ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

هاتوچۆی سلێمانی پشکنینی بەڕاد دەداتە کۆمپانیایەک و پەڕلەمانی کوردستانیش داوای ڕوونکردنەوە دەکات

خەڵک – نزار جەزا

 

لەئێستادا هەوڵێک بۆ دەستبەکاربوونی کۆمپانیاک لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی هەیە، بۆئەوەی پشکنینی بەڕاد بۆ ئۆتۆمبێل بکات و لەبەرامبەردا بڕێک پارە لە شۆفێران وەربگرێت، لەکاتێکدا پێشتر بێ بەرامبەر ئەم پشکنینە بۆ شۆفێران دەکرا، لەبەرامبەریشدا لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان لەپەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ داوای ڕوونکردنەوەی لەبەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆی سلێمانی کردوو و دواتر لیژنەکە هەڵوێستیان ڕادەگەیەنن.

 

وەزارەتى ناوخۆی حکومەتى هەرێم نوسراوی دەستبەکاربوونی بۆ کۆمپانیایەکی تایبەت بە پشکنینی بەڕاد بۆ ئۆتۆمبێل کردووە، کە لەمەوداو بۆ هەر پشکنینێک پێنج تاکو ١٠ هەزار دینار لەشۆفێران وەردەگیرێت.

 

لەپێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ ئەم بڕیارە دەرچووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێگای گەیشتن بەم کۆمپانیایە گڵبووە، بڕیارەکە ڕاگیراوە تاکو ئەو کاتەى ڕێگاکەی قیرتاو دەکرێت، لەئێستاشدا، بەپێی زانیارییەکان ڕێگاکە قیرتاو کراوە و چاوەڕێدەکرێت، بەم نزیکانە کۆمپانیاکە دەستبەکاربێت.

 

لەبەرامبەر ئەم کۆمپانیایەدا، پەرلەمانی کوردستان کاری لەسەر ئەم دۆسیانە کردووە و سکاڵایان گەیاندۆتە داواکاری گشتی، بەڵام تاکو ئێستا بڕیارەکە هەڵنەوەشاوەتەوە.

 

لەو بارەیەوە جەزا محەمەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای مۆدێرن بۆ پشکنینی ئۆتۆمبێل بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، چەند ساڵە لەبەردەم کۆمپانیاکەیان کاتێ پشکنینی توندوتۆڵی بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکەن، پشکنینی بەڕادیش بەبێ بەرامبەر بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکرێـت، بەڵام ئێستا بڕیاری دەستبەکاربوون بۆ ئەم کۆمپانیایە کراوە، کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بۆ ئۆتۆمبێلی بچوک بڕی پێنج هەزار دینار وەردەگیرێت و بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە حەوت هەزار بۆ هەشت هەزار دینار وەردەگیرێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو، کەس بیری لای بارگرانی سەر هاوڵاتییان نییە و حساب بۆ قسەی کەس ناکرێت، ئەگەرنا ئەبوو بیر لەدۆخی هاوڵاتییان بکرایەتەوە.

 

وتیشی: ئەم بڕیارە زۆر نابەجێیە، چونکە کاتێک شۆفێرێک دێت بۆ کۆمپانیاکانی پشکنین لەماوەیەکی کەمدا هەموو کارەکانی بۆ تەواو دەکەن، چونکە ڕۆژانە نزیکی ١٠٠ ئۆتۆمبێل لەکاتى جیاوازدا سەردانیان دەکەن و بێ بەرامبەر پشکنینی بەڕادیان بۆ دەکەن، بەڵام ڕۆژانە نزیکی ٥٠٠ بۆ هەزار ئۆتۆمبێل دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، ئایا لەماوەیەکی کەمدا کۆمپانیایەک دەتوانێت پشکنینی بۆ ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە بکات؟

 

پشکنینی بەڕاد پێکدێت لە پشکنینی ڕەسەنایەتى شانسی ئۆتۆمبێلەکە و پشکنینی بۆیاغ و گۆڕینی پلێت و بەراوردی ساڵانەى ئۆتۆمبێل بەشانسی ئۆتۆمبێلەکە.

