مووچە بازاڕ گەرم دەکات، گەشەپێدان بەدیناهێنێت



سەرکۆ یونس*

 

بەشێوەیەکی گشتی، بودجە دابەشدەبێت بۆ دوو لایەن، داهاتەکان و خەرجیەکان، خەرجی حکومی لەدوو بەشی سەرەکی پێک دێت، خەرجی بەکاربردن وخەرجی وەبەرهێنان. هەرچی خەرجی بەکاربردنە سەرەکیتریان خەرجی مووچەیە.

حکومەتی هەرێم، بۆ خەرجی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران، مانگانە پێویستی بە نزیکەی 910 ملیار دینار هەیە.
هەرێم لەساڵی دارایی 2014 ەوە یاسای بودجەی نی یە، 9 ساڵە هەرێم کۆڵەکەیەکی گرنگ وستراتیژی وکارگێری و ئابوری و یاسایی نی یە.

لەساڵانی هەبوونی بودجەدا، کەساڵی 2013 کۆتاساڵی بوونی بودجە بووە، خەرجییەکانی بەکاربردن ومووچە بەنزیکەی 70%ی بودجەی گشتی بووە و 30% بۆ وەبەرهێنان دابینکراوە.

خۆشبەختانە لەو ساڵانەدا جموجوڵی گەشەسەندن و بوژانەوەی ئابوری بەزۆربەی کەرتەئابورییەکانەوە دیار بووە، دەتوانین بڵێن ساڵانی گەشەسەندوویی ئابوری هەرێم لەدوای 2003 ەوە تا ساڵی 2014 بووە. بەداخەوە لەدوای ساڵی 2014 ەوە بەسەدان پرۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیژی ڕاگیراون و کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر کۆی جومگەئابورییەکان.

لەپاش بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەیەکی سەربەخۆ بەبێ ڕەزامەندی بەغدا، لەلایەکی ترەوە سەرهەڵدانی شەڕی داعش و کۆرۆناڤایرۆس و تا ئەم کاتەش هەرێمی کوردستان لەخراپترین بارودۆخی ئابوری و داراییدایە، بەشێوەیەک حکومەتی هەرێم ئەو داهاتانەی کۆدەکاتەوە بەشێوەیەکی گشتی تەرخانی دەکات بۆ خەرجی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران، ئەمە سەرەڕای ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی بۆ ماوەی 9 ساڵ!

ئەوەی لەم ووتارەدا دەمانەوێت لەڕووی ئابورییەوە جەختی لەسەر بکەینەوە، ئەوەیە کە مووچە بوژانەوەی ئابوری دروست ناکات بەڵکو بازاڕ گەرم دەکات، بازاڕ گەرمی هەرێمی کوردستانیش کاتی یە و تەنها لەچەند ڕۆژی پێدانی مووچەدایە.
قەبارەی مووچەخۆرانی هەرێم، گەورەیە و لەئاست ستانداری نێودەوڵەتیدا نی یە و بەشێوەیەک زۆربەی کۆمەڵگا پشت بەداهاتی مووچە دەبەستن بۆ بژێوی ژیان، قەبارەی بەشداریکردنی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان لەهەرێمدا سنوردارن زیاتر لەسەنتەری هەولێرو سلێمانی و دهۆکدا چالاکن. بەهەمان شێوە وەبەرهێنانی بیانیش هەروایە، زیاتر لەهەولێری پایتەخت کاراترە بەبەراورد بەپارێزگاکانی تر..

لەلایەکی ترەوە، بەداخەوە لەبەرئەوەی لەتەرازووی بازرگانی هەرێمدا، بەشی هاوردە گەورەتر و باڵادەستە، بەشێوەیەک ئامارەنافەرمییەکان، باس لەوە دەکەن ڕێژەی 90%ی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێم لەدەرەوە هاوردە دەکرێت. بێ گومان ئەمەش بەخراپ بەسەر ئابوری هەرێم و دارایی گشتی و تاک وخێزانەکان دەشکێتەوە، بەشێوەیەک زۆربەی دارایی هەرێم لەڕێگای هاوردەکردنەوە دەچێتە دەرەوەی هەرێم. بۆ نمونە مامەڵەی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەدەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە، لەساڵی 2022دا، نزیکەی 15 ملیار دۆلار بووە! بەشێوەیەکی ڕەها لەبەرژەوەندی تورکیا بووە.

ئەم بارودۆخە هاوشێوەیە لەگەڵ ئابوری ئێراق، بەشێوەیەک لەماوەی ساڵانی رابردودا و بەپرۆژەیاسایی بودجەی سێ ساڵەی (2023 و 2024 و 2025)دا، خەرجی بەکاربردن پشکی شێری بەرکەووتووە و زیاتر لە80% بۆ بەکاربردنە.
بۆ هەر ساڵێکی دارایی قەبارەی بودجەی گشتی بە نزیکەی 197 ترلیۆن و 828 ملیار دینار خەمڵێنراوە لەسەر بنەمای نرخی نەوت بە 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. لەم پرۆژە یاسای بودجەدا قەبارەی 47 ترلیۆن و 555 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ وەبەرهێنان، شایانی باسە ئەم بودجەیە بەشێوەیەکە کەلەمێژووی ئێراقدا نمونەی نەبووە.

لاوازی کەرتی تایبەت و گەندەڵی سیاسی و ئابوری و زۆری مووچەخۆرانی سەر بەکەرتی گشتی لەئێراقدا، وای کردووە پشکی شێری بودجەی ساڵانە بۆ خەرجی بەکاربردن ومووچە تەرخان بکرێت، بەشێوەیەک 37% دەستی کاری ئێراق لەکەرتی گشتییدا بەکارخراون بەبێ ئەوەی بەرهەمداری ئەم ڕێژەیە لەئاستی خواستراودا بێت. هەروەها بەپێ ی توێژینەوەیەکی زانستی بۆ هەر 12 کەس یەک فەرمانبەر هەیە، ئەمەش ڕێژەیەکی گەورەیەی بەبەراود بەڕێژەی فەرمانبەرانی حکومی لەوڵاتانی تردا، بۆ نمونە لەئەڵمانیا تەنها یەک فەرمانبەر خزمەتی 150کەس دەکات و لەمیسر بۆ هەر فەرمانبەرێک بەرامبەر 25 هاوڵاتی دیاریکراوە، بەم پێ یە ئێراق ڕیزبەندی یەکەمی هەیە لەم بوارەدا! ئەمە لەکاتێکدا پێوەری زانستی جیهانی بۆ قەبارەی فەرمانبەرانی حکومی بۆ هەر 100 هاوڵاتی یەک فەرمانبەر دیاریکراوە.
ئێراق، بەنزیکەیی 4.5 ملیۆن فەرمانبەری هەیە، ئەمە جگەلە 3.5 ملیۆن کەس لەدانیشتوانی ئێراق مووچە وەردەگرن وەک خانەنیشینی شارستانی وسەربازییەوە. بەهەمووی فەرمانبەران ومووچەخۆران و شەهیدان وبیمەی کۆمەڵایەتی، نزیکەی 9.5 ملیۆن کەس پشت بەحکومەت دەبەستن بۆ بژێویی ژیانیان! تەنها بۆ مووچە ڕێژەی تەرخانکراوی بودجەی ساڵانە 75% کۆی بودجە پێک دەهێنێت!

لەهەرێمیش هەر بەهەمان شێوەیە، قەبارەی فەرمانبەرانی حکومی بەنزیکەی 752 هەزار و959 فەرمانبەر کە 60% کۆی موچەخۆرانی پێکدەهێنن، هەروەها 502 هەزارو 364 کەس خانەنیشینی شارستانی وسەربازی وشەهیدان هەیە وڕێژەی 40% کۆی مووچە پێکدەهێنن.
بەم پێ یە ژمارەی راستەقینەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ( ملیۆنێك و 255 هەزارو 273) كەسە، موچەی مانگەیان زیاتر لە 900 ملیار دینارە…

لەپاش راگرتنی هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە، بەبڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەپاریس، حکومەتی هەرێم ناتوانێت بەشێوەی سەربەخۆ نەوتەکەی بفرۆشێت، هەر ئەمەش وای کرد لەهەرێم کەلەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت و نەوتەکەی لەڕێگای سۆمۆوە بفرۆشێت.
لەپرۆژە یاسای بودجەی ئێراقدا، بڕی 12.6% بۆ هەرێم دیاریکراوە، ئەگەر کێشەی تێ نەکەوێت پێمان وایە قەبارەکەی بۆ هەرێم لەئاستێکی باشدایە، ئومێدەوارین بەم بەشەبودجەیە پرۆژەئابورییەکان بکەونەوە سەر پێ و پشکی وەبەرهێنان لەبودجەی ساڵانەی هەرێمدا جیابکرێتەوە.
بۆئەوەی ئابوری بەسەرجەم کەرتەکانیەوە ببوژێتەوە، پێویستە خەرجی وەبەرهێنان قەبارەکەی گەورە ببێت وئاراستەی ئابوری بەرەو وەبەرهێنان بێت، چونکە لەلایەک دەبێتەهۆی دروستکردنی هەلی کار، لەلایەکی ترەوە بەرهەمی ناوخۆ کە بۆ پڕکردنەوەی پێویستیەکانی دانیشتوان گرنگە پەیدا دەبێت.

بەم بارودۆخەی ئێستاوە، نەهەرێم و نەئێراق ناتوانن، ئاستی خۆژێنی ناوخۆیی بەدەست بهێنن، ئامارەکانی بازرگانی دەرەکی و بەرزی ڕێژەی بێکاری و گەورەبوونی قەبارەی هەژاری لەهەردوولا جێگای مەترسین، وا بڕوات چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە لەماوەی نزیکدا ئەستەم بێت.

*ئابوریناس

هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌ دەستبەرداری پۆستەکانیان بوون
پێت هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌ دەستبەرداری پۆستەکانیان بوون
ئۆتۆمبێلێک لە سلێمانی دەستیبەسەردا گیرا کە لە هەولێر فەرمانی دەستبەسەراگرتنی هەبوو
دوات ئۆتۆمبێلێک لە سلێمانی دەستیبەسەردا گیرا کە لە هەولێر فەرمانی دەستبەسەراگرتنی هەبوو
پەیوەندیدر