ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

هۆكاری سەردانەكەی سەرۆكی فەرەنسا بۆ عیراق ئاشكرادەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
هاوكات لەگەڵ سەردانەكەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بۆ بەغدا، سەركردەیەكی هاوپەیمانی نەسر، ئاماژە بە بوونی ڕكابەرییەك دەكات لەنێوان هەردوو بەرەی خۆرئاوایی و چینی لەسەر عیراق و ناوچەی كەنداو.

عەلی ئەزیرجاوی سەركردە لە هاوپەیمانی نەسر، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”عیراق پێگەیەكی جوگرافی گرنگی هەیە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە نێوجەرگەی جیهان، عیراقیش دڵی ئەو ناوچەیەیە بە پێگە ستراتژییەكەی”.

بە وتەی ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی نەسر”ئەو سامانەی عیراق هەیەتی، وا لە وڵاڵاتانی خۆرئاوایی و وڵاتە دەستڕۆیشتووەكانی تری جیهان دەكات، پێبڕكێ‌ بكەن بەرەو عیراق”.

ئەزیرجاوی پێیوایە”پرۆژەكەی چین پێشدەكەوێت بەرەو خۆرهەڵات بە ئاراستەی باكوور و گەیشتە ئێران، بۆیە وڵاتانی خۆرئاوایی هەنگاوێكی پێشخەوتییان هەڵنا بەرەو عیراق، وەك هەوڵێك بۆ بەرگرتن لە چین لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە دەزانن گەیشتنی چین بە عیراق و ناوچەی كەنداو، مانای گەیشتنە بە سنورەكانی خۆرئاروا”.

هەروەها دەڵێت”وڵاتە خۆرئاواییەكان عیراق بەرەو هاوپەیمانەكانی هەنگاو بنێت لە ناوچەكەدا و دووربكەوێتەوە لە ئێران، بڕیاربەدەستانیش لە عیراق لە نێوەندی ئەم پێشبڕكێ‌ و ڕكابەرییەی لەنێوان وڵاتانی كەنداو و ئێران لەلایەك و لەنێوان خۆرئاوا و چیندا لەلایەكی تر هەیە، بەرژەوەەندی عیراق بخەنە پێشەوە و لە هەر لایەك بەرژەوەندی عیراق هەبوو ڕوو لەو لایەنە بكەن”.

ئەزیجاوی پێیوایە”عیراق تائێستا نەگەیشتۆتە چەمكی دەوڵەت، هەر بۆیە دەبینین بە گۆڕانی كەسی سەرۆك وەزیران و حكومەتەكان كەش و ڕێڕەوەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێنانی وەبەرهێنان پێویستی بە كۆدەنگی نێوخۆیی هەیە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی نیشتمانی”.

پێشتر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە میانی چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، فەرەنسا هاوبەشێكی گرنگی عیراق و پاریس دەیەوێت ئەو هاوبەشییە فراوان بكات.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو”كازمی پێشوازیی لە ماكرۆن كرد كە بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا، هەردوولا پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و ڕێڕەكانی پتەوكردنی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتیان لە بوارە جیاجیاكاندا تاوتوێ‌ كرد، بە هەمان شێوە گفووگۆیان لەبارەی ئەو تەنگژانە كردبوو كە ڕووبەڕووی عیراق و ناوچەكە و جیهان دەبنەوە”.

هەر لە بەیانناكەدا هاتبوو”كازمی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا بەخێرهاتنی ماكرۆنی كرد و ستایشی رۆڵی فەرەنسای كرد لە پشتیوانی عیراق لە جەنگی دژ ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، بە هەمان شێوە ستایشی پەیوەندی مێژوویی نێوان هەردوو وڵاتی دۆستی كرد”، ئاماژەی بە هاوبەشی عیراق و فەرەنساش كرد لە بواری پەیوەندییە ئابوری و كلتوری و پەرەپێدانی توانا ئەمییەكان و ڕەخساندنی هەلی زیاتر بۆ پەرەپێدانی ئەو هاوبەشییە و فراوانكردنی مەوداكەی”.

وەك لە لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكراوە”عیراق تائێستا ناوبەناو دووچاری مەترسی پاشماوەكانی ڕێكخراوی داعش دەبێت، وێڕای ڕزگاركردنی خاكەكەی لە چنگی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكە، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەت پێداگرە لەسەر ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان و گێڕانەوە هەموو ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و ڕەخساندنی كەشێكی ئارام بۆیان”.

كازمی رایگەیاندووە، وەبەرهێنان لە بواری وزەی كارەبا ڕەخساوە بۆ كۆمپانیا فەرەنساییەكان، چونكە عیراق بەدەست كێشەی بەرهەمهێنانی وزەی كارەباوە دەناڵێنێت، دەكرێت سود لە وێستگە ئەتۆمییەكان وەربگرێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا، لەهەمان كاتدا عیراق خوازیاری هەماهەنگی هاوبەشی زیاترە لەنێوان هەروو وڵات، بە تایبەتیش لە بواری ئاوەداكردنەوەی ناوچە ڕزگاركراوەكان و بەرنامەی گێڕانەوەی ئاوارەكان.
لای خۆیەوە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر بە سەردانەكەی بۆ عیراق دەربڕی و تەئكیدی لەسەر “بایەخی وڵاتەكەی بە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەسەر ئاستە جیاجیاكان” كردەوە.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتوو، ماكرۆن ڕایگەیاندووە”خوازیاری هەماهەنگی زیاترە لە بوارەكانی سەربازی و كلتوری و ئابوری و تەندروستی، وێڕای هەماهەنگی لە بواری پەروەردە و فێركاریی، تەئكیدی لەسەر پابەندبوونی وڵاتەكەشی بە هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات كردەوە”.

ماكرۆن دەڵێت”عیراق رۆڵی كاریگەر دەگێڕێت لە ناوچەكەدا، فەرەنسا و كۆمەڵی نێودەوڵەتیش پشتیوانی لە عیراق دەكات لەڕووی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەی بەرەنگاریی دەبێتەوە، لەپێش هەمووشیانەوە ڕووبەڕووبوونەوە ئەمنییەكان”.

بەر لەوە، د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق كفرانسێكی ڕۆژنامەوتنی هاوبەشی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، لە بەغدا سازكرد و ڕایگەیاند”لەناوبردنی تیرۆر، پێویستی بە پشتگیریی دۆستەكان و كۆمەڵی نێودەوڵەتییە”.

د. بەرهەم لە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەكەی لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا ڕایگەیاند”لەگەڵ ماكرۆن لەسەر زۆرێك لە هاوبەشییەكان كە خزمەت بە عیراق و فەرننسا و ناوچەكە دەكەن، قسەوباسمان كرد”.

بە وتەی سەرۆك كۆماری عیراق”لەناوبردنی تیرۆر پێویستی بە پشتیوانی دۆست و كۆمەڵی نێودەوڵەتییە، تائێستاش زۆرمان بەردەمدا ماوە، لەگەڵ ئەوەشدا نامەوێت عیراق بكرێتە گۆڕەپانی ململانێ‌”.

سەرۆك بەرهەم ساڵح وتی”لەگەڵ ماكرۆن گفتووگۆمان لەبارەی بەگەڕخستنی ڕێكەوتنە هاوبەشەكانی نێوان عیراق و فەرەنسا كرد، رۆڵی پاریسیش بەرزدەنرخێنین لە جەنگی دژ بە تیرۆر”.

لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك كۆماری عیراق ڕایگەیاند”بە ماكرۆنم وت، عیراق خوازیارە رۆڵی گرنگ و سەرەكی هەبێت لە ناوچەكە، لەو بارەیەشەوە دیدی خۆمانم بۆ خستەڕوو”، ئاماژەی بە پێداگری لەسەر پشتیوانی عیراق كرد و ئێمە دەخوازین جارێكی تر سەردانێكی دوورودرێژ بكاتەوە بۆ عیراق و سەردانی ناوچە جیاجیاكان بكات”.

پێشتر ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، تەئكیدی لەسەر بوونی ڕووبەڕووبوونەوەی گەورە كردبۆوە لەبەردەم زامنكردنی سەروەریی عیراق، ئاماژەی بە بوونی سەربازە فەرەنساییەكانیش كردبوو كە شان بەشان دژ بە تیرۆر شەڕدەكەن.
ماكرۆن لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندبوو”ڕووبەڕووبوونەوەی زۆر هەن لەبەردەم سەروەریی عیراق، بە هەموو ڕەهەندە ئەمنی و ئابورییەكان لە نێوخۆ و لە ناوچەكە”.

بە وتەی سەرۆكی فەرەنسا”ئاسایشی بەكۆمەڵ و سەقامگیریی ئیقلیمی لەسەر مەحەكە، سەربازەكانمان شان بەشانی ئێوە شەڕ بۆ زامنكردنی تێكشكانی تەواوەتی جیهادییەكان دەكەن”.

ئەمڕۆ چوار شەممە، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، لە بەیروتەوە بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عیراق”.

راپۆرت

“دەوام لە خوێندنگەكان ڕادەگیرێت”

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناوەندەكانی خوێندن و تووشبوونی ژمارەیەكی زۆری مامۆستایان، پێدەچێت لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەوام لە تەواوی ناوەندەكانی خوێندن ڕابگیرێت و وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: “ئەگەر رەوشەكە ئاوا بڕوات هەڕەشە لە پرۆسەی خوێندنیش دەكات”.

بەبڕیاری وەزارەتی پەروەردە پۆلەكانی (1 و 2)ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی خوێندنیان لەناو پۆل دەستپێكردۆتەوە و پۆلەكانی دیكەش بەشێوەی ئەلیكترۆنی ئەخوێنن.

عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە شاری سێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە “بڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی بۆ شكاندنی بایكۆت و دەستپێكردنی پڕۆسەی خوێندن بۆ 3 ڕۆژە و لەبەر خاتری بەرپرسانی وەزارەتە، چونكە 1-11-2020 دەوامی قوتابخانەكانی هەموو كوردستان گۆڕانی بەسەردا دێت”.

لە ئێستادا لە بەشێكی زۆری خوێندنگەكانی هەولێر و دهۆك پڕۆسەی خوێندن دەستی پێكردووە، بەڵام لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین مامۆستایان بایكۆتی پڕۆسەی خوێندنیان كردووە و ئامادەنین بچنە هۆڵە‌كانی خوێندن و خوێندنی ئەلیكترۆنیش ڕەتدەكەنەوە.

لای خۆیەوە، د.سەیوان عەلی، بریكاری وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، ڕۆژی یەك شەممەی داهاتوو لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، تەوەرێكی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن دەبێت لەبارەی خوێندنی ئەمساڵ، كە ئایا خوێندن بەردەوامبێت یان بەهۆی مەترسییەكانی كۆرۆناوە ڕابگیرێت، بۆیە ئەگەر بڕیاری ڕاگرتنی خوێندن بدات، پابەند دەبین.

ڕاشیگەیاندووە، كە لەسەرەتای دەستپێكردنی پڕۆسەی خوێندنەوە تاوەكو ئێستا بە نزیكەیی 4391 مامۆستا و قوتابی (ئەوانەی دەوام دەكەن) تووشی كۆرۆنا بوون.

هاوكات، دكتۆر ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاندووە، لە زۆربەی قوتابخانەكان و ناوەندەكانی خوێندندا ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایان تووشی كۆرۆنا بوون.

ئاشكراشی كرد، پێشتر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بڕیاردرابوو قۆناغەكانی 3 و 4 و 9ی بنەڕەتیش بكرێنەوە، بەڵام ئەگەر ڕەوشەكە ئاوا بڕوات، زۆر زەحمەتە ئەو قۆناغانە بكرێنەوە، بەڵكو بۆ قۆناغەكانی (1 و 2)ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی هەڕەشە لە پرۆسەی خوێندنیش دەكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

پەیوەندییەكانی ئەنەكەسە و دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا تێكچوونەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

جارێكی دیكە پەیوەندییەكانی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریا ئەنەكەسە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستان تێكچووەوە.

مانگی رابردوو بە چاودێری ئەمریكا پارتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیەنەكەسە كە سەر بە دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستانە لەگەڵ ئەنەكەسە لەسەر دروستكردنی ئەنجومەنێك وەك مەرجەعی رۆژئاوای كوردستان رێككەوتن.

جارێكی دیكە ناكۆكییەكانی هەردوولایەنی ئەنەكەسە و حكومڕانەكانی رۆژئاوای كوردستان سەریهەڵدایەوە دوای راگەیەنراوێكی ئەنەكەسە كە داوای گەڕانەوە بۆ سیستمی خوێندنی سەر بە حكومەتی سوریا و سیستمی خۆسەری رۆژئاوا دەكات.

لەوبارەیەوە كۆما جڤاكێن كوردستانێ كەجەكە لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت: لە دۆخێكی بەم شێوەیەدا پێویستە: هەموو لایەك خاوەن چ هێڵێكی سیاسی بن، هەموو كوردێكی وڵاتپارێز و دیموكراتەكان لەسەر بناغەی مافە نەتەوەییەكان و دیموكرات خاوەنداری لە هەڵوێستی نەتەوەیی بكەن. لەبەرئەوەی لە دۆخی ئەمڕۆدا یەكڕیزی نەتەوەیی ئیدی لە هەڵبژاردەیەك زیاتر، بۆ ئێمە پێویستیەكی هاشاهەڵنەگرە.

وتیشی: لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕاگەیەنراوی ئەنەكەسە لەبارەی خوێندنگاكانی سەر بە خۆبەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و گەڕانەوە بۆ سیستمی خوێندنی حكومەتی شام و هەڵوەشاندنەوەی سیستمی هاوسەرۆكایەتی، بە ئاشكرایی بەو واتایە دێت كە لە دوژمن زیاتر دوژمنایەتی لەبەرانبەر بەها و دەستكەوتەكانی گەلی كورد گەلانی تری هەرێمەكە دەكرێت. هەمان ئەنەكەسە كە دوای ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا قسەی كرد و وتی، بڕوانامەی خوێندنگاكانی هەرێمەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، لە نێودەوڵەتیدا كاری پێناكرێت.

راشیگەیاند، دوو دەستەواژەی (دژە كورد) و (دژە دیموكراسی) كە هەموو ساتێك لەدژی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەكار دەهێنرا و بە هاوكاریكردنی حكومەتی شام تاوانبار دەكرا، ئەمڕۆ بە هەڵوێستی خۆی لە بەرانبەر پەروەردەی زمانی كوردی و پشتگیریكردن لە گەڕاندنەوەی سیستمی خوێندنی ڕژێمی سوریا دوو ڕاستین كە پێكەوە ئاشكرا بوون، ئەنەكەسە كە بەهۆی ئەوەی بە هیچ شێوەیەك بەشداری لە پڕۆسەی تێكۆشانی شۆڕشی ڕۆژئاوا نەبوو و هیچ باجێكی نەدا، بۆیەش خاوەنداریكردن لە دەستكەوتەكانی ڕۆژئاوا وەك ئەركی خۆی نابینێت و ئامادەیە مامەڵە بەم دەستكەوتانە بكات. ئەنەكەسەش باش دەزانێت كە سەرەتا گەلی كورد، گەلان باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هیچ شێوەیەك داواكاری گەڕاندنەوەی سیستمی خوێندنی ڕژێم و هەڵوەشاندنی سیستمی هاوسەرۆكایەتی قبوڵ ناكەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەم ڕۆژەڤە بێواتایانە تا دەتوانێت پڕۆسەی كۆبوونەوەكانی یەكێتی نەتەوەیی درێژ دەكات. ئاڵۆزی دەكات و لە ئەنجامدا پەیەنەكە بە تێكدانی كۆبوونەوەكان تاوانبار دەكات.

لە ساڵی 2012 دوای شۆڕِشەكانی سوریا كە ساڵێك پێشتر دەستیپێكرد، كوردەكانیش راپەڕین و شارەكانی رۆژئاوای كوردستانیان گرت و پارتی یەكێتی دیموكرات پەیەدە دەسەڵاتی گرتە دەست.

هەر زوو ناكۆكییەكان لە نێوان ئەنەكەسە و حكومڕانەكانی رۆژئاوا دەستیپێكرد و سەرجەم بارەگاكانی ئەنەكەسە داخران و سەركردەكانیان دەستگیركران و كاری سیاسی و رێكخراوەییان لێ قەدەغەكرا.

دوای دوو رێككەوتنیش لە دهۆك و هەولێر ئەنەكەسە و پەیەدە نەیانتوانی بگەنە رێككەوتن، تا دوای فشارەكانی ئەمریكا لە مانگی رابردوو رێككەوتنێكیان واژۆكرد.

بە ڕای چاودێرانی سیاسی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی لە رۆژئاوا كراوە، قورسە، بەهۆی ئەوەی میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی دیارینەكراوە و قورسە ئەنەكەسە بچێتە ژێر سیستمی حكومڕانی رۆژئاوا كە لەسەر بنەماكانی بیروباوەڕ و كاری پەكەكە دامەزراوە، حكومڕانەكانی رۆژئاواش ئەستەمە سازش لە گۆڕینی ئەو بنەمایانەی حكومڕانی بكەن.

بە ڕای چاودێران خاڵێكی دیكەی ناكۆكی لەسەر هێزە سەربازییەكانە، چونكە ئەنەكەسە خاوەنی هێزێكی مەشقپێكراو و راهێنراوە لە هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان زیاتر لە پێنج هەزار كەسە و یەپەگە رێگانادات بگەڕێنەوە رۆژئاوا، ئەنەكەسەش ساز لە گەڕانەوەی هێزەكەی بەناوی لەشكری رۆژ ناكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

توركیا پەنا بۆ سپیكردنەوەی پارە دەبات

خەڵك- بەشی هەواڵ

پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا پرۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمان دەكات بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی پارە لە دەرەوە، ئەو یاسایە رێگا دەدات بەشێوەیەكی كاتی بە كەس و كۆمپانیاكان بۆ گواستنەوەی پارە و ئاڵتوون و دراوە بیانییەكان بەبێ پشكنینی باج و لێكۆڵینەوەی تاوان یان سزا یان غەرامە، ئەمەش لەشێوەی سپیكردنەوەی پارەدایە بە پێی راپۆرتی رۆژنامەی ئەحوالی توركی.

رۆژنامەی زولفەقار دۆغان نوسی: گۆڕانكارییە یاساییەكان كە یاسای گەڕانەوەی پارە دەگرێتەوە تا ئێستا شەش جار كراوە كە یەكەم جار لە قەیرانی دارایی جیهانی 2008 دەركەوت.

ئاماژەی بەوەشكردووە ئەمجارە دەبێتە حەوت جار كە دەبێتە پرۆژە یاسایەكی تەواو.

ئەنقەرە چاوەڕێی 259 ملیار دۆلارە

دواین یاسا كە پێشكەشكی پەرلەمان كراوە، هەر وردبونەوە و لێكۆڵینەوەیەك لەسەرچاوە داراییەكان دوردەخاتەوە و هیچ باجێكیش دانانێت.

رۆژنامەی ئەحوال نوسیویەتی: قەبارەی ئەو سەرمایەی حكومەت چاوەڕێی گەڕانەوەیەتی لە دەرەوە دەگاتە 259 ملیار دۆلار، بۆیە هیچ پرسیار و باجێكی لەسەر دانانێت لە پێناو گرەنتی گەڕانەوەی بۆ نێوخۆی وڵات.

پشتگوێخستنی دادگای دەستوری

لەلایەكی دیكەوە مەترسی هەیە دادگا ناوخۆییەكان بڕیاری دادگای دەستووری جێبەجێنەكەن و بەرزترین دادگا لە وڵات پشتگوێبخەن.

گرەنتی چییە بۆ كەس و كۆمپانیاكان كاتێك دادگاكانی دارایی و باج یاسا نوێیەكە پشتگوێبخەن.

سەرجەم لایەنە نێوخۆیی و بیانییەكان لە توركیا دەتوانن سود لەو هەلە وەربگرن بۆ گەڕانەوەی سەرمایەكانیان لە دەرەوە، بەڵام یاساكە ئەوانە ناگرێتەوە كە ناچنە ژێر باری باجی داهاتەوە.
ئەم جوڵەی دوایی هاوكاتە لەگەڵ زیانی سیاسی و ئابوری و دادوەری و دامەزراوەیی دیار لە توركیا و پاشەكشەی ئابوری و قەرز گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لەگەڵ زیادبوونی پەرەسەندنە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان.

كۆچی وەبەرهێنانی بیانی

ئەو ژینگە نوێیەی توركیا ئاستەنگی بۆ وەبەرهێنانی بیانی دروستكردووە، بۆیە زۆریان كۆچیان كردووە لەگەڵ توانای هەڵگیرسانی ململانێ لە چوار بۆ پێنج بەرە و هەڕەشەكانی ئەمریكا و ئەوروپا بە سەپاندنی سزا بە سەر توركیادا.

توركیا بە قورسترین قەیرانی داراییدا تێپەڕ دەبێت بەتایبەت رۆژانە لیرەی توركی بەهاكەی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكیدا لە دەستدەدات.

هۆكاری پاشەكشەی ئابووری توركیا

ئابوریناسان هۆكاری پاشەكشەی ئابوری توركیا و دابەزینی بەهای لیرە لە چەند هۆكارێكی ناوخۆیی و دەرەكیدا دەبیننەوە.

ئابوریناسەكان ئاماژە بەوە دەكەن، لە هۆكارە دەرەكییەكانی قەیرانی دارایی توركیا، نەخۆشی كۆرۆنا و دابەزینی ئاستی چوونی گەشتیاران بۆ توركیا بۆ نزمترین ئاستی، كە ئەو وڵاتە زۆر پشت بە گەشتیاری دەبەستێت لەگەڵ كاریگەرییەكانی دیكەی نەخۆشی كۆرۆنا بۆ سەر ئابوری جیهان بە گشتی.

هۆكارێكی دیكەی دەرەكی تێوەگلانی توركیایە لە چەندین ململانێی هەرێمی وەك سوریا، عێراق، لیبیا، قەرەباغ لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، كشمیر لەنێوان پاكستان و هیندستان، دژایەتی ئیسرائیل كە تا ئێستاش هاوبەشێكی گەورەی ئابوری توركیا، تێكچوونی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا لەسەر گەڕان بە دوای وزە لە دەریای ناوەڕاست و كڕینی موشەكی ئێس 400 روسی.

هاوكات پشتیوانییەكانی توركیا بۆ ئیخوان موسلیمین و گروپە چەكدارە توندڕۆكان و شەڕی كورد هۆكاربوون بۆ دابەزینی خواست لەسەر كاڵای توركی لە چەندین وڵات بەتایبەت لە سعودیە و ئیمارات و میسر و هەرێمی كوردستان.

لە هۆكارە ناوخۆییەكانیش رۆشتنی توركیا بەرەو دەوڵەتێكی دەسەڵاتی تاكە كەسی كە پێشتر دەسەڵات لە چەند دامەزراوەیەكدا بوو، ئێستا كۆبووەتەوە لە تەنها كەسێكدا، ئەوەش كاریگەری لەسەر ئاستی ناوخۆ و زیاتر بوونی ململانێكان ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری كردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان