ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

ژمارەیەكی زۆر هەلی كار ڕاگەیەنرا
بۆ ماوەی 40 ڕۆژە و بە 25 هەزار دیناری ڕۆژانە

خەڵك- بەشی هەواڵ
دوو ڕێكخراو ژمارەیەكی زۆر هەلی كار لە (سلیمانی، هەڵەبجە، دوكان، بازیان، سیروان) ڕادەگەیەنن، كە بۆ ماوەی 40 ڕۆژە و بە ڕۆژانەی 25 هەزار دینارە، هاوكات شوێن و مەرجەكانی وەرگرتنی فۆڕم ئاشكرادەكات.

ڕێكخراوی (ڕیچ- REACH) بە هاوكاری ڕێكخراوی (گیز- GIZ)ی ئەڵمانی، هەلی كار بە شێوەیەكی كاتی دەڕەخسێنێت بۆ خەڵكی خانەخوێ (هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە)، هەروەها ئاوارەی ناوخۆی عیراق و پەنابەر و گەڕاوە لەم شار و شارۆچكانەدا: (سلیمانی، هەڵەبجە، دوكان، بازیان، سیروان).

ڕاشیگەیاندووە، كارەكە بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژە و هەر ڕۆژێك كاركردن ٨ كاتژمێر دەبێت و نیو كاتژمێر بۆ نان خواردن: واتە (٨ی بەیانی بۆ ٤:٣٠ی عەسر) و ڕۆژانی كاركردن لە یەك شەممە تا پینج شەممە دەبێت، بەڵام لە كاتی پێویستیدا دەشێت ڕۆژی شەممان كاربكرێت.

ئاشكراشی كردووە، بڕی پارەی ڕۆژانەی ( كرێكار) ٢٥٠٠٠ دیناری عیراقیە و هاتووچۆ و نان خواردن لە ئەستۆی كرێكار خۆی دەبێت.

مەرجەكانی كاركردن:
1- خوازیار پێویستە ڕەچاوی ڕێكارە تەندروستیەكان بكات، بەستنی دەمامك و هەروەها پابەندبون بە ماوەی سەلامەتی لەگەڵ كەسی بەرامبەر.
2- مافی لە پێشینە بۆ دانیشتوی ناوچەكە دەبێت.
3- دەرفەتی وەرگرتن بۆ هەردوو ڕەگەزە، ڕەگەزی مێینە و كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتی بە تایبەتی هاندەدرێن بۆ پێشكەشكردنی داواكاری.
4- خوازیار پێویستە تەمەنی لە نێوان ١٨ بۆ ٦٢ ساڵ بێت.
5- پڕكردنەوەی فۆڕم بە تەنها گەرەنتی وەرگرتن ناكات، بەڵكو وەرگرتن بە پێی پێوەری (كەم دەرامەتی و پێویستی)ی دەبێت، كە ڕیزبەندی كراوە لە فۆڕمی ناو تۆماركردندا.
6- ئەو كەسانەی ناویان دەردەچێت، پاش ماوەیەك ئاگادار دەكرێنەوە لە كاتی دەست بەكاربوون.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، هەركەس خوازیارە دەتوانێت لە بەرواری ٢٤-٩-٢٠٢٠ (كاتژمێر ٩:٣٠ بەیانی بۆ ١٢:٣٠ی پاش نیوەڕۆ) سەردانی ئەو ناونیشانانە بكات لە شار و سارۆچكەكەی خۆیاندا بە مەبەستی وەرگرتنی فۆڕمی ناو تۆماركردن:
– سلێمانی/ ‌ئیدارەی پاركی ئازادی (لە ناوپاركی ئازادی) و ئیدارەی پاركی ماردین (لە ناو پاركی ماردین) .
– سیروان/ ئیدارەی نەمامگەی سیروان، لە ناو نەمامگەی سیروان.
– هەڵەبجە/ ‌هۆڵی بۆنەكان، بەرامبەر بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە.
– دوكان/ نەمامگەی دوكان.
– بازیان/ ئامادەیی بەردەقارەمان لەشارۆچكەی گۆپاڵە.