 

بۆ زانیاری زیاتر (خەڵک) چەند جارێک پەیوەندی بە عەمید فەرەیدوون عومەر بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.
هەر لەوبارەیەوە شاخەوان ڕەئوف، سەرۆکی لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان لەپەرلەمانی کوردستان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پەیوەندییان بە بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی کردووە، کە ڕوونکردنەوەی تەواویان لەبارەى کاری ئەو کۆمپانیایەوە بۆ بنێرێت، دواتر وەک لیژنەکەیان گفتوگۆی لەسەردەکەن و ڕا و هەوڵوێستی خۆیانی لەسەر دەخەنەڕوو، بۆیە لەئێستادا بۆچوونی خۆیان لەوبارەوە دەرنابڕن، تائەوکاتەى وردەکاری ئەو کارەیان نەیەتە بەردەست.
حکومەتى هەرێمی کوردستان بەردەوامە لەوەی، ئەو کارانەى لەناو حکومەتدا پەیوەندییان بە هاوڵاتییانەوە هەیە بداتە دەستی کۆمپانیاکان، ئەمەش داهاتێکی بۆ حکومەت زیاد دەکات و کارێکیش بۆ کۆمپانیاکان دەدۆزێتەوە، لەبەرامبەریشدا بارگرانی زۆر دەکەوێتە سەرشانی هاوڵاتییان.
ریکلام

ئابوری

عومەر گوڵپی: دابەشنەکردنی ١١ موچەى کەمئەندامان ستەمێکی گەورەیە

خەڵک – بەشی هەواڵ

کەمئەندامانی کوردستان ١١ موچەیان بۆ خەرج نەکراوە، و پەرلەمانتارێکیش ئەمە بەستەمێکی گەورە دەزانێت.

 

عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، خەرجنەکردنی ١١ موچەی کەمئەندامان، بە ستەمێکی گەورە دەزانن.

 

ئەوەشی خستەڕوو،  وەک هەمیشە پشتیوانی داوا ڕەواکانی هاووڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەمئەندامان و کورتەباڵاکانن.

 

 

ئەمە لەکاتێکدایە ، ئەمڕۆ چوارشەممە، ۲۱ی ۱۰ی ۲۰۲۰، یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، بەمەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانیان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

١٠ ملیۆن دینار وەک پێشینەی هاوسەرگیری بۆ هاوسەرگیری دووەم بەپیاوان دەدرێت

خەڵک – بەشی هەواڵ

 

بانکی ڕەشیدی عیراقی ئاشکرایکرد، پێشینەی هاوسەرگیری دەدەنە هەر فەرمانبەرێکی حکومەت، کە بیهەوێت ژنی دووهەم بهێنێت.

 

بانکی ڕەشید لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، هەر فەرمانبەرێکی عیراق زیاتر لەدوو ساڵ خزمەتی هەبێت، دەتوانێت پێشینەى هاوسەرگیری بە بڕی ١٠ ملیۆن دینار وەربگرێت، بۆئەوەی هاوسەرگیری دووەم ئەنجامبدات.

 

ساڵانێکە بەهۆی شەڕ و ئاژاوە و توندوتیژییەکانەوە، زۆرێک لەپیاوان گیانیان لەدەستداوە، یاخود پیاوان بێکار و بێ کەسابەت بوون، بۆیە بانکی ڕەشید داواکارییەکی زۆریان پێگەیشتبوو، لەلایەن ژنان و پیاوانەوە، کە پێشینەی هاوسەرگیری بۆ هاوسەرگیری دووەم بدەن.

 

بانکی ڕەشید ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕە پارەیە دەبێت لەماوەى ٥ ساڵدا بدرێتەوە و پێویستە ئەو فەرمانبەرە پێشتر سوودمەند نەبووێت لەپێشینەی هاوسەرگیری و دوو ساڵ خزمەتی هەبووبێت.

 

ئەگەر لقێکی بانکی ڕەشید لەهەرێمی کوردستان بکرێتەوە، ئەو کاتە لەهەرێمی کوردستانیش دەتوانرێت ئەو پێشینیە بەهاوڵاتییان بدرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

چارەنووسی موچەی سێ مانگی فەرمانگە فیدڕاڵییەکان لەهەرێم نادیارە

خەڵک – بەشی هەواڵ

بەڕێوبەرایەتییەکانی (ڕەگەزنامە، پاسپۆرت، نشینگە و نوسینگەی زانیاری)، ئەمڕۆ موچەی مانگی نۆ وەردەگرن، لەکاتێکدا دەبوو موچەى مانگی شەش وەربگرن، چونکە حکومەتى عیراق موچەی مانگەکانی  ٦، ٧، ٨ ی بۆ ناردوون.

 

بەڕێوبەرایەتییەکانی (ڕەگەزنامە، پاسپۆرت، نشینگە و نوسینگەی زانیاری)  فیدڕاڵین و سەر بەحکومەتى عیراقن، بەڵام کارەکانیان لەهەرێمی کوردستانە و لەماوەى شەش مانگی ڕابردوودا تەنها دوو موچەیان وەرگرتووە.

 

ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە لەلایەن حکومەتى عیراقەوە موچەی ئەو مانگانەیان بۆ هەرێم نێردراوە، بەڵام لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە دابەشنەکراوە، لەئیستاشدا نازانرێت، ئایا چارەنووسی موچەکانی مانگی ٦،٧،٨ چی لێ بەسەردێت.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان