وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دواخست



وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند؛ کە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان بۆ ساڵی داھاتوو دواخراوە، ئاماژەی بەوەشداوە، ھۆکاری دواخستنەکە دواکەوتنی پەسەندکردنی بوودجە و کەمی کات بووە.

 

بڕیاربوو سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق کە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.

 

لەمبارەیەوە بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ماھر حەمماد جوھان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی “سەباح”ی نیمچە فەرمیی ئاشکرایکردووە؛ بەھۆی دواکەوتنی پەسەندکردنی بوودجە، وەزارەتەکەیان ناتوانێت سەرژمێری گشتیی لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدات.

 

ڕاشیگەیاندووە وەزارەتی پلاندانان، وادەیەکی نوێی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دیاری کردووە و وتی: “بەپێی وادەیە نوێیەکە، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، سەرژمێری گشتیی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجام دەدرێت”.

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ماھر حەمماد جوھان ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی ئامارە بەراییەکان کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە تۆمارکراوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق، گەیشتووەتە ٤٣ ملیۆن کەس.

 

وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا، دوایین ئاماری ژمارەی دانیشتوانی بڵاوکردبوویەوە و رایگەیاندبوو کە ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە، ٤٢ ملیۆن و ٢٤٨ ھەزار و ٨٨٣ کەس.

 

ماھر حەمماد جوھان ڕاشیگەیاندووە؛ لەئێستادا، کاتی پێویست لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی رێوشوێنەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی بگیرینەبەر، بۆیە لەسەرەتای ساڵی داھاتوودا، دەست بە گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە دەکرێت.

 

لەنێوان ساڵانی ١٩٢٧ تاوەکو ١٩٩٧، ھەشت سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجامدراوە، ئەوانیش سەرژمێرەکانی ساڵانی ١٩٢٧، ١٩٣٤، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، ١٩٩٧.

هاووڵاتیان لەبەردەم شارەوانی گردبوونەتەوە
پێشت هاووڵاتیان لەبەردەم شارەوانی گردبوونەتەوە
کاتی بڕیاردانی میسییە
دواتر کاتی بڕیاردانی میسییە
ەیوەندیدار