جەختیشی كردۆتەوە، بەرواری گەڕاندنەوەی فۆڕم ڕۆژی یەك شەممە ٢٧/٩/٢٠٢٠ لە هەمان شوێن و كات و خوازیار پیێوستە لە كاتی وەرگرتنی فۆڕم ناسنامەی پێبێت.

خوازیار پێوستە لە كاتی گەڕاندنەوەی فۆڕم كۆپییەك لەم بەڵگەنامانەی لای خوارەوە هاوپێچ بكات:
1- فۆڕمی خۆراكی ٢٠١٧ – ٢٠١٨
2- پێناسی باری شارستانی( یان كارتی نیشتمانی).
3- كارتی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەران (UNHCR) وە ئیقامە ئەگەر پەنابەریت.
4- پێناسی كەمئەندامی – ئەگەر كەمئەندامی یان ئەگەر ئەندامێكی خێزانەكەت كەمئەندامە.
5- بەڵگەی نەخۆشی درێژخایەن، ئەگەر كەسێك لە خێزانەكەت نەخۆشی درێژخایەنی هەیە.

ئابوری

مووچەی بەشێكی دیكەی مامۆستایان دابەش دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەروەردەی سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە سبەینێ‌ مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج دەكرێت و بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارباژێڕ-یش ڕایدەگەیەنێت، كە یەك شەممەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دەكەن.

بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەو قوتابخانە و خوێندنگا و باخچانەی مامۆستای وانەبێژیان هەیە، سبەی چوار شەممە بەرواری ٢٠٢٠/١٠/٢١ كرێی وانەبێژی مانگی ٤ خەرج دەكرێت”.

ڕاوێژ عگار، بەرپرسی ئیدارەی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارباژێڕ بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ڕۆژی یەک شەممە 25 ـ 10 ـ 2020 پارەی وانەبێژی مانگی چوار دابەش دەکرێت.

سەبارەت بەوەی، كە لە سلێمانی سبەینێ‌ دابەش دەكرێت، ڕاوێژ عەتار وت، “چونكە لەبەر قەرەباڵغی بانک و ڕێکارە تەندروستیەکان سبەینێ دابەشی ناکەین بۆیە خرایە ڕۆژی یەک شەممە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو خوێندكارانەی دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیین و ئارەزووی وەرگرتنیان هەیە لە كۆلێژی چوارتا و لە زانكۆلاین فۆڕمیان پڕكردۆتەوە سەردانی بەشی تۆماری زانكۆی سلێمانی بكەن بۆ وەرگرتنی فۆڕمێك تایبەت بە زانكۆی ناوبراو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

مەسرور بارزانی لەسەر مووچەی فەرمانبەران دواین پەیامی ڕاگەیاند

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێك ئاڕاستەی فەرمانبەران دەكات و دەڵێت: “حكومەت هەرچییەكی پێ بكرێت بۆ دابینكردنی مووچەی هاووڵاتییان كەمتەرخەمی ناكات” و جەختیشدەكاتەوە، كە خزمەتكردن بەس دابەشكردنی مووچە نییە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتی كردنەوەی پڕۆژەی ڕێگەی جووتسایدی ڕووڤیا- گۆپاڵ (هەولێر- دهۆك) لە وتەیەكدا ڕایگەیاند، “سەرەڕای ئەو هەموو ناخۆشی و قەیرانەی حكومەتی هەرێم تووشی بووە، بەڵێنی ئەوەماندا بەردەوام بین لە پێشكەشكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، هەندێكجار پرسیاری مووچە زۆر دێتە پێش و خەڵكێك هەیە دەپرسن حكومەت چۆن دەبێت پڕۆژەی خزمەتگوزاری بكات، بەڵام مووچە لەكاتی خۆی دابەش ناكات؟”.

سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارەی هاووڵاتیان دەشڵێت: “حكومەت هەرچییەكی پێ بكرێت بۆ دابینكردنی مووچەی هاووڵاتییان، كەمتەرخەمی ناكات و نەیكردووه. داهاتی هەرێم بە شێوەیەكی گشتی كەمبۆتەوە، پێشتریش چەندین جار ئاماژەم پێكردووە، كە پەتای كۆرۆنا، داڕمانی ئابووری جیهانی، كاریگەرییەكی زۆر نەرێنییان خستۆتە سەر ئابووری هەرێمی كوردستان. حكومەتی هەرێم ئێستا خەرجییەكانی خۆی بۆ كەمترین ئاست كەمكردووەتە‌وە، لە هەمانكاتدا هەوڵیدا، داهاتی ناوخۆ زیاتر بكات”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، خزمەتكردن بەس دابەشكردنی مووچە نییە، خەڵك داوای ئاو، كارەبا، نەخۆشخانە و قوتابخانە دەكات، خزمەتكردنی هاووڵاتییان هەموو كەرتەكان دەگرێتەوە.

جەختیشی كردەوە، جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە دیسان بۆ خزمەتی هەموو هاووڵاتییانە، هەموو هاووڵاتییانی كوردستانیش مووچەخۆر نین، ئەوانی دیكەش هەن و مافی خۆیانە لە پڕۆژەكانی حكومەت سوودمەند بن، دروستكردنی ئەو پڕۆژانە، بۆ خزمەتكردنی هەموو هاووڵاتییانی كوردستانە بێ جیاوازی و دەرفەتی كار دروست دەكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە فەرمانبەران لە مانگی 10دا مووچەی مانگی 9یان بە لێبڕینی 18% پێ‌ درا و مووچەی مانگی 2 و 3ش بە لێبڕینی 21% دابەشكرا و هێشتا چارەنووسی مووچەی 5 مانگی ئەمساڵ (مانگەكانی 4 و 5 و 6 و 7 و 8) نادیارە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 دەستپێدەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
دوابەدوای بڕیاری وەزارەتی دارایی بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران، دەستەی گشتی خانەنشینی عیراق ئاشكرای دەكات، كە مووچەی خانەنشینان لە وادەی خۆیدا خەرج دەكرێت.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراق لە هەفتەی داهاتووەوە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران دەستپێدەكات و بەپێی بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عیراقیش، لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عیراق، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كە 320 ملیار دینارە ڕەوانەی هەولێر دەكرێت.

دەستەی گشتی خانەنشینی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە دەست دەكەن بە دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا و بەبێ‌ دواكەوتن.

ڕاشیگەیاندووە، كە سەرجەم مامەڵەی خانەنشینە نوێیەكان تەواو بووە و هیچ كێشەیەكیان نەماوە.

ئاشكراشی كردووە، كە هۆكاری دواكەوتنی خەرج كردنی پاداشتی كۆتایی خزمەتی فەرمانبەرانی مەدەنی بەهۆی دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەی 2020ەوە بوو، چونكە كێشە بۆ تەمویلی پارە دروست بوو، بەڵام بۆ خانەنشینانی سەربازی كێشە دروست نەبووە و بەپێی خشتەی خۆیان پارەكەیان بۆ خەرج كراوە.

خانەنشینی عیراق جەختیشی كردۆتەوە، كە تا ئێستا 60 هەزار مامەڵەی نوێ‌ بۆ خانەنشینی هاتۆتە بەردەستیان و ڕێژەی 90%ی تەواو بووە.

سبەینێ‌ چوار شەممە بە خانەنشینانی مەدەنی دابەشكردنی مووچەی مانگی 9 بە لێبڕینی 18%ەوە دابەشكردنی مووچە كۆتایی دێت و تا ئێستا ئەوە دیار نییە ئاخۆ لەگەڵ عیراق دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 دەكرێت یان نا، چونكە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە دواین كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا خشتە و لیستی دابەشكردنی مووچە لەگەڵ عیراق هاوتا بكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان