بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کرایە سەر مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا



بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کرایە سەر مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا و ناوچە نیشتەجێبوونەکانی دەوروبەری.

 

سەرۆکی شارەوانیی مۆسکو، سێرگی سۆبیانین لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، لە ئاکامی ئەو هێرشەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە سەر مۆسکۆ و دەوروبەری، زیانێکی کەم بە ژمارەیەک باڵەخانە گەیشتووە.

 

سێرگی سۆبیانین سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە تیمە پەیوەندیدارەکان دەست بەجێ گەیشتوونەتە ناوچەی زیانبەرکەوتووەکان و نووسیوویەتی: “تا ئێستا کەس بە سەختی بریندار نەبووە، تکایە تەنها متمانە بە سەرچاوە فەرمییەکان بکەن و زانیاری پشتڕاست نەکراوە بڵاو مەکەنەوە”.

 

لای خۆیشیەوە فەرمانڕەوای ناوچەی مۆسکۆ، ئاندرێ ڤۆرۆبیێڤ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بە ئاماژەدان بەوەی کە دەنگی ئەو تەقەیەی لە ناوچەکان دەبیسترێت هیی سیستمی بەرگریی ئاسمانییە، نووسیوویەتی: “ژمارەیەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە کاتێکدا لە مۆسکۆ نزیک دەبوونەوە خرانە خوارەوە، داوا لە هاووڵاتییان دەکەم نەشڵەژێن، تیمە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەرکەکانیانن. ئاگادارتان دەکەینەوە لە هەر شتێک ڕوو بدات”.

 

ئاژانسە هەواڵییەکانی رووسیا بڵاویان کردبوویەوە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوونیان لە دوو شەقامی جیاوازی مۆسکۆ بە ئامانج گرتووە و لە ئاکامی هێرشەکانیشدا کەس بریندار نەبووە و گیانی لەدەست نەداوە.

 

ئاماژە بەوە نەدراوە کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە کوێوە هاتوون.

 

ژمارەیەک لە سەرچاوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، ژمارەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان ٢٥ بوون و زۆربەیان لە رێگای سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە خراونەتە خوارەوە، باس لەوەش دەکرێت کە ژمارەیەک لەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە چەکیان هەبووە.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنی ژمارەیەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بڵاو کراونەتەوە کە لە ئاسمانی ناوچەی مۆسکۆ دەبینرێن و بە ئامانج دەگیرێن.

 

هاوکات وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا سەبارەت بە هێرشی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر مۆسکۆ، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە: ”بەیانی ئەمڕۆ، رژێمی کیێڤ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی تیرۆریستیی کردە سەر چەند ناوچەیەکی مۆسکۆ”.

 

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە هەشت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە و سەرجەمیان خراونەتەخوارەوە.

 

لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەشهاتووە؛ ”سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەڕێگەی ئامێری جەنگیی ئەلکترۆنییەوە لە ئامانجەکانیان دوورخراونەتەوە و کۆنترۆڵیان لەدەستداو لەڕێی سیستمەکانی بەرگریی مووشەکی ئاسمانیی (Pantsir-S) لە ناوچەی مۆسکۆ، پێنج فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی دیکەش خراوەنەتە خوارەوە”.

حکومەت ئۆتۆمبێلەکانی دەفرۆشێت
پێشت حکومەت ئۆتۆمبێلەکانی دەفرۆشێت
چین داوایەکی ئەمریکای ڕەتکردەوە
دواتر چین داوایەکی ئەمریکای ڕەتکردەوە
ەیوەندیدار