ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

شاندێكی هەرێم دەچێتە بەغدا
مەسرور بارزانی: هەرگیز ئەو جۆرە سیاسەتە قبوڵ ناكەین

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی تەعریب لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و بەتایبەتی كەركوك هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرگیز ئەو جۆرە سیاسەتە قبوڵ ناكات و داواش لە حكومەتی عیراق دەكات دەسەڵاتی دەستووی خۆی بەكاربهێنێت.

مەسرور بارزانی، ‎سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سیاسەتی بەعەرەبكردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە كە دووبارەكردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبكردنی ڕژێمەكانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە.

ڕاشیگەیاندووە، بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتانە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاسپێردراوە سەردانی بەغدا بكات.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەكەین، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای كەركووك، كە بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبكردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە كە دووبارەكردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبكردنی ڕژێمەكانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە. ئەوەی زیاتریش جێگەی نیگەرانی و سەرسوڕمانی ئێمەیە، ئەو كردەوانە لە عێراقێكی دیموكراتی ئەنجام دەدرێت، كە بەپێی دەستوور نەخشەڕێگە و چۆنیەتی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان و دیاریكردنی چارەنووسیان دیاریكراوە.
‎لەكاتێكدا كە بە تووندی ئیدانەی سیاسەتی بەعەرەبكردنی ناوچە كێشەلەسەرەكان و بە تایبەت لە كەركووك دەكەین، دووپاتیشی دەكەینەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرگیز ئەو جۆرە سیاسەتە قبوڵ ناكات، بە تایبەت گەڕاندنەوە و نیشتەجێكردنی خەڵكانێك كە دانیشتووی ڕەسەنی ئەو ناوچانە نین، ئەمە جیا لە داگیركردنەوەی گوند و ناوچە كوردستانییەكان و دەركردنی هاووڵاتییانی كورد و توركمان لەسەر خاكی خۆیان و داگیركردنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان و جارێكی دیكە بەخشینی بەو كەسانەی كە 35 ساڵ لەژێر سایەی ڕژێمی پێشوو، زەوییەكانیان داگیركرد بوو. بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتانەش ، شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راسپێردراوە سەردانی بەغدا بكات .
‎داوا لە حكومەتی فیدڕاڵی دەكەین كە ڕێكاری پێویست بگرێتە بەر، بە پێی ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی پێیدراوە، تا ڕێگری لە هەندێك لە ئیدارە خۆجێیەكان بكات، كە لە درێژەدان بەم جۆرە سیاسەتە بوەستن. هەروەك پێویستە بڕیاری دوورخستنەوەی هێزە سەربازییەكان بدات لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە سیاسەتە و بەكارهێنانیان لەم پرۆسەیەدا. دووپاتیش لە داواكارییەكانمان دەكەینەوە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور. هەروەها داواش لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكەین كە بەپەلە هەوڵی خۆی بدات بۆ ڕێگریكردن لەو پێشێلكارییە ترسناكانەی كە دەرهەق بە خەڵكی ڕەسەنی ئەو ناوچانە دەكرێت لە لایەن ئیدارە خۆجێیەكانەوە.
‎ سەپاندنی ئەو جۆرە سیاسەت وڕەفتارانە، هەڕەشە لە ئاشتی كۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە دەكات كە پێچەوانەی خواستی ئێمەیە بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانە و برایانەی نێوان هەموو پێكهاتەكان.
‎مەسرور بارزانی
‎سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2020/9/22

کوردستان

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان بۆردوومان دەكەن

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەمشەو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستانیان بۆردوومان كرد و بەوهۆیەشەوە زیانی ماددی لێكەوتووەتەوە.

بەپێی زانیارییەكان فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا كەمێك لەمەوبەر بۆردوومانی پردی ماونانی دۆڵی باڵەیانی لە باڵەكایەتی كردووە، هاوكات لەگەڵ بۆردوومانەكە كارەبای گوندەكانی بناری قەندیل پچڕاوە.

هەروەها، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سێجار لەسەر یەك بۆردوومانی دەوروبەری گوندی ڕەژوكەریانی لە دەڤەری برادۆست كردووە و تائێستاش بۆردوومان بەردەوامە و دەنگی فڕۆكە و بۆردوومان كردنەكە بەتەواوی لە ناو شارۆچكەی چۆمان دەبیسترێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، جگە لە ئاسمانی باڵەكایەتی و قەندیل سوڕانەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە ئاسمانی سۆران و برادۆست بەردەوامە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

مەسرور بارزانی: دەمانەوێت نرخی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ خەڵك هەرزان بكەین

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەیانەوێت نرخی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ خەڵك هەرزان بكەن، هەر لەبەر ئەوەشە وەبەرهێنان لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دەكەن.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە جریوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، بە بودجەی 332 ملیۆن دۆلار 42 پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بیناسازییان خستووەتەگەڕ.

هاوكات لەو جریوەیەدا مەسرور بارزانی، هاشتاگی كوردستانێكی بەهێزی داناوە.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی شوێنەكانی نیشتەجێبوون نرخیان بۆ كوردستانیان گونجاو بێت و “ژیانێكی شەرەفمەندانە” بژین.

 

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

چەند فەرمانگەیەكی كارتی نیشتمانی لە پارێزگای سلێمانی كرانەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

لەماوەی هەفتەیەكدا دوو فەرمانگەی كارتی نیشتمانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی كرانەوە و بڕیارە چەند فەرمانگەیەكی تریش بكرێنەوە.

مقەدەم شێركۆ ئەحمەد، بەڕێوەبەری كاروباری كارتی نیشتمانی پارێزگای سلێمانی بۆ (تۆڕی میدیایی خەڵك) ڕایگەیاند، بە چاودێری عەمیدی مافپەروەر محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامەی سلێمانی لە 15ی ئەم مانگەدا فەرمانگەی كارتی نیشتمانی بێتواتە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین كرایەوە و ئەمڕۆش 21-10-2020 فەرمانگەی كارتی نیشتمانی ماوەت لە شارۆچكەی ماوەت كرایەوە.

مقەدەم شێركۆ ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا لە فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانی مامەڵەی هاووڵاتیان بۆ (لەدایكبوون و مردن و هاوسەرگیری و جیابوونەوە و وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگاكان) ئەنجام دەدرێت.

بەڕێوەبەری كاروباری كارتی نیشتمانی پارێزگای سلێمانی جەختیشی كردەوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا فەرمانگەی كارتی نیشتمانی لە چەند ناوچەیەكی تری پارێزگای سلێمانی دەكرێنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان