&P Global Platts”ی ڕاگەیاندووە، “هەرێمی كوردستان بووەتە سەرچاوەی بە قاچاغبردنی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوتی زیادە”، كە بە وتەی عەلاوی، ئەوەش وایكردووە عیراق كە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی نێو ڕێكخراوی ئۆپێكە، شكستبێنێت لە پابەندبوون بە ڕێككەوتنی ئۆپێك پڵەس لە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

عەلاوی ئەوەشی ئاشكراكردووە، هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 450 بۆ 470 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. دەشڵێت “بەڵام ئەو بڕە دیار نییە كە بە ڕێگەی قاچاغ دەفرۆشرێت، چونكە لە هەندێ كێڵگەی نەوت دزەپێكردنی نەوت هەیە، كە بە تانكەر بۆ هەندێ شوێن دەبرێت و بڕەكەی نازانین چەندە”.

لەبەرامبەر ئەو لێدوانەی وەزیری دارایی عیراقەوە، گوڵیزار ڕەشید جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە”هەرێمی كوردستان شوێنی بە قاچاغبردنی نەوت نییە، بەڵكو ئەوە لە شوێنەكانی تری عیراق نەوت بە قاچاغ دەبرێت و لیژنەی نەزاهەی عیراقیش سەلماندوویەتی”.

جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان دەشڵێت، هەرێمی كوردستان لە نەخشەی وزەی جیهانیدا متمانەی بۆ كۆمپانیا نەوتییە جیهانییەكان دروستكردووە، وەك؛ كۆمپانیاكانی ئێكسۆن مۆبیل، گازپرۆم، شێڤرۆن و چەند كۆمپانیایەكی تر، “ئەگەر حكومەتی عیراق دەیەوێت ئامارەكان بزانێت، با سەیری ئامارەكانی كۆمپانیای دیلۆیت بكات كە داتا و زانیاری لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە”.

کوردستان

مردن لە سلێمانی بۆ كەمترین ئاست دابەزی

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە ئەمڕۆ 3 كەس بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و داواش لە هاووڵاتیان دەكات، “بە پابەندبوون بە ڕێنماییەكان دۆخەكە باشتر دەبێت”.

د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ 42 نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا داخڵی نەخۆشخانە كراون و 33 كەس چاكبوونەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و لە ئێستاشدا 212 نەخۆش لە نەخۆشخانە ماون.

ئاشكراشی كردووە، كە ئەمڕۆ 3 كەس بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 1128 كەسیش تا ئێستا پلازمایان بەخشیوە.

جەختیشی كردۆتەوە، كە دڵنیابن بە پابەندبوونی ڕێنماییەكانی تاك پارێزی و جێبەجێ كردنی ڕێنماییە پزیشكییەكان، دۆخەكە باشتر دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

مالكی لەبارەی حەشدی شەعبییەوە لەگەڵ شاندێكی پارتیدا كۆبوونەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی جەعفەر ئیبراهیم سەردانی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەكات لە بەغدا.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نوسینگەی ڕۆژنامەوانی نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساوە بڵاوكرایەوە”ئێوارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، مالیكی چاوی بە شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوت لە نوسینگەی خۆی لە بەغدا، لە چاوپێكەوتنەكەشدا باس لەو پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییانە كرا كە لەم قۆناغەدا وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”هەردوولا لە چاوپێكەوتنەكەدا ڕەتیانكردەوە خراپەكاریی بەرانبەر بە حەشدی شەعبی و قوربانییەكانی بكرێت، ئیدانەی سوتاندنی بارەگا حزبی و نوێنەرایەتییە سیاسییەكانيش كرا لە هەرجێگەیە بن، داواش لە حكومەت كرا ئاسایش و سەقامگیری بسەپێنێت و سامانی گشتی و تایبەت بپارێزێت”.

نوسینگەی نوری مالكی لە بەیاننامەكەدا دەڵێت”هەردوولا لە چاوپننەكەدا هیوایانخواست هەوڵەكان یەكبخرێن بۆ تێپەڕاندنی ڕووبەڕووبوونەوەكان و كار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكرێت و حكومەتێكی هەڵبژێردراوی وەها پێكبهێنرێت كە توانای هەبێت داواكارییەكانی جەماوەر جێبەجێ‌ بكات”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

دوو كەس بە پارەی ساختە و ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركران

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاشكرای دەكات، كە دوو كەسیان بە پارەی (دیناری عیراقی و دۆلاری ئەمریكی) ساختە و بڕێك ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر كردووە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە ئەمڕۆ ڕێكەوتی ۲٠ / ۱٠ /۲٠۲٠ لەلایەن هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەركان لەشاری هەولێر توانرا ( ۲ ) تۆمەتبار دەستبگیر بكەن.

ڕاشیگەیاندووە، كە ئەو تۆمەتبارانە بڕی (۱۱٦) گرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری (كریستاڵ ) و بڕی ( ٥٥٠) هەزار دیناری عیراقی ساختە و بڕی (۹٠٠) دۆلاری ساختەی ئەمریكیان پێ‌ بووە.

ئاشكراشی كردووە، كە ئەو تۆمەتبارانە (۳) دەمانچە و (6) مۆبایلیان پێ‌ بووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